گۆتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گۆتیەکانەوە ڕەوانە کراوە)

گۆتییەکان، گۆتی، قۆتی، قورتی یان کورتی خەڵکێک بوون لە لە ناوچەکانی نێوان ھەردوو زێی سیروان و زێی بچووکی ئێستا نیشتەجێبوون، گۆتییەکان کەوتوونەتە باشوور و خۆرئاوای لۆلۆییەکان. شاری «ئارابخا»، کەرکووکی ئێستا، پایتەختیان بووە و بەدەشتی گەرمیانی ئێستادا بلاَوبوونەتەوە. لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە گۆتییەکان بەخەڵکانێکی شەڕکەر و چاونەترس ناسراون، کەسی باڵا بەرز، چوارشانەو سپی ڕەنگ بوون. سارگۆنی ئەکەدی (٢٣٣٤–٢٢٧٩پ. ز) بە (کوتی) کە مانای «ناوچەی بەرز» بووە، ناوی ھێناون. نووسینی مسماری و زمانی ئەکەدییان بەکارھێناوە. لە ڕووی ئایینیشەوە خواوەندی «ئارابخا» یان پەرستووە، ھەروەھا یەکێک لە خواوەندەکانی تریان ناوی «ئەبوو بلاب» بووە. جێگای ئاماژەیە کە گۆتییەکان یەکەم نەتەوە بوون کە دیلی شەڕیان کردووەتە کۆیلە، ھەروەھا ژن لە ناو گۆتییەکاندا سەرکردەی سوپا بووە، چونکە لە کاتی دەسەلاَتی گۆتییەکاندا سەردەمی ژن سالاری بووە.[١]

ڕەگەز[دەستکاری]

لە ڕۆژانی ئەمڕۆدا کوردەکان[٢] لەڕەگەزدا بە نەتەوەیەک لە گۆتییەکان دەناسرێن.[٣]

ئەننا تووم[دەستکاری]

(٣١٤٦-..... پ. ز) یەکەم پاشای گۆتییەکان بووە، ئەو پاشایە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیدا شەڕی لەگەڵ ئیلامییەکانی ڕۆژھەڵاتی وڵاتەکەیدا کردووە، ھەروەھا (لوگال زاکیس٢٩٠٠پ. ز) پاشایەکی تری گۆتییەکان بووە. یەکێکیتر لە پاشاکان ناوی (لاسیراب) بووەو ھاوسەردەمی (سارگۆنی ئەکەدی٢٣٣٤–٢٢٧٩پ. ز) بووە. ئەو پاشایە بەردێکی نووسراوی بە زمان و خەتی ئەکەدی بە یادگاری بەجێھێشتووە.[٤]

سار لیگاب[دەستکاری]

(٢٢٢٣–٢٢١٨پ. ز) لە کاتی فەرمانڕەوایییەکەیدا داوای لە ھەردوو خواوەندی (ئیشتار و سین) کردوە بۆ ئەوەی لە شەڕەکانیدا بەسەر دوژمنەکانیدا سەربکەوێت.[٥]

ئیریدو پزێر[دەستکاری]

(٢٢١٨–٢١٩٨پ. ز) یەکێکە لە پاشا بوێرو چاونەترسەکانی گۆتی، چونکە کاتێک بووە بەفەرمانڕەوا، لە بەرامبەر ھێرش و پەلامارەکانی نارامسین (٢٢٥٤–٢٢١٨پ. ز) ی پاشای ئەکەدی بۆسەر ولاَتەکەیان وەستاوەتەوە. لە ئەنجامدا ھێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر ولاتی ئەکەد و لە شەڕێکدا بەسەر سوپاکەیاندا سەرکەوتووە. دوای کوشتنی نارامسین زوربەی ولاتی ئەکەدی خستووەتە ژێر دەسەلاَتی خۆیەوە. ئەو سەرکەوتنەش بەھۆی ئەو سەربازە گۆتییانەوە بووە کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی نارامسیندا لە ناو سوپای ئەکەدییدا خزمەتیانکردوە. ھەربۆیە ھاوسۆزی و خزمایەتی سەربازەکان بووەتە ھاوکارو پاڵپشتێکی بەھێز بۆ سوپای گۆتی وەک تۆڵە کردنەوە لە ھێرشەکانی پێشتری ئەکەدی. ھەر لە سەردەمی ئەو پاشایەداو لە دەورووبەری ساڵی (٢٢٠١پ. ز) بڕیاریداوە دەسەلاَت لە ژنەوە بگوازرێتەوە بۆ پیاو.[٦]

ئیلۆ لوومیش[دەستکاری]

(٢١٩٨–٢١٩٢پ. ز) دوای ئەوەی بووە بە پاشای گۆتییەکان، مردنی شار کلی شاری (٢٢١٨–٢١٩٨پ. ز) کوڕی نارامسینی کردووەتە دەرفەت بۆ داگیرکردنی سەرتاسەری ولاتی ئەکەدییەکان. لەو کاتەدا گۆتییەکان جگە لە نیپووری شاری پیرۆزی ئایینی لە باشووری ولاَت، بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە زوربەی پەرستگاو پەیکەری خواوەندەکانی دانیشتووانی ئەکەدییان وێرانکردوەو گەنجینەکانیشیان بەتالاَن بردوە.[٧]

سەرئەنجام ئیمپڕاتۆرییە گەورەو فراوانەکەی ئەوکاتەی ئەکەدی بەھۆی چەند ھێرشێکی وێرانکەری گۆتییەکانەوە ڕووخاوەوە. دواتر گۆتییەکان شاری بابلیان کردووەتە پایتەختی دەسەلاَتەکەیان. گۆتییەکان لە ئەرکی بەڕێوەبردنی ولاَتدا سیستمی ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەیان پەیڕەو کردوە بۆ دیاریکردنی پاشای ولاَت، ھەر بۆیە ڕاپرسیان ئەنجامداوە. ئەوەش بە یەکەمین سیستمی فەرمانڕەوایی دادەنرێت لە مێژووی میسۆپۆتامیادا. بە گوێرەی لیستێک کە لە پاشماوەکانی شاری نیپووردا دۆزراوەتەوە، دوای داگیرکردنی ولاَتەکە لەلایەن گۆتییەکانەوە نووسەرە ئەکەدییەکان تۆمارکریانکردوە، لە ئیریدو پزێر (٢٢١٨–٢١٩٨پ. ز) ەوە بەدوای یەکدا ناوی ٢١پاشای گۆتی ھاتووە. لەو کاتەدا ئیلۆ لوومیش ماوەی بەڕێوەبردنی دەسەلاتی بە ٦ ساڵ دەستنیشانکردوە. دوای ئەویش ھەریەکە لە ئیمتا (٢١٩٢–٢١٨٦پ. ز) وئینکیشوو (٢١٨٦–٢١٨٠پ. ز) و نکل لگاب (٢١٨٠–٢١٧٤پ. ز) و شولمی(٢١٧٤–٢١٦٨پ. ز) و ئیگیشووش (٢١٦٨–٢١٦٢پ. ز) ماوەی ٦ ساڵ پاشای گۆتییەکان بوون لەولاتی ئەکەددا، بەلاَم ئینیما بگش (٢١٦٢پ. ز) لە یەکەم ساڵی دەست بەکاربوونییەوە کۆچی دواییکردوە. دوای ئەویش ئیار لگاب (٢١٦٢–٢١٥٠پ. ز) ماوەی ١٢ ساڵ فەرمانڕەوا بووە، چونکە دووجار بەپاشای ولات ھەڵبژێردراوەتەوە. دواتر پاشا ئباتا (٢١٥٠–٢١٤٧پ. ز) ماوەی دەسەلاَتی پاشایەتی لە ناو گۆتییەکاندا کردوە بە ٣ ساڵ. ھەربۆیە ھەریەکە لە ئیار لگش و کوروم و لائەرا بووم لەو ماوە دیاریکراوەدا پاشای گۆتییەکان بوون. پاشان دوای ھەڵبژاردنی ئیبرارووم (٢١٣٧–٢١٣٥پ. ز) ماوەی فەرمانڕەواییکردن بووە بە ٢ ساڵ و ئیبرانووم (٢١٣٥–٢١٣٣پ. ز) و خابالووم (٢١٣٣–٢١٣١پ. ز) و یوزوور سین (٢١٣١–٢١٢٩پ. ز) بەپێیی ئەو ماوەیەی کە دیاریکراوە پاشایەتیانکردوە. دوای ئەوە کاتێک ئیار لگند (٢١٢٩–٢١٢٢پ. ز) بە پاشای گۆتییەکان ھەڵبژێردراوە، ماوەی بەڕێوەبردنی دەسەلاتی بۆ ٧ ساڵ درێژکردووەتەوە. ھەردوو پاشاکەی دوای خۆی وسی ئووم (٢١٢٢–٢١١٥پ. ز) و نەزانراوە (٢١١٥–٢١٠٨پ. ز) ماوەی ٧ ساڵ فەرمانڕەواییانکردوە.[٨]

تیرگان[دەستکاری]

(٢١٠٨پ. ز) ئەو پاشایە تەنھا(٤٠)ڕۆژ فەرمانڕەوایەتی گۆتییەکانی کردوە لەولاتی ئەکەددا، چونکە لەو کاتەدا یەکێک لە سەرکردەکانی سۆمەریی دەوڵەتە شاری «ئووروک» بە ناوی ئوتوو ھیگال (٢١٢٠–٢١١٣پ. ز) لە دژی ڕاپەڕیووە و لەگەڵ سوپاکەی ڕووبەڕوو بووەتەوە. سەرئەنجام بەسەر سوپای تیرگان و گۆتییەکاندا سەرکەوتووە و پاشای گۆتی لەلایەن سەربازانی سوپاکەیەوە کوژراوە، شا ژنیش لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی بەناوبانگی سوپای گۆتییەکان بەدیلگیراوە. دوای زیاتر لە سەدەیەک فەرمانڕەوایی گۆتییەکان لەولاتی ئەکەددا لە ناوچەکە دەریکردون. بەپێیی تۆمارێکی ئوتوو ھیگال، دواتر گۆتییەکان بۆ دەورووبەری شاری ئارابخای پایتەختی پێشووتریان گەڕاونەتەوە. جێگای ئاماژەیە گۆتییەکان ھەتا ساڵی ٥٣٩پ. ز و داگیرکارییەکەی کوروش (٥٥٩–٥٣٠پ. ز) پاشای ھەخامەنشیی بۆ ولاتی بابل ناویان ھەبووە، بەلام دواتر ناویان نەماوە.[٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣. لاپەڕە٥٦
  2. ^ Mallory, J.P. (1989), In Search of the Indo-Europeans: Language, Archaeology, and Myth, London: Thames & Hudson.
  3. ^ Maria T. O'Shea, 2004, Trapped between the Map and Reality: Geography and Perceptions of Kurdistan p. 66 ff.
  4. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٦
  5. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٧
  6. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٧
  7. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٧
  8. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٨–٥٩
  9. ^ تۆمارەکانی مێژوو مێژوو و بەسەرھاتی بەشێک لەشارستانییەتە کۆنەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست: عومەر ئیسماعیل مارف، بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپخانەی بینایی٢٠١٣ لاپەڕە٥٩–٦٠