کەریم محەمەد
کەریم محەمەد :(١٩٢٤) نووسەر ، چالاكی سیاسی ، سکرتێر و کارگێڕی (یەکێتیی نووسەرانی کورد) و سکرتێر و ئەندامی (یەکێتیی مامۆستایان)یش بووە ، لە نەتەوەی كورد بووە.
سەرەتای ژیان و خوێندنی
[دەستکاری]کەریم کوڕی محەمەدساڵح کوڕی حاجی سەلیم کوڕی ئەمین ئاغای چنگنییە و بە "کەریم زەند" ناسراوە و لە (چنگیان)ی شارباژێڕەوە ھاتوون. ١٩٢٤ لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. خوێندنی دینیی حوجرە و سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی بووە. پاشان چووەتە خانەی مامۆستایان لە (ئەعزەمییە)ی بەغدا و ١٩٤٤ تەواوی کردووە. ساڵێک بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەی فەیسەڵییەی سلێمانی. دیسان چووەتەوە بۆ بەغدا و بەشی ئینگلیزیی خانەی بەرزی مامۆستایانی خوێندووە. دەورانی حکوومەتی میللیی کوردستان لە مەھاباد، چووەتە مەھاباد و لەوێ بووەتە مامۆستای قوتابخانەی گەلاوێژ. پاش شکستی حکوومەتەکە، ڕووی کردووەتە ڕووسیا.[١]
چالاكی سیاسی
[دەستکاری]کە ھاتووەتەوە، گیراوە و دوو ساڵ لە بەندیخانەی (ئەبووغرێب) زیندانی کراوە. پاشتر شەش ساڵێکی بە دوورخراوەیی و دەست بەسەری لە لیوای (ناسرییە) و تێکڕا سیازدە ساڵێکیشی بە ئاوارەیی گوزەراندووە. ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە. کەریم زەند، ئەندامی کۆمەڵی (برایەتی) و حیزبی (ھیوا) بووە و نەخشی لە (ژ. ک)، (کاژیک) و (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا ھەبووە. پازدە ساڵ مامۆستا و کارگێڕی ڕاھێنانی مامۆستایان و سەرپەرشتی ھەڵمەتی نەھێشتنی نەخوێندەواری بووە.[١]
یەکێتیی نووسەرانی کورد
[دەستکاری]ئەندام و سکرتێر و کارگێڕی (یەکێتیی نووسەرانی کورد) و سکرتێر و ئەندامی (یەکێتیی مامۆستایان)یش بووە. ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری "ڕۆژی نوێ" و پازدە ساڵیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بووە.[١]
بەرهەمەكانی
[دەستکاری]ژمارەیەکی زۆر وتاری لە (ژین، ڕۆژی نوێ، دەنگی مامۆستا، کاروان)دا نووسیوە.[١]
ئەم بڵاوکراوانەیشی ھەن:[١]
- حركة كردستان وأذربيجان التحررية، بغداد، ١٩٥٩
- سەرنجێک لە ئابووری ڕامیاری، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٥٩
- مێژووی نەژاد و پەیوەستەگی کورد، ١٩٦٩ (بە ھاوبەشی لەگەڵ قانع)
- جوگرافیای کوردستان بە کورتی، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٥٩
- میللەتی کورد، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٠
- ئایین و باوەڕ لە کوردستانا، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٠
- ئینجیل- مزگێنی- پەیمانی نوێ، چاپخانەی ڕاپەڕین- سلێمانی، ١٩٧٢ (لەگەڵ قەشە یووسف پەری)
- زمانی کوردی و ھونەری وەرگێڕان، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٧
- کورتەجوگرافیای کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٠
- جوگرافیای کوردستان، چاپخانەی خاک- سلێمانی، ٢٠٠١؛ ض٢، چاپخانەی شڤان- سلێمانی، ٢٠٠٥
- تۆماری تەمەن (١): گەشت، چاپخانەی ڕوون- سلێمانی، ٢٠٠٤
- تۆماری تەمەن (٢): کوردستانی پەرتکراو- الكوردستان المجزأة، چاپخانە و ئۆفسێتی پرژە- سلێمانی، ١٩٩٢
- تۆماری تەمەن- ئەرشیف (٣): خەرمان- شارا، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٣
- تۆماری تەمەن (٤): سووڕی ژیان، چاپەمەنیی ژیر- سلێمانی، ٢٠٠٣
- تۆماری تەمەن (٥)، چاپەمەنیی ڕوون- سلێمانی، ٢٠٠٥
- تۆماری تەمەن (٦): پەیک، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٦
- تۆماری تەمەن (٧): ئاینستان، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٦
- تۆماری تەمەن (٨)، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٨