کۆمەڵکوژیی بەلەد شێخ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆمەڵکوژیی بەلەد شێخ کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن باندی ھاگانا ئەنجامدرا لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بە ھێرشکردنە سەر بەلەد شێخ (کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت «تل حەنان»). کۆمەڵکوژییەکە بووە ھۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و ژمارەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە نزیکەی ٦٠ کەس بوو.[١] تەرمی زۆربەیان لە ناو ماڵەکانی گوندەکەدا دۆزرایەوە.

ھۆکاری کۆمەڵکوژیی[دەستکاری]

لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ کرێکارە عەرەبەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی حەیفا لە دژی کرێکارە جوولەکەکان ڕاپەڕین دوای ئەوەی بۆمبێک لە دەرەوەی بینای پاڵاوگەکە تەقییەوە و ژمارەیەک کرێکاری عەرەب کە دەھاتنە پاڵاوگەکە کوژران و بریندار بوون. عەرەبەکان بە شۆفڵ و تەور و تووڵی ئاسن ھێرشیان کردە سەر جوولەکەکانی ناو پاڵاوگەکە و نزیکەی ٤١ کەسیان کوژران و بریندار بوون لە ڕووداوێکدا کە پێی وترا «کۆمەڵکوژیی پاڵاوگەی حەیفا».

بەشێکی زۆری کرێکارە عەرەبەکانی ئەو پاڵاوگەیە لە گوندەکانی بەلەد شێخ و حەواسە دەژیان، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی حەیفا و پێنج کیلۆمەتر لە ڕێگای حەیفا – ناسیرەوە دوورە و لە ڕۆژھەڵاتەوە تەنیشت جوولەکەکانی نێشرە. جوولەکەکان پلانیان دانا تۆڵە بکەنەوە بە ھێرشکردنە سەر بەلەد شێخ و حەواسە.[٢]

ڕەوتی کۆمەڵکوژیی[دەستکاری]

نزیکەی ھەفتەیەک دوای ڕووداوی پاڵاوگەکە، جوولەکەکان پلانێکیان جێبەجێ کرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو کەسانەی لە پاڵاوگەکەدا کوژراون و ترس و دڵەڕاوکێیان بڵاوکردنەوە لەناو عەرەبەکاندا بە مەبەستی دەرکردنیان لە گوندەکانیان. ھێرشەکەیان دوای ماوەیەکی کەم لە نیوەی شەو و سەرەتای یەکەم ڕۆژی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ دەستی پێکرد و ژمارەیان لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ جوولەکە بوو کە لە گردەکانی باشووری بەلەد شێخەوە ھاتبوون و ھێرشەکەیان لەسەر لاکانی بەلەد شێخ و حەواسەوە چڕکردەوە. عەرەب لەو سەردەمەدا چەکی پێویستیان نەبوو. لە بوونی پاسەوانی ناوخۆیی سادە لە شەقامەکاندا زیاتر تێنەدەپەڕی.

جوولەکەکان خانووە دوورەدەستەکانی پەراوێزیان تووشی شۆک کرد و نارنجۆکیان بەسەریاندا فڕێدا و چوونە ناو دانیشتووانی خەوتوو بە تەقەکردن بە دۆشکە. ھێرشەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو، دوای ئەوە جوولەکەکان لە کاتژمێر دووی بەیانی پاش ھێرشکردنە سەر نزیکەی دە ماڵ کشانەوە، نزیکەی ٣٠ کەس لەنێوان کوژراو و بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

جوولەکە ھێرشبەرەکان ژمارەیەک دۆشکە و بۆمب و ئازووقەیان بەجێھێشت و پەڵەی خوێنیش بینرا کە ئاماژەبوو بەوەی پاسەوانانی ناوچەکە بەو چەکە سادانەیانەوە کە ھەڵیانگرتبوو ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Zochrot. "داكرات بلد الشیخ". zochrot.org (بە ئینگلیزی). Archived from the original on 23 أبريل 2019. Retrieved 2019-04-23. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  2. ^ ئ ا https://www.palestinapedia.net/%D8%A8%D9%84%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D9%8A%D8%AE-%D9%85%D8%B0%D8%A8%D8%AD%D8%A9/ ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.