کلاسیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

رێبازی کلاسیزم یان (کلاسیسیزم) (بە ئینگلیزی - Classicism) یەکێکە لە رێبازە ئەدەبیەکان و بزاڤە ھونەریەکان لە سەدەکانی پێش زایین تا کۆتایی سەدەی ١٨ زایینی. ڕێبازی کالسیزم لە سەدەی حەڤدەم لە فەرەنسا سەری هەڵداوە، تەنیا ئەدەبی کۆنی بە ئەدەبێکی بەرز دادەنا و ئەدەبی ناوچەیی لە ئەوروپا رەت دەکردەوە. فرانچۆیس دی ماالربێ، یەکەمین رابەری راستەقینەی ئەم ڕێبازە بووە. کالسیزمی کوردی ئەو ئەدەبە کوردییە کۆنەیە، بە شیعرلە سەدەی یازدەهەم تا جەنگی جیهانی یەکەم لەسەر سیستەمی عەروزی نووسراوەتەوە. ئەدەبێک بوو، لەسەر بنج و بناوانی ئەدەبی ئیسلامی و ئەدەبی رەسەنی خۆماڵی دامەزراوە. ئەو ڕێبازی کالسیزمەی لە ئەدەبی کوردیدا بە دی دەکرێت، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەل ئەو ئەدەبە کالسیزمەی لە ئەوروپا بەدی کراوە. ڕێبازی کالسیزم لە ئەوروپا سەرچاوەی لە ئیلهام وەرگرتووە، لاسایی بۆچونەکانی ئەفالتون و ئەرستۆ و هۆراس بووە و پەیرەو کردنی یاسا و دەستوری یۆنانی و رۆمانییەکان بووە. لە خزمەتی دەرەبەگ بووە و بە شانۆ و چیرۆک و رۆمان و... دەربرراوە. هەرچی شاعیری کوردەکانن، سەرچاوەی بەرهەمەکانیان (دڵ)ە، نووسینەکانیان پڕ سۆز و هەستە، هیچ بنەمایەکی فەلسەفی نییە. شیعر بەلای شاعیرانی (کالسیزمی کوردی) وەک پیشەیەک وابوو، بەهەوڵ و ماندوو بوون، خۆیان فێری هونەری رەوانبێژی و زمان و زاراوەی تر دەکرد. بەتایبەتی کاریگەری سەعدی شیرازی و کەلیمی هەمەدانی و زۆرانی تر بە شیعری کالسیزمی کوردییەوە دیارە. کالسیزمی کوردی لە سەدەی نۆزدە کۆتایی دێت، لە کاتێک کالسیزمی ئەوروپی لە سەدەی هەژدە کۆتایی دێت. واتا کورد ئەدەبی کالسیزمی نییە و وا باشترە پێی بوترێ ئەدەبی کۆن. نمونەی ئەدەبی کوردی کۆن(کالسیزم): گرنگتیرین و یەکەمین شاعیری کالسیزمی کوردی بابا تاهیری هەمەدانییە، بە شێوەزاری لوڕی نووسیویەتی. لە میری ئەردەلان، بە زاری گۆران، محمد عەبدلقاسم ناسراو بە مەالی پەرێشان. لە سەدەی شازدەهەم میرنشینی جزیرە، زاری نووسینی کرمانجی ژووروو بووە، بە تایبەتی شێوەزاری بۆتان. شاعیرانی گەورەی وەک نالی و سالم و کوردی ، هەر سەر بەو ڕێبازەن.

رەچەڵەکی زاراوەی کلاسیزم[دەستکاری]

لە بارەی رەچەڵەکی زاراوەی کلاسیزم چەندین بۆچوونی جۆراوجۆر ھەن:

  1. لە «کلاسیسکاس» (Classicus)ەوە ھاتوە کە بە واتای چین دێت.
  2. لە ووشەی Classise لاتینەوە ھاتوە کە بە واتای پارچەیەکی کەشتی دێت.

واتای زاراوەی کلاسیزم قۆناغ لە دوای قۆناغ پەرەی سەندووە و واتای تازەی پەیدا کردوە، لە وانە:

  1. لە زمانی ھاوچەرخی ئینگلیسی و فەرانسەویدا Classe بە واتای پۆل بە کار دێت.
  2. لە سەدەی بوژانەوە (رێنێسانس)دا و بە تایبەت لە لایەن ھوومانیستەکان، (ئۆمانیست)ەکانەوە، کلاسیک بە شاکارە رۆمانی و یۆنانییەکان ئەوترا.
  3. ئەو ئەدەب و ھونەرە دەگرێتەوە کە لە سەدەی حەڤدەمدا باو بووە.
  4. لە کۆتایی سەدەی ھەژدەمدا کلاسیک بەو ئەدەبیات و ھونەرە بەرزە ئەوترا کە شایانی شوێن پێ ھەڵگرتن و لاساییکردنەوە بوو. گۆتەی شاعیری ئەڵمانی بە ئەدەبی باشی ئەوت: «کلاسیک» و بە ئەدەبی خراپیشی ئەوت: «رۆمانتیک».
  5. ئەو بەرھەمانە دەگرێتەوە کە لە سەر رێساکانی نووسەرانی گریک (ئەسکیلۆس و ئۆریپید و سۆفۆکلیس و ئەرەستوو) دەڕۆیشتن.
  6. ئەمڕۆش کلاسیک بە ھەموو ئەو بەرھەمانە دەوترێ کە پەسەند و رەسەن و دانسقەن، ھەروەھا بەو بەرھەمانەی پێش رۆمانسیزم سەریان ھەڵداوە.

یەکەم جار نووسەری رۆمانی، ئۆلیژیلۆس (Auliscellius)بوو، کە لە سەدەی ٢ی زایین دا، لە کتێبی شەوانی ئەتیکا ئەم زاراوەی بەکار ھێنا. ئەمەش لە دوو شوێنی جیادا:

١- Scripter Classicus واتە: نووسراوی چینی سەرەوە

٢- Proletaries Scriptor واتە: نووسراوەی چینی پرۆلیتاریا

ئەم دوو شێوە بەکارھێنانە، خۆی لە خۆیدا سیفەتێکی چینایەتی دایە ئەدەب: ئەدەبی کلاسیکی دایە پاڵ چینی سەرەوەی کۆمەڵ.

سەرچاوەکانی کلاسیزم[دەستکاری]

دەستوور و بنەماکانی کلاسیزم لە چەندین سەرچاوەی ئێستەتیکییەوە، کە زۆربەیان سەرچاوەی یۆنانی کۆنن، ھەڵێنجراون:

١- ھونەری شێعر (poetic) نووسینی ئەرەستوو (٣٢٢–٣٨٤ پ. ز)

٢- ھونەری شێعر، نووسراوەی ھۆراس (Horace) (٦٥–٦٨ پ. ز)

ئەرەستوو و ھۆراس لەم دوو شاکارەی خۆیاندا بنەما و دەستوورەکانی کلاسیزمیان داڕشتبوو. ئیتالیاییەکان لە سەدەی ١٥ و ١٦مدا چەندین جار ئەم دوو شاکارەیان لە یۆنانییەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی ئیتالیایی، ئەمەش بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی بنەماکانی کلاسیزم. لە ھەمان کاتدا، نووسەرانی مەزنی گریک و رۆمان (پێش لە دایکبوونی مەسیح) وەک: ئەسکیلۆس، ئۆریپید، ھۆمیرۆس... سەرچاوەیەکی دیکەی کلاسیزمی ئەورووپیی بوون کە لە لایەن نووسەرانی ئەورووپای سەردەمی رێنێسانسەوە، تەنانەت ھەر لە پێشتریشەوە لاساییان دەکرایەوە. تەنانەت ھەندێ رەخنەگر وای دەبینن کە ئەدەبیاتی سەردەمی گریک (سەردەمی یۆنان و رۆمانی دێرین) بە کلاسیزمی کۆن دادنرێت، ئەو کلاسیکەی دواتری ئەورووپاش کلاسیزمی نوێیە.

٣- بەرھەمەکانی نووسەرانی سەردەمی رێنێسانس (Renaissance) لە ماوەی سەدەی ١٥م و ١٦مدا، ھەروا بەرھەمی نووسەرانی بزووتنەوەی رۆشنگەری (Enlightenment) لە کۆتایی سەدەی ١٧ تا کۆتایی سەدەی ١٨م، بوونە چەند سەرچاوەگەلێکی دیکەی کلاسیزم. بەتایبەتیش کاتێ لە ساڵی ١٦٧٤دا رەخنەگری فەرەنسی، نیکۆڵا بوالۆ (١٦٣٦–١٧١١) کتێبە گرنگەکەی خۆی (ھونەری شێعر Art Poethique)ی بڵاوکردەوە و دەستوور و بنەماکانی کلاسیزمی تێدا شی کردەوە و چەسپاندنی؛ توانی گیانێکی ھاوچەرخانە بە ڕێبازەکە بدات و کتێبەکەی وەک سەرچاوەیەکی تیۆریی گرنگی کلاسیزم پێسکەش بکات.

دەستوور و یاساکانی کلاسیزم[دەستکاری]

  1. لاساییکردنەوەی سروشت
  2. لاسایی کردنەوەی کۆنینەکان
  3. کۆن گێرانەوە
  4. عەقڵانییەت Rationalism
  5. فێرکەر و خۆشبین
  6. روونی و کورتبێژی
  7. لە راستیی چوون Vraisemblance
  8. مەوزووعی بوون Objectivate
  9. نەزاکەتی ئەدەبی
  10. قانوونی سێ یەکێتییەکان
    1. یەکێتیی بابەت
    2. یەکێتیی کات
    3. یەکێتیی شوێن

کلاسیزم و ڕوونی[دەستکاری]

کلاسیزم لە نووسینی ھوونراوە لەلایەن ئەوڕووپیەکانەوە ئارەزووی لەڕوونیە واتە لە پێشوودا لای ئەوڕووپیەکانەوە ھەر چ بەرھەمێکی ڕوون و ئاشکرایی مەبەستەکانی ھەبووایە دەچووە نێو ڕووکاری کلاسیزم ھەر بۆیەش ڕەخنەگری فەڕەنسی بواڵۆ ئاماژەی بەوە کردووە ھەر نووسەرێکی ڕێبازی کلاسیزمی لەبەرھەمەکەی ھەر ناڕوونیەکی تیا بێ ئەوا لەبەر کەم ئەقڵی نووسەرەکەیە کە نەیتوانیوە دەسەڵاتی بەرامبەر بەرھەمەکەی بشکێت.

کلاسیزمی کوردی[دەستکاری]

لە کلاسیزمی کوردی بەوە جیا دەکرێتەوە کە گیانێکی نەتەوایەتی تیایە کە ئەم گیانەش لە شێوەزار و ووڵاتانی تر نەبووە جگە لەم گیانەش نووسەرانی کورد کلاسیزم بەکاردەھێنن بۆ نووسینی بەرھەمی خۆشەویستی و غەزەل و پێداھەڵدان و ئایینی و چەند مەبەستێکی تریش.

سەرچاوەکان[دەستکاری]