ڕێگا ڕووف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕێگا ڕووف

ڕێگا ڕووف (١٩٦٨ لە سلێمانی) کۆمەڵناس و نووسەر و چالاکوانە، ١٩٩١ بەشی بیناسازی پەیمانگای تەکنیکی لە مووسڵ تەواوکردووە، لە ١٩٩٣ ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنانی دامەزراندووە، (ئەم ڕێکخراوە لە پێناو داکۆکی لە مافی ژنان، لەماوەی چەند ساڵێکی کارکردنیدا ھەزاران ئەندام و لایەنگر و سەدان کارو چالاکی لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامداوە). لە ١٩٩٦_٢٠٠٠ سەرنوسەری ڕۆژنامەی یەکسانیی و المساوات بووە کە بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەرچووە. لە ١٩٩٨ بۆ یەکەمین جار کتێبی ھاوارێک لە کوردستانەوە دەنووسێ. ئەم کتێبە ڕاپۆرتێکی دیکێومێنتارییە سەبارەت بەتاوانەکانی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان لە نێوان ساڵانی ١٩٩١–١٩٩٨. ھەمان ساڵ سەنتەری پارێزگاری ژنان لەگەڵ چەند ھەڵسوراوێکی تری ژنان دادەمەزرینێت و بەم جۆرەش یەکەمین سەنتەری پاریزگاری ژنان لەخۆرھەڵاتی ناوەراست دروست دەبێت. لەماوەی ساڵەکانی ١٩٩٦–١٩٩٩ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان کۆمیتەیەک دروست دەکەن بۆ کاری ھاوبەش و دواتر دەبێت بە ناوەندی ھاوبەشی ڕیکخراوەکانی ژنان لە کوردستان. ئەم ناوەندە چەندین کاروچالاکی ئەنجام دەدات و ڕێگا ڕووف وەک نوێنەری ڕیکخراوی سەربەخۆی ژنان لەم ناوەندە یەکێکە لەچالاکەکان و ساڵی ١٩٩٩–٢٠٠٠ گەورەترین ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ داخوازی ئاڵوگۆڕی یاساکانی باری کەسێتیی ڕێکدەخەن کە گەورەترین دەسکەوتی ئەم کارانە دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٥٩یە کە کوشتنی ژنان بە بەھانەی شەرەف، وەک کوشتنی ئەنقەست دەناسینێت. لە زۆربەی وڵاتانی دونیا بانگھێشت کراوە و بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی سەبارەت ژنان و ھەوڵدان بۆ مافەکانیان، لەوانەش ئەورووپا و ئاسیا و ئەمریکا. لە ٢٠٠٠وە لە سوید دەژی و لەوێ جگە لە کاروچالاکییەکانی لە بواری ژنان و بەتایبەت لەسەر کوشتنی ژنان درێژە پێدەدات و لەمبارەیەوە یەکێکە لەو کەسانەی کە لەنێو میدیاکانی سوید ناسراوە. لە زۆر کاری کۆمەڵایەتی و جیاجیادا بەشداریکردووە بۆ کێشە و گرفتەکانی ژنان، دوایین کار و گرووپی کاریگەر دروستکردنی گرووپی شەرەفی سوورـە کە لە ئەنجامی تاوانی کوشتنی نیگار ڕحیمی ١٥ ساڵەوە دروستی کردوە، ئەم گرووپە بەردەوامە و کار لەسەر ھۆشیارکردنەوەی خەڵک دەکات لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە و بە ھەرسێ زمانی کوردی و سویدی و ئینگلیزی. ڕێگا ڕووف ژمارەیەکی زۆر وتار و بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە و ھاوکات خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەی زانستیانەی لەسەر مەسەلەکانی ژنان، ئێستاش خویندکاری ماستەری کۆمەڵناسییە و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری کۆنسێپتـە کە وەرزە گۆڤارێکی ڕەەخنەیی فکرییە.

بەرھەمەکانی ڕێگا ڕووف[دەستکاری]

پتر لە ٤ کتێبی ھەیە ئەمانەی لای خوارەوە کورتەیەکن لە بارەیانەوە:

ھاوارێک لە کوردستانەوە[دەستکاری]

کتێبێکی ١١٠ لاپەڕەیی ھاوبەشی ڕێگا ڕووف و موزەفەر محەممەدی یە ساڵی ١٩٩٨ لەسەر ئەرکی خۆیان بەچاپ گەیشتووە، ئەم کتێبە ڕاپۆرتێکی دیکیۆمێنتییە دەربارەی خۆسوتاندن و کوشتنی ژنان لە کوردستان، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە: (لەم کتێبەدا جگە لە لیستی بەشێک لەو ژنانەی کە تیرۆر دەکرێن یان خۆیان دەکوژن، لەھەمان کاتدا لیستێکی تری بۆ زیادکراوە؛ ئەویش ئەوەیە بەشێکی زۆر لە ژنان لەئەنجامی ھەڕەشە و سووکایەتی و لێدان و بەکارھێنانی توندوتیژی دووچاری نەخۆشی دەروونیی دەبن، یاخود جەستەیان دەشێوێنرێت، یان ئەندامیکی لەشیان لەدەست دەدەن.. زیادەڕەوی نییە گەر بڵێین زۆربەی ژنانی کوردستان لەئەنجامی ئەم فشارانەدا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، ھەندێکیان لە ئەنجامی خۆسوتاندندا ئەگەر چانسی ژیانیان ھەبوو، ئەوا ناشرین دەبن.. ئەگەر کەسێک بخوازێت ئاماری ئەم کارەساتە بزانێت، لە ڕاستی دا زۆربەی ژنانی کوردستان دووچاری ئەم ھەلومەرجەن) ئەم کتێبە بۆ سەر زمانەکانی (ئینگلیزی، تورکی، فارسی، عەرەبی) وەرگێڕدراوە و بەزمانی کوردی سێ جار چاپکراوە کە دواترینیان لە وڵاتی سوێد بووە.

بزووتنەوەی ژنان بزووتنەوەیەکی سیاسییە[دەستکاری]

کتیبێکی ١٠٠ لاپەڕەیی ھاوبەشی ڕێگا ڕووف و موزەفەر محەممەدی یە لەمەڕ بزووتنەوەی ژنان، ساڵی ٢٠٠٠ لەسەر ئەرکی خۆیان بەچاپ گەیشتووە، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نووسراوە: (ئەگەر بەدەستی من بێت، بەدەستی ئێمە بێت، ئەگەر ئێمەی بەرەی ئازادی خوازی و یەکسانخوازی و سکۆلار بوارمان بێت بۆ یەک ڕۆژیش بووە؛ لە دێیەک، گەڕەکێک، شارێک، لە ھەموو کوردستان ڕای دەگەیەنین یاسای باری کەسێتی ھەڵوەشایەوە و لە ھیچ دادگایەکدا جێبەجێ ناکرێت و ئیتر مافی یەکسانی ژن و پیاو لە ھەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، خێزان و مافی تاک دابین دەکرێت)

ژنی ٣٠ ساڵە لە پشت دیواری خێزانەوە چ دەگوزەرەێ؟![دەستکاری]

کتێبێکی ٨٠ لاپەڕەیی ئۆتۆبایۆگرافی ڕێگا رووف-ـە لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە، بەناوی خوازراوی (نیان) ـەوە ساڵی ١٩٩٩ چاپ بووە، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نووسراوە: (ئەو کەسانەی ئەم لاپەڕانە لە ژیانی من دەخوێننەوە، مەگەڕێن بەدوای مندا؛ بزانن من کێم و لە کوێم.. ؟ من خۆتم، من تۆم، من ئێوەم، خوشکەکەتم، دایکتم، ئەو کەسەم لە منداڵییەوە لە کۆڵان یاریم لەگەڵ کردوویت، ئەوەی لە یەکی سەرەتایییەوە تا زانکۆ لە پاڵ دەستدام، من دراوسێتم، کارمەندی فەرمانگەکەت، من تۆم.. چاو لە ئاوێنە چکۆلەکەی ناو جانتاکەت بکە من دەبینی، لە کاتی ماکیاژکردندا من دەبینی، کاتێک خۆت دەگوڕی و حەزدەکەیت بەدڵی خۆت جل لەبەربکەی و ناتەوێت کەس ئەندازەی تەنوورەکە و سەر و خواری زرانی (ئەژنۆت) بۆ دیاری بکات، من دەبینی.. زۆربەی زۆرمان، ھەموومان وەکو یەک بەکەمێک جیاوازییەوە، پێکەوە قسە بکەین، کێشەکانت لەخۆت مەشارەوە، با ھەموو پۆخڵاواتییەکانی پشت دیواری خێزان و کۆمەڵ کە ژنانی تێدا خنکاون، بکەونە ڕوو، با کینەکانمان نەشارینەوە، با بچین بە گژیدا، ئەوجا ژیانی تازەمان دەست پێ دەکات)

سەرچاوە و پەراوێزەکان[دەستکاری]