ڕێبین ڕەحیمی
ڕێبین ڕەحیمی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٧٣ |
مەرگ | ١٤ی تەممووزی ٢٠٢١ | (٤٧–٤٨ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | کوشتن |
نەتەوە | کورد |
پیشە | کرێکار، چالاکی سیاسی |
چالاکبوون | ٢٠٠٧–٢٠٢١ |
حیزبی سیاسی | پارتی ژیانی ئازادی کوردستان |
بێھرووز ڕەحیمی ناسراو بە ڕێبین (لەدایکبووی ١٩٧٣ لە شاقەڵای دیواندەرە، ئێران - مردووی ١٤ی تەممووزی ٢٠٢١ لە سلێمانی، عێراق) کرێکار و چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئەندامی چالاکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو. ڕێبین ڕەحیمی وەکوو پەنابەر لە باشووری کوردستان دەژیا و لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢١ لە تەمنی ٤٩ ساڵی لەلایەن کەسانێکی نەناسراو تیرۆر کرا.[١]
ژیان و چالاکی
[دەستکاری]ڕێبین ڕەحیمی لە ساڵی ١٩٧٣ (١٣٥٢ی کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی شاقەڵای سەر بە دیواندەرە لە پارێزگای سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو.[٢] لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە لە شاری سنەدا دەستیکرد بە چالاکییە سیاسییەکانی خۆی و ھەتا ساڵی ٢٠١٢ لەو شارە چالاک بوو. لە ساڵی ٢٠١٢ بەھۆی زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکۆمەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناچار ڕۆژھەڵاتی کوردستانی بەجێ ھێشت و چوو بۆ باشووری کوردستان.[٣] لە باشووری کوردستاندا لە سەرەتاوە لەگەڵ ھاوسەرەکەی زوڵەیخا ناسری ناسراو بە ڕۆناھی لە شاری ھەولێر ناوی خۆیان وەکوو پەناخوازی سیاسی لە نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد و بەدوای ئەوە وەکوو پەناخوازی سیاسی لە ھەرێمی باشووری کوردستان لە قەڵەم دران.[٣] ڕێبین ڕەحیمی بە ماوەی ١٠ ساڵ وەکوو پەنابەر لە باشووری کوردستان دەژیا و لەم ماوەدا سەرەتا لە قەڵادزێ دادەنیشت و لە ساڵانی دواییشدا دانیشتووی سلێمانی بوو.[٤] ڕێبین ڕەحیمی لە سلێمانی بە کرێکاری گوزەرانی ژیان دەکرد و لە کۆتایییەکانی ژیانی لەگەڵ ھاوسەرەکەی پاسەوانی کۆگایەک لە شارۆچکەی سەنعەتی ژاڵەی سلێمانی بوون.[٥]
تیرۆر و کوشتن
[دەستکاری]ڕێبین ڕەحیمی لە کاتژمێری ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢١ (٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١) لە شوێنی کارەکەی خۆی لە ناوچەی شارۆچکەی سەنعەتی ژاڵە کە لە دەرەوەی شاری سلێمانی داکەوتووە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.[٣][٦]
ڕێبین ڕەحیمی لە کاتی کوژران بەدوای کۆتایی ھاتنی کارەکەی لە کاتی ڕۆیشتن بەرەو شوێنی حەسانەوە بووە کە لەلایەن سەرنشینانی ئۆتۆمۆبیلێکی بی ئێم دەبلیوو بە دەمانچەیەک کە بێدەنگکەری لەسەر بووە، تەقەی لێ کراوە و گوللەیەک لە پشتەوە بەری کەوتووە. لە کامێراکانی چاودێریی شوێنی ڕووداوەکە گرتەڤیدیۆیەک وەرگیراوە و بڵاو کراوەتەوە. لە گرتەڤیدیۆکە دیارە کە کەس یان کەسانێک لە ناوی ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری بی ئێم دەبلیووی ڕەشی جام ڕەشی بێژمارە دەکەونە دوای ڕێبین ڕەحیمی و بە چەکی دەمانچەی دەنگبڕ تەقەی لێ دەکەن. ھەروەھا ڕاگەیاندراوە کە دیمەن و وێنەی ھێرشبەرەکان لە چەندین کامێرای چاودێریی شوێنی کارکردنەکە تۆمار کراوە.[١][٣][٥]
جەستەی برینداری ڕێبین ڕەحیمی زیاتر لە ساعات و نیوێک لەو شوێنەدا لەسەرخۆ چووە و دواتر کرێکارەکان دۆزیویانەتەوە. بەدوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە شۆڕشی شاری سلێمانی بەھۆی خوێنلەبەرچوونی زۆر و قۆرسیی برینەکەیەوە گیانی خۆی لە دەست داوە.[٣]
تەرمی ڕێبین ڕەحیمی گوازرا بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و لە ڕۆژی ١٦ی تەممووز ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و ھەر لە شاری سلێمانی ئەسپەردە کراوە.[٣][٥]
بەرپرسیارێتیی تیرۆرەکە
[دەستکاری]ھیچ لایەنێک تیرۆرەکەی ڕێبین ڕەحیمی بە ئەستۆ نەگرتووەتەوە، بەڵام میدیاکانی ڕێکخراوە و حیزبە کوردستانییەکان ڕژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێرانیان بەرپرسی ئەم تیرۆرە ناساندووە کە لە چەندین تیرۆری چالاکوانانی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان دەستی لەکاردا بووە.[٣][٥][٧]
زوڵەیخا ناسری ناسراو بە ڕۆناھی، ھاوسەرەکەی بێھرووز ڕەحیمی گوتووە کە ئێمە و بنەماڵەکەمان ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ھیچ کەس یان لایەنێک نەبووە و وەکوو چالاکێکی سیاسی ھەر بە تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێرانمان وەکوو دوژمن دەناسین. بە وتەی ڕۆناھی ناسری ھێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ مانگ پێش لە ڕێگای تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەڕەشەیان لە ھەردوو کەسیان کردبوو کە دەبێت دەست لە چالاکیی سیاسی ھەڵبگرین و دوای ئەوەی کە زانیویانە کە کۆڵ نادەن ئەمجارەیان پێشنیاریان کردبووە کە لەبەرانبەر پارە ھاوکارییان لەگەڵ بکەین کە ڕێبین ڕەحیمی و ڕۆناھی ناسری بە توندی وڵامی ڕەدیان پێیان داوەتەوە.[٣][٥]
پەیامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
[دەستکاری]پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە بڵاوکردنی بەیاننامەیەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم تیرۆرە لە سێھەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ئەندامێکی دیکەی حیزبەکەیان ئیقباڵ مورادی ئەنجام دراوە ئەم تیرۆرەی شەرمەزار کرد و جگە لەوەی کە حکۆمەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بورپرسی ئەم تیرۆرە زانیو، لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕەخنەی کرد کە بە خەمساردی و بێ بەرپرسیاری کارێکیان ککردووە کە کردەوەی تیرۆریستی لە باشووری کوردستان ڕوو لە ھەڵکشان بکات.[٨]
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ماڵپەری خەندان: خەندان زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی ھاووڵاتییەکی خەڵکی ڕۆژھەڵات لە سلێمانی بڵاودەکاتەوە (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ کوردستان و کورد: تیرۆری پەنابەرێکی خەڵکی ڕۆژھەڵات لە سلێمانی (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان: چالاکی سیاسیی کورد ڕێبین ڕەحیمی لە سلێمانی بە دەستی کەسانی نەناسراو کوژرا (بە کوردی)، نووسراو لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ کوردستان تیڤی: پەنابەرێکی کوردستانی ئێران لە سلێمانی تیرۆرکرا (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ ئ ا ب پ ت ڕێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ: ھاوژینی بێھرووز ڕەحیمی: ئێران ھەڕەشەی لە ئێمە کردووە و پێشنیاری ھاوکارییان پێمان داوە (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: تێرۆری چالاکییەکی سیاسی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە سلێمانیە (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ ھەواڵنێری پەیام: تیرۆری چالاکێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە سلێمانی (بە کوردی)، نووسراو لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١؛ ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ^ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک): تیرۆر، ناتوانێت گەلی کورد لە ئازادی دابڕێنێت (بە کوردی)، نووسراو لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢١.