ڕۆمان سایس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕۆمان غانم پۆل سایس (بە عەرەبی: رومان غانم بول سايس‎؛ لەدایکبووی ٢٦ی ئازاری ١٩٩٠) یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێی مەغریبییە، دڵی بەرگری یان ناوەڕاستکاری بەرگریی یانەی شەبابی سعودی و ھەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریبە.

دەستپێکی کاروانی وەرزشیی سایس لە ئۆڵمپیک ڤالۆنسەوە بوو، دواتر لە ٢ یانەی خولی پلەی دووی فەڕەنسا دەبێت، دواتر دەچێتە یانەی ئۆنژیسی پلەی یەک، لە ٢٠١٦ ڕوویکردووەتەوە یانەی وڵڤەرھامپتۆنی ئینگلیزی. لە ٢٠٢١ ڕوویکردە یانەی بێشکتاشی تورکی.

سایس ھەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسی و مەغریبییە، لە ٢٠١٢ەوە نوێنەرایەتی ھەڵبژاردەی مەغریب دەکات، لە ٢٠١٩ەوە سەرکردەی ھەڵبژاردەکەیە، بەشداریکردووە دوو وەشانی جامی جیھانیی فیفا و سێ وەشانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.

کاروانی وەرزشیی یانە[دەستکاری]

سایس لە ئۆڵمپیک ڤانۆس دەستی بە کاروانی وەرزشی کرد، کە لە خولی پلە ٥ بوو، ھاوکات لە چێشتخانەکەی باوانی کاری دەکرد و لە یانەکە مانگانە ٥٠٠ یۆرۆی وەردەگرت. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، گرێبەستێکی پیشەگەری لە یانەی کلێرمۆنت بۆ ھات، کە لە خولی پلە ٢ بوو. لە حوزەیرانی ٢٠١٣، بۆ ماوەی ٢ ساڵ چووە یانەی لە ئاڤر. پاشان بە گرێبەستێکی ٢ ساڵە ڕوویکردە ئۆنژیس لە خولی پلە یەکی فەڕەنسی.

یانەی وڵڤەرھامپتۆن واندەرەرز[دەستکاری]

لە ٣٠ی ئابی ٢٠١٦، سایس چووە یانەی وڵڤەرھامپتۆن واندەرەرزی ئینگلیزی بە گرێبەستێکی چوار ساڵە کە تێچووەکەی ڕانەگەیەنرا، لە ١٧ی ئەیلوول یەکەم دەرکەوتنی لە خولی پلە یەکی ئینگلیزی بەرامبەر بە نیوکاسڵ یونایتد بوو، کە ٢-٠ براوەبوون، لەو یارییەدا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بووەوە.

یەکەم گۆڵی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەرامبەر بە بێرتۆن ئالبیۆن بوو، کە ٤-٠ براوەبوون.

لە ٢٠١٨، وڵڤەرھامپتۆن گەیشتە پرێمیەرلیگ، سایس لە ٢٢ی ئەیلوول بەرامبەر بە مانچسته‌ر یونایتد وەکو یاریزانی یەدەگ دەرکەوت، کە ١-١ یەکسانبوون. یەکەم گۆڵی لە پرێمەرلیگ لە ٢٦ی کانوونی یەکەم بەرامبەر بە فولھام تۆمارکرد، کە ١-١ یەکسانبوون. لە ٢١ی شووباتی ٢٠١٩، گرێبەستەکەی تا ھاوینی ٢٠٢١ نوێکردەوە.

یەکەم دەرکەوتنی سایس لە ئاستی ئەورووپا، لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٩ بەرامبەر بە کرەیسەیدەرز بوو لە گەڕی دووەمی پاڵاوتنی خولی ئەورووپای ٢٠١٩-٢٠٢٠، کە ٢-٠ براوەبوون. یەکەم گۆڵی لە ٢٤ی تشرینی یەکەم بەرامبەر بە سلۆڤان براتیسلاڤا تۆمارکرد، کە ٢-١ براوەبوون.

لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢١، سایس گرێبەستەکەی تا حوزەیرانی ٢٠٢٢ نوێکردەوە، لە ١٣ی شووباتی ٢٠٢٢، ١٠٠ھەمین بەشداری لە پریمەرلیگ بەرامبەر بە تۆتنھام ھۆتسپێر ئەنجامدا، کە ٢-٠ براوەبوون. لە ٥ی ئازاری ٢٠٢٢، ٢٠٠ھەمین بەشداری لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەکان بۆ وڵڤەرھامپتۆن بەرامبەر بە کریستاڵ پاڵاس ئەنجامدا.

لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢، سایس ڕایگەیاند کە وڵڤەرھامپتۆن جێدەھێڵێت.

بێشکتاش[دەستکاری]

لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سایس ڕوویکردە تورکیا، گرێبەستێکی ٢ ساڵەی لەگەڵ بێشکتاش واژوو کرد، یەکەم دەرکەوتنی لە ٦ی ئاب بوو.

سەدد[دەستکاری]

لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٣، بە گرێبەستێکی ٢ ساڵە ڕوویکردە یانەی سەددی قەتەری، ٣ جار بەشداربووە، گرێبەستەکەی بە بەھای ٢٫٥ ملیۆن یۆرۆ بوو، بە زیادەکانیەوە گەیشتووەتە ٢٫٨ ملیۆن یۆرۆ.

شەباب[دەستکاری]

لە ٥ی ئەیلوول، بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێک ڕوویکردە یانەی شەبابی سعوودی.

کاروانی وەرزشیی نێونەتەوەیی[دەستکاری]

سایس لە فەڕەنسا لە باوکێکی مەغریبی و دایکێکی فەڕەنسی لەدایکبووە و لەوێ پێگەیشتووە، مەغریبی ھەڵبژارد، یەکەم دەرکەوتنی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢ لە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر بە تۆگۆ بوو، کە ١-٠ دۆڕان.

سایس بانگھێشتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای ٢٠١٧ و ٢٠١٩ و جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ کرا، یەکەم گۆڵی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بەرامبەر بە تۆگۆ تۆمارکرد.

لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سایس بانگھێشتی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ کرا، لە بەرامبەر بەلجیکا گۆڵێکی تۆمارکرد. لە یاری نیوەی کۆتایی و بەرامبەر بە فەڕەنسا، لە خولەکی ٢١ تووشی پێکان ھات.

ئامارەکان[دەستکاری]

گۆڵە نێونەتەوەییەکان[دەستکاری]

(ستوونی گۆڵ ئاماژەیە بۆ ئەو گۆڵەی کە تۆماری کردووە، ستوونی ئەنجام ئاماژەیە بۆ ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکە)
گۆڵە نێونەتەوەییەکانی ڕۆمان سایس
ز. ڕێکەوت یاریگا بەرامبەر گۆڵ ئەنجام پاڵەوانیەتی
١ ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ گابۆن  تۆگۆ ٢-١ ٣-١ جامی نەتەوەکانی ئەفریقای ٢٠١٧
٢ ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ یاریگای ئەلسەمامە، دەوحە، قەتەر  بەلجیکا ١-٠ ٢-٠ جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢

سەرچاوەکان[دەستکاری]