ڕۆزەلیند فرانکلین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕۆزەلیند ئێڵسی فرانکلین (بە ئینگلیزی: Rosalind Elsie Franklin؛ لەدایکبووی ٢٥ی تەممووزی ١٩٢٠–مردووی ١٦ی نیسانی ١٩٥٨) کیمیاگەر و شارەزایەکی ئینگلیز بوو لە بواری زانستی شێوە و پێکھاتەی بلووری تیشکی-x ((x-Rayو کارەکانی ئەو بایەخێکی زۆریان ھەیە بۆ تێگەیشتنی پێکھاتەی گەردی دی ئێن ئەی(DNA) واتە ترشی دی ئۆکسیدی ڕیبۆنوکلیک و ئاڕ ئێن ئەی (RNA) واتە ترشی ڕابۆنۆکلیک و، ڤایرۆسەکان و، خەڵووز و گرافایت. ھەرچەندە کارەکانی لە بارەی خەڵووز و ڤایرۆسەکان لەو کاتەی لە ژیاندا بوو بەرز نرخێنرا، بەڵام کارەکانی لەبواری دۆزینەوەی پێکھاتەی دی ئێن ئەی (DNA) بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دوای مردنی ناسرا.[١]

فرانکلین لە دایک بووی خێزانێکی دیاری جوولەکەیە و لە قوتابخانەیەکی تایبەت پەروەردە کرابوو لە ناوچەی نۆرلاند لە ڕۆژئاوای لەندەن ئەویش قوتابخانەی لیندۆرێس بۆ خانمانی لاوی سەسێکس بوو ھەروەھا قوتابخانەی سەینت پاوڵی کچان لە لەندەن. دواتر دەستیکرد بە خوێندنی زانستی سروشتی لە زانکۆی نیوھام لە کامبریج و پاشان لە ساڵی ١٩٤١ لەو زانکۆیە خوێندنی تەواوکرد. لەدوای ئەوە دەستی بەکار کرد وەک توێژەر لە تاقیگەی فیزیای کیمیایی لە زانکۆی کامبریج لەژێر چاودێری ڕۆناڵد جۆرج ڕیفۆرد نۆریش. لە ساڵی ١٩٤٢ کۆمەڵەی بەریتانی بۆ توێژینەوەی بەکارھێنانی خەڵووز (BCURA) کورسییەکی خوێندنی دکتۆرایان بۆ فرانکلین دابین کرد و ئەویش دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەبارەی خەڵووز و ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆی کە بتوانێت بڕوانامەی دکتۆرا (Ph.D) لە ساڵی ١٩٤٥ بەدەستبھێنێت. پاشان لە ساڵی ١٩٤٧ ڕۆیشت بۆ پاریس وەک توێژەرێکی قۆناغی دوای دکتۆرا (پۆست دۆک) لەژێر چاودێری جاکویس مێرسینگ لە تاقیگەی سەرەکی چیمیکویس دێ ئیێتات (Chimiques de I’Etat) کە تێیدا فرانکلین بوو بە پسپۆڕ لە بواری زانستی پێکھاتە و سروشتی بلووری تیشکی-x (X-Ray). پاشان لە سالی ١٩٥١ فرانکلین بوو بە توێژەر لە کینگز کۆڵیج لەندەن و کاری لەسەر لادانی تیشکی-x دەکرد کە لە کۆتاییدا بوو بە کارئاسانی بۆ دۆزینەوەی پێکھاتەی لوولپێچی دووانی دی ئێن ئەی (DNA). لە ساڵی ١٩٥٣، واتە دوای دوو ساڵ، بەھۆی نەگونجانی خۆی و بەڕێوبەرەکەی جۆن ڕانداڵ و ھەروەھا لەگەڵ ھاوپیشەکەشی مۆریس وێڵکینس، ناچار بوو بڕوات بۆ کۆلیژی بیرک بێک. دوای ڕۆیشتنی بۆ کۆلێژی بیرک بێک، جۆن دیسمۆند بێرناڵ کە سەرۆکی بەشی فیزیا بوو لەو زانکۆیە ھەلی کارکردنی لە تیمێکی جیاوازی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕەخساند. ڕۆزەلیند فرانکلین لە ساڵی ١٩٥٨ لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا بەھۆی شێرپەنجەی ھێلکەدان کۆچی دوایی کرد.[٢][٣]

پەروەردە و سەرەتاکانی ژیان[دەستکاری]

فرانکلین لە دایکبووی ٢٥ی تەممووزی ساڵی ١٩٢٠ە کە لە ڤێلای چەسیتۆی ژمارە ٥٠ لە نۆتینگھیڵ، لەندەن، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ناسراوی جوولەکە لە دایک بووە. ئێڵسی ئۆثور فرانکلین (١٨٩٦–١٩٦٤)، باوکی فرانکلین بوو کە لە بانکی بازرگانی کاری دەکرد لە لەندەن و کەسێکی لیبراڵ بوو لەڕووی سیاسییەوە و (Working Men’s College) کاری دەکرد. ھەروەھا دایکیشی موریل فرانسیس واڵی (١٨٩٤–١٩٧٦) بوو. ڕۆزەلیند کچی گەورە و منداڵی دووەمی خێزانەکە بوو لە کۆی پێنج منداڵ. دەیڤد (لە دایکبووی ١٩١٩) برای ھەرە گەورە بوو، ڕۆناڵد (لە دایکبووی ١٩٢٦) و جێنیفەر (لە دایکبووی ١٩٢٩) کە بچووکترین خوشکیان بوو. خاڵی باوکی، ھێربێرت ساموێل بوو کە دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ (ڤیسکاونت ساموێل) کە لە ساڵی ١٩١٦ وەزیری ناوخۆ بوو و یەکەمین جوولەکەی دیندار بوو کە لە کابینەی حکومەتی بەریتانیادا پۆستی وەرگرت. ھەروەھا پووری فرانکلین، ھێلین کارۆلین فرانکلینە کە لەناو خێزانەکەدا بە مامی ناسراوە، ھاوسەرگیری لەگەل نۆرمەن دێ ماتۆس بێنوسیچ کرد کە داواکاری گشتیی بوو لە فەڵەستین کە سەر بە بەریتانیا بوو لەو کاتەدا. ھێلین کارۆلین فرانکلین چالاکوان بوو لە ڕێکخراوی یەکێتی بازرگانی و جووڵانەوەی مافی دەنگدانی ژن و دواتر بوو بە ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن. ھەروەھا مامی فرانکلین، ھوگ فرانکلین کە یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی جووڵانەوەی مافی دەنگدان ھەرچەندە لەو بارەیەوە کارەکانی بووە مایەی شەرمەزاری خێزانی فرانکلین. ناوی دووەمی ڕۆزەلیند (ئێڵسی) ناوی خێزانی یەکەمی ھوگە کە لە سالی ١٩١٨ بەھۆی ڤایرۆسی ئیسپانییەوە کۆچی دوایی کرد. خێزانی فرانکلین بەشێوەیەکی چالاک بەشداربوون لە کۆلێژی وێرگینگ مێرنس کە لەوێدا باوکی وانەی دەربارەی بابەتی کارەبایی و موگناتیسی مێژووی جەنگی گەورە لە ئێواراندا دەگوتەوە، پاشانیش بوو بە جێگری سەرۆکی ئەو زانکۆیە.[٤][٥]

دایک و باوکی فرانکلین یارمەتی ئەو پەنابەرە جوولەکانەیان دەدا کە لە دەستی نازییەکان لە ئەورووپا ڕایانکردبوو بۆ ئەوەی لە بەریتانیا جێگرببن و بە تایبەت ئەو جوولەکانەی لە ڕێگەی پرۆگرامی ڕزگارکردنی کیندەرتراسپۆرتەوە دەھاتن.[٦]

کامبریج و جەنگی جیھانی دووەم (II)[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٨، فرانکلین دەستی کرد بە خوێندن لە نیونھام کۆلێژ لە کامبریج. لەو زانکۆیە دەستیکرد بە خوێندنی کیمیا لەگەڵ زانستە سروشتییەکان. ھەر لەو زانکۆیە، فرانکلین چاوی کەوت بە بیڵ پرایز کە وەک کارمەندی تاقیگە پێکەوە لەوێ کاریان کرد و دواتر بوو بە یەکێک لە ھاوپیشە بەتواناکانی لە کینگز کۆلێژ لەندەن. پاشان لە ساڵی ١٩٤١، فرانکلین بەھۆی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی، خەڵاتی ڕێزلێنانی پلەی دووھەمی پێبەخشرا. ھەروەھا لە کۆتا ساڵی لە زانکۆی کامبریج، چاوی بە پەنابەرێکی فەڕەنسی کەوت بە ناوی ئەندرین وێیل کە قوتابی پێشووی ماری کوری بوو. ئەندرین کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیان و پیشەی فرانکلین ھەبوو، ھەروەژا یارمەتیدا بۆ ئەوەی بتوانێت بە فەرەنسی قسە بکات.[٧][٨]

پیشە و توێژینەوە[دەستکاری]

فرانکلین لەماوەی ژیانیدا لە پاریس و لەندەن کاری کردووە.

پاریس[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ کۆتایھاتنی جەنگی جیھانی دووەم، فرانکلین داوای یارمەتی لە ئەندرین وێیل کرد دەربارەی ھەلی کار بۆ کەسێک کە کیمیاگەری فیزیایی بێت بەڵام کەم لە بواری کیمیای فیزیایی بزانێ بەڵام زۆر شارەزا بێت لە کونە خەڵوزییەکان. ئەوە بوو کە لە یایزی ساڵی ١٩٤٦، لەمیانەی کۆنفرانسێکدا وێیڵ فرانکلینی بە مارسێڵ ماثیوی بەڕێوبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی فەڕەنسا(CNRS) ناساند، کە ئەم سەنتەرە بریتی بوو لە تۆڕێکی تاقیگەی زانستی کە لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە پاڵپشتی دەکرا. ئەمەش بووە ھۆی دامەزراندنی فرانکلین بۆ کارکردن لەگەڵ جاکوس مێرینگ لە تاقیگەی ناوەندیی ئیتات بۆ خزمەتگوزاریی کیمیایی لە پاریس.[٩]

کۆلێژی کینگز لەندەن[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٠، فرانکلین کارێکی بەدەست ھێنا لەلایەن تۆرنەچی و نیواڵ (Turner & Newall) تاوەکو بۆ ماوەی سێ ساڵ کار بکات لە کینگز کۆلێژ لەندەن. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥١، دەستی بە کارکردن کرد وەک توێژەرێک لە یەکەی بایۆفیزیکسی ئەنجومەنی توێژینەوەی پزیشکی (MRC) کە لەلایەن جۆن ڕانداڵ بەڕێوە دەبرا. لە بنەڕەتدا فرانکلین دامەزرابوو بۆ ئەوەی کار لەسەر گۆڕانکاری تیشکی-xی پڕۆتین و چەوری بکات، بەڵام ڕانداڵ داوای لێکرد بۆ ئەوەی کار لەسەر ڕیشاڵەکانی(DNA) ترشی دی ئۆکسیدی ڕیبۆنوکلیک بکات، ئەمەش بەھۆی بەرەوپێشچوونە تازەکان لەم بوارەدا و ئەویش تەنھا توێژەر بوو لە کینگز کۆلێژ لەندەن کە شارەزایی و ئەزموونی لە پرۆسەی گۆڕانکاری تیشکەکان پەیدا کرد.[١٠]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Greenwood, Veronique. "First Posthumous Nobel Awarded". Discover Magazine. Discover Magazine. Retrieved 20 October 2018.
  2. ^ "The Discovery of the Molecular Structure of DNA – The Double Helix". Official Website of the Nobel Prizes. Retrieved 4 February 2014.
  3. ^ "Nobel Prize Facts". Official Website of the Nobel Prizes. Retrieved 24 January 2016.
  4. ^ Maddox, p. 20.
  5. ^ Sayre, p. 35.
  6. ^ Glynn, p. 30.
  7. ^ Polcovar, p. 31.
  8. ^ Williams, p. 279
  9. ^ Chemistry and Physics of Carbon, vol 1–, 1968–, Elsevier, New York.
  10. ^ G. Terriere, A. Oberlin, J. Mering, Oxidation of graphite in liquid medium – observations by means of microscopy and electron diffraction, Carbon, 5, 431--, 1967.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]