پەیمانی کۆمەڵایەتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەرگی ڕەسەنی کتێبی لیڤیتان (١٦٥١) کە لە نووسینی تۆماس ھۆبزە، کتێبەکە باس لە بنچینەکانی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی دەکات.

پەیمانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە گرنگترین ئەو تیۆرییە فەلسەفییانەی کە لێکدانەوەی بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگە و بنیاتنانی دەوڵەت و ژیانی مرۆڤایەتی کردووە، بەو مانایەی کە دەوڵەت و کۆمەڵگە بەرەنجامی پەیمانی کۆمەڵایەتین.[١][٢] ئەم تیۆرە لە سەردەمی ڕووناکبیری پەرەی سەند. بنەمای ئەم تیۆرە لەسەر ئەوەیە کە مرۆڤ پێش دروستکردنی دەوڵەت و ڕێکخراوی سیاسی ژیانی ئاسای ھەبووە و ھیچ سیستمێکی سیاسیی نەبوو و یاسای و دەستوورێک نەبوو کە ژیان ڕێک بخات بەڵکو یاسای سروشتی و کردار و ڕەفتارەکانی مرۆڤ ھەبوو، کە ھەر کەس ژیانی تایبەتی خۆی.

ئەم تیۆرە لە لایەن کەسانێکی جیاواز گەنگەشە و ھەلێنجراوی بۆکراوە لەوانە ھوگۆ گرۆتیوس (١٦٢٥)، تۆماس ھۆبز (١٦٥١)، ساموێل ڤەن پوفەندرۆف (١٦٧٣)، جۆن لۆک (١٦٨٩)، ژان ژاک ڕوسۆ (١٧٦٢)، ئیمانوێل کانت (١٧٩٧)، پێیان دەوتریت ھاوەڵانی پەیمانی کۆمەڵایەتی و ھەریەکێکیان بە جۆرێکی جیاواز باسی تیۆرەکەی کردووە.

ڕوانگەی فەیلەسووفەکان[دەستکاری]

تۆماس ھۆبز[دەستکاری]

ھۆبز پێی وایە کە مرۆڤ لە حاڵەتی سروشتی، لە حاڵەتێکی نائەخلاقییەوە نزیکەوە، بەرژەوەندیی تایبەتی تێیدا زاڵە و ڕێسا و یاساکان ھیچ بەھایەکیان نییە؛ بۆیە لێرەدایە کە شەڕی ھەمووان دژی ھەمووان سەر ھەڵدەدات و، مانەوە بۆ «بەھێز» دەبێت. پاش ئەمە، مرۆڤەکان بیریان لەوە کردەوە کە دەبێت لەم قۆناغە دەربازیان بێت بۆ حاڵەتێکی باشتر. بۆیە، بیریان لەوە کردەوە کە پەیمانێکی گشتی ببەستن کە ھەمووان تێیدا بەشدار بن و دەسەڵاتێک بەرھەم بھێنرێت کە دەسەڵاتێکی باڵا بێت، بەرژەوەندیی گشتی بپارێزیت و توانای داڕشتنی یاسا و سزادانی تاوانباران و ڕێکخستنی ژیانی گشتیی خەڵکی ھەبێت.

تۆماس ھۆبز لە کەشێکی ترس و توقاندن لە دایک بوو لە ترسی ھاتنی ئارمەدای ئیسپانی. خۆی دەڵێت دایکم دوانەی بوو من و ترس. بەتایبەت شەڕی ناوخۆی ئینگلیز لە دەیەکانی ١٦٤٠ و تەنھا پاشایەکی بەھێز دەیتوانی ڕزگاری بکات. لەم سۆنگەوە وێڵی بەرھەمێک بوو تا ببێتە ڕزگارکەری وڵات و دوو بەرھەمی گرنگ بەناوی (لەبارەی ھاوڵاتیبوون) و (ڕەخنەی تۆماس وایت) ھەیە. بەڵام ئەوەی فکرەی ھۆبز بێت لە بەرھەمی (لیڤیتان-١٦٥١) خۆی دەنوێنێت. لە درێژەی پەیدابوونی دەوڵەت دەڵێ «ھەر کەسێک لە فیترەتا لە ھەموو شتەکان بەشدارە و لە مافدا یەکسانن.» و «لە بنەڕەتا ئەم یەکسانییە سەرچاوەی ناڕەحەتییەکانە» چونکە خەڵک سنوور بۆ ئارەزووەکانی دانانێت.

جۆن لۆک[دەستکاری]

بۆچوونی جون لۆک دەربارەی حاڵەتی سروشتی و ئاساییی مرۆڤ، جیاوازە لە ڕای تۆماس ھۆبز. لە ڕوانگەی لۆک، حاڵەتی سروشتی، یاسا بەڕێوەی دەبات نەک بەو شێوەیە بێت کە ھۆبز وای دەبینێت. لۆک پێی وایە کە مرۆڤەکان لە حاڵەتی سروشتی، پەیوەندییەکی یەکسان لە نێوانیاندا ھەیە. بەڵام لە ڕوانگەی جون لۆکەوە، مرۆڤ ھەمیشە بە دوای ئازادیی ڕەھا دەگەڕێت. ئەم ئازادییە ڕەھایھیش وا دەکات کە مرۆڤەکان نەتوانن بەگوێرەی پێویست پێکەوە بژین. بۆیە ھەوڵی بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتییان دا، بۆ ئەوەی ئازادیی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا ڕێک بخات. بەم پێیە، ئەمە ئەوەی بەسەر دەسەڵاتداردا سەپاند کە ئازادییەکان ڕێک بخات و بەرژەوەندیی گشتی بپارێزێت. لە حاڵەتی ھەبوونی کەموکوڕیی دەسەڵات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی، خەڵک بۆیان ھەیە شۆڕش بکەنە سەر چینی فەرمانڕەوا و، گۆڕانکاری لە دەسەڵات بکەن.[٣]

ژان ژاک ڕوسۆ[دەستکاری]

کتێبەکەی ڕۆسۆ گرێ بەستی کۆمەڵایەتی یان پەیمانی کۆمەڵایەتی (The Social Contract) کە لە ساڵی ١٧٦٢ دا دەری کرد، دادەنرێت بە پوختەی بیروڕا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی و بە ناڕەزایییەکی توند دژی حوکمی زۆردارانە دەست پێ دەکات و دەڵێ «مرۆڤ بەسەربەستی لەدایک دەبێت، بەڵام لە ھەموو شوێنێکدا بە کۆت و زنجیر بەستراوەتەوە». و تێیدا داوای گەڕانەوە بۆ سرووشت دەکات بۆ ڕزگار بوون لە کۆت و زنجیری (شارستانێتی). حکوومەت بەپێی ڕای ئەو لە دامەزراندنا قەرزاری پەیمان و گرێ بەستێکی کۆمەڵایەتییە، کە پاراستنی خەڵک مسۆگەر بکات بەرامبەر بەمەش خەڵک واز لە ھەندێک مافی خۆیان بھێنن بۆ حکوومەت. بەم جۆرە حکوومەتی ڕاست ئەویە لەسەر ئاوات و حەزی خەڵک دامەزرابێت، و گەل بۆی ھەیە لە حکوومەتەکەی ڕاپەرێت ھەر کاتێک کە زانی لە مەرجەکانی گرێ بەستەکە پەشیمان بووەتەوە یان لایداوە.

لەگەڵ ئەوەی ڕۆسۆ یەکەم کەس نەبووە بیردۆزی گرێ بەستی کۆمەڵایەتی باس کردبێت، بەڵام یەکەم کەس بووە مافی شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی حکوومەت داوە، بیروڕاکانی دەنگدانەوەی لە دەروونی ھاوچەرخەکانیدا ھەبووە و کاری کردووەتە سەر نەوەی داھاتووش.

ڕۆسۆ پێی وایە حاڵەتی ڕەسەن و سروشتی لە مرۆڤدا، بریتییە لە حاڵەتی ئاشتی و میانەڕەوی کە پشت بە بەھا ئەخلاقییەکان دەبەستێت. ھەروەھا وای بۆ دەچێ کە گەشەسەندنی بوارەکانی میکانیکی و ئابووری، بووە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگە ھەوڵی دەربازبوون لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر بدات. گەشەسەندنی میکانیکی و ئابووریی کۆمەڵگە، بووە ھۆی دروستبوونی جیاوازی لە کۆمەڵگە و پەیدابوونی خاوەندارێتیی تایبەتی و دواجار ئەمەیش بووە ھۆکارێک بۆ پەیدابوونی چەند سیفاتێکی نێگەتیڤ لە ناخی مرۆڤدا، ئەم خاوەندارێتییەیش بووە ھۆی دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو چین چینی خاوەندارەکان و چینی کرێکاران. ئەمەیش بووە ھۆی ھەنگاوێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و دەسەڵات، کە لە ڕوانگەی کرێکارانەوە ئامانج لێی بریتییە لە بەرجەستەکردنی عەداڵەت و یەکسانی و لە ڕوانگەی خانەدانەکانیش ئامانج لێی بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندی و موڵک و ماڵ و سامانیان. ئەمەیش دەبوایە لە چوارچێوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا ڕێک بخرێت، کە بەرژەوەندیی گشتی بپارێزێت.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ڕاپۆرتێک لەسەر (پەیمانی کۆمەڵایەتی)، زانکۆی ھەڵەبجە، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، ئامادەکردنی مەسعود حەمەمراد مەجید، حوزەیرانی ٢٠٢٠.
  2. ^ "For the name social contract (or original contract) often covers two different kinds of contract, and, in tracing the evolution of the theory, it is well to distinguish them. Both were current in the 17th century and both can be discovered in Greek political thought. (...) [The first] generally involved some theory of the origin of the state. The second form of social contract may be more accurately called the contract of government, or the contract of submission... Generally, it has nothing to do with the origins of society, but, presupposing a society already formed, it purports to define the terms on which that society is to be governed: the people have made a contract with their ruler which determines their relations with him. They promise him obedience, while he promises his protection and good government. While he keeps his part of the bargain, they must keep theirs, but if he misgoverns the contract is broken and allegiance is at an end." J. W. Gough, The Social Contract (Oxford: Clarendon Press, 1936), pp. 2–3. Modern revivals of social contract theories have not been as concerned with the origin of the state.
  3. ^ Gaba, Jeffery (Spring 2007). "John Locke and the Meaning of the Takings Clause". Missouri Law Review. 72 (2).
  4. ^ جان جاک ڕۆسۆ. پەیمانی کۆمەڵایەتی. وەرگێڕانی محمد صابر. بڵاوکار خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما. چاپی یەکەم، ٢٠٠٥.