پێکدادانی شارستانیەتەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

پێکدادانی شارستانیەتەکان تێزێکە کە دەڵێت ناسنامە کلتوریی وئاینیەکانی مرۆڤەکان دەبنە سەرچاوەی سەرەکی ململانێ لە جیهانی دوای جەنگی سارد.[١][٢][٣][٤][٥]زانای سیاسی ئەمریکی ساموێل هینتینگتۆن جەخت دەکات کە وا جەنگەکانی داهاتوو لە نێوان وڵاتان نابێت، بەڵکو لەنێوان کلتورەکان دەبێت.[١][٦] تێزەکە لە ساڵی ١٩٩٢ دانراوە لە وانەیەک لە دامەزراوەی پرۆژەی ئەمریکی (بە ئینگلیزی American Enterprise Institution) ، کە دواتر پەرەی پێدراوە لە وتارێکی ساڵی ١٩٩٣ی فۆرەن ئەفێرز بە ناونیشانی <<پێکدادانی شارستانیەت؟>>[٧]، وەک وەڵامێک بۆ کتێبیێکی ساڵی ١٩٩٢ی خوێندکاری پێشووی فرانسیس فوکویاما، کۆتایی مێژوو وکۆتا مرۆڤ. هنتینگتۆن دواتر تێزەکەی فراوانتر کرد لە کتێبێکی ساڵی ١٩٩٦ بە ناوی پێکدادانی شارستانیەتەکان ودووبارە بنیاتنانەوەی سیستمی جیهان.[٨]

چەمکەکە خۆی پێشتر بەکارهێنراوە لە لایەن ئەلبێر کامۆ لە ساڵی ١٩٤٦[٩]، وگیریال ژاین لە شیکردنەکەی دەربارەی ناکۆکی ئایۆدیا لە ١٩٨٨[١٠]، ولە لایەن برنارد لویس لە وتارێک لە ژمارەی ئەیلول (سێپتەمبەر)ی ١٩٩٠ی گۆڤاری مانگانەی ئەتلانتیک بە ناونیشان <<ڕەگەکانی توڕەیی موسڵمانان>>[١١] ولەلایەن مەهدی ئەلمەندجرە لە کتێبەکەی بە ناوی "La première guerre civilisationnelle" کە لە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوکرایەوە.[١٢][١٣] تەنانەت زووتریش، چەمکەکە دەردەکەوێت لە کتێبێکی سالی ١٩٢٦ لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لایەن باسیل ماتیوز: Young Islam on Trek: A Study in the Clash of Civilizations. ئەم دەربڕینە لە <<پێکدادانی کلتورەکان>> وەرگیراوە، کە بەکارهێنراوە لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵی وسەردەمە جوانەکە (بە فەڕەنسی Belle Époque).[١٤]

هەنتیگتۆن دەستیکرد بە بیرکردنەوە بە گەڕان لەناو بیردۆزە  جیاوازەکان لە بارەی سروشتی سیاسەتی جیهانی  لە ماوەی دوای جەنگی سارد. هەندێک لە بیردۆز دانەر ونوسەران دەیانگوت کە مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی لیبڕاڵی، وئابوریەکەی خاوەن بازاڕی ئازادی سەرمایەدار بوەتە تاکە بەدیلی هێشتراوی ئایدۆلۆژی بۆ وڵاتان لە جیهانی دوای جەنگی سارد. بەدیاریکراوی، فراسیس فوکویاما دەیگوت کە جیهان گەیشتوەتە 'کۆتایی مێژوو' بە شێوەیەکی ‌هیگڵی.

هەنتینگتۆن باوەڕی وابوو لە کاتێکدا کە سەردەمی ئایدۆلۆژیا کۆتایی هاتوە، جیهان تەنها گەڕاوەتەوە کاتێکی ئاسایی کە وا تایبەتمەندە بە پێکدادانی کلتورەکان. لە تێزەکەیدا، پێی وایە کە هێڵی سەرەکی ململانێ لە داهاتوودا بە درێژایی هێڵە کلتوریەکان دەبێت.[١٥] وەک درێژکردنەوەیەک، ئەو وای داناوە کە بنەمای شارستانیەتە جیاوازەکان، وەک بەرزترین جۆری ناسنامەی کلتوری، سودێکی زۆری دەبێت لە شیکردنەوەی پێشبینی ململانێ. لە کۆتایی وتارەی ١٩٩٣ی فۆڕەن ئەفێرز، <<پێکدادانی شارستانیەتەکان؟>>، هەنتینگتۆن دەنوسێت، "ئەمە (واتە ئەم وتارە) بۆهاندان نیە بۆ ئارەزوکردن لە ململانێی نێوان شارستانیەتەکان. (ئەم وتارە) بۆ ناساندنی بیردۆزێکی ورد لەبارەی ئەوەی کە ئایا جیهان لەوانەیە چۆن دەبێت."

هەروەها، پێکدادانی شارستانیەتەکان، بەگوێرەی هەنتینگتۆن، پێشکەوتنی مێژوو نیشان دەدات. لە ڕابردوودا، مێژووی جیهان بەشێوەیەکی سەرەکی لەبارەی ململانێی نێوان پادشا ووڵات وئایدۆلۆژیاکان بووە، وەک ئەوەی کە لە ناو شارستانیەتی خۆرئاوا بینراوە. بەڵام، سیاسەتەکانی جیهان چۆتە قۆناغێکی نوێوە، کە تیایدا شارستانیەتە ناخۆرئاواییەکان تەنها وەرگری قۆستراوی شارستانیەتی خۆرئاوا نین بەڵکو بوونەتە ئەکتەری گرنگی تر کە لەگەڵ خۆرئاوادا بۆ دانانی شێوە وجوڵاندنی مێژوو.[١٦]

شارستانیەتە سەرەکیەکان بە گوێرەی هەنتینگتۆن[دەستکاری]

شارستانیەتەکان بە گوێرەی هەنتینگتۆن.[١٧]

هەنتینگتۆن لە تێزەکەیدا جیهانی دابەش کرد بۆ <<شارستانیەتە سەرەکیەکان>> بەم شێوەیە:[١٨][٢]

  • شارستانیەتی خۆرئاوا، پێکهاتوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکان وکەنەدا، ئەوروپای خۆرئاوا وناوەند، ئوسترالیا، ئۆشینیا وزۆرینەی فلیپین. ئاخۆ ئەمریکای لاتین ودەوڵەتانی پێشوی یەکێتی سۆڤیەت بەشێکن لە خۆرئاوا، یاخود  شارستانیەتێکی جودای خۆیانن، دەبێتە بابەتێکی گرنک بۆ ئەو ناوچانە، بە گوێرەی هەنتینگتۆن. ڕوانگەی گشتی خۆرئاوایی شارستانیەتی خۆرئاوا دەناسێنی بە وڵاتان وکلتوری مەسیحیەتی خۆرئاوایی (کاتۆلیک_پرۆتستانت).
  • شارستانیەتی ئەمریکای لاتین، لە ناویاندا ئەمریکای باشور (جگە لە گیویانا، سورینام، وگینیای فەڕەنسی)، ئەمریکای ناوەڕاست، مەکسیک، کوبا، وکۆماری دۆمینیکان لەوانەیە بە بەشێک لە شارستانیەتی خۆرئاوا دابنرێن. زۆر کەس لە ئەمریکای باشور ومەکسیک خۆیان بە ئەندامێکی تەواو لە شارستانیەتی خۆرئاوا دادەنێن.
  • شارستانیەتی ئۆرتۆدۆکسی، پێکدێت لە بولگاریا، قوبرس، جۆرجیا، یۆنان، ڕۆمانیا، بەشێکی گەورەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ویوگۆسلاڤیا.
    • وڵاتان (کە پێشتر بەشێک بون لە یەکێتی سۆڤیەت) کە زۆرینەیەکی ئۆرتۆدۆکسیان نیە بەشێوەیەکی گشتی دەرهێنراون بۆ نمونە ئازەربایجان وئەلبانیا وزۆرینەی ئاسیای ناوەڕاست کە موسڵمانن، لەگەڵ ناوچە زۆرینە موسڵمانەکان لە بالکان، قەوقاز، وناوچەکانی ناوەڕاستی ڕوسیا وەک تەتارستان وباشکۆرتۆستان، سلۆڤینیا وکرواتیا کە کاتۆلیکی رۆمانین، دەوڵەتانی بالتیک کە پرۆتستانت وکاتۆلیکن. بەڵام، ئەرمینیای تێدادانراوە، هەرچەندە باوەڕی زاڵ تیایدا، کەنیسەی خۆرهەڵاتیی ئەرمەنیە، کە بەشێکە لە ئۆرتۆدۆکسی خۆرهەڵاتی نەک کەنیسەی ئۆتۆدۆکسی خۆرهەڵاتی، هەروەها کازاخستانیشی تێدایە، سەرەڕای ئەوەی کە باوەڕی زاڵ تێیدا ئیسلامی سونییە.
  • جیهانی خۆرهەڵات تێکەڵەیەکە لە شارستانیەتە بوزی، چینی، هیندۆسی وژاپۆنی.
    • ناوچە بوزیەکانی بۆتان، کەمبۆدیا، لاوس، مەنگۆلیا، میانمار، سری لانکا وتایلەند، بە جیاکراوە لە شاستانیەتەکانی دیکە دانراون،     بەڵام هەنتینگتۆن بڕوای وایە کە ئەوان شارستانیەتێکی سەرەکی پێکناهێنن لە ڕوانگەی پەیوەندی نێودەوڵەتی.
    • شارستانیەتی چینی وڵاتی چین، هەردوو کۆریاکە، سنگافورە، تایوان وڤێتنام. هەروەها ئەم کۆمەڵەیە ڕەوەندی چینیی تێدایە،      بەتایبەتی لە پەیوەندی بە باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا.
    • شارستانیەتی هیندۆسیی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە هند، بۆتان ونیپاڵ، وبەکلتور هەڵگیراوە لە لایەن ڕەوەندی هیندۆسی جیهان.
    • ژاپۆن، بە تێکەڵەیەک لە شارستانیەتی چینی ونەریتە کۆنەکانی ئەڵتایی دادەنرێت.
  • جیهانی ئیسلامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە (بێجگە لە ئەرمینیا، قوبرس، ئەسیوبیا، جۆرجیا، ئیسرائیل، ماڵتا وباشوری سۆدان)، باکوری خۆرئاوای ئەفریقیا، ئەلبانیا، پاکستان، بەنگلادیش، چەند بەشێکی بۆسنە وهرسک، برونێی، دورگەکانی قەمەر، ئیندۆنیسیا، مالیزیا، ماڵدیڤ وباشوری فلیپین.
  • شارستانیەتی نیمچە بیابانی ئەفریقیا دەکەوێتە باشوری کیشوەری ئەفریقیا، ئەفریقیای ناوەڕاست (جگە لە چاد)، خۆرهەڵاتی ئەفریقیا (بێجگە لە ئەسیوبیا، دورگەکانی قەمەر،ماوریتیوس، کەناری سواحیلیی کینیا وتەنزانیا) ،Cape Verde، گانا، کۆتدیڤوار، لیبێریا، وسیەرالیۆن. بە شارستانیەتێکی موحتەمەلی هەشتەم دادەنرێت لە لایەن هەنتینگتۆن.
  • لە باتی ئەوەی بەشێک بن لە شارستانیەتە <<سەرەکیەکان>>، ئەسیوبیا وهایتی بە وڵاتی "تەنها" دانراون. ئیسرائیل دەکرێت بە دەوڵەتێکی جیاوازی خاوەن شارستانیەتی خۆی هەژماربکرێت، هەنتینگتۆن دەنوسێت، بەڵام دانەیەک کە وا زۆر هاوشێوەیە لەگەڵ خۆرئاوا. هەروەها هەنتینگتۆن بڕوای وایە کە کاریبی ئەنگلۆفۆنی، کۆلۆنیەکانی پێشووی بەریتانیا لە کاریبی، شتێکی جیاواز پێکدەهێنێنن.
  • هەروەها هەندێکی تر هەن کە بە <<دەوڵەتە کەرتبوەکان>> دادەنرێن چونکە کۆمەڵی گەورەی خەڵکیان تێدایە کە سەر بە شارستانیەتی جیاوازن. نمونە دانراوەکان بریتین لە  ئۆکرانیا (کەرتبوە بۆ بەشی خۆرئاوا کە تیایدا کاتۆلیکی خۆرهەڵاتیی زاڵە وبەشی خۆرهەڵات کە تیایدا تۆرتۆدۆکسی زاڵە)، گینیای فەڕەنسی (کەرتبوە نێوان شارستانیەتی ئەمریکانی لاتین وخۆرئاوا)، بێنین، چاد، کینیا، نێجیریا، تەنزانیا وتۆگۆ (هەمویان لەتبون لە نێوان ئیسلام ونیمچە بیابانی ئەفریقیا)، سری لانکا ( کەرتبوە لە نێوان هیندۆسی وبوزی) وفلیپین ( کەرتبوە لە نێوان، ئیسلام لە حاڵەتی مینداناو؛ چینیی لە حاڵەتی کۆردیلێرا؛ وخۆرئاوا). سۆدانیش دانرابوو وەک کەرتبویەک لە نێوان ئیسلام ونیمچە بیابانی ئەفریقیا؛ ئەم دابەشبونە بوو بە جیابونەوەیەکی فەرمی لە تەموزی ٢٠٠٧ لە پاش دەنگێکی زۆر بۆ سەربەخۆیی لە لایەن باشوری سۆدان لە گشتپرسی کانونی دوەمی ٢٠١١.

تێزی پێکدادانی شارستانیەکانی هەنتینگتۆن[دەستکاری]

هەنتینگتۆن لە کۆڕبەندی ئابوری جیهان لە ساڵی ٢٠٠٤

هەنتینگتۆن جەخت دەکات کە وا ئاڕاستەی ململانێ جیهانیەکان لە دوای کۆتایی شەڕی سارد بە شێوەیەکی زیاتر وزیاتر ئەم دابەشبونە شارستانیانە دەخەنە ڕوو. جەنگەکانی وەک ئەو جەنگانەی دوای ڕووخانی یوگۆسلاڤیا، لە چیچان، ولە نێوان هیند وپاکستان بە بەڵگە دانراون بۆ ململانێی نێوشارستانی (بە ئینگلیزی inter-civilizational conflict). هەروەها ئەو ڕای وایە کە بیروباوەڕی بڵاو لە خۆرئاوا کە بەها وسیستەمە سیاسیەکانی خۆرئاوا بە جیهانی دادەنێت شتێکی ساویلکەیە وجەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر بەدیموکراسی کردن و بەها "جیهانیەکان" تەنها وا دەکات کە شارستانیەتەکانی دیکە زیاتر دوژمنایەتی (خۆرئاوا) بکەن. هەنتینگتۆن وا دەبینێت کە خۆرئاوا کەلە ڕەقە بۆ داننان بەمەدا چونکە ئەو (خۆرئاوا) سیستمە جیهانیەکە دروستکردوە ویاساکانی داناوە وشێوەی ماددەیی داوەتێ  کە  بریتیە لە  نەتەوە یەکگرتوەکان.

هەنتینگتۆن باس لە گۆڕانی گەورە لە دەسەڵاتی ئابوری وسەربازیی وسیاسی  لە خۆرئاواوە بۆ شارستانیەتەکانی دیکەی جیهان، کە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو بە دوو <<شارستەنیەتە كێبڕکێکەرەکە>> ناوی دەبات،  چینیی وئیسلام.

لە ڕوانگەی هەنتینگتۆنەوە، شارستانیەتی چینیی خۆرهەڵاتی ئاسیا بە شێوەیەکی کلتوریی جەخت لەسەر خۆیی وبەهاکانی لە پاڵ خۆرئاواوە دەکات بەهۆی گەشەکردنی خێرای ئابوریەکەی. بە دیاریکراوی، ئەو پێی وایە کە ئامانجەکانی چین بریتیە لە دوبارە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە ‌هێزێکی زاڵی ناوچەییە، وئەو وڵاتانەی دیکەی ناوچەکە دەبن بە 'تێکەوتو' لەگەڵ چیندا بەهۆی مێژووی پێکهاتەی پەیکەری حوکمڕانی کە شاراوەیە لە شارستانیەتی کۆنفۆشیۆسی چینیی، کە پێچەوانەی تاکگەرایی وفرەپێکهاتەیی کە گرنگن لە خۆرئاوا. دەسەڵاتە هەرێمیەکان وەک دوو کۆریاکە وڤێتنام ملکەچی چین دەبن وزیاتر پشتگیریکەری چین دەبن وەک لەوەی هەوڵبدەن کە نەیاریی بکەن. لەبەرئەمە هەنتینگتۆن باوەڕی وایە کە سەرکەوتنی چین دەبێتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکان وگەورەترین هەڕەشەی دوورمەودا بۆ سەر خۆرئاوا، بەهۆی ئەوەی کە زاڵبونی کلتوری چینیی پێکدادا دەدات لەگەڵ ویستی ئەمریکا کە برتییە لە نەبونی هێزێکی زاڵی ناوچەیی لە خۆرهەڵاتی ئاسیا.

هەنتینگتۆن ڕای وایە کە شارستانیەتی ئیسلامیی تەقینەوەیەکی گەورەی دانیشتوانی بینیوە کە بوەتە هۆی زیادکردنی ناسەقامگیریی لە هەریەک لە سنورەکانی ئیسلام وناوەوەی ئەم سنورانە، کە تیایدا جوڵانەوە بناژۆخوازەکان زیاتر وزیاتر جەماوەریان زیاد دەکات. مانیفێستۆی ئەوەی ئەو ناوی ناوە "بوژانەوەی ئیسلامیی" کە لە ناویدا شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران وجەنگی یەکەمی کەنداوی تێدایە. ڕەنگە مشتومڕترین ڕستە کە هەنتینگتۆن لە وتارەکەی فۆڕەن ئەفێرز نوسیبووی بریتیە لە "ئیسلام سنورەکانی خوێناوییە". هەنتینگتۆن بڕوای وایە ئەمە ئەنجامی ڕاستەقینەی چەند هۆکارێکە، لە ناویاندا هێزی گەنجی موسڵمانان وگەشەی دانیشتوان ونزیکیبوونی ئیسلام لە زۆر شارستانیەت لە ناویاندا چینیی، ئۆرتۆدۆکسی، خۆرئاوایی وئەفریقیی.

هەنتینگتۆن شارستانیەتی ئیسلامیی وەک هاوپەیمانێکی پێشبینیکراوی چین دەبینێت، هەردوکیان خاوەن ئامانجی دوبارە وململانێی هاوبەشن لەگەڵ شارستانیەتەکانی تردا، بە تایبەتی لەگەڵ خۆرئاوا. بەدیاریکراوی، ئەو باس لە بەرژەوەندی هاوبەش دەکات لە بەشەکانی بڵاوبونەوەی چەک، مافەکانی مرۆڤ ودیمۆکراسی کە دژی ئەوانەی خۆرئاوایە، وهەست دەکات ئەمانە ئەو بەشانەن کە وا دوو شارستانیەتەکە هاوئاهەنگ دەبن تیایدا.

روسیا، یابان وهیند هەنتینگتۆن ناوی ناون 'شارستانیەتی جۆلانە' کە دەکرێت هەر لایەک پەسەند بکەن. ڕوسیا بە نمونە، شەڕ دەکات لەگەڵ زۆر گەلی موسڵمان لە سنوری باشوری خۆی (وەک چیچان) بەڵام -بەقسەی هەنتیگتۆن- لەگەڵ ئێراندا هاوئاهەنگی دەکات بۆ خۆبەدوورگرتن لە توندوتیژی زیاتر لە نێوان موسڵمان وئۆرتۆدۆکسەکان لە باشوری ڕوسیا، ویارمەتی دان بۆ ڕۆیشتنی نەوت. هەنتینگتۆن جەخت لەوە دەکات کە "پەیوەندی چینی ئیسلامیی" گەشە دەکات وتیایدا چین زیاتر لەنزیکەوە هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ ئێران، پاکستان ووڵاتە ئیسلامیەکانی تر بۆ پتەوکردنی شوێنە نێودەوڵەتیەکەی.

هەروەها هەنتینگتۆن وا دەبینێت کە ململانێی شارستانیەتەکان "ئاشکران لە نێوان موسڵمان وناموسڵمانان"، بە باس کردن لە <سنورە خوێناویەکانی> نێوان شارستانیەتی ئیسلامیی و شارستانیەتە نائیسلامیەکان. ئەم ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ چونەوەناوەوەی سەرەتایی ئیسلام بۆ ناو ئەوروپا، دەرکردنی لە کۆتاییدا لە ریکانکوێستا، هێرشەکانی تورکە عوسمانیەکان بۆ سەر خۆرهەڵاتی ئەوروپا وڤیەننا، ودابەشکردنی  جیهانی ئیسلامی لە لایەن ئەوروپای ئیمپریالی لە ١٨٠٠ و١٩٠٠کان.

هەروەها هەنتیگتۆن بڕوای وایە کە هەندێک هۆکار هەن کە ئەم ململانێیە زیاتر دەکەن ئەوەیە کە هەر یەک لە مەسیحیەت (کە شارستانیەتی خۆرئاوایی لەسەری بنیات نراوە) وئیسلام:

  • ئاینی موژدەدرن، دەیانەوێت باوەڕی خەڵکانی دیکە بگۆڕن.
  •  جیهانێتی، ئاینی "هیچ یا هەموو"، بەو شێوەیەی کە وا هەردوو لا بڕوایان وایە کە تەنها باوەڕی خۆیان ڕاستە.
  • ئاینی تیۆلۆجی، کە بریتییە لەوەی کە بەهاکانیان ئامانجەکانی بون وهۆکاری بونی مرۆڤ نیشان دەدەن.

هۆکارە تازەکان کە وا دەبنە هۆی ڕودانی پێکدادانێکی ئیسلامیی-خۆرئاوایی، هەنتینگتۆن دەنوسێت، بریتین لە بوژانەوەی ئیسلامیی وتەقینەوەی دیمۆگرافیا لە شارستانیەتی ئیسلامیی، لەگەڵ جیهانگیری بەهاکانی خۆرئاوا، کە بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت هەموو شارستانیەتەکان بەها خۆرئاواییەکان بکەن بە بەهای خۆیان، کە ئەمە بناژۆخوازە ئیسلامیەکان توڕە دەکات. هەموو ئەم هۆکارە مێژوویی ونوێیانە پێکەوە، کە هەنتینگتۆن بە کورتی لە وتارەکەی فۆڕەن ئەفێرز وبە وردیی لە کتێبەکەی نوسیبووی، دەبنە هۆی پێکدادانێکی خوێناویی لە نێوان شارستانیەتی ئیسلامیی وخۆرئاوادا.


بۆچی شارستانیەتەکان پێکدا دەدەن

هەنتینگتۆن شەش ڕوونکردنەوە پێشکەش دەکات لەبارەی ئەوەی کە بۆ شارستانیەتەکان پێکدا دەدەن:

  1. جیاوازی نێوان شارستانیەتەکان زۆر بنچینەیین بە ڕادەیەک کە وا شارستانیەتەکان لە یەکتر جیادەکرێنەوە بە مێژوو، زمان، کلتور،     نەریت، ولەهەمووی گرنگتر، ئاین. ئەم جیاوازیە بناغەییانە بەرهەمی چەندین سەدە ودامەزراندنی شارستانیەتی جیاوازن، بە مانای     ئەوەی کە ئەم جیاوازیانە وا زوو ناڕۆن.
  2. جیهان دەبێتە شوێنێکی بچوکتر. لە ئەنجامدا، کارلێک کردن بە درێژایی جیهان زیاد دەبن، کە دەبێتە هۆی زیادکردنی "هۆشیاری     شارستانیی" وبە ئاگابوون لە جیاوازی نێوان شارستانیەتەکان ولێکچوونی نێو شارستانیەتەکان.
  3. بەهۆی بە مۆدێرن کردنی ئابوری وگۆڕانی کۆمەڵایەتی، خەڵکی جیاکراونەتەوە لە ناسنامە باوە ناوخۆییەکان.     لە باتی ئەمە، ئاین ئەم کەلێنەی پڕ کردوەتەوە، کە بناغەیەک بۆ ناسنامە دابین دەکات وئیلتیزام کە وا لە سنوری وڵاتان تێدەپەڕێنێت     شارستانیەتەکان یەکدەخات.
  4. گەشەکردنی هۆشیاریی شارستانیی توند تر دەبێت بە ڕۆڵی دوالەیی خۆرئاوا. لە لایەک، خۆرئاوا لە ئەوپەڕی دەسەڵاتدایە. لە هەمان       کاتدا، دیاردەیەکی گەڕانەوە بۆ ڕەگەکان لە نێو شارستانیەتە ناخۆرئاواییەکان ڕوودەدەن. خۆرئاوایەک لە ئەوپەڕ دەسەڵاتدا بەرەنگاری      وڵاتانێکی ناخۆرئاوایی دەبێتەوە کە وا زیاتر وزیاتر خواست وویست وسەروەت وسامانیان هەیە کە شێوەی جیهان بە شێوەیەکی     ناخۆرئاوایی دەکێشن.
  5. سیما کلتوری وجیاوازیەکانی کەمتر لێکدراون وبەمە کەمتر بە ئاسانی وازیان لێدەهێنرێت  وچارەسەر دەکرێن وەک لە سیاسی وئابوری.
  6. هەرێمگەری ئابووری لە زیادبوندایە. هەرێمگەری ئابووری سەرکەوتوو دەبێتە هۆی دوبارە توند بوونی هۆشیاریی شارستانیی.      هەرێمگەریی ئابووری تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە وا بناغەی دانراوە لە یەک شارستانیەتی هاوبەشدا.


خۆرئاوا لە بەرامبەر ئەوانی دیکە

هەنتینگتۆن پێی وایە کە وا لە داهاتوودا چەقی سیاسەتی جیهان ململانێی نێوان شارستانیەتە خۆرئاوایی وناخۆرئاواییەکان دەبێت، بە دەربڕینەکەی ستیوارت هۆڵ، ململانێی نێوان "خۆرئاوا وئەوانی تر". ئەو سێ شێوەی گشتی وبناغەیی کردار پێشکەش دەکات کە وا شارستانیەتە نا خۆرئاواییەکان دەتوانن بیکەن لە وەڵامدانەوەدا بۆ خۆرئاوا.[١٩]

  1. وڵاتە ناخۆرئاواییەکان دەتوانن هەوڵی گۆشەگیری بدەن بۆ ‌هێڵانەوەی بەهاکانی خۆیان وخۆپاراستن لە داگیرکاری خۆرئاوا. بەڵام، هەنتینگتۆن جەخت لەوە دەکات کە نرخی ئەم کردەوەیە زۆرە وتەنها چەند دەوڵەتێکی کەم دەتوانن ئەنجامی بدەن.
  2. بە گوێرەی بیردۆزی "band-wagoning" وڵاتە ناخۆرئاواییەکان دەتوانن بەها خۆرئاواییەکان قبوڵ بکەن.
  3. وڵاتە نا خۆرئاواییەکان دەتوانن هەوڵێک بدەن بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ خۆرئاوا بە بەمۆدێرنەکردن. ئەوان دەتوانن کە هێزی      ئابووری وسەربازی پێش بخەن ولەگەڵ شارستانیەتە ناخۆرئاواییەکانی دیکە هەرەوەزی بکەن دژی خۆرئاوا ولە هەمان کاتدا           بەهاکان ودامەزراوەکانی خۆیان بپارێزن. هەنتینگتۆن بڕوای وایە کە زیادبونی دەسەڵاتی شارستانیەتە ناخۆرئاواییەکان لە کۆمەڵگەی      نێودەوڵەتیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆرئاوا دەست بکات بە پەرەسەندنی تێگەیشتنێکی باشتر لە بارەی بنچینە کلتوریەکانی نێو      شارستانیەتەکانی دیکە. لە بەر ئەمە، شارستانیەتی خۆرئاوا وەک شارستانیەتێکی "جیهانیی" کۆتایی دێک وشارستانیەتەکان فێری      پێکەوەژیان دەبن وبەشداری دەکەن لە شێوەکردنی جیهانی داهاتوو.


دەوڵەتی کرۆک وململانێی هێڵی جیاکەرەوە

لە ڕوانگەی هەنتینگتۆنەوە، ململانێی نێوشارستانیی خۆی دەردەخات لە دوو شێوەدا: ململانێکانی هێڵی فۆڵت وململانێکانی دەوڵەتی کرۆک.

ململانێکانی هێڵی جیاکەرەوە لە ئاستێکی ناوخۆییدان ولە نێوان ئەو دەوڵەتانەی لە تەنیشت یەکدان وسەر بە شارستانیەتی جیاوازن یاخود لە ناو  ئەو دەوڵەتانەی کە ماڵی دانیشتوانێکن کە سەر بە شارستانیەتی جیاوازن.

ململانێکانی دەوڵەتی کرۆک کە لە ئاستێکی جیهانیدان لە نێوان دەوڵەتە سەرەکیەکانی شارستانیەتە جیاوازەکان. ململانێکانی دەوڵەتی کرۆک دەکرێت دروست بێت لە ململانێکانی هێڵی جیاکەرەوە کاتێک دەوڵەتە کرۆکەکان بەشدار دەبن.[٢٠]

ئەم بەریەک کەوتنانە لەوانەیە ئەنجامی چەند هۆکارێک بێت، وەکو: هەژمون یا هێز (ئابوری یا سەربازیی) ، چەوساندنەوە دژی خەڵکانێک سەر بە شارستانیەتی جیاوازن، دەست تێوەردان  بۆ پاراستنی براکان کە لە نێو (خاکی) شارستانیەتێکی جیاوازن، یا بەها وکلتوری جیاواز، بە تایبەت لە کاتێکدا کە شارستانیەتێک هەوڵ دەدات کە   بەهاکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر کەسانێک کە سەر بە شارستانیەتێکی جیاوازن.

بە مۆدێرنکرن، بە خۆرئاواییکردن، و<<دەوڵەتە دڕاوەکان>>[دەستکاری]

ژاپۆن، چین وچوار پڵنگە ئاسیاییەکە لە چەندین کەرتدا بە مۆدێرن کراون لەگەڵ پاراستنی کۆمەڵگە تەقلیدیی یا دەسەڵاتخوازەکانیان کە جودایان دەکات لە خۆرئاوا. هەندێک لەم وڵاتانە لەگەڵ خۆرئاوادا پێکیاندا داوە بەڵام هەندێکیان پێکیان نەداوە.

ڕەنگە گرنگترین نمونە بۆ بە مۆدێرنکردنی ناخۆرئاوایی ڕوسیا بێت، کە دەوڵەتی کرۆکی شارستانیەتی ئۆرتۆدۆکسە.

هەنتینگتۆن جەخت لەوە دەکات کە ڕوسیا بە شێوەیەکی سەرەکی ناخۆرئاواییە هەرچەندە کە  ئەو پێی وایە کە وا (ڕوسیا) هاوبەشیەکی کلتوری بەرچاوی لەگەڵ خۆرئاوای نوێ. بە گوێرەی هەنتینگتۆن، خۆرئاوا جودا دەکرێت لە وڵاتە مەسیحیە ئۆرتۆدۆکسەکان بەوەی کە ڕێنیسانس، ریفۆرمەیشن، وچەرخی ڕوناکبیری بینیوە؛ بە کۆلۆنیالیزمی دەرەکی لە باتی کۆلۆنیالیزم وفراوانخوازی لەسەر ناوچەکانی تەنیشت خۆی؛ وبە تێکەڵکردنی کلتوری کلاسیکی لە ڕێگەی یۆنانی کۆنەوە لە باتی ڕێگەی بەردەوامبوی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی.

هەنتینگتۆن ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێ بچنە پاڵ شارستانیەتێکی دیکە  بە "وڵاتی دڕاوەکان" پێناسە دەکات. تورکیا، کە نمونەی سەرەکیە کە هەنتینگتۆن هێناویەتی، سەرکردایەتی سیاسیەکەی بە شێوەیەکی ڕێکخراو هەوڵی داوە لە ١٩٢٠کانەوە کە وڵاتەکە بە خۆرئاوایی بکات. مێژوو، کلتور، نەریتەکانی تورکیا لە شارستانیەتی ئیسلامیی سەرچاوەی گرتوە، بەڵام دەستەبژێری تورکیا، لە سەرەتادا مستەفا کەمال ئەتاتورک کە دەسەڵاتی گرتە دەست وەک یەکەم سەرۆک لە ساڵی ١٩٢٣، دامەزراوە وجلوبەرگی خۆرئاوای سەپاند، ئەلفوبێی لاتینی قبوڵ کرد، بوو بە ئەندام لە ناتۆ، وهەوڵی داوە کە ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.

هەروەها مەکسیک وڕوسیا بە دەوڵەتی دڕاو هەژمار دەکرێن لە لایەن هەنتینگتۆنەوە. هەروەها ئەو ئوسترالیا وەک نمونەیەک بۆ دەوڵەتی دابەشبوو دەهێنێتەوە کە دابەشبوە لە نێوان میراتی شارستانیی خۆرئاوای وپەیوەندیە گەشەکردوەکانی لەگەڵ ئاسیادا.

بە گوێرەی هەنتینگۆن، دەوڵەتێکی دڕاو دەبێت سێ پێویستی تێدا بێت بۆ دوبارە پێناسەکردنی ناسنامە شارستانییەکەی. یەکەم دەستەبژێرە سیاسی وئابوورییەکەی پێویستە پشتگیری پرۆسەکە بکەن. دووەم، دەبێت خەڵکی ئەو وڵاتە سوربن لەسەر ڕازیبون لە بارەی دوبارە پێناسەکردنەکە. سێهەم، دەستەبژێری ئەو شارستانیەتەی کە دەوڵەتە دڕاوەکە هەوڵ دەدات ببێت بە ئەندام تیایدا ڕازی بن لەسەر ئەندام بوونی.

کتێبەکە دەڵێت تاکو ئێستا هیچ دەوڵەتێکی دڕاو بە سەرکەوتویی دوبارە پێناسەی شارستانیەتەکی نەکردوە، کە ئەمە بە زۆری بەهۆنی ئەوەی کە وا دەستەبژێری دەوڵەتی 'میواندۆست' ڕەتی ئەندامبونی دەوڵەتە دڕاوەکە دەکەن، هەرچەندە تێبینی کراوە کە ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئەوا  زۆرێک لە خەڵکەکەی پشتگیری بە خۆرئاوایی کردن دەکەن، وەک لەم قسەیەی وەزیری یەکێتی ئەوروپا Egemen Bağış ئاماژەی پێدراوە: << ئەوروپا پێویستە ئەمە بکات: پێویستە بڵێن ئەگەر تورکیا هەموو پێویستیەکان جێبەجێبکات، لە ڕۆژی فڵاندا دەبێت بە ئەندامێک لە یەکێتیی ئەوروپا. پاشان، ئێمە پشتگیری ڕای جەماوەری بە دەستدەهێنینەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان.>>[٢١] بە گوێرەی هەنتینگتۆن، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەوا دەبێتە یەکەمین  (وڵات) کە دوبارە پێناسەی ناسنامە شارستانیەکەی کردبێت.

ڕەخنە[دەستکاری]

کتێبەکە لە لایەن زۆر نووسەری ئەکادیمیەوە ڕەخنەی لێگیراوە، کە وا بەشێوەی ئەزمونی ومێژوویی ولۆژیکیی وئایدیۆلۆجی تەحەدای بانگەشەکانی کتێبەکەیان کردوە(Fox, 2005; Mungiu Pippidi & Mindruta, 2002; Henderson & Tucker, 2001; Russett, Oneal, & Cox, 2000; Harvey, 2000).[٢٢][٢٣][٢٤][٢٥] زانای سیاسیەت پۆل موسگرەیڤ دەنوسێت کە وا پێکدادانی شارستانیەت <<بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ ئەو جۆرە سیاسیانەی کە وا حەز بە ناوهێنانی سون تزو دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە شارەزایانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان پشتی پێدەبەستن یان بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی دەکەن. بە شێوەیەکی ئاشکرا، پێکدادان نەیسەلماندوە کە وا ڕێبەرێکی سودبەخش یاخود ورد بێت بۆ تێگەیشتن لە جیهان.>>[٢٦]

لە وتارێکدا کە وا بە ئاشکرا ئاماژە بۆ هینتینگتۆن دەکات، زانا ئامارتیا سێن باس لەوە دەکات کە <<هەمەڕەنگیی تایبەتمەندیەکە لە زۆرینەی کلتورەکانی جیهاندا. شارستانیەتی خۆرئاوا لەوە بەدەر نییە. پەیڕەوی دیموکراسی کە لە خۆرئاوای هاوچەرخدا سەرکەوت بە شێوەیەکی گەورە ئەنجامی یەکدەنگیەک بوو کە سەری هەڵدابوو لە چەرخی ڕووناکبیریی وشۆرشی پیشەسازیەوە، بە تایبەتی لە سەدەی کۆتایی ودواتر. بە خوێندنەوەی ئەمە، پابەندی مێژووی خۆرئاوا -زیاتر لە هەزارەیەک- بە دیمۆکراسیەوە، ودواتر وتنی پێچەوانەی ئەمە لە بارەی نەریتە ناخۆرئاواییەکان (مامەڵەکردن لەگەڵ هەر یەکێکیان وەک تاکڕەو وداخراو) دەبێتە هەڵەکی گەورە>>.[٢٧]

لە کتێبی Terror and Liberalism ساڵی ٢٠٠٣، پۆڵ بێرمان جەخت لەوە دەکات کە سنوری جودای کلتوریی بونی نیە لە ئێستادا. ئەو جەخت لەوە دەکات نە  شارستانیەتی ئیسلامیی" ونە "شارستانیەتی خۆرئاوایی" بونیان نییە، وبەڵگە بۆ پێکدادان قایلکەر نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر توندڕەوی ئیسلامی کاتێکی زۆر  بەسەردەبەن لە ژیان یاخود خوێندن لە جیهانی خۆرئاوا. بە گوێرەی بێرمان، پێکدادان سەرهەڵدادات بەهۆی بیری فەلسەفی کە وا زۆر گروپ هەیانە ( یان نیانە)، بێگوێدانە کلتور یا ئاین.[٢٨]

Timothy Garton Ash ڕەخنە لە ' حەتمیەتی کلتوری توند... بە ڕادەیەک کە سادە وساکارە تا ئاستی گاڵتە' هینتینگتۆن دەگرێت کە دەڵێت کە ئەوروپای کاتۆلیک وپرۆتستانت بەرەو دیمۆکراسی دەڕوات، بەڵام مەسیحی ئۆرتۆدۆکس وئەوروپای ئیسلامیی دەبێت دیکتاتۆریەت قبوڵ بکەن.[٢٩]

ئێدوارد سەعید وەڵامێکی بڵاوکردەوە بۆ تێزەکەی هینتینگتۆن لە وتارێکی ساڵی ٢٠٠١، "پێکدادانی نەفامی".[٣٠] سەعید جەخت لەوە دەکات کە پۆلێنکردنی هینتینگتۆن بۆ "شارستانیەتە" جێگیرەکان پشتپێبەستنی دینامیکی وکارلێکی کلتور دەسڕێتەوە. سەعید کە ڕەخنەگرێکی پارادیمی هینتینگتۆنیی بووە بۆ ماوەیەکی زۆر، وپشتگیریکەرێکی بەناوبانگی کێشەکانی عەرەب، سەعید هەروەها جەخت لەوە دەکات کە تێزی پێکدادانی شارستانیەت نمونەیەکە بۆ <<ڕونترین شێوەی دەماگیری ناڕەوا، جۆرێکە لە لاسایکردنەوەی زانستی هیتلەری کە ئەمڕۆ ئاراستە کراوە لە دژی عەرەب وموسڵمانان>>.[٣١]

نوام چۆمسکی ڕەخنەی لە بیرۆکەی پێکدادانی شارستانیەت گرتوە، کە تەنها وەک پاساوێکی نوێیە بۆ ئەمریکایە "بۆ ئەنجامدانی هەر کوشتارێک کە بیەوێت"، کە ئەم پاساوە پێویست بوو لە دوای جەنگی سارد کە یەکێتی سۆڤیەت چیدی کە وەک هەڕەشەیەک نەما.[٣٢]

لە ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١، یوڤال نوح حەراری پێکدادانی شارستانیەت بە تێزێکی چەواشەکار ناوزەند دەکات. ئەو دەنوسێت کە وا بناژۆخوازی ئیسلامیی هەڕەشەیەکی زیاترە بۆ شارستانیەتێکی جیهان، وەک لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ خۆرئاوا. هەروەها ئەو جەخت لەوە دەکات کە باسکردنی شارستانیەتەکان بە بەکارهێنانی پێوەرەکان لە زیندەزانی پەرەسەندن هەڵەیە.[٣٣]



ناوچەی ناوەند

مۆدێلی جیۆپۆلەتیکیی هینتینگتۆن، بە تایبەتی بنیاتەکانی باکوری ئەفریقیا وئۆراسیا، بە شێوەکی گەورە لە مۆدێلی جیۆپۆلەتیکی "ناوچەی ناوەند" وەرگیراوە کە بۆ یەکەمجار لە لایەن دیمیتری کیتسیکس دروستکراوە ولە ساڵی ١٩٧٨ بڵاوکراوەتەوە.[٣٤] ناوچەی ناوەند، کە دەکەوێتە نێوان دەریای ئەدریاتیک وڕووباری ئیندوس، نە خۆرئاواییە ونە خۆرهەڵاتییە بەڵکو بە جیاواز هەژماردەکرێت. لە بارەی ئەم ناوچەیە، هینتینگتۆن لە کیتسیکس جیادەبێتەوە بەوەی کە جەخت لەوە دەکات کە هێڵێکی جیاکەرەوەی شارستانیی بوونی هەیە لە نێوان دوو ئاینی بڵاوی جیاواز، (ئۆرتۆدۆکسی خۆرهەڵاتی وئیسلامی سونی)، کە ئەمە دینامیکێکی ململانێی دەرەکیە. بەڵام،  کیتسیکس شارستانیەتێکی یەکخراو دادەنێت کە پێکدێت لەم دوو کۆمەڵە خەڵکە لەگەڵ ئەوانەی کە سەر بە ئاینی کەمتر بڵاوی ئیسلامی شیعی، عەلەویەت، وجولەکە. ئەمان کۆمەڵێک ڕوانگە ونۆرمی کلتوری وکۆمەڵایەتی وئابوری وسیاسی هەیە کە بە تەواوی جیاوازن لەوانەی خۆرئاوا وئەوپەڕ خۆرهەڵات. لەبەر ئەمە لە ناوچەی ناوەند، ناتوانرێت باس لە پێکدادانی شارستانیی یا ململانێی دەرەکی بکرێت، بەڵام لە باتی ئەمە باسی ململانێی ناوخۆیی بکرێت، نەک لەبەر زاڵکردنی کلتور، بەڵکو لەبەر سەرکەوتنی سیاسی. ئەمە بە سەرکەوتویی دەرکەوتووە بە لێکۆڵینەوە کردن لە بەرزبونەوەی مەسیحیەت لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە ‌‌هێلێنی کراو، وبەرزبونەوەی خەلافەتە ئیسلامیەکان لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە مەسیحی کراو وبەرزبونەوەی حوکمی عوسمانی لە خەلافەتە ئیسلامیی وئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی بە مەسیحیکراو.


بیرۆکە دژەکان

محەمەد خاتەمی، سەرۆکی ڕیفۆرمخوازی ئێران (لە پۆستدا لە ١٩٩٧-٢٠٠٥)، بیردۆزی گفتوگۆی نێوان شارستانیەتەکانی پێشکەش کرد وەک وەڵامێک بۆ بیردۆزەکەی هەنتینگتۆن.

لە ساڵانی ڕابردودا، بیردۆزی گفتوگۆی نێوان شارستانیەتەکان، کە وەڵامێکە بۆ پێکدادانی شارستانیەتەکانی هینتینگتۆن، بۆتە چەقی هەندێک بایەخی نێودەوڵەتی. بیرۆکەکە لە بنەڕەتدا لە لایەن فەیلەسوفی نەمسایی هانس کۆچلەر دانراوە لە وتارێکدا لەسەر ناسنامەی کلتوری.[٣٥] لە نامەیەکدا بۆ یونسکۆ، کۆچلەر پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەبێت رێکخراوی کلتوری نەتەوە یەکگرتوەکان کێشەی "گفتوگۆی نێوان شارستانیەتە جیاوازەکان" (dialogue entre les différentes civilisations) بگرێتەخۆ.[٣٦] لە ساڵی ٢٠٠١، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران محەمەد خاتەمی بیرۆکەکەی لەسەر ئاستێکی جیهانیی پێشکەش کرد. بە دەست پێشخەری ئەو، نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵی ٢٠٠١ی بە "ساڵی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گفتوگۆی نێوان شارستانیەتەکان" ڕاگەیاند.[٣٧][٣٨][٣٩]

دەست پێشخەری هاوپەیمانی شارستانیەتەکان (بە ئینگلیزی Alliance of Civilizations) پێشنیار کرا لە ٥٩هەمین کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٠٠٥ لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسپانیا José Luis Rodríguez Zapatero وپشتگیری کرا لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. پێشنیارەکە ئامانجی دروست کردنی کۆکاریە لە کۆمەڵگە جیاوازەکان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی توندڕەوی وزاڵبون بەسەر بەربەستە کلتوری وکۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت لە نێوان خۆرئاوا وئەو ناوچانەی زۆرینە موسڵمانن وبۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان وجەمسەرگیری لە نێوان ئەو کۆمەڵگەیانەی کە وا جیاوازە لە بەهای ئاینی وکلتوریدا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Hungtington, Samuel P. ""The Clash of Civilizations?"". Foreign Affairs. 72: 3.
  2. ^ ئ ا http://gbse.com.my/v4no10JANUARY2018/Paper-147-i-.pdf
  3. ^ Emily, Stacey (2021-10-29). Contemporary Politics and Social Movements in an Isolated World: Emerging Research and Opportunities: Emerging Research and Opportunities. IGI Global. ISBN 978-1-7998-7616-8.
  4. ^ Eriksen; Garsten; Randerina, Thomas Hylland; Christina; Shalini (2014-10-01). Anthropology Now and Next: Essays in Honor of Ulf Hannerz. Berghahn Books. ISBN 978-1-312-67075-4.
  5. ^ Krieger, Douglas W. (2014-11-22). The Two Witnesses. Lulu Press, Inc. ISBN 978-1-312-67075-4.
  6. ^ Haynes, Jeffery (2021-05-11). A Quarter Century of the "Clash of Civilizations". Routledge. ISBN 978-1-000-38383-6.
  7. ^ Official copy (free preview) The Clash of Civilizations?, Foreign Affairs, Summer 1993
  8. ^ "WashingtonPost.com: The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order". The Washington Post
  9. ^ "Le problème algérien" (le problème russo-américain, et là nous revenons à l’Algérie, va être dépassé lui-même avant très peu, cela ne sera pas un choc d’empires nous assistons au choc de civilisations et nous voyons dans le monde entier les civilisations colonisées surgir peu à peu et se dresser contre les civilisations colonisatrices.). Archived from the original on 2015-09-24.
  10. ^ Elst K., Some recollections from my acquaintance with Sita Ram Goel in Elst, K. (2005). India's only communalist: In commemoration of Sita Ram Goel. [1] Also: Elst, K. India's Only Communalist: an Introduction to the Work of Sita Ram Goel, in Sharma, A. (2001). Hinduism and secularism: After Ayodhya. Basingstoke: Palgrave
  11. ^ Bernard Lewis The Roots of Muslim Rage, The Atlantic Monthly, September 1990. وتارەکە لێرە وەرگێردراوە بۆ عەرەبی.
  12. ^ Elmandjra, Mahdi (1992). Première guerre civilisationnelle (in French). Toubkal.
  13. ^ Samuel P. Huntington, The Clash of Civilizations (1996), p. 246: " 'La premiere guerre civilisationnelle' the distinguished Moroccan scholar Mahdi Elmandjra called the Gulf War as it was being fought."
  14. ^ Louis Massignon, La psychologie musulmane (1931), in Idem, Ecrits mémorables, t. I, Paris, Robert Laffont, 2009, p. 629: "Après la venue de Bonaparte au Caire, le clash of cultures entre l'ancienne Chrétienté et l'Islam prit un nouvel aspect, par invasion (sans échange) de l'échelle de valeurs occidentales dans la mentalité collective musulmane."
  15. ^ mehbaliyev (30 October 2010). "Civilizations, their nature and clash possibilities (c) Rashad Mehbal…".
  16. ^ Murden S. Cultures in world affairs. In: Baylis J, Smith S, Owens P, editors. The Globalization of World Politics. 5th ed. New York: Oxford University Press; 2011. p. 416-426
  17. ^ THE WORLD OF CIVILIZATIONS: POST-1990 scanned image Archived March 12, 2007, at the Wayback Machine
  18. ^ Walter, Natalie (2016-06-15). "Summary of "The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order" . Beyond Intractability. Retrieved 2021-10-28.
  19. ^ Hungtington SP, The Clash of Civilizations? In: Lechner FJ, Boli J, editors. The globalization reader. 4th ed. West Sussex: Wiley-Blackwell; 2012. 37–44
  20. ^ Huntington, Samuel (2002). "Chapter 9: The Global Politics of Civilizations". The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order (The Free Press ed.). London: Simon & Schuster. p. 207. ISBN 978-0-7432-3149-7.
  21. ^ Bağış: Fransa'nın tutumunda değişimin başladığını görüyoruz | AB ve Türkiye | EurActiv.com.tr – Türkiye’nin online AB Gazetesi Archived January 9, 2016, at the Wayback Machine
  22. ^ Fox, J. (2005). Paradigm Lost: Huntington's Unfulfilled Clash of Civilizations Prediction into the 21st Century. International Politics, 42, pp. 428–457.
  23. ^ Mungiu-Pippidi, A., & Mindruta, D. (2002). Was Huntington Right? Testing Cultural Legacies and the Civilization Border. International Politics, 39(2), pp. 193-213.
  24. ^ Henderson, E. A., & Tucker, R. (2001). Clear and Present Strangers: The Clash of Civilizations and International Conflict. International Studies Quarterly, 45, pp. 317-338.
  25. ^ Russett, B. M.; Oneal, J. R.; Cox, M. (2000). "Clash of Civilizations, or Realism and Liberalism Déjà Vu? Some Evidence" (PDF). Journal of Peace Research. 37 (5): 583–608. CiteSeerX 10.1.1.460.7212. doi:10.1177/0022343300037005003. S2CID 51897336.
  26. ^ "H-Diplo/ISSF Teaching Roundtable 11-6 on The Clash of Civilizations in the IR Classroom | H-Diplo | H-Net". networks.h-net.org. Retrieved 2019-11-07.
  27. ^ Sen A (1999). "Democracy as a Universal Value". Journal of Democracy. 10 (3): 3–17. doi:10.1353/jod.1999.0055. S2CID 54556373.
  28. ^ Berman, Paul (2003). Terror and Liberalism. W W Norton & Company. ISBN 0-393-05775-5.
  29. ^ Timothy Garton Ash, History of the Present, Penguin, 2000, p. 388-389
  30. ^ Said, Edward (October 2001). "The Clash of Ignorance". The Nation.
  31. ^ Said, E. W. (2004). From Oslo to Iraq and the Road Map. New York: Pantheon, 2004. p.293
  32. ^ TrystanCJ (2007-03-02), Noam Chomsky on The "Clash of Civilizations", archived from the original on 2021-11-17, retrieved 2018-10-31
  33. ^ Harari, Yuval N. (2018). 21 lesson for the 21st century (First ed.). New York. ISBN 978-0-525-51217-2.
  34. ^ Dimitri Kitsikis, A Comparative History of Greece and Turkey in the 20th century. In Greek, Συγκριτική Ἱστορία Ἑλλάδος καί Τουρκίας στόν 20ό αἰῶνα, Athens, Hestia, 1978. Supplemented 2nd edition: Hestia, 1990. 3rd edition: Hestia, 1998, 357 pp.. In Turkish, Yırmı Asırda Karşılaştırmalı Türk-Yunan Tarihi, İstanbul, Türk Dünyası Araştırmaları Dergisi, II-8, 1980.
  35. ^ "Kulturelles Selbstverständnis und Koexistenz: Voraussetzungen für einen fundamentalen Dialog" (Cultural Identity and Co-existence: Preconditions for a Fundamental Dialogue). Public lecture delivered at the University of Innsbruck, Austria, 19 October 1972, published in: Philosophie und Politik. Dokumentation eines interdisziplinären Seminars. (Publications of the Working Group for Science and Politics at the University of Innsbruck, Vol. IV.) Innsbruck: Arbeitsgemeinschaft für Wissenschaft und Politik, 1973, pp. 75-78.
  36. ^ Letter dated 26 September 1972, addressed to the Division of Philosophy of UNESCO.
  37. ^ http://www.unesco.org/dialogue2001/en/khatami.htm Archived February 16, 2003, at the Wayback Machine Unesco.org Retrieved on 05-24-07
  38. ^ http://www.dialoguecentre.org/about.html ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. Dialoguecentre.org Retrieved on 05-24-07
  39. ^ Dialogue Among Civilizations United Nations University Centre