پابلۆ ئیسکۆبار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
پابلۆ ئێسکۆبار

Pablo Escobar Mug.jpg
وێنەیەکی پابلۆ کە لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن کۆنتڕۆڵی جۆر لە مێدیین گیراوە
لەدایکبوون
پابلۆ ئێمیلیۆ ئێسکۆبار گاڤیریا

(١٩٤٩-١٢-0١) ١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٩
ڕیۆنێگرۆ، کۆڵۆمبیا
مەرگ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣(١٩٩٣-١٢-0٢)
پیشەبارزگانی ماددەی ھۆشبەر
ھاوسەرماریا ڤیکتۆریا ھێناو (١٩٧٦–١٩٩٣; تاکو مردنی)
مناڵ(ەکان)٣

پابلۆ ئێمیلۆ ئێسکۆبار گاڤیریا (١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ تا ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣ ژیاوە) بازرگانێکی و سەرۆکێکی کۆڵۆمبی ماددە ھۆشبەرەکان بووە. کارتێلەکەی، لەسەردەمی ئەودا، نزیکەی ٪٨٠ی کۆکەینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان دابین دەکرد، کە لەڕۆژێکدا داھاتی ٦٠ ملیۆن دۆلار بوو، و ٢٢ ملیارد دۆلاریش لە ساڵێکدا. پابلۆ بە «پاشای کۆکەین» بەناوبانگ بوو، دەوڵەمەندترین تاوانباری جیھان بوو لەمێژوودا، کە کۆی گشتی سامانی ٣٠ ملیارد دۆلار بوو لەسەرەتاکانی ١٩٩٠ەکاندا. ھەروەھا لە لیستی ١٠ دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیھان بوو کە خۆیان پارەکەیان بەتەنھا دەستدەکەوت.

ئێسکۆبار لە ڕیۆنێگرۆ، کۆڵۆمبیا لەدایکبوو لە نزیک مێدیین گەورەبووە. دوای خوێندنێکی کەم، تێکەڵی کاری تاوان بووە و بەبێ بڕوانامە لەقوتابخانە دەرچووە و دەستی کردووە بە کاری قاچاخی جگەرە لەگەڵ بلیتی ساختەی لۆتۆ، ھەروەھا ئەنجامدانی دزی گەورە. لە ساڵی حەفتاکاندا، دەستی کرد بەکارکردن بۆ چەندین قاچاخچی، وەک کاری ڕفاندن و ئەشکەنجەدان. لە ساڵی ١٩٧٥دا، ئیسکۆبار دەستی کرد بە کاری بازرگانیکردن بە کۆکەین و بڵاوکردنەوەی بە ئەمریکا. دوای ماوەیەکی کەمیش کارەکانی فراوانتر بوون لەسەرتاسەری ئەمریکا؛ و تاکو ١٩٨٠ەکان نزیکەی ٧٠ بۆ ٨٠ تەنی مانگانە دەگواستەوە ئەمریکا. تۆڕی تاوانکارییەکەی «کارتێل» بە «کارتێلی مێدیین» ناسرابوو و ھەمیشە ڕکابەری کارتێلەکانی دیکەیان دەکرد و بەرپرس بوون لە کوشتن و تەقینەوەی گەورە و کوشتنی چەندین کەسی سیاسی و دادوەر و پۆلیس، و بەرتیلدان بە زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا.

لە ساڵی ١٩٨٢ ئێسکۆبار وەک ئەندامێکی لاوەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆڵۆمبیا ھەڵبژێردرا سەر بە حیزبی ئازادی کۆڵۆمبیا. ئێسکۆبار چەندین قوتابخانە، نەخۆشخانە و کەنیسەی لە ڕۆژاوای کۆڵۆمبیا دروست کردبوو کە ناوبانگێکی باشی بۆ پەیدا کردبوو لەلای چینی ھەژار و بگرە بە «ڕۆبن ھوودی ھەژاران» بانگ دەکرا. ئێسکۆبار لەلایەن پۆلیسی نەتەوەیی کۆڵۆمبییەوە کوژرا، ڕۆژێک دوای ڕۆژی لەدایکبوونی کە بووبووە ٤٤ ساڵ.

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

مێدیین، کۆڵۆمبیا، ئەو شوێنەی پابلۆ تێیدا گەورەبوو و دەستی کرد بە بازرگانیکردن بە کۆکەین.

پابڵۆ ئێسکۆبار لە ڕیۆنێگرۆ لەدایکبوو، سێیەم کوڕ بوو لە حەوت کوڕەکەی خێسوس داری ئێسکۆبار، کە جووتیارێک بوو، و دایکی ھێرمیلدا گاڤیریا کەوا مامۆستایەکی قوتابخانە سەرەتایییەکان بوو. لە سەردەمی ھەرزەکاریدا لەشەقامەکانی مێدیین دەستی کرد بە تاوانکاری وەک دزینی کێڵی گۆڕ و فرۆشتنەوەیان، بەڵام براکەی، ڕۆبێرتۆ ئێسکۆبار ئەم تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێ کەوا کێڵەکان بەر لە بەکارھێنانیان بردرابوون. پابلۆ بۆ ماوەیەکی کەم لە قوتابخانەی مێدیین خوێندوویەتی و زانکۆشی جێھێشت بەبێ بەدەستھێنانی بڕوانامەیەک.

ئێسکۆبار لەگەڵ ئۆسکار بێنێل ئاگیور دەستی بەکاری گەورەتری تاوان کرد لەوانە کۆکردنەوەی باج لە ھاوبەشەکانی، فرۆشتنی جگەرەی قاچاخ و فرۆشتنی بلیتی لۆتۆی ساختە و دزینی ئۆتۆمبێلیش. لەسەرەتاکانی حەفتاکان وەک دز و پاسەوانی کەسی کاری دەکرد، و نزیکەی ١٠٠ ھەزار دۆلاری لە ڕفاندن دەستدەکەوت. ھەنگاوی داھاتووی بریتی بوو لە کارکردن لەگەڵ قاچاخچییەک بەناوی ئەلڤارۆ پریتۆ. ئامانجی سەرەکی ئێسکۆبار بە منداڵی بوون بە ملیۆنێر بوو ئەوکاتەی تەمەنی گەیشتە ٢٢ ساڵ.

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٦، لەتەمەنی ٢٧ ساڵیدا، ئێسکۆبار ھاوسەرگیری لەگەڵ ماریا ڤیکتۆریا کرد کە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو. بەیەکەوە دوو منداڵیان بوو: خوان پابلۆ (ئێستا ناوی گۆڕیوە بۆ خوان سبەستیان مارۆکین سانتۆس) و مانوێلا ئێسکۆبار. دوای دەوڵەمەندبوونی ئێسکۆبار شوێنێکی گەشتیاری گەورەی دروست کرد بەناوی «ھاسێیندا ناپۆلێس» و دای نابوو قەڵایەکی ھاوشێوەی یۆنان لەوێدا دروستبکات، کاری دروستکردنی قەڵاکە دەستیپێکردبوو بەڵام ھەرگیز تەواونەکرا.

ژیانی تاوانکاری[دەستکاری]

بڵاوکردنەوەی کۆکەین[دەستکاری]

پابلۆ ئێسکۆبار بەزۆری کارەکانیان لە ناوچەکانی مێدیین و ڕیۆنێگرۆدا بووە.

ڕۆبێرتۆ ئێسکۆبار کەوا برای پابلۆیە دەڵێت کە پابلۆ لە چینێکی ھەژارەوە بووەتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیھان. لە ساڵی ١٩٧٥، پابلۆ دەستی کرد بە گەشەپێدان بە بڵاوکردنەوەی کۆکەین، تەنانەت چەندین جار خودی خۆی دەبووە فڕۆکەوان و کۆکەینەکەی دەگواستەوە بەزۆری لەنێوان پەنەما و کۆڵۆمبیا، دواتریش بەرەو ئەمریکا. بەھۆی سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە نزیکەی ١٥ فڕۆکەی نوێ و گەورەتری کڕی لەگەڵ شەش ھەلیکۆپتەر، بەپێی قسەی کوڕەکانی، ھاوڕێیەکی نزیکی پابلۆ لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکیدا گیانی لەدەستدا و فڕۆکەکە تێکشکێندرا. پابلۆ ھەڵسا ھەمان فڕۆکەی چاکردەوە و لەلای دەرگای سەرەکی پاڕکە گەشتیارەکەی «ھاسێیندا ناپۆلێس»ی دا.

لە مایۆی ١٩٧٦دا، پابلۆ و چەندین کەس لەپیاوەکانی دەستگیرکران بەھۆی ئەوەی ١٨ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەریان دەگواستەوە لەوکاتەی کەوا لە ئیکوادۆڕەوە دەھاتنەوە. ھەربۆیەش پابلۆ ھەوڵی بەرتیلدانی بە پۆلیسەکاندا و شکستی ھێنا، بۆیە دادوەرەکان چەندین کەیسیان لەسەر دروست کرد و دوای دوومانگ لە دانیشتنی دادگا پابلۆ ھەڵسا بەکوشتنی ئەو دوو پۆلیسەی کە دەستگیریان کرد و بەمشێوەیەش کەیسەکە داخرا. لەوکاتەوە پابلۆ بەشێوەی بەرتیل و کوشتن مامەڵەی لەگەڵ کاربەدەستان دەکرد.

ڕۆبێرتۆ ئێسکۆبار دەڵێ پابلۆ بەھۆی ئەوەی ماددەکانی تر گواستنەوەیان زەحمەت بوو، بۆیە پابلۆ دەستی بەم کارە کرد. لەو سەردەمەشدا ھیچ کارتێلێکی ماددە ھۆشبەرەکان نەبوو تەنھا ھەندێ بازرگانی بچووک ھەبوون. لە پێروو، بڕێک لە کۆکەینیان کڕی و لە دوو خانوو لەمێدیین دروستیان کردووە. لە یەکەم گەشتیدا پابلۆ ١٣ کیلۆی کڕی و یەکەم ھەنگاویشی بوو لەبنیانتنانی ئیمپڕاتۆرییەکەتەی. لەسەرەتادا لەڕێگای فڕۆکەی کۆنەوە دەیگواستنەوە و ھەر فڕۆکەوانێکیش ٥٠٠ ھەزار دۆلاری دەستدەکەوت و ئەمەش دەوەستا سەر ئەو بڕەی کە دەیگواستنەوە.

ھەنگاونان بەرەو ناوبانگ[دەستکاری]

کۆکەینی پاودەر کەوا بڵاودەکرایەوە و کەپس دەکرا و دەفرۆشرایەوە لەلایەن پابلۆ ئێسکۆبارەوە و کارتێلەکەی دواتریش ھەناردەی بازاڕی ماددە ھۆشبەرەکانی ئەمریکا دەکرا.

دوای ماوەیەکی کەم داواکاری کۆکەین لەبازاڕەکانی ئەمریکا بەرزبویەوە و پابلۆش ڕێگای تری بۆ گواستنەوە دەگرتە بەر و بۆ باشووری فلۆریدا، کالیفۆرنیا و بەشەکانی دیکەی وڵات دەیگواستنەوە. ئێسکۆبار و ھاوبەشەکەی کارلۆس لێدەر ھەڵسان بەکڕینەوەی دوورگەیەکەن بەناوی نۆرمن کەی کەوا ٣٥٠ کیلۆمەتر لە باشووری فلۆرداوەیە. (بەگوێرەی قسەکانی براکەی، ئێسکۆبار دوورگەکەی نەکریبوو، بەڵکو ھاوڕێکەی کارلۆس دەمێک بوو ھەیبوو) ھەر لەسەر ئەوێشدا ئێسکۆبار ھەڵسا بەدرووستکردنی شارێکی گەشتیاری بەناوی ھاسێیندا ناپۆلێس کەوا ڕووبارێک، باخچەیەک و مەیدانێکی تایبەتی شەڕی گایەکانی تیابوو و جگە لەوەش باخچەیەکی ئاژەڵانیشی دروست کرد و چەندان خانووش بۆ خێزانەکەی و ھاوڕێکانی.

مەیدانی شەڕی گایەکان لەنێو شارەکەی گەشتیارەکەی ئێسکۆباردا

دەگوترا بەدەر لە فڕۆکەش، ئێسکۆبار دوو ژێرئاوی بچووکی کڕیبوو بۆ گواستنەوەی کاڵای گەورەی کۆکەین، ھەروەھا زۆرجاریش لەڕێگای کەشتییەوەش بازرگانی کردووە.

تۆڕێکی فراوانی ماددە ھۆشبەرەکان[دەستکاری]

لەسالی ١٩٨٢، ئێسکۆبار وەک ئەندامی لاوەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆڵۆمبیا ھەڵبژێردرا سەر بەحیزبی ئازادی کۆڵۆمبیا، بەڵام ھەرزوو بەھۆی ئاشکرابوونی وەک تاوانبار لە ئەنجومەن بەزوویی لەسەر کار لادرا.

ئێسکۆبار بەشێوەیەکی خێرا ناسرا بەھۆی کارەکانییەوە، کارتێلی مێدیین چەندین ناوچەیان لەژێردەست بوو، وەک مەکسیک، پوێرتۆ ڕیکۆ، کۆماری دۆمینیک، ڤەنزوێلا و ئیسپانیا. کۆکەینەشی لەڕێگای تاقیگاکانەوە لە بۆلیڤیا و پێروو دروست دەکران، بەمشێوەیە ئیسکۆبار کاڵاکانی دەگەیشتنە تەواوی ئەمریکا و زۆربەی ئەورووپا (لەڕێگای ئیسپانیا)ەوە، تەنانەت دەنگۆی ئەوەش ھەبوو کە گەیشتبوون بە بەشێک لە ئاسیاش.

پلاتا ئۆ پلۆمۆ (گولە یاخود پارە)[دەستکاری]

گەندەڵی و زۆرلێکردن شێوازی مامەڵەکردنی ئێسکۆبار بوو لەگەڵ سیستەمی کۆڵۆمبیا. ئەو شێوازێکی تایبەتی ھەبوو لەگەڵ مامەڵەکردنی یاسایی کە بەدروشمێک ناودەبردرا بەناوی "پلاتا ئۆ پلۆمۆ"، واتا یاخود پارە وەرگرە یانیش گولەیەک بۆ سەرت. ئەم شێوازەی بووە ھۆی مردنی ھەزارەھا کەس لەنێویاندا خەڵکی مەدەن، پۆلیس و چەندین سیاسەتمەداریش. بەدەر لەوەش ئێسکۆبار بەرتیلی دابوو بەزۆربەی سیاسەتمەدار و دادوەرەکان و پۆلیسەکانی کۆڵۆمبیا. پابلۆ بەرپرسیار بوو لە تیرۆرکردنی کاندینی یەکەم بۆ سەرۆکایەتی ئەوکاتی کۆڵۆمبیا "لویس کارلۆس گالان" کەوا لەکاتی بانگەشەی بۆ ھەڵبژاردن تەقەی لێکرا و کوژرا. ھەروەھا تەقاندنەوەی فڕۆکەی ئەڤیانکای ٢٠٣ کەوا پابلۆ وایدانابوو سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا لەنێو فڕۆکەکەدایە بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک گەشتەکەی دواخستبوو فڕۆکەکە تەقییەوە سەدان کەس لەنێویدا گیانیان لەدەستدا. جگە لەمەش تەقاندنەوەی باڵەخانەیەکی گەورە لە بۆگۆتا کەوا سەدان کەسی دیکەشی کوشت کە زۆربەیان منداڵ بوون بەھۆی نزیکی باڵەخانەکە لە قوتابخانەیەکی منداڵان.

ھێرشکردنە سەر کۆشکی داد[دەستکاری]

ئێسکۆبار وەک تاوانباری سەرەکی ھەژمار دەکرا لەلایەن مێدیاکانەوە کە دەگوترا دەستی ھەبووە لە ھێرشەکەی ساڵی ١٩٨٥ بۆ سەر کۆشکی دادی کۆڵۆمبیا.

ئێسکۆبار لە ساڵی ١٩٨٥ ڕاستەوخۆ دەستی نەبوو لەھێرشەکدا بەڵکو ھەندێ گەریلای کۆڵۆمبی ھێنابوو کە بە ئێم-١٩ ناسرابوون و چەکی پێدابوون لە بەرامبەری ھەندێ بەڵێنی درۆیینە کەوا بوونە ھۆی لەناوبردنی چەندین بەڵگەنامەی دژی ئێسکۆبار و کوشتنی نیوەی دادوەرەکانی دادگاکەش. لە ساڵی ٢٠٠٦ یەکێک لە پیاوانەی کاری بۆ ئێسکۆبار دەکرد دانی بەوەنابوو کە ئێسکۆبار پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەھێرشەکەوە ھەبووە.

ئاستی بەھێزی ئێسکۆبار[دەستکاری]

لەسەرەمی ئێسکۆباردا، کارتێلێ مێدیین نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلاریان لەڕؤژێکدا قازانج دەکرد، بەھۆی بردنی ١٥ تەن کۆکەین لەڕۆژێکدا بەرەو ئەمریکا، ئەم پرۆسەیەش نزیکەی ١٠٠٠ دۆلاری تەرخان کرابوو تەنھا بۆ لاستیکی پارە بۆ بەستنەوەی پارەکان، ھەروەھا ساڵانە ١٠٪ی پارەکان دەفەوتا بەھۆی خواردنی لەلایەن مشک و جورجەکانەوە.

پابلۆ ئێسکۆبار دەیگوت کەوا کاری کۆکەین ئاسانە "بەشێوەیەک لەوێ بەرتیل بە کەسێک و لەوێش بەکەسێک دەدەی و پارەش بە کارمەندێکی بانکیش دەدەیت و پارەکەت بۆ دەھێنێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٩ گۆڤاری فۆڕبس ئێسکۆباری لە لیستی ٢٢٧ ملیاردێرەکەی جیھان دانابوو بەھۆی سامانێکی ٣ ملیارد دۆلاری. دەگوترێ ئێسکۆبار پارەی یانەی ئەتلەتیکۆ ناسیۆنالیشی دابین کردبوو کەوا یەکێک لە گەورەترین جامەکانی کیشیوەری ئەمریکای باشووریان بردەوە لە ساڵی ١٩٨٩ کە ئەویش کۆپا لیپەرتادۆس بوو.

لەکاتێکدا چەندین کەس وەک دوژمنی سەرەکی کۆڵۆمبیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیانبینی، ئێسکۆبار لای زۆربەی خەڵکی مێدیین بەتایبەت چینی ھەژار پاڵەوان بوو. وەک ھەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێ چەندین یاریگای گەورەی لە مێدیین دروست کرد و پارەی چەندین تیمی تۆپی پێی منداڵانی دابین دەکرد و چەندی قوتابخانە، نەخۆشخانە و کەنیسەی دروست کردبوو. بەمشێوەیەش خەڵکی مێدیین بەباشترین شێوە پارێزگاریان لە ئێسکۆبار دەکرد بەشاردنەوەی زانیاری لە پۆلیس و پاراستنی بەھەر شێوەیەک کەوا پێویستبوو. زۆربەی بارزگانانی ناوچەی و مێدیین و دەوروبەریش ٢٠٪ بۆ ٣٥٪ داھاتی کۆکەینەکەیان دەدا بە ئێسکۆبار چونکە ئێسکۆبار گوازەرەوەی سەرەکی بوو بۆ ئەمریکا.

بەھۆی کارتێلەکانی کۆڵۆمبیاوە، وڵاتەکە بووە پایتەختی کوشتار کە نزیکەی ٢٥، ١٠٠ کەس بەھۆی توندوتیژییەکانی ئەوانە گیانیان لەدەستدا لە ساڵی ١٩٩١ و ٢٧، ١٠٠ کەسی دیکەش لە ساڵی ١٩٩٢. ھۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەکە پابلۆ ئێسکۆبار بوو کەوا پیاوکوژەکانی خۆی خەڵات دەکرد لەبەرامبەر کوشتنی ئەفسەرانی پۆلیس و چەندین کاری دیکە.

بەندینخانەی لا کاتێدرال[دەستکاری]

دوای کوشتنی کاندینی سەرۆکایەتی بەناوی لویس کارلۆس گالان، بەڕێوبەرایەتی سەرۆک سیزار گاڤیریا دەستیانکرد بە جووڵە دژی ئێسکۆبار، بەمشێوەیە حکوومەت ھەڵسا بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێسکۆبار تا ڕازیبکات خۆی بدات بەدەستەوە لەبەرامبەر ئەوەشدا ماوەی زیندانییەکەی کەم دەکرێتەوە.

ئێسکۆبار خۆی بەدەستەوەدا لە ساڵی ١٩٩١. بەرلەوەی خۆی بەدەستەوە بدات، یاسای ناردنە دەرەوەی زیندانییەکان بۆ تەواوکردنی کاتی زیندانییەکان لە ئەمریکا سرایەوە لە دەستووری کۆڵۆمبیای ساڵی ١٩٩١. ئەمە بووە مایەی باسکردنێکی زۆر. ئێسکۆبار بە حەساوەیی لە زیندانییە تایبەتییەکەی خۆی «لا کاتێدرال» ماوەی زیندانییەکەی بەسەر دەبرد. دوای ئەوەی دەرکەوت ئێسکۆبار لەزیندانییەکەشدا بەردەوامە لە سەرپەرشتی کردنی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان، حکوومەت داوای گواستنەوەی ئێسکۆباری کرد بەھۆی خۆبەدەست نەدانەوەی ئێسکۆبار، ناچار ھێرشکرایە سەر زیندانییەکەی، بەڵام ئێسکۆبار دەمێک بوو تونێلێکی دروست کردبوو و بەمھۆیەشەوە لەڕێگای تونێلەکەوە ھەڵات.

سێرچ بلۆک و لۆس پێپێس[دەستکاری]

لەسالی ١٩٩٢ ھێزە تایبەتەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا "سەنتڕال سپایک" پەیوەندیان بەھێزەکانی کۆڵۆمبیا کرد بەمەبەستی دۆزینەوەی ئێسکۆبار. ئەم ھێزە تایبەتانەش ڕاھێنانیان بە ھێزی تایبەتی "سێرچ بلۆک" دەکرد کەوا ھێزێکی نەتەوەیی ئاسایشی کۆڵۆمبیا بوو بۆ دۆزینەوەی ئێسکۆبار پێکھێنرابوو. دوای ئەمانەش گرووپێکی نەناسراو پەیدابوون بەناوی "لۆس پێ پێس" کەوا لەلایەن دوژمنەکانی ئێسکۆبار و کارتێلی کالی بەڕێوە دەبردرا و لەلایەن ھەندێ گەریلا بەرێوە دەبردرا دیارترینیان براکانی کەستانۆ بوو. لۆس پێپێس ھەڵسان بە ئەنجامدانی کوشتارێکی گەورە دژی ئێسکۆبار، کە زیاد لە ٣٠٠ پیاوکوژ و کارمەندی کارەکانی ئێسکۆباریان کوشت و چەندین تاقیگای ئێسکۆباریان دەستبەسەر کرد و لەناویان برد.

بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە ئێسکۆبار، تەنانەت ھێزی سێرچ بلۆکیش خۆیان لەئاست کارەکانی لۆس پێپێس بێدەنگ کرد تاکو ئێسکۆبار لاواز بێت و زۆرجار زانیاریان بەو ھێزە دەدا. یەکێکی دیکە لە سەرۆکی ھێزەکانی لۆس پێپێس موریلیۆ بێرانۆ بوو ناسراو بە دۆن بێرنا، کەوا خێزانەکەی لەلایەن ئێسکۆبارەوە کوژرابوون و ھاوبەش بوو لەگەڵ کارتێلی کالی. بێگومان کاتێ ئەم دوو ھێزە گەورەی کۆڵۆمبیا ھاوکاری یەکتریان کرد ئیمپڕاتۆرییەکەی ئێسکۆباریان بەکۆتا ھێنا.

کوشتنی ئێسکۆبار[دەستکاری]

ئەندامانی سێرچ بلۆک لەپاڵ کۆڵۆنێل ھیوگۆ مارتینێز ئاھەنگ دەگێڕن بەسەر تەرمی ئێسکۆبار لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣. کوشتنی ئێسکۆبار کۆتایی ھێنا بەگەڕانێکی ١٥ مانگی کەوا سەدان ملیۆن دۆلاریشی تێچوو.

دوای لاوازبوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکەی ئێسکۆبار ھەڵات و گەڕایەوە لای باوکی کەوا لە گوندێکی بچووک بەتەنیا دەژیا و لەوێش چەند مانگێک مایەوە و خەریکی کاری جووتیاری بوو لەگەڵ باوکی و پاسەوانەی «لیمۆن» دا. پاشان دووبارە گەڕایەوە مێدیین سەرەڕای بوونی چاودێرییەکی توند لەسەر شارەکە و لەخانووێکی ئاساییدا نیشتەجێبوو. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣، کاتێ ئێسکۆبار خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵ ھاوسەرەکەی لەرێگای ئامێرە ڕادیۆیییە بێ تەلەکانەوە، ھێزە گەرۆکەکانی سێرچ بلۆک لەڕێگای تەکنەلۆژیای دۆزینەوەی شوێنی فرێکوێنسی ڕادیۆوە شوێنی ئێسکۆباریان ئاشکرا کرد. لەوکاتەی کەوا ھێزەکان خەریکبوون بچنە نێو خانووەکەی ئێسکۆبار، ئێسکۆبار و پاسەوانەکەی «لیمۆن» دەستیان کرد بەتەقەکردن و چەند سەربازێکی ھێزەکەیان کوشت، دواتر ھەڵاتن بەرەو سەربانەکانی خانووەکە تاکو بتوانن بگەنەوە شەقامی دواوە و ھەڵبێن، بەڵام لەویدا ھێزەکانی کۆڵۆمبیا ھەردووکیانی کوشت. ئێسکۆبار سێ گولەی بەرکەوتبوو، دانەیەک بە قاچی و دانەیەک بە سکی و دانەیەک بە سەری لای گوێچکەکانی.

ھەرچەندە ھەرگیز بەتەواوی نەزانرا کێ گولەی کۆتایی لە سەری ئێسکۆبار داوە، یاخود گولەکە دوای برینداربوونی ئێسکۆبار لێیدراوە یاخود لەکاتی شەڕەکە، بۆیە بیردۆزی زۆری لەسەر ھەبوو. زۆربەی کەسە نزیکەکانی ئێسکۆبار پێیان وایە ئێسکۆبار خۆی کوشتووە. دوو براکەی، ڕۆبێرتۆ ئێسکۆبار و فێرناندۆ سانچێز ئەریلانۆ، پێیانوایە خۆی کوشتووە و گولەی لە سەری داوە لای گوێچکەکانی.

ڕووداوەکانی دوای مردنی ئێسکۆبار[دەستکاری]

بەزوویی دوای مردنی ئێسکۆبار بازاڕی کۆکەین لەلایەن کارتێلی کالییەوە دەستی بەسەردا داگیرا تاکو نیوەی ساڵانی نەوەدەکان، کاتێ سەرکردەکانی ئەو کارتێلەش یان کوژران یاخود دەستگیردەکران. نازناوی ڕۆبن ھوودی ھەژاران لە مێدیین ھەر مابوو، لەکاتی ناشتنەکەیدا نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس ئامادەی ناشتنەکەی بوون.

دانپیانانی ڤیرجینیا ڤالێخۆ[دەستکاری]

لە ٤ی تەممووزی ٢٠٠٦، ڤیرجینیا ڤالێخۆ، ھەواڵ خوێنەرەوەیەکی تەلەڤیزیۆن کەوا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئێسکۆبار ھەبوو لەماوەی ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٧، داوای لە دادوەری گشتی ماڕیۆ جێرمان ئیگواران ئارانا کرد کە دادگایییەک ڕێکبخات تاکو دژی ئەلبێرتۆ سانتۆفیمیۆ کە ئەندامێکی حیزبی ئازادی کۆڵۆمبیا بوو شایەتی بدات کەوا دەستی ھەبوو لەکوشتنی سەرۆک لویس کارلۆس گالان لەپاڵ ئێسکۆبار.

لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٠٦، ڤالێخۆ بردرا ئەمریکا لەڕێگای فڕۆکەیەکی تایبەتی دەزگای نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان. بەپێی قسەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکی لە بۆگۆتا، ئەم کارە لەپێناوی گیانی ڤالێخۆ ئەنجامدرابوو چونکە شایەتی دانەکەی کارێکی گەورە بوو و پێویستی بە پاراستن بووە.

ڕۆڵی ئێسکۆبار لە ھێرشەکەی کۆشکی داد[دەستکاری]

لەتەواوی ئەو کەسانەی ژیانی ئێسکۆباریان نووسیوەتەوە، تەنھا ڤالێخۆ ورردەکارییەکانی ھێرشەکەی سەر کۆشکی دادی ساڵی ١٩٨٥ی باسکردووە. ڤالێخۆ دەڵێت کەوا ئێسکۆبار ھێزەکانی پڕچەک کردبوو، ئەویش ھێزەکانی گەریلای ئێم-١٩ بوو. لە ساڵی ٢٠٠٨ دووبارە داوا لە ڤالێخۆ کراوە شایەتی بدات دوای ئەوەی کەیسی کۆشکی داد دووبارە کرایەوە و دوو کۆڵۆنێلی گەورەی پێشوو سزای ٣٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا بەھۆی تێوەگلانیان لە کەیسەکە.

لە ئابی ٢٠٠٩، ڤالێخۆ دووبارە شایەتی دایەوە لەکەیسی کوشتنی لویس کارلۆس گالان، کە ئەویش دووبارە کرایەوە. دوای ئەوەش لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٠، مافی پەنابەری سیاسی پێدرا لە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

خێزان و خزمەکانی[دەستکاری]

بێوەژنەکەی ئێسکۆبار، ماریا ھێناو (ئێستا ناوی گۆڕیوە بۆ ماریا ئیسابێل سانتۆس کابایێرۆ)، کوڕەکەی خوان پابلۆ (ئێستا ناوی گۆڕیوە بۆ خوا سبەستیان مارۆکین سانتۆس) و کچەکەی مانوێلا ئێسکۆبار، لە کۆڵۆمبیا ڕۆیشتن لە ساڵی ١٩٩٥ دوای ئەوەی ھیچ وڵاتێک ئامادەنەبوو مافی پەنابەریان پێ بدات و بۆ ماوەیەکی کاتی چوونە چەندین وڵات، لەکۆتاییدا لە ئەرجەنتین مافیان پێدرا.

دەگوترێ مانوێلا ئێسات لە باکووری کارۆلینا لە ئەمریکا دەژی. دەرھێنەر نیکۆلاس ئێنتێلی ئەرجەنتینی ھەڵسا بە دەرھێنانی دۆکیومێنتارییەک بەناوی «تاوانەکانی باوکم» لە ساڵی ٢٠٠٩ کەوا چیڕۆکی خوان پابلۆی کوڕەکەی ئێسکۆبار باس دەکات کە بۆ لێخۆشبوون دەچێتە لای ئەو خێزانانەی کەوا کەسێکیان بوونەتە قوربانی دەستی ئێسکۆبار.

تەرمی پابلۆ ئێسکۆبار لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ لە گۆڕەکەی دەرھێنرایەوە لەسەر داوای بەشێک لە خزمەکانی، بەمەبستی وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی بۆ ئەوەی بسەلمێنرێ کەوا کوڕەکەی ئێسکۆبار ھەمان دی ئێن ئەی ھەیە و تەرمەکەش ھی خودی ئێسکۆبارە بۆ نەھێشتنی دەنگۆکان، دوای ئەم کارە کورەکەی ئێسکۆبار خوان پابلۆ «خوان سبەستیان مارۆکوین»، مامی ڕۆبێرتۆ ئێسکۆباری و ئامۆزاکەی نیکۆلاس ئێسکۆباری بە بارزگانی مردووەکان ناوبرد وەک کاردانەوەی بەرامبەر دەرھێنانی تەرمی باوکی لە گۆڕەکەی بەڕازیبوونی ئەم دوو کەسە نزیکەی.

ھاسێیندا ناپۆلێس[دەستکاری]

دوای مردنی پابلۆ، خانوو و باخچەی ئاژەڵان و قەلاتەکە فرۆشرانەوە و داھاتەکەی درایە خێزانە کەم دەرامەتەکان و زەوییەکەش کراوەتە چوار ھوتێلی گەورە و مەلەوانگایەک و باخچەیەکی ئاژەڵانی نوێی تیادا کراوەتەوە.

لە ھونەر، مێدیا و فیلمەکاندا[دەستکاری]

کتێبەکان[دەستکاری]

ئێسکۆبار بووەتە بابەتی چەندین کتێب لەوانە:

  • No Mean Soldier. نووسینی پیتەر مکلیس، ١٩٩٣.
  • News of a Kidnapping، ١٩٩٨، گابرێل گارسیا مارکێز.
  • Killing Pablo: The Hunt for the World's Greatest Outlaw لەنووسینی ماڕک بۆودن لە ساڵی ٢٠٠١ کەوا باسی کوشتنی ئێسکۆبار و لەناوچوونی کارتێلەکەی دەکات.
  • Escobar، لەلایەن براکەی ئێسکۆبار، ڕۆبێرتۆوە نووسراوە لە ساڵی ٢٠٠٩.
  • The Memory of Pablo Escobar (2009، کەوا کتێبێکی ئەلبوومی بوو پێکھاتبوو لە سەرووی ٣٥٠ وێنە لەلایەن فۆتۆگرافەر جەیمس مۆلیسنەوە ئامادەکرابوو و باسی ژیانی ئێسکۆباری تیادا دەکرا.

فیلمەکان[دەستکاری]

ئێسکۆبار بووەتە سیناریۆی سەرەکی چەندین فیلم لەوانە:

  • Clear and Present Danger،١٩٩٤
  • Blow،٢٠٠١
  • Killing Pablo،٢٠١١
  • Escobar: Paradise Lost،٢٠١٤، ئاکتەر بنیسیۆ دێل تۆرۆ ڕۆڵی پابلۆ ئێسکۆبار دەگێڕێ.
  • The Infiltrator،٢٠١٦، فیلمێکە لەنواندی ئاکتەر بڕاین کرانستن کەوا ڕۆڵی کارمەندێکی فیدڕالی دەبینێ دەستی ھەبووە لە یارمەتیدانی ئێسکۆبار لە شاردنەوەی سامانەکەی.
  • ئاکتەر خاڤیێر باردێم لەفیلمی Escobar کە ساڵی ٢٠١٧ دەردەچێت ڕۆڵی ئێسکۆبار دەگێڕێت و چیڕۆکەکەیان باسی خۆشەویستییەکەی ئێسکۆبار و ڤیرجینیا ڤالێخۆ دەکات.
  • ئاکتەر جۆن لیگازمۆ وابڕیارە ساڵی ٢٠١٨ لەفیلمی El Patron ڕۆڵی پابلۆ ئێسکۆبار بگێڕێت.

تەلەڤیزیۆن[دەستکاری]

  • لە زنجیرەی گۆڕانی خراپدا، لە وەرزی سێیەم، کوڕەکەی واڵتەر بە باوکی دەڵێ کەوا ھانک کتێبێکی پێداوە دەربارەی پابلۆ ئێسکۆبار.
  • لە ساڵی ٢٠١٥ زنجیرەیەکی نوێ لەسەر پابلۆ ئێسکۆبار دەرکرا بەناوی نارکۆس کەوا لەسەر تۆڕی نێتفلیکس پەخشکرا و شارەزایان بەیەکێک لەو بەرھەمانەی دادەنێن کەوا دەقاودەق چیڕۆکی ئێسکۆباریان باسکردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]