وەدیع سەعادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ژیاننامە[دەستکاری]

وەدیع سەعادە شاعیرێکی لوبنانییە. ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی شەبتین لە باکووری لوبنان لە دایک بووە. لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا لە بەیروت و پاریس و لەندەن کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە چۆتە ئوسترالیا و تاکو ئێستاش لەوێ دەژی.

وەدیع سەعادە تاکو ئێستا خاوەنی ١٢ کتێبی شیعری یە، یەکەمینیان ساڵێ ١٩٨١ بڵاوبۆوە بە ناوی (ئێوارە برای نییە) و دوایەمینیشیان ساڵی ٢٠١٢ لە پێگە ئەلکترۆنییەکەی خۆی بڵاو بۆوە بە ناوی ( بەو ڕێبوارە بڵێ بگەڕێتەوە، سێبەرەکەی لێرە بیرچووە).

وەدیع سەعادە بە یەکێک لە دیارترین دەنگەکانی شیعری نوێی عەرەبی ناسراوە. تا ئێستا بە کوردی دوو کتێبی وەرگێرانی بو کراوە ، یەکەمیان بە ناوی (هەوڵێک بۆ گەیاندنی دوو کەنار بە دەنگ) کە لە لایەن عەباس بۆسکانییەوە کراوە بە کوردی. دووەمیان بە ناوی (باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێ) کە بڕیار محەمەد تاهیر کردوویەتی بە کوردی  و یەکەم بەرهەمی ناوەندی باڵندەیە.

ناساندنی کتێب لە زمانی وەرگێڕ بە کوردی[دەستکاری]

کتێبی (باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێ) یەکەم کاری وەرگێڕانی منە، پێش هەموو شتێکیش گرنگییەکی شەخسیی بۆ خۆم هەیە، هەر بۆیە کردوومە بە کوردی .

کتێبەکە هەڵبژاردەیەکە لە کۆی  بەرهەمەکانی وەدیع سەعادە، کتێبەکە شیعری درێژ و شیعری زۆر کورتیشی تێدایە، بەڵام بە گشتی ئەزموونەکانی کۆتاییی وەدیع سەعادەی لە خۆ گرتووە.

وەدیع سەعادە خۆی دەڵێت، لە ماڵێکدا لە دایک بووم، سەقفەکەی و ئەرزەکەی گڵ بوو. یان دەڵێت، سروشت یەکێک بوو لە ئەندامانی خێزانەکەمان.

لە کۆی ئەزموونی شیعریی وەدیع سەعادەدا بە ئاشکرا ئەم ئاوێتەبوونەی سروشت و مرۆڤ دەبینینەوە.

یەکێکی دی لەو تێمایانەی لە شیعری وەدیع سەعادەدا بەری دەکەوین، مەرگە. ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە: تەمەنی وەدیع ١٤ـساڵان دەبێت، کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕێتەوە و گوێی لە مامی دەبێت: «وەدیع… وەدیع… باوکت سووتا، باوکت مرد.» دەڵێت، کە باوکمم بینی، لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو، یەک پەیکەری گەورە بوو لە خەڵووز. دواتریش جەنگی ناوخۆی لوبنان و مەرگی زیاتر و زیاتر. مەرگ ئاوها هاتووەتە ناو ئەم ئەزموونەوە.

وەدیع ساڵی ١٩٧٣ یەکەم کتێبی خۆی (ئێوارە برای نییە) بە دەستی خۆی دەنووسێتەوە و دەیبات خۆی لەسەر شەقامەکان نوسخە دەستنووسەکانی دەفرۆشێت. ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خوێنەردا و خوێندنەوەی شیعرەکان بە دەستوخەتی شاعیرەکە خۆی، ئەزموونێکی کەمە، دوای چەندین ساڵیش لە شەقامێکی ئوستورالیا هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە.

وەدیع سەعادە لە بەیرووت  دەچێتە گۆڤاری شیعر و لەوێ لە سەرەتاکانییەوە دەست دەکات بە کاری ڕۆژنامەنووسی و بە درێژاییی ژیانی و بە ئێستایشییەوە هەر هەمان کار دەکات. لە زۆر وڵاتی ئەورووپادا کاری ڕۆژنامەنووسیی کردووە.

وەدیع سەعادە ئێستا تەمەنی ٧٠ ساڵە. ژیانێکی ئارام دەژی، بەڵام پڕ لە غیاب. هەندێک ناویان ناوە شاعیری غیاب. کە شیعرەکانی دەخوێنینەوە، باشتر لەمە تێدەگەین. غیابێک کە پڕە لە ئارامی. شیعرەکانی بە جۆرێک ئارامن، گەر کەمێک زەحمەت بکێشیت، لەناو لاپەڕەکاندا گوێت لە دەنگی هەموو بوون دەبێت.

خۆیشی ئێستا لەم ئارامییەدا دەژی، تەریکە و دوورە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەک.

ئەم کتێبە لە هەشتەمین پیشانگای نێونەتەویی کوردستان-سنە لە غورفەی سەردەم لە رێزی پرفروشترین کتێبەکان دانراوە و هەروەها لە کتێبفرۆش غەزلنووس لەکوردستان دەست دەکەوێت.

کورتە شیعری «نیگا »، لە شیعرەکانی نێو کتێبەکە، بە دەنگی فرمێسک محەمەد و میکسی دەنگی هونەرمەند رووزبێ مۆسلێح کارکراوە.

نموونەی شعری[دەستکاری]

نیگا

چاوانیان جێ دەهێڵن و دەڕۆن

پشت بە نیگا کۆنەکانیان دەبەستن

لەسەر جەستەیان بێدەنگی،

شنەبای مردووان و ڕۆحی جێیە خاپوورکراوەکان نیشتووە.

لە خەیاڵیشیاندا گەر هەورێک تێپەڕێت،

باران بەسەر کێڵگە دوورەکانیاندا دەبارێت.

ڕێ دەکەن

کاتێکیش ماندوو دەبن

نیگایەک ڕادەخەن و

دەنوون

سەرچاوەکان[دەستکاری]