وێبی تاریک
وێبی تاریک (بە ئینگلیزی: Dark web) بەشێکی شاراوەی وێبە (world wide web)، کە لە ڕێگەی ئامێرەکانی گەڕانەوە (گووگڵ، بینگ و یاھوو و ھیتر) پەڕەکان و پێکھاتەکانی نادۆزیتەوە. واتە ناوەڕۆکەکەی ئیندێکس ناکرێ و دەست گەیاندن پێیان سنووردارە بۆ بەشداربووانی بە تەنیا. بەشداربووانی ئەم بەشە شاراوەیەش لە وێ، لە ڕێی تەکنیکی تایبەتییەوە ناو و نیشانیان بە نادیار دەکرێ و بێناسنامە دەبن. کە بە تەکنیکی ڕێڕەوکردنی پیازی(onion routing) ناودەبرێت و بە پرۆگرامی تۆر ئەکرێ ئەنجام بدرێت.[١] کە وەکو پیاز چەند چینێکی ھەیە لەسەر یەکتر، ئەم بۆ قفڵ کردن و شاردنەوەی ناسنامە بە سێ چیندا تێ دەپەڕێنێ.
ئەم تەکنیکە لەگەڵ ھەر داخوازییەکی نوێی بەشداربووەکە بۆ پەڕەیەکی وێب، ھەڵدەستێ بەگۆڕینی ڕێڕەوی ناونیشانەکە و ھەر جارەی بەشێوازێک ناسنامەی بۆ دەکات و ناسنامەی بنەڕەتی خۆی دەشارێتەوە. بەو شێوەیە بەکارھێنەر ئەشارێتەوە لە دابینکاران و چاودێرانی وێب، ھاوکات لە خاوەنی وێبگە و لاپەڕەکانی سەردانیان دەکات. وەکو کۆنووسی(HTTP) نییە، کە نێرەر و وەرگرێگ ھەبێت، بەڵکو تێکەڵەیەک ھەیە کە چەندین نێرەر و وەرگر زانیاری ڕێک دەخا.[٢]
ناوەڕۆک
[دەستکاری]وەکو بەشە ناسراوەکەی تری وێب، کە ڕۆژانە بەکاری دێنین، ناوەڕۆکی وێبی تاریکیش بریتییە لە زانیاری و چەندین وێبگە، کە مەکۆ و شوێنی چالاکی تری تیا دانراوە، ھاوکات شوێنی ئەو کەس و لاپەڕانەیشە کە وەکو ویکیلیکس. ھەواڵ و پەیامی جۆرابەجۆر دەگەیەنن، بەڵام نە خاوەن وێبگە و لاپەڕەکان ناسراون و نە ئەوانەش کە وێبگەڕی دەکەن تیایاندا.[٣]
هۆکاری درووست بوون
[دەستکاری]ساڵی ٢٠٠٢ لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی کامبریدج، ھەوڵ درا، ڕایەڵەیەک پێک بھێنرێت کە پارێزراو بێ لە سیخوڕی و ھەواڵدزی و تەنیا کەسانێک بتوانن دەستیان پێ بگا کە مۆڵەتدراو بن. نەخشەی کار بەو شێوەیەبوو کە ئەم جۆرە ڕایەڵەیە بۆ دامودەزگاکانی ئەمریکا و کاری سەربازی بخرێتە گەڕ. یەکەم وەشانی تاقیکاری لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بڵاو بووەوە. دواتر پەیمانگا و بەشەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا لەسەر برەو پێدانی کاریان کرد. ئەمڕۆکە دوو لەسەر سێی تێچوونی ئەم بەشە تاریکەی وێب لەلایەن ئەمەریکاوە خەرج دەکرێ و بەشێکیشی لەلایەن کەس و دامەزراوەی تایبەتییەوە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆڕەوە زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ پێ بکەن، بێ ناسینەوە و ناسنامەیەک.
بەشداربووان
[دەستکاری]- ئەوانەی کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن
- ئەوانەی یاخین لە دەست دیکتاتۆرەکان و لەتاو زوڵم و ستەمیان، زانیاری ئاڵگۆڕ دەکەن بێ ناسینەوەیان.
- ئەوانەی کە بە دژەڕژێم یا ئۆپۆزیسیۆن خۆیان ناوزەند کردوە
- چەک و دەرمان فرۆشەکان
- بازرگانەکانی لە باج و خەراج خۆیان دەدزنەوە
- تیرۆریست و ڕێکخراوەکانیان
- ھاکەر و ئەوانەی ئاڵوگۆڕی دراوەی دیجیتاڵ دەکەن
- ھەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت بەدوور لە ئامێرەکانی گەڕان و ئاشکرا زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ بەستەر و شاراوەکانی وێب (https://thehiddenwiki.org)
- ↑ بڕوانە ویکی چاوگ ١٢ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ وێبگەڕی تۆر TOR چۆن کار دەکات
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |