ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢١/نیسان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بیابان ناوچەیەکی وشکی سەختی سرووشتیی ھەسارەیییە، کە بەزۆری زەویی تەخت و لێژن. ژینگەیەکی سەختە و دژایەتیی ژیانی ڕوەک و ئاژەڵان دەکات. خاکەکەی بەزۆری مردووە و خۆراکی کانزایی تێدا نییە یان زۆر کەمە. نزیکەی یەک لەسەر سێی گۆی زەوی بیابانە. ھەردوو جەمسەرەکانی باکوور و باشووری گۆی زەوی بە «بیابانە ساردەکان» دادەنرێن. بیابانەکان دیاری دەکرێن بەگوێرەی تێکڕای ڕێژەی باران بارینی ساڵانەیان لەگەڵ بەرزیی پلەی گەرمی و ھەڵکەوتەی جوگرافییان.

بیابانەکان بە پڕۆسەکانی ئاووھەوا دروست دەکرێن وەک جیاوازیی زۆری پلەی گەرمی لەنێوان ڕۆژ و شەودا، ئەم جیاوازییە گەرمییە کار دەکاتە سەر پێکھاتە بەردینییەکانی خاک و ھەڵیاندەوەرێنێت. ھەرچەندە باران بارین بە دەگمەن لە بیابانەکاندا ڕوودەدات، بەڵام جاروبار باران دەبارێت، کە دەبێتە ھۆی لافاوی وێرانکەر، ئەمەش بەھۆی مردوویی خاکەکەی کە توانای ھەڵگرتنی ئاوی نییە، و باران بارین لەسەر بەردە گەرمەکان دەبێتە ھۆی لەت بوون. لە ئەنجامدا پارچەکان و کەلاوەکان لەسەر زەویی بیابان زیاتر بە با دەڕووشێن. ئەمەش تەنی لمی و ورد دروست دەکات و دواتر بایەکان ھەڵیان دەگرێت و بڵاویان دەکاتەوە. کاتێک ئەم لمانە (کە بەھۆی باوە دەجوڵێن) بەر تەن و بەردی دیکە دەکەون، ئەوانیش دەڕوشێنن و ھەڵیان دەتراشن. با ڕێڕەوی تەنە لمییەکان دیاری دەکات و لەتوانایاندا ھەیە ڕوەک و دەوەنەکان لە ڕەگەوە ڕابکێشن و دووریان بخاتەوە لەو چالاکییانەی کە دەبنە ھۆی مانەوەی زیندوویی خاک. بیابانەکان زەوی تەخت و دەشتایی ڕەقن کە ھەموو ماددە کانزایییەکانیان لێ دەرھاتووە و بەشە باشەکانی خاکیان لێ ھەڵکراوە و ڕوەکەی لە مۆزایکی بەردی لووس پێکھاتووە. ئەو ناوچانە بە شۆستەی بیابانەکان ناسراون، ھەندێک لە سیماکانی بیابانیش بریتین لە بەردی بەبەردبوو، بەردی ژێرزەوی و گڵی بێژینگ کراو و لە ئاو ھەڵکێشراو. کاتێک دەریاچە کاتییەکان دروست دەبن و دواتر بەھۆی بەھەڵمبوون وشک دەبن، کاریگەری دەخەنە سەر خاک و دەبنە ھۆکارێک بۆ دروستبوونی بیابانەکان، ئەمەش بەھۆی جێھێشتنی خوێیەکانی ئاو و ھەڵوەشاندنەوەی بەندی ماددە کانزایییە بە نرخەکانی خاک.
خوێندنەوەی زیاتر...