ویکیپیدیا:لیژنەی ناوبژی/سیاسەتەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لیژنەی ناوبژی پێکھاتووە لە گرووپێک لە بەکارھێنەرانی ویکیپیدیا کە لەلایەن کۆمەڵگەوە ھەڵبژێردراون و متمانەیان پێ کراوە کە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن. لیژنەی ناوبژی زۆرجار لەو ئەندامانە پێکھاتوون کە مافی پێشکەوتوویان ھەیە بەھۆی متمانەکەیانەوە (وەک بەڕێوەبەرایەتی و مافی پێشکەوتووی تر). ھەرچەندە پێویست نییە کە بەکارھێنەرێک مافی پێشکەوتووی ھەبێت بۆ بوون بە ئەندام، ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەدا جێی خۆیان سەپاندووە و متمانەیان پێ کراوە، ئەگەری زیاتریان ھەیە ببن بە ئەندامی لیژنەکە. ھەموو زانیارییەکانی ئەم پەڕەیە دەربارەی پڕۆسە و سیاسەتەکانی لیژنەی ناوبژییە.

لیژنەی ناوبژی[دەستکاری]

ئەرکەکان[دەستکاری]

لیژنەی ناوبژی ئەم ئەرکانەی لەسەر شانە:

  1. بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کێشەیەک یان ناکۆکییەک کە شڵەژانی لە کۆمەڵگەکەدا دروست کردووە و نەتوانراوە لەلایەن بەکارھێنەرانەوە چارەسەر بکرێت؛
  2. بەسەرداچوونەوە و گوێگرتن لە گلەییەکانی ئەوانەی کە بەربەست یان بانکراون؛
  3. داواکارییەکانی کشانەوە لە مافە پێشکەوتووەکانی وەک بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوە ببەن، جگە لەوانەی کە خۆیان داوایان کردووە؛
  4. چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕەنگە لە کۆڕێکی کراوەدا باسکردنیان شیاو نەبێت بە ھەر ھۆکارێک بێت (تایبەتێتی، یاسایی، و ھتد...؛
  5. قبووڵکردنی داواکارییەکان بۆ ھەردوو مافی پێشکەوتووی پشکنەری بەکارھێنەر و ئۆڤەرسایت و لابردنیان

پاڵاوتن[دەستکاری]

ئەندامانی لیژنەی ناوبژی ھەر سێ ساڵ جارێک لەلایەن کۆمەڵگەوە دیاری دەکرێن لە پڕۆسەی پاڵاوتندا. دەبێت کاندیدەکان:

  1. لەگەڵ پێوەرەکانی ویکیمیدیا بۆ سیاسەتی دەستگەیشتن بە زانیاریی تایبەتی بگونجێن و لەکاتی پاڵاوتنیاندا بە ڕوونی دانی پیانێن کە لە پێوەرەکان دەرناچن و؛
  2. ھەر ھەژمارێکی دووەم کە ڕەنگە ھەیانبێت لە پڕۆسەی پاڵاوتنەکەیان بیخەنە ڕوو. ئەو ھەژمارانەی کە یاسایین و پێشووتر بۆ کۆمەڵگە خراوەتە ڕوو کە خاوەنەکەی کێیە پێویست ناکات باس بکرێتەوە.

لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا، لەوانەیە لیژنەکە ھەڵبژاردنی لەپڕ ئەنجام بدات، کە ھەندێک جار بەھۆی خانەنشینبوونی ئەندامێکی لیژنەوە سەر ھەڵ دەدات کە پێویستە یەکێکی تر بە خێرایی کەلێنی ئەندامی ڕۆیشتوو پڕ بکاتەوە و جێی بگرێتەوە.

ڕەفتاری ئەندامان[دەستکاری]

پێشبینی دەکرێت کە ئەندامانی لیژنە لە ھەموو حاڵەتێکدا:

  1. بە خووڕەوشتێکی جوان و مەبەستی پاکەوە کردەوەیان ھەبێت؛
  2. بە خێرایی و شیاوی وەڵامی ئەو گلەییانە بدەنەوە کە لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەوە ڕووبەڕوویان کراوەتەوە دەربارەی دەسەڵاتە متمانەپێکراوەکەیان؛
  3. بە شێوەیەکی بەردەوام و بە ئاگادارییەوە بەشداری لە چالاکییەکانی لیژنە بکەن و نەھێڵن بە ھیچ شێوەیەک لیژنەکە ناچالاک بێت؛
  4. بە ھەموو شێوەیەک وتووێژ و دەمەقاڵێ و بابەتی تایبەتی نێوان لیژنەکە بپارێزن و ھەرگیز نەیەڵن دزە بکات.

ئەگەر ھەر ئەندامێکی لیژنە بە شێوەیەکی بەردەوام و زەق یەکێک یان زیاتر لە پێشبینییەکانی لە سەرەوە بۆیان کراوە بشکێنن، لەوانەیە بە دەنگی دوو-سێی لیژنەکە، جگە لە:

  1. ئەو ئەندامەی کە ڕووبەڕووی سڕکردن بۆتەوە، لەگەڵ؛
  2. ھەر ئەندامێکی ناچالاکی لیژنە کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕوونکردنەوە لەسەر پێشنیارەکەیان بۆ چارەسەکردنی ناکۆکییەکە نادەن

سڕ بکرێن و لاببرێن.

کشانەوەی ئەندام[دەستکاری]

ھەر ئەندامێکی لیژنە بۆی ھەیە لە ھەر کەیسێک بێت بەبێ ڕوونکردنەوە بکشێتەوە. پێشبینی کراوە کە ئەندامان خۆیان ئەم کارە بە خێرایی بکەن لە حاڵەتێکدا ئەگەر کێشەی دژایەتی خواستیان ھەبوو لەگەڵ بابەتەکەدا. نموونەی دژایەتی خواست: بێلایەننەبوون لەسەر بابەتێک بەھۆی کێشە و مەبەستی کەسییەوە یان دەست تێکەڵیان لەگەڵ یەکێک لە لایەنەکانی کە ڕووبەڕووی ناکۆکی بوونەتەوە. دەبێت ئەندامانی لیژنە لە ھەموو حاڵەتێکدا بێلایەن بن و قسەی ڕاست بکەن و پەیوەندی کەسی و بەشدارنەبوون لەبەر زویرنەکردنی دڵی ھاوڕێکانیان زۆرجار ھۆکارێکی شیاوی کشانەوە لە کەیس نییە.

ئەگەر بەکارھێنەرێک پێی وابوو پێویستە ئەندامێکی لیژنە لە کەیسێک بکشێتەوە، پێویستە سەرەتا لەسەر پەڕەی لێدوانی بەکارھێنەرەکە داوای کشانەوەی لێ بکات و ھۆکارەکانی داواکارییەکەشی بە ڕوونی دابنێ. ئەگەر ئەندامەکە وەڵامی نەدایەوە یان لە کەیسەکە نەکشایەوە، بەکارھێنەری داواکار پێویستە داواکارییەکەی بباتە بەردەم ئەندامانی تری لیژنەی ناوبژی بۆ وەرگرتنی کۆتا وەڵام. داواکردنی کشانەوە لەکاتی گەیشتنی کەیسێک بە ئاستی بڕیاردان لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا نەبێت قبووڵ ناکرێت.

ئاشکرایی و تایبەتێتی[دەستکاری]

لەوانەیە لە ھەندێک حاڵەتدا لیژنە بە شاردراوەی وتووێژ لەسەر بابەتێک بکەن و بە ئەنجامێک بگەن (بەھۆی کێشەی تایبەتێتی یان یاسایی)، بەڵام ھەر بە ئەنجام گەیشتن لەسەریانە کە ڕاپۆرتێکی ورد پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن کە بۆچی لەسەر ئەو کردەوەیەی ئەنجامیان داوە یان بە نیازی ئەنجامدانین ڕێککەوتوون و ھەموو ھۆکارەکانی تێدا ئاشکرا بکەن. ھەر جۆرە پەیوەندییەکی تایبەت بە لیژنەوە دەبێت بە ھەموو شێوەیەک لە نێوان ئەندامانی لیژنە بمێنێتەوە و پاراستنی تایبەتێتی بەکارھێنەران ئەرکی سەر شانی ئەندامانی لیژنە بێت.

پڕۆسە و ڕۆڵەکان[دەستکاری]

لیژنەی ناوبژی دەتوانێ لە ھەر کاتێکدا بێت ڕۆڵی تایبەت بدات بە ئەندامانی، بەو مەرجەی ڕۆڵەکان لە مەبەستی سەرەکیی لیژنەکە دەرنەچن. لەوانەیە لە ھەندێک حاڵەتدا، لیژنەکە ڕای کۆمەڵگە پێش ئەنجامدان و خستنەکاری پرۆژەیەک وەربگرێت. لیژنەی ناوبژی کۆمەڵێک بەردەستیان ھەیە کە لە سەپاندنی بڕیارەکانی لیژنە، چاودێریکردنی کەیسەکان، بەبیرھێنانەوەی سیاسەتەکان بە ئەندامانی لیژنە، چاودێریکردنی ژێرپەڕەکانی تایبەت بە لیژنە، و سەپاندنی ستانداردی شیاو بەپێی سیاسەتەکان لەسەر پەڕەکانی لیژنە بەرپرسیارن.

کار ڕاپەڕاندنەکانی لیژنە[دەستکاری]

دەسەڵاتی دادوەری[دەستکاری]

لیژنەی ناوبژی دەسەڵاتی تەواوی دادوەری ھەیە.

لیژنەی ناوبژی دەسەڵاتی دادوەریان بەسەر:

  1. کردەوە فەرمییەکانی دامەزراوەی ویکیمیدیا یان ستافەکەی نییە؛
  2. پرۆژەکانی تر جگە لە ویکیپیدیا نییە؛
  3. کار ڕاپەڕاندنی دەرەوەی ویکیپیدیا نییە.

لیژنەی ناوبژی دەسەڵاتی تەواوی بڕیاری کۆتاییان لەسەر ھەموو ئەو کەیسانە ھەیە کە دێتە پێشیان و دەتوانن ھەر کاتێک بێت کەیسی کۆن بکەنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. لەوانەیە لە ھەندێک حاڵەتدا لیژنەکە بڕیاردان ببەنە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان ئەگەر بزانن بڕیارەکەیان بە شێوەیەکی توند کاردانەوە لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات.

پێشکەشکردنی کەیس[دەستکاری]

پێویستە ھەموو کەیسەکان بەو شێوەیە ببرێنە بەر دەمی لیژنەی ناوبژی کە لەلایەن لیژنەکەوە داوا کراوە. لیژنە بۆی ھەیە ھەر کەیسێک ڕەت بکاتەوە. لیژنە بیر و باوەڕی بەکارھێنەران و داواکارییەکانیان لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام بەڵێنی جێبەجێکردنیان نادات و بەو داواکارییانە نابەسرێنەوە.

شێوازەکانی کار بەڕێوەبردن[دەستکاری]

ستاندارد[دەستکاری]

لە حاڵەتی ئاساییدا، کەیسەکان کراوەن (بە شاردراوەیی نابەسرێن) و بەو شێوەی ستاندارد بەڕێوە دەچن بەپێی پڕۆسە ناوبراوەکان.

خێرا[دەستکاری]

کاتێک ڕاستییەکانی بابەتێک ڕوونن و دژایەتییان نەکراوە، لیژنە بۆی ھەیە بە خێرایی بڕیار بدات.

تایبەت[دەستکاری]

لە حاڵەتی دەگمەندا، بە تایبەت ئەگەر کێشەی تایبەتێتی و یاسایی و ھەراسانکردن ھەبوو، لیژنە بۆی ھەیە بە شاردراوەیی و بە تایبەتی کۆبوونەوە بکات. ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کەیسەکەوە چانسی ئەوەیان دەدرێتێ کە وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە لەبارەیانەوە وتراوە پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدرێت.

بەشداریکردن[دەستکاری]

ئەنجامەکان لەلایەن دەنگی زۆرینەی ئەندامانی چالاکی لیژنە و ئەو ئەندامانە دیاری دەکرێت کە لە کەیسەکە نەکشاونەتەوە. ئەگەر ھاتوو ماوەی چالاکیی ئەندامێکی لیژنە لە ناوەندی کەیسێکدا بەسەر چوو، بۆی ھەیە تاکوو کۆتایی و بە ئەنجام گەیشتنی کەیسەکە بمێنێتەوە. ئەندامە نوێکان دەتوانن یەکسەر لە ڕۆژی ھەڵبژاردنیانەوە وەک ئەندامێکی لیژنە ڕەفتار بکەن لە کەیسەکاندا.

لێدوان لەسەر کەیسەکان لەلایەن ھەر بەکارھێنەرێکی کۆمەڵگەوە کراوەیە. بەشداربووان پێشبینیان لێ کراوە کە لەسەر ئەو قسانەی لەسەریان کراوە بە وەڵام بێن؛ ئەگەر نا لەوانەیە کەیسەکە بەبێ قبووڵکردنی بۆچوونی زیاتری ئەوان بەڕێوە بچێت. پێشبینی لە ھەموو بەکارھێنەران کراوە کە بە شێوەیەکی شارستانی و عەقلیانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکان بکەن ئەگەر نا ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبن.

بەڵگە ڕێپێدراوەکان[دەستکاری]

لە ھەموو کار ڕاپەڕاندنەکاندا، بەڵگەی ڕێپێدراو پێکھاتووە لە:

  1. ھەموو دەستکارییەکان و لۆگەکانی ویکیپیدیا، بە دەستکاری و لۆگە سڕدراوە و شاردراوەکانیشەوە؛
  2. دەستکارییەکان و لۆگەکانی پرۆژەکانی تری ویکیمیدیا؛
  3. ئیمەڵەکانی بۆ ناونیشانە فەرمییەکانی ویکیمیدیا نێردراوە.

بەڵگەی پەیوەندیی تایبەتی دەرەوەی ویکیپیدیا (وەک ئیمەیڵ و وێبگە کۆمەڵایەتییەکانی تر) تەنیا لە حاڵەتێک ڕێگەپێدراوە ئەگەر لیژنە پەسەندی بکات، کە تەنیا حاڵەتی تایبەت و دەگمەن دەگرێتەوە.

دەتوانرێت بەڵگەکان بە تایبەتی بۆ لیژنەی ناوبژی بنێردرێت، بەڵام لیژنە لە حاڵەتی ئاساییدا پێشبینی دەکات کە بەڵگەکان بە ئاشکرا ئاماژەیان پێ بکرێت مەگەر ھۆکاری زۆر ھەستیار ھەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. تەنیا لەکاتی پەسەندکردنی تەواوەتی لیژنە دەبێت بەڵگەکان بە تایبەتی بنێردرێن و ئەگەر لیژنە ئەم بڕیارەی دا، کەیسەکە دەچێتە حاڵەتی تایبەتەوە و لیژنە کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدات.

بەربەستنی کاتی[دەستکاری]

لە ھەر کاتێک لە ماوەی نێوان کردنەوەی کەیس و بە ئەنجام گەیشتنی کەیس، لیژنە بۆی ھەیە ھەر کامێک لە لایەنەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست بکات، کە لە ئەنجامدا ھەموو کردەوەکانی داھاتووی لایەنەکان سڕ دەکات و ڕەت دەکاتەوە.

بڕیاردانەوە[دەستکاری]

ھەر لایەنێک دەتوانێت داوا لە لیژنە بکات بەسەر کۆتا بڕیاریدا بچێتەوە، قبووڵکردن و ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە بە تەواوی لە دەستی لیژنەدایە. پێویستە ھەندێک کات بەسەر کۆتا بڕیاری لیژنەدا تێپەڕبووبێت (٧ ڕۆژ ستانداردە) پێش ئەوەی داوایان لێ بکرێت بەسەر بڕیارەکەیاندا بچنەوە.