مەلا یووسفی گڵێجاڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مەلا یوسفی گڵێجاڵەوە ڕەوانە کراوە)

مەلا یووسفی گڵێجاڵ

مەلا یووسف کوڕی خەلیفە ئەحمەدی مەلا یووسفی گەورەی خەلیفە مارفە، کە باپیرە گەورەی یەکێک لەبنەماڵە دامەزرێنەرەکانی ئاوایی گڵێجاڵە لەپشتکێوی بەمۆی باشوری ھەڵەبجە.

لەدایکبوون و خوێندنی:

لە دەوروبەری 1915 لە ئاوایی گلێجاڵ (مەڵبەندی ناحیەی بەمۆ) لە بنەماڵەیەکی مەلا زادە لە دایکبووە، سەرەتا لای مەلا فەتاحی مامی خوێندوویەتی لە گوندی خۆیان، پاشان زۆر مەدرەسە و  حوجرەیتر گەڕاوە بۆ خوێندنی مەلایەتی لەوانەش: گوندی چنار، عەبابەیلێ، مزگەوتی تەکیەی ھەڵەبجە، فەقێ جنە، پێنجوێن، تەوێڵە، پریس، ھەروەھا باسی ئەوەش ھەیە چووبێتە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان و مزگەوتی شێخی گەیلانی لە بەغدا، لەکۆتا وێستگەی فەقێیەتیشدا لەسەردەستی زانای ناسراوی دەڤەری ھەڵەبجە، مەلا ساڵحی گەورە، لە گوندی تریفە لە دەوروبەری ساڵی 1945 مۆڵەتی مەلایەتی "الإجازة العلمیة" ی وەرگرتووە.

مامۆستا و ھاوسەردەمەکانی:

ئەو مامۆستایانەی لەکاروانی فەقێیەتیدا وانەیان بەمەلا یوسف وتووە و تا ئێستا ناویان زانراوە، بریتی بوون لە: مەلا محەمەدی مەلا عەبدوڵڵای عەبابەیلێ، مەلا شەفیق کۆکۆیی، مەلا حەسەنی عەبابەیلێ، مەلا عابدی عەبابەیلێ، مەلا عەبدولعەزیزی پریس، مەلا ساڵحی گەورە.

دیارترین ھاوفەقێ و ھاورێکانیشی مەلا مەجیدی دەوڵەت ئاوای جوانڕۆیی بووە، بەپێی ئەو دەستخەتانەشی لێی بەجێماوە ھاوڕێیەتی و ناسراوی لەگەڵ مەلا رەشیدی پاوەیی و زۆرێک لە فەقێکانی ساڵانی سییەکان و نیوەی یەکەمی چلەکانی ھەڵەبجە ھەبووە وەک؛ مەلا عەلی کۆکۆیی و مەلا عوسمان سۆفی و مەلا حەمە ئەمین سەراوی، وا دەرەکەوێ ھاورێی عەرەبیشی ھەبووبێت و ئاشنایەتیشی لەگەڵ ھەندێ کەسایەتی جولەکەدا ھەبووە لە ھەڵەبجە.

ئاستی رۆشنبیری:

جگە لە بابەتەکانی شەرعزانی، مەلا یوسف کەسێکی  رۆشنبیر بووە، زمانەکانی عەرەبی و فارسی زانیوە، شارەزایی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ھەبووە، خاوەن بۆچوونی تایبەتی خۆی بووە و کەسێکی چاوکراوە و زیرەک بووە، وەک مەلا مەحمودی گەڵاڵە ئاماژەی پێکردووە، لەدەمی خۆیدا کاریگەر بووە بە بەرھەمی رێبەرە منەوەرە چاکسازیخوازە ئیسلامییەکانی قوتابخانەی میسری. مەلا ساڵحی گەورە کە لە 1945 مۆڵەتی شەرعی پێداوە، ھەندێکجار بەنمونە باسی ئازایەتی و زیرەکی مەلا یوسفی بۆ فەقێکانیتر کردووە.

ناکۆکی مەلا یوسف لەگەڵ شێخ  

ئەوانەی لەنزیکەوە مەلا یوسفیان ناسیوە دەڵێن بۆچوونی وەھابووە، ئەگەر خەڵک زەکاتی خۆیان لەبەر خوا بدەن، ئەوە پێویست ناکات بیدەنە شێخەکان، چونکە ئەو ھیچ خاوەن موڵک و ماف نین لە زەوییەکانی میری بەتایبەت ھی گوندەکەی (گلێجاڵ) کە زەوی ئەمیری بوون، ئەم قسەیەشی بە راشکاوی بە شێخ و پیاوانی شێخ وتووە، خەڵکیشی ھانداوە، موڵکانە بەشێخ نەدەن، وەک حمەی مەلا کەریم دەڵێت "زەکات دانی بە شێخ بەپێچەوانەی دادگەریی ئیسلام زانیوە"، ھەروەھا لێی بیستراوە وتویەتی "شێخ چییە خەڵک زەکات و ماڵی خۆیانی پێ بدەن"، ئەم جۆرە بیرکردنەوەو تێڕوانینەش ئەوکاتە لەناو بەشێکی ناوەندی ئاینی ھەڵەبجە و بەتایبەت لە مزگەوتی تەکیە و فەقێکانی وەک مەلا مەجیدی دەوڵەت ئاوا بڵاو بووە کە دژی دەرەبەگایەتی پەردەپۆش بەئاین و شێخێتییەوە وەستاونەتەوە.

کوژرانی مەلا یوسف:

چەند مانگێک لەپاش مۆڵەت وەرگرتنی و لەدەمی گەڕانەوەیدا بۆ زێدی خۆی؛ گڵێجاڵ، بەمیوانی، بەدەستی کەسێک بەناوی (حەمە چەتە) کە خزمەتکاری ماڵی شێخ زاھیدی کوڕی شێخ عەلائەدینی بیارە بووە لە ھاوینی 1946، بە فیشەکی بڕنەو لە کەناری جۆگەیەکی ئاودێریدا کوژراوە، بۆ دڵنیابوون لەگیان دەرچوونیشی دەمارەکانی دەستی بەچەقۆ بڕدراوەتەوە. پاشان تەرمەکەی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە گوزاراوەتەوە بۆ ھەڵەبجە کە شوێنی پەروەردە بوونی بووە، ھەر لەوێش لە گۆڕستانی شێخ ئیسماعیل ئەسپەردەی خاک کراوە.

کاردانەوەکانی کوشتنەکە

مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە مامۆستای مەدرەسەی بیارە بووە، باس لەوە دەکات بەھۆی کوشتنی مەلا یوسفەوە "فیتنەو ئاشوبێکی نالەبار لەوبەری سیرواندا بەرپا بووە" ئەمەش لەسەر دڵی شێخی بیارە؛ عەلائەدینی شێخ عومەر، قورس بووە، ھەروەھا ئەم رووداوە یەکێک بووە لەھۆکارەکانی ئەوەی کاتب و موعتەمەدی چەند ساڵەی شێخ کە ناوی سەید مەزھەر بووە بیارە بەجێ بھێلێت. لەدەرەوەی خانەقای بیارەش لەناوەندی ئاینیدا زۆر کەس کوشتنی مەلا یوسفیان زۆر پێ ناخۆش بووە بەتایبەت مەلاکانی ھەڵەبجە کە ھاوڕێ و ھاوخەمی یەکتر بوون و مەلا عەبدولعەزیزی پریس لەسەر ئەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە.


سەرچاوەکان:

مەلا عومەر عەبدولعەزیز ئەلحوسەینی: نامەیەک بۆ برایانی عەشیرەتی گڵێجاڵ، 21/ 10/ 2003، "دەسخەت"، ناوەندی کوردستان ـ زانکۆی سلێمانی.

مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس: ڕۆژگاری ژیان، یاداشت و بیروەرییەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، ئامادەکردنی ڕەئووف مەحمودی، انتشاراتی کردستان، سنە، 2015، لا 229.  

بەرزان ئەحمەد: مەلا یوسف چۆن لەلایەن شێخێکی ھەورامانەوە تیرۆر کرا؟! گۆڤاری ستاندەر ژمارە 25، ساڵی سێیەم، حوزەیرانی 2008، لا 14_19.

ڕۆژنامەی کۆمەڵ: گەشتێک بەژیان و فیداکاریی مەلا یوسف ـ ی گڵێجاڵ "، ژمارە 21 لە 7 ئازاری 2002، لاپەڕە 7.

چاوپێکەوتنی م. عادل صدیق لەگەڵ حەمەی مەلا کەریم، 2006.

چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکانی ئاوایی گلێجاڵ: مەحمود مستەفا، محەمەد سبحان، زینەت ئەحمەد، محەمەد مەلا فەرەج.

زاناو کەسایەتی کورد مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە: ژیاننامەی زانای مەزن ( مامۆستا مەلا صاڵح  )ی گەورە، بەشی حەوتەم، بەردەستە لە لینکی: https://bit.ly/2ZYDaxE.