مەحموود مەلا عێزەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مەحموود مەلا عیزەتەوە ڕەوانە کراوە)

مەحموود مەلا عێزەت (١٩٣٩–٢٠٠٥) نووسەرو مێژوونووسی ناسراوی کورد، مامۆستا مەحموودی مەلا عێزەت، ساڵی ١٩٣٩ی زایینی، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتاییو ناوەندیی ھەر لەوێ تەواوکردووە، ساڵی ١٩٦٢، لە زانکۆی بەغدا لە بەشی مێژوو بەکالیۆرسی وەرگرتووەو پاشان بووە بە مامۆستای مێژوو. ساڵی ٨٠–١٩٨١، بە تاوانی چالاکیی سیاسی دژ بە ڕێژیم گیراوەو دوای ئەوەی کە بە سەربەرزی ئازادکرا، ڕێی ئاوارەیی گرتەبەرو لە وڵاتی سوێد وەک پەنابەری سیاسی نیشتەجێ بوو. ساڵی ١٩٨٧ و لە ئەرشیفی ھەرێمی شاری ئوپسالا دامەزراو تا گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە کارەکەیدا بەردەوام بوو. مامۆستا مەحموود، وەک نووسەرێکی بە توانا لە زۆربەی ڕۆژنامھ و بڵاوکراوھ ئاشکراو نھێنییەکاندا ھاوبەشی کردووەو گەلێک باسو لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە کە سەرەڕای چەند بەرھەمی وەرگێڕدراو، ئەم کتێبانەشی چاپ و بڵاوکردووەتەوە:

  • دیپلۆماسێتیی بزووتنەوەی کوردایەتی، ١٩٧٣
  • کۆماری میللی مەھاباد، چاپی یەکەم ١٩٨٤، چاپی دووەم ١٩٨٧
  • ڕەگو ڕیشەی مێژووی تەقەلای بەعێراقیکردنی کوردو مەسەلەی کوردستان، ١٩٨٦
  • کوردو ململانێو ستراتیجی ئاسایشی نەتەوە، ١٩٨٨
  • دەوڵەتی جمھوری کوردستان (نامەو دۆکومێنت)، بەرگی یەکەم، ستۆکھۆڵم ١٩٩٢
  • دەوڵەتی جمھوری کوردستان (نامەو دۆکومێنت)، بەرگی دووەم، ستۆکھۆڵم ١٩٩٥
  • دەوڵەتی جمھوری کوردستان (نامەو دۆکومێنت)، بەرگی سێیەم، ستۆکھۆڵم ١٩٩٧

جێی ئاماژەیە کە لە بواری ڕۆژنامەوانیی-یشدا کەسێتییەکی چالاک بووەو سەردەمێک وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کاریکردووەو، ھەربۆیەش لە سەرەتای دەرچوونی گۆڤاری گزینگ، یەکێک لە بەشدارانی ھاندەرو ھاوکارانی یارمەتیدەری گۆڤارەکە بووە کە لە ڕیزی ئەو نووسراوانەدا دەکرێت بە وتووێژێک لەژێر ناونیشانی (ئەقڵییەتی سیاسیو دیپلۆماسیی کورد) (گزینگ، ژمارھ٨) و، ھەروەھا لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە کۆماری کوردستان: (با بۆچوونە شێواوو ھەڵەکان ڕاستبکەینەوھ) (گزینگ، ژمارھ١٣ - بەشی١؛ گزینگ، ژمارھ١٤ - بەشی٢) ئاماژە بکرێت.

مامۆستا مەحموودی مەلا عێززەت کاتێک، بە نیازی چارەسەری نەخۆشییەکەی لە کوردستانەوە گەڕایەوە وڵاتی سوێد، بەداخەوە ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٠٥ لە شاری ئۆپسالا بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لە ژیانو کەسوکارو گەلەکەی کرد.