مینۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مینۆن ناوی یەکێک لە دیالۆگە سوکراتییەکانی ئەفلاتوونە کە لەبارەی فەزیلەتەوەیە. سپاسالاری یۆنانی، «مینۆن»، دیالۆگەکە بە پرسیارێ لە سوقراتەوە دەست پێ دەکا. پرسیارەکەش ئەمەیە کە ئاخۆ فەزیلەت بۆ فێرکردن دەشێ یا ناشێ. لەم نامیلکەیەشدا، وەکوو دیکەی نامیلکەکانی ئەفلاتوون، سوقرات بە دوای ڕاستییەوەیە، بەڵام دەڵێ کە شتێ نازانێ. لە کۆتاییشدا، ئاکامێکی بڕاوە و بێقسە لە باسەکە وەرناگیردرێ. سوقرات ھاوکات و لە نێوان لێدوانەکاندا بۆچوون و باوەڕەکانی خۆی دەردەبڕێ. کە ھەڵبەت، لێکۆڵەران زیاتر بە ھیی ئەفلاتوونی دەزانن تا ھیی سوقرات، وەکوو ئەوەی کە دەڵێ «زانین بیرھاتنەوەیە».

ئامادەبووانی کۆڕەکە جگە لە سوقرات، مینۆن و ئانیتۆس -ن.

پوختە[دەستکاری]

مینۆن لە سوقرات دەپرسێ «ئاخۆ فەزیلەت دەتوانرێ فێر بکرێ؟» سوقرات جواب دەداتەوە کە نازانێ فەزیلەت بۆ خۆی چییە و تا ئێستاش کەسێکی نەدۆزیوەتەوە کە بزانێ. مینۆن دەڵێ دیارە بە خزمەت گۆرجیاس نەگەیشتووی، ئەو کاتەی لە ئاتینادا بووە. سوقرات دەڵێ بە خزمەتی گەیشتووە بەڵام قسەکانی لە بیر نەماوە و تکا لە مینۆن دەکا تا بیر و باوەڕی خۆی لەبارەی فەزیلەتەوە کە دەبێ بە بیر و باوەڕی گۆرجیاسیش نزیک بێ، بۆی بگێڕێتەوە. مینۆن وەڵام دەداتەوە «فەزیلەت، یا فەزیلەتی پیاوانە یا ژنان یا مناڵان و، ھەر قۆناغێک لە ژیاندا فەزیلەتی تایبەتی ھەیە کە شیکردنەوەی ئاسانە».

سوقرات تێی دەگەیێنێ کە پێناسەی فەزیلەتی لێ ویستووە نەک دانە دانە ھەڵدانی فەزیلەتەکان. ئینجا مینۆن فەزیلەت وەکوو «ھێزی فەرمانڕەوایی» دەناسێنێ. سوقرات نیشان دەدا کە کەسانێکیش کە فەرمانبەرن و فەرمانڕەوا نین، دەتوانن خاوەن فەزیلەت بن و ئەو کاتە فەرمانڕەوایی لەبارە کە ھاوڕێی عەداڵەت بێ. مینۆن دەڵێ کەوایە عەداڵەت ھەمان فەزیلەتە و، سوقرات تێی دەگەیێنێ کە عەداڵەت یەکێ لە فەزیلەتەکانە، وەک شێوەی خرت یا سێگۆش کە یەکێ لە شێوەکانە و شێوە بەگشتی نییە.

مینۆن ھەمدیسان فەزیلەت پێناسە دەکا: مەیلی گەیشتن بە شتە جوانەکان کە ھاوڕێ بێ لەگەڵ ھێزی گەیشتن پیان. سوقرات دەڵێ ئەوەی کە جوانە، باشیشە و کەس نییە مەیلی گەیشتن بە باشیی نەبێ. بۆیە، بەشی ئەووەڵی پێناسەکە زیادی و ناپێویستە و دەبێ بوترێ: فەزیلەت ھێزی گەیشتن بە شتە جوانەکانە. بەڵام ئەم پێناسەیەش کەموکووڕە، چونکە جوانی و باشی بەشێ لە فەزیلەتن و ناکرێ بوترێ فەزیلەت ھێزی گەیشتن بە بەشێ لە فەزیلەتە.

مینۆن دەڵێ لە خزمەت سوقراتدا حەپەساو و داماو بووە و ئیدی نازانێ چ بکات و چ بڵێت. سوقرات وەڵام دەداتەوە کە ھۆکەی ئەوەیە کە خۆیشی حەپەساو و مات و حەیرانە نازانێ ڕاستی چییە. بڕیار دەدەن کە لێدوانەکە درێژە پێ بدەن. مینۆن دەپرسێ: ئینسان چۆن دەتوانێ بە دوای ڕاستییەوە بێ؟ ئەگەر دەزانێ ڕاستی چییە، گەڕانەکەی ناپێویستە، ئەگەریش نازانێ ڕاستی چییە، چووزانێ بە دوای چییەوەیە؟ بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، سوقرات ئەم باسە دەست پێ دەکا کە بناخەی ناسین و زانین چییە.

دەڵێ گیان بەر لەوەی بێتە قاڵبی لەشەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ ڕاستییەکاندا بووە. ئەوەی لەم دنیایە بەدەستھێنانی زانستی پێ دەڵێین خۆی پەردە ھەڵماڵین لە ڕووی زانستێکە کە پێشتر لە گیانا ھەبووە. بۆ سەلماندنی ئیددیعاکەشی غوڵامێکی خزمەتکاری مینۆن بانگ دەکا و لە بابەت ئەندازەزانییەوە شتگەلێکی لێ دەپرسێ و نیشانی دەدا کە تەنیا بە پرسیارکردن لێ، دەتوانێ زانستی تیا بەدی بێنێ، ھەروا کە غوڵام بەبێ ئەوەی لە کەسێکەوە فێری ئەندازەزانی بووبێ لە یاسای فیساگۆرس تێ دەگات. سوقرات دەڵێ کاری مامۆستا شتێ نییە جگە لەوەی کە یارمەتیی قوتابیانی بدا تا ئەوەی دەیانزانی بێتەوە بیریان.

دووبارە دێنەوە سەر ئەم باسە کە ئایا فەزیلەت بۆ فێرکردن دەشێ یا نا. سوقرات دەڵێ ئێستە کە نازانن فەزیلەت چییە، وای دانێن فەزیلەت ھەمان زانایی و زانستە. ئەگەر ئەم فەرزە قەبووڵ بکرێ، فەزیلەت شیاوی فێرکردن دەبێ. بەڵام ئەگەر فەزیلەت شیاوی فێرکردنە، فێرکار و مامۆستای دەتوانێ کێ بێ؟ لەبەر ئەوەی کە کەس پەیدا نابێ بۆ فێرکردنی فەزیلەت، ناچار فەزیلەت فێرکردنی نییە و کەوایە زانستیش نییە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان سوقرات داوا لە ئانیتۆس کە لەوێیە دەکات کە بڵێ مینۆن بۆ فێربوونی فەزیلەت دەبێ لای کێ بچێ. دەشڵێ ناکرێ بە پیاوە سیاسییەکانی شاری ئاتینا بوترێ مامۆستای فەزیلەت، چونکە ئەوان تەنانەت نەیانتوانیوە مناڵانی خۆیان، کە جگەرگۆشەیانن، بار بێنن و بێجگە ئەسپسواری و زۆران نەبێ ھونەرێکی تریان فێر نەکردوون.

ئانیتۆس کە خۆی لە سەرزلەکانی ئاتینایە بە بیستنی ئەو قسانە و تانە و تەشەرەکانی سوقرات، تووڕە دەبێ و لێی دەدا دەڕوا.

لە درێژەدا، سوقرات ئاماژە بەوە دەکا کە گەرچی فەزیلەت زانست نییە دەتوانێ «باوەڕی دروست» بێ و باوەڕی دروستیش بایەخی خۆی ھەیە.

سەرچاوە[دەستکاری]

  • صناعی، محمود. چھار رسالە، منون. نشر ھرمس.