منارەی چۆلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی منارەی چۆلی
وێنەی منارەی چۆلی لەدوورەوە

منارەی چۆلی یان منارەی مزەفەریە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر دەکەوێتە باشووری رۆژاوای قەڵای ھەولێر. لە کاتی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری لە دەورانی دەوڵەتی بەکتکینی دروستکراوە و مەزندە دەکرێ ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بێت کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە. بەرزییەکەی ٢٢ مەتر لە رووی زەوییە.[١]

لە سەردەمی سوڵتان موزەفەر بەھۆی گەشەسەندنی شار و ئارامی و دڵنیایی ھاووڵاتیان، بۆ یەکەم جار خەڵک لە دەرەوەی قەڵات جێگر دەبن و سوڵتان بەم مەبەستەش دوو قوتابخانە و مزگەوتێک و بازاڕی قەیسەری لە خوارووی قەڵات دروستکردووە، بەڵام دوای کۆچی دوایی سوڵتان و ھێرشەکانی مەغول و جەلائیری و ئیلخانی و تورکمانی و سەفەوی بۆ سەر ھەولێر ئەم بەشەی شار لە دەرەوەی قەڵات تووشی ڕووخان و کاوڵبون ھاتووە. شوێنی منارە تا سەرەتای سەدەی ڕابردوو چۆڵەوانی بووە و کەسی لێ نەژیاوە بۆیە ناونراوە «مناری چۆلی» و ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش دەستکاری و فەرامۆشی کردووە تاوەکوو لە ساڵی ١٩٣٥ حکومەتی عێراق بە فەرمی بە شوێنەواری داناوە و دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری عێراقی شورای بۆ دروستکرد و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامدا.

شێوەی منارە[دەستکاری]

بناغەی دیواری مزگەوتەکە نزیکەی ١٤٥ سانتیمەتر پانییەتی. منارەی چۆلی لە گەچ، کەرپوچ و قسڵ دروست کراوە. لە لایەن وەستا «مەسعوود مراد» شێوەی نەخش نیگاری ڕەنگاو ڕەنگی بۆ دروستکراوە.

منارەی چۆلی لە دوو بەشی پێک دێت:

بنکەی منارە: بریتیە لە بەشی خوارەوەی منارە کە بە شێوازی ئەندازیاری دیار ناکەویت چونکە شێوەی ٧ پاڵووە لەوانەشە لەسەرتای خۆی ٨ پاڵوو بووبێت بەڵام بە ھۆکاری دروستکردنی لەپال دیواری مزگەوت بەم شێوازە دروستکراوە چونکە دوای ٧ مەتر دیوارەکە دووبارە دەبێتەوەشێوەیەکی ھەشت پاڵوی رێک. ئەم بەشە کە درێژیەکەی بریتی یە لە ١٥ مەتر دوو دەرگای ھەیە یەکیان ڕۆژاوا و ئەوەی تر رووە و رۆژھەڵات کە ھەر یەکیان پلیکانەیەکی ھەیە بۆ سەرکەوتن بۆ سەرەوەی منارەکە بەشێوازی پێچاو پێچ کە یەکتری نابڕن و ئەوەی لە دەرگایەک سەرکەوتبێت تا کۆتایی منارەکە ئەوی تر نابینێت. سەرجەم نەخشەکانی ئەم بەشە لە خشتەو تاق و پەنجەرەی داخراو پێک دێت و دوو شریتی ھەیە بە شێوازی پیتەکانی X و W.

لوولەی منارە: بریتییە لە بەشی سەرەوەی منارەکە و بە تیرەی ٢١ پێ و بەرزایی ٢٢٫١٠ م راستەوخۆ دەکەوێتە سەر بەشی دووەم و لە شێوەی لوولەیی دایە و لە وانەیە لە کاتی دروستکردن بەرزتر بێت، بەڵام بەھۆی کەش و ھەوا و چاکنەکردنەوەی بەشی سەرەوەی رووخا بێت.[٢]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]