لادانی سوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لادانی سوور

لە فیزیا و ئەستێرەناسیدا لادانی سووری کاتێک ڕوودەدات کە ڕووناکی یان تیشکدانەوە کارۆموگناتیسیەکانی تر لە تەنێکەوە کە لەو کەسەی چاودێری دەکات دوور دەکەوێتەوە درێژی شەپۆلەکەی زیاد بکات، یان بگۆڕێت بۆ کۆتاییە سوورەکەی شەبەنگی تیشک.

لادانی سوور یان کاریگەری دۆبلەر بریتیە لە دیاردەی زیادبوونی درێژی ئەو شەپۆلی کارۆموگناتیسیەی کە لە تەنێکی گەردوونەوە بەرەو ڕوومان دێت بەھۆی خێرابوونی دووری لێمانەوە ڕوودەدات. ئەمە دیاردەیەکی زۆر گرنگە لە زانستی ئەستێرەناسیدا و نمونە لەسەر ئەمە: ئەگەر ئەستێرەیەک یان گالاکسیەک دووریەکەی لە زەویەوە بەھۆی دورکەوتنەوەیەوە لێمان زیادبکات و تیشکی دەرچوو لەم ئەستێرەیەوە ئەگەر بۆ نمونە ڕەنگی شین بێت ئەوا ئەم تیشکە بەھۆی زیادبوونی دوورکەوتنەوەی ئەستێرەکەوە بە ئاراستەی ڕەنگی سووری شەبەنگەکە لادەدات. ئەم دیاردەیە ڕوودەدات بەھۆی ئەوەی کە شەپۆلی ئەو تیشکەی کە بەرەو ڕوومان دێت بەشێوەیەکی نیسبی درێژ دەبێتەوە بەھۆی دوورکەوتنەوەی زیاتری ئەستێرەکە لێمانەوە. ئەم زیادبوونە لە درێژی شەپۆلی ئەو تیشکەی کە پێمان دەگات وای لێدەکات کە بە ڕەنگێکی تر بە ئاراستەی لا سوورەکەی شەبەنگەکە دەربکەوێت. وە بەتایبەتی بەھۆی دیاردەی دۆبلەرەوە ئەگەر ئەستێرەکە بەرەو زەوی بجوڵێت ئەوا پێچەوانەی ئەمە ڕوودەدات. ئیتر بەھۆی جووڵەکەیەوە درێژی شەپۆلی ئەو تیشکەی کە بەرەو ڕوومان دێت بەشێوەیەکی نیسبی کەم دەبێتەوە و وا لەو شەبەنگە دەکات کە بۆ ئەستێرەکە تۆماری دەکەین لابدات بەرەو لای وەنەوشەیی شەبەنگەکە. بەشێوەیەکی گشتی لادانی سووری ئەو تیشکەی کە لە قوڵایی گەردوونەوە بەرەو زەوی دێت سێ ھۆکاری ھەیە: ١. لادانی سوور بەھۆی دیاردەی دۆبلەرەوە. ٢. لادانی سوور بەھۆی جیاوازی ھێزی کێشکردن لەسەر زەوی لەگەڵ ھێزی کێشکردن لەسەر ئەستێرەکە. ئەمە پەیڕەوی بیردۆزی ڕێژەیی ئەنیشتاین دەکات. ٣. لادانی سوور بەھۆی کشانی گەردوون و فراوانبوونی بەردەوامیدا و ئیتر ھەموو ئەستێرە و گالاکسیەکان لێمان دوور دەکەونەوە.