قادر زیرەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

قادر زیرەک ناوی تەواوی قادر ئەحمەد مستەفایە لەساڵی ١٩٥٤ لە گوندی بێرکۆت لەدایکبووە، ھەر لە تەمەنی مناڵییەوە ئەوینی بۆ گۆرانی و مۆسیقای کوردی ھەبوو، کە لە قوتابخانەی سەرەتایەوە ئەم بەھرەیەی تیدا بەدی کراوەو توانیویەتی لەڕێگەی لاسایی کردنەوە پەرە بەبەھرەکەی بدات، ئەم لاسایی کردنەوەش بەھونەر و دەنگی مامۆستای گەورە حەسەن زیرەک ئەوەبوو، بەئەوینی ئەوەوە لاسایی کردۆتەوە و ھەر لە زووەوە خولیای گۆرانی و دەنگی حەسەن زیرەک بووە، نازناوی زیرەکیش ھەر بۆ ئەو کاریگەرییە ھونەرییە دەگەڕێتەوە.

قادر زیرەک لە قۆناغی سەرەتایی لە بێرکۆت تەواو کردووە، دواتر دێتە شار و قۆناغی لە شار تەواو دەکات، بەھۆی بارودۆخی ژیان ناتوانێ خوێندن تەواو بکات و تاکو سێی ناوەندی دەخوێنی.

قادر زیرەک لەساڵی ١٩٦٩دا ژیانی خێزانداری پێکدەھێنی و ماڵێک پڕ لەئەوین و ەونەر لەگەڵ‌ (نەسرین ئەحمەد) دروست دەکات. دوو منداڵییان دەبێت بەناوەکانی (ئەیوب و ژیان).

بەڵام مەرگ ناھێڵێت (قادر و نەسرین) بەردەوامی ژیانیان ھەبێت دوای چوار ساڵ بەیەکەوە بوون، بەھۆی کارەساتی سووتان لەساڵی ١٩٧٣دا (نەسرین)ی خێزانی و (ژیان)ی کچی ماڵئاوایی لەژیان دەکەن، دوای ٣ ساڵ بەتەنیایی و خەم و گریان دەردوکەسەر، ئەمجارەیان ھەوڵی ژیانێکی نوێ دەدات.

لەساڵی ١٩٧٦دا لەگەڵ‌ خاتوو (ئاواز عەبدولعەزیز) ژیانی ھاوسەرێتی پێکدەھێنی و لەم خێزانەش (ئومێد و ئاوات و ئەردەلان) لەدایک دەبن.

قادر زیرەک یەکەم گۆرانی لەساڵی ١٩٧٧دا لە ئێزگەی کوردی لەبە‌غدا تۆمار کردووە بەناوی (دوورم لە یاران)، کە ئەم گۆرانییە دەنگدانەوەیەکی باشی ەونەرمەند بوو لەو کات و ساتەدا و بووە مێژوویەک بۆ ئەرشیفی ناوبراو، کە تا ئێستاش ئەم گۆرانییە ھەر بە نەمری ماوەتەوە و یەکێکە لە گۆرانییە ڕەسەنەکان، کە ئاواز و تێکستی (ڕزگار خۆشناو)ە.

دواتر لەساڵی ١٩٨٠دا توانی چەند بەرھەمێکی دیکە تۆمار بکات لەوانە "دوگمەی سینە، ئەمان ساقی، لەبنەوار، بازی کوێستان"، ئیتر قادر زیرەک لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ناسراو خەڵک بەرھەمەکەی ئەوان وەرگرت، کە بۆنی ڕەسەنایەتی و پاکی لێ دەھات.

لە بەرواری ١٧-١٨/٠٧/١٩٨١ قادر زیرەک لەگەڵ چەند برادەرێکی لەگەڕانەوەی گەشتێک لە بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ بەرەو ھەولێر لەڕێگای (خەلیفان-ھەریر) ئۆتۆمبیلەکەیان وەردەگەڕێ و قادر زیرەک و ھاوڕێیەکی گیان لەدەست دەدەن.

لەو کاتەوە قادر زیرەک ماڵئاوایی لەجیھانی گۆرانی و مۆسیقای کوردی دەکات و خۆری تەمەنی ئاوا دەبێت. بەڵام ئەوەی جێگای بەختەوەرییە گۆرانییەکانی چووە خانەی "نەمری و ڕەسەنایەتی"یەوە.


سەرچاوەکان[دەستکاری]