فازڵ محەمەد عیرفان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فازڵ محەمەد عیرفان :(١٩١٧-١٩٧٩) مامۆستا و چالاكی سیاسی و نووسەر

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

فازڵ محەمەد عیرفان

فازڵ کوڕی محەمەد ئەفەندی کوڕی مەلا ڕەسووڵە و عیرفان ناسناوی بنەماڵەکەیەتی. تشرینی دووەمی ١٩١٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. مەلا ڕەسووڵ لە دێی (چنگیان)ەوە ھاتووەتە ناو سلێمانی و محەمەد و عەبدوڵڵا و حەسەنی کوڕانیی خستووەتە بەر خوێندن. محەمەدیان گەیشتووەتە پلەی تابوورئاغاسی لە سپای عوسمانیدا و کوڕەکانیی بە ھەمان شێوەی باوکی ھان داوە بۆ خوێندن.[١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

فازڵ، ساڵانی سیی سەدەی ڕابوردوو لە بەغدا خوێندنی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستای سەرەتایی. پاشان چووەتەوە بۆ بەغدا و بەشی ئینگلیزیی خانەی بەرزی مامۆستایانی بڕیوە. دوابەدوای دامەزرانی بە چەند ساڵێک، لەبەر بیری ئازادی و پێشکەوتنخوازی دەستیان پێ لە وەزیفە کێشاوەتەوە. بۆیە بە ناچاری چووەتە کۆمپانیای نەوت لە کەرکووک و ساڵانێک لەوێ کاری کردووە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٥٠ ژنی ھێناوە، (پەسەند، مامۆستای بیرکاری- ١٩٥١، پەریخان، ئەندازیار- ١٩٥٤ و دلاوەر، مامۆستای ئینگلیزی- ١٩٥٧)ی لێ بووە.[١][٢]

بەڕێوبەری[دەستکاری]

دواتر لە وەزیفەی مامۆستایی وەرگیراوەتەوە. ھاوینی ١٩٥٧ خۆی گواستووەتەوە بۆ سلێمانی و بووە بە بەڕێوەبەری سانەویی پیشەسازی.[١][٢]

زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت[دەستکاری]

ساڵانی شەست چووەتە خولێکی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت. پاشتر بووە بە بەڕێوەبەری سانەویی (وةطهن). ساڵانی حەفتا بووە بە پشکنێری پسپۆڕ و چووەتە ھەولێر.[١][٢]

شۆڕشی ئەیلوول[دەستکاری]

١٩٧٤ پێوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. پاش شکستی شۆڕش، گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و دوورخراوەتەوە بۆ شاری (سەماوە) و لەوێ مامۆستایەتیی کردووە. ساڵێک لەوەبەدوا گەڕێندراوەتەوە و ھەوڵی وازھێنانی لە وەزیفە داوە، تا لە ١٩٧٧دا خانەنشین بووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

فازڵ عیرفان، زۆر ئارەزووی خوێندنەوەی کردووە وکتێبی بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش خوێندووەتەوە. جگە لە نووسینی لە "گەلاوێژ" و "ڕۆژی نوێ"دا، نووسینێکی لەسەر مێژووی شاری سلێمانی ھەبووە و پاش کۆچی دواییکردنی فەوتاوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ١١/٤/١٩٧٩ لە سلێمانی سەری ناوەتەوە و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.[١][٢]

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8150-8151
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح جێی وتنە، بەڕێز عومەر مارف بەرزنجی ساغی کردووەتەوە کە (ف, محەمەد) ئەم زاتەیە، بڕوانە: لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی ١٩٢٥-١٩٦٩، ل١٦٧.