بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عومەری خاوەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی ھاوشێوەی عومەری خاوەر و ئەو مناڵەی لە باوەشی دا بوو لەکارەساتی ھەڵەبجە

عومەر حەمەساڵەح ئەحمەد ناسراو بە عومەری خاوەر دانیشتوویەکی شاری ھەڵەبجە بوو کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا خۆی و منداڵەکەی لە باوەشیدا بوو، بوون بە قوربانیی چەکی کیمیایی. ڕەمەزان ئۆزتورک وێنەیەکی لە عومەری خاوەر گرت کە ئێستا وەکو ھێمای کارەساتی ھەڵەبجە دەناسرێت.[١]

ژیانی

[دەستکاری]

عومەری خاوەر ساڵی ١٩٣٤ لەدایکبووە، بنەماڵەکەی بەبنەڕەت خەڵکی ناوچەی گەرمیان بوون لەشارۆچکەی باوەنوور چوون بەرەو ھەڵەبجە و لەوێ گیرسانەوە. عومەر لەنێو براکانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایکییەوە ناوی براوە.

لەژیانیدا دوو جار ژنی ھێناوە، ژنی یەکەمی نزیکەی چوار مانگ پێکەوە دەبن و دواتر جیا دەبنەوە، لەژنی دووەمی بەناوی «سامییە» ١٠ منداڵی دەبێ. تا نزیکەی کۆتایی تەمەنی حەوت کچی بووە کەناویان: گەرمیان، کوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان بووە. دوای ئەو حەوت کچە عومەر و سامییە دەبنە دایک و باوکی کوڕێک و لەخۆشیاندا ناوی دەنێن «حەمەشوان»، سێ ساڵ حەمەشوان کوڕیان دەبێ بەنەخۆشییەک ژیان لەدەستدەدا؛ دەڵێن عومەری خاوەر تا مرد ئێشی ئەو کوڕەی لەدڵدا بووە.

ساڵێک دوای مردنی حەمەشوان، بەخت ڕوو دەکاتە خێزانەکەی عومەر و سامییەی ژنی بەسکێ دوو کوڕی دەبێ، عومەر بێ سێ و دوو ناویان دەنێت «ئەحمەد» و «موحەممەد»، لەبەر ئەوەی دوو کۆرپەکەی دوانەن تا ئێستا ڕوون نییە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێکەوە مردوون ئەحمەدە یان محەممەد.

کەسایەتی

[دەستکاری]

ئاشناو ھاوڕێکانی دەڵێن عومەری خاوەر پیاوێکی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەکەی، دڵتەڕو شیکپۆش بووە ھەمیشە. لەزۆربەی بۆنە نەتەوەیییەکانی شارەکەیدا بەشداریی کردووە، بەوە ناسراو بووە ھەڵپەرکێی بەباشی زانیوە و ئەو ئاھەنگانەی ئەوی تیابووە چێژێکی زیاتری ھەبووە، قەدو باڵا ناوەند جرپنو ھەڵەشە نەبووە، بەڵام خاوو خلیچکیش نەبوو، ئەوکاتەی شارەکەی بۆمبارانکرا عومەری خاوەر بەیانیان کاری نانەوایی کردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی ھەڵەبجە) بووە.

«ئەو دەرھێنەرانەی کاری شانۆییان دەکرد لەھەڵەبجە زۆر کەیف خۆش دەبوون وەختێ ڕۆڵێکیان دەدا بەعومەری خاوەر، چونکە دەدای ڕۆڵەکەی زۆر بەجوانی دەکرد، دەیزانی دەرھێنەر چی دەوێ لەو شانۆگەرییەدا.. ، خۆشەویستی ھەڵەبجەیییەکان بوو بەگەنجی»، حەکیمی مەلا ساڵح ھاودەمی گەنجی عومەری خاوەر وا دەڵێ، کە ئێستا نیشتەجێی ھەڵەبجەیە.

ھێشتا بورھانی برازای خاوەر سیمای مامەی لەبەرچاوە کە بۆ دوایینجار بینی، لەو وێنانەی پێشتر دەردەکەون عومەری خاوەر سمێڵێکی ڕەشی پڕ و دەموچاوێکی نەگۆشتن نە لاوازی ھەیە، قەدو باڵایەکی مام ناوەند، ڕووخۆش و ھێمن «سیفەتێکی زۆر بەرزی ئەو پیاوە لەگەڵ پیردا دەبوو بەکەسێکی پیرو لەگەڵ گەنج و منداڵدا دەبووەوە منداڵ.» حەکیمی مەلا ساڵح وای وت.

«جلەکانی دایمە دەتوت ئوتوکراون، دڵتەڕبوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زۆربوون، بەڵام لەو کاتەی شەھید بوو خەریک بوو پیریی پیایا دیاری دەدا، سمێڵی مووی سپی تێکەوتبوو سەریشی سپی بوو بوو، بەڵام ھێشتا دڵی تەڕ بوو بایەخی بەشیکپۆشی و خۆرازاندنەوە دەدا، کاتێ لەنانەوایی دەگەڕایەوە بەجۆرێ خۆی دەگۆڕی ھەر وەکو کاری نەکردبێ وابوو، دوانیوەڕوانیش دەچوو بۆ ڕەوزەو لەوێ پاسەوان بوو». عومەر بەزیندوویی زۆربەی ھەڵەبجەیییەکان دەیانناسی، بەمردوویش ھەڵەبجەیییەکانی بەدنیا ناساند لەڕێی باوەشە پڕ سۆزەکەی بەیەکێک لەکوڕەکانی. تازە ھەرکە باسی ھەڵەبجە کرا بێ سێو دوو تەرمی ڕاکشاوی ئەو بەر لە ھەموو شت دەکەوێتە بەر زەین.

بەشداری سیاسی

[دەستکاری]

لەبارەی بەشداریی سیاسی لەخەباتی کوردایەتیدا، دەوترێت عومەر ھیچ کاتێ پێشمەرگایەتیی نەکردووە، بەڵام ئەندامی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە تا ساڵی ١٩٧٤. حەکیمی مەلا ساڵح ھاودەم و ھاوڕێی عومەر وتی «دوایینجار بینیم ساڵی ١٩٨٢ بوو، ھەواڵی چالاکییە شانۆیییەکانی لێپرسیم وتم من مەترسی گیرانم لەسەرە و دەمەوێ بچمە چیا تا ببمە پێشمەرگە، ئەو وتی سەد خۆزگەم بەخۆت کە دەچیتە چیا، خۆزیا منیش ببومایەتە پێشمەرگە، بەڵام چی بکەم لەماڵو منداڵەکەم، عومەری خاوەر نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە بوو سووتابوو بۆ کوردایەتی زۆر دەرسی فێرکردین لەبارەی بەرگریی و نیشتمانپەروەریی». بورھان غەریب برازای عومەری خاوەر دەڵێ پێکەوە لەگەڵ مامیدا ئێشکگری ئۆردوگایەک بوون. ئەو دەڵێت «مامە عومەر پێشمەرگایەتیی نەکردووە، بەڵام ماوەیەک لەسەرپێڵی زەھا و پێکەوەبووین ئێشکگری ئۆردوگایەک بووین، بەدارێکەوە پاسەوانی دەکرد تفەنگی ھەڵنەدەگرت، مامە عومەرم کوردپەروەربوو زۆر خەونی بەئازادیی کوردەوە دەبینی».

بورھان تا دوایین کاژێرەکانی ژیانی لەگەڵ مامی بووە، لەبارەی دوایین قسەی لەگەڵ عومەری خاوەر وتی «لەسەرجادە وەستابووین پێکەوە، ڕادیۆیەکی بەدەستەوە بوو گوێی لەھەواڵ دەگرت، ھەر ئەو جلانەی لەبەردا بوو ئێستا لەوێنەکەیدا ھەیە ھەمیشە دەتوت ئوتووکراون جلەکانی پاکوتەمیز بوو، وتی بورھان ماڵی باوکت گشتیان چوون بۆ سلێمانی لەترسی تۆپباران، وتم ئەی تۆ چۆن نەچووی مامە؟ وتی: بەڕاستی مامەگیان ئەگەر مردین با گشتمان پێکەوە بمرین بۆیە ھەڵەبجەم جێنەھێشت. من بورھان بۆ پیاسەکردن ڕۆیشتم، ھەر ٢٠ دەقیقە چارەکێک دوای ئەوەی ھەڵەبجە بۆمبارانکرا».

ھێمای ھەڵەبجە

[دەستکاری]

بیست خولەک پێشی ئەوەی یەکەم ناپاڵم بکەوێتە خوارەوە بەسەر ھەڵەبجەدا، «عومەری خاوەر» گوێی بۆ ھەواڵ ھەڵخستبوو لەڕێی ڕادیۆیەکەوە، کەچی دوای نیو کاتژمێر مردنی خۆی و منداڵەکەی بوونە گرینگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێت چی ڕوویداوە لە شارەکەی.

« من نەڕۆیشتم… بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێکەوە بمرین »

—دوایین قسەی عومەری خاوەر لەگەڵ برازایەکی خۆی لە پێش نیوەڕۆی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، ڕۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە

تازە ڕێکەوت وابوو، لەنێو ھەزاران قوربانی ھەڵەبجە، وێنەی عومەری خاوەر و کۆرپەکەی بوونە سوومبوولی کۆمەڵکوژکردنی شارەکە، بەڵام لەساڵانی گەنجێتی و کامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەکەدا ناوێکی بەرچاو بووە ئەکتەرێکی باشی شانۆ، ھەڵپەڕکێ زانێکی بەسەلیقەو خۆشڕوو، پیاوێکی کۆمەڵایەتیو گونجاو. کارزانێکی ئەو ئیشانەی کردوونی ھەموو ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی لەشارێکی بچکۆلەی وەکو ئەوکاتی ھەڵەبجە ناسراوبێت. بۆ ڕۆژنامەوانانی شەڕ «سەعید سادقی» و «ھیدایەتی بەھبودیی» سیمای عومەری خاوەر و کۆرپەکەی باوەشی دیمەنی لەبیر نەچوونەوەن، ئەوان لەو یەکەمین ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرە ئێرانیانەن چوونە ناوشاری لەھەڵەبجە لەوەختی بۆمبارانکردنەکەیاندا، سادقی دەڵێ «کاتێ دەستمانکرد بەوێنەگرتن چووینە سەر عومەری خاوەر دەنگی نووسابوو نەیدەتوانی ھاوار بکات ئێمە نەماندەزانی داوای چی دەکرد بەڵام تێگەیشتین داوای یارمەتی و ھاوکاریی بوو».[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی ئازاری ٢٠١١ ھێنراوە. ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ لڤین پرێس: وەرگیراوە لە وتارێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە، نووسینی ڕۆژنامەنووس کاوە شێخ عەبدوڵڵا ٢٢ی ئازاری ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.