عومەری خاوەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی هاوشێوەی عومەری خاوەر و ئەو مناڵەی لە باوەشی دا بوو لەکارەساتی هەڵەبجە

عومەر حەمەساڵەح ئەحمەد ناسراو بە عومەری خاوەر دانیشتوویەکی شاری ھەڵەبجە بوو کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا خۆی و منداڵەکەی لە باوەشیدا بوو، بوون بە قوربانیی چەکی کیمیایی. ڕەمەزان ئۆزتورک (Ramazan Öztürk) وێنەیەکی لە عومەری خاوەر گرت کە ئێستا وەکوو ھێمای کارەساتی ھەڵەبجە دەناسرێ.[١]

ژیانی[دەستکاری]

عومەری خاوەر ساڵی ١٩٣٤ لەدایکبووە، بنەماڵەکەی بەبنەڕەت خەڵکی ناوچەی گەرمیان بوون لەشارۆچکەی باوەنوور چوون بەرەو ھەڵەبجە و لەوێ گیرسانەوە. عومەر لەنێو براکانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایکیەوە ناوی براوە.

لەژیانیدا دوو جار ژنی ھێناوە، ژنی یەکەمی نزیکەی چوار مانگ پێکەوە دەبن‌ و دواتر جیا دەبنەوە، لەژنی دووەمی بەناوی "سامییە" ١٠ منداڵی دەبێ. تا نزیکەی کۆتایی تەمەنی حەوت کچی بووە کەناویان: گەرمیان، کوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان بووە. دوای ئەو حەوت کچە عومەر و سامییە دەبنە دایک‌ و باوکی کوڕێک‌ و لەخۆشیاندا ناوی دەنێن "حەمەشوان"، سێ ساڵ حەمەشوان کوڕیان دەبێ بەنەخۆشییەک ژیان لەدەستدەدا؛ دەڵێن عومەری خاوەر تا مرد ئێشی ئەو کوڕەی لەدڵدا بووە.

ساڵێک دوای مردنی حەمەشوان، بەخت روو دەکاتە خێزانەکەی عومەر و سامیەی ژنی بەسکێ دوو کوڕی دەبێ،. عومەر بێ سێ‌ و دوو ناویان دەنێت "ئەحمەد" و "محەمەد". تا ئێستا ڕوون نییە عومەرێک کەھێندە ھۆگری ناوی کوردی بووە، چۆنە کوڕەکانی بەکوردیی ناونەناون، بەڵام کچەکانی ھەموویان بەکوردین. لەبەر ئەوەی دوو کۆرپەکەی دوانەن تا ئێستا ڕوون نییە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێکەوە مردوون ئەحمەدە یان محەمەد.

کەسایەتی[دەستکاری]

ئاشناو هاوڕێكانی دەڵێن عومەری خاوەر پیاوێكی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەكەی، دڵتەڕو شیكپۆش بووە هەمیشە. لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەکانی شارەکەیدا بەشدارییکردووە بەوە ناسراو بووە هەڵپەرکێی بەباشی زانیوە و ئەو ئاھەنگانەی ئەوی تیابووە چێژێکی زیاتری ھەبووە، قەدو باڵا ناوەند جرپن‌و ھەڵەشە نەبووە، بەڵام خاوو خلیچکیش نەبوو، ئەوکاتەی شارەکەی بۆمبا بارانکرا عومەری خاوەر بەیانیان کاری نانەوایی کردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی ھەڵەبجە) بووە.

«ئەو دەرھێنەرانەی کاری شانۆییان دەکرد لەھەڵەبجە زۆر کەیف خۆش دەبوون وەختێ رۆڵێکیان دەدا بەعومەری خاوەر، چونکە ئەدای رۆڵەکەی زۆر بەجوانی دەکرد، دەیزانی دەرھێنەر چی دەوێ لەو شانۆگەرییەدا..، خۆشەویستی ھەڵەبجەییەکان بوو بەگەنجی»، حەکیمی مەلا ساڵح ھاودەمی گەنجی عومەری خاوەر وا دەڵێ، کە ئێستا نیشتەجێی ھەڵەبجەیە.

ھێشتا بورھانی برازای خاوەر سیمای مامەی لەبەرچاوە کە بۆ دواینجار بینی، لەو وێنانەی پێشتر دەردەکەون عومەری خاوەر سمێڵێکی رەشی پڕ و دەموچاوێکی نەگۆشتن نە لاوازی ھەیە، قەدو باڵایەکی مام ناوەند، رووخۆش‌و ھێمن «سیفەتێکی زۆر بەرزی ئەو پیاوە لەگەڵ پیردا دەبوو بەکەسێکی پیرو لەگەڵ گەنج‌و منداڵدا دەبووەو منداڵ، ئەوانە سیفاتی ئینسانی خۆشەویستن لەنێو کۆمەڵگەدا، عومەر ھەموو ئەوانەی تیابوو» حەکیمی مەلا ساڵح وایوت.

«جلەکانی دایمە ئەتوت ئوتوکراون، دڵتەڕبوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی زۆربوون، بەڵام لەو کاتەی شەھید بوو خەریک بوو پیریی پیایا دیاری دەدا، سمێلی مووی سپی تێکەوتبوو سەریشی سپی بوو بوو، بەڵام ھێشتا دڵی تەڕ بوو بایەخی بەشیکپۆشی‌و خۆرازاندنەوە دەدا، کاتێ لەنانەوایی دەگەڕایەوە بەجۆرێ خۆی دەگۆڕی ھەر وەکو کاری نەکردبێ وابوو، دوانیوەڕوانیش دەچوو بۆ رەوزەو لەوێ پاسەوان بوو». عومەر بەزیندوویی زۆربەی ھەڵەبجەییەکان دەیانناسی، بەمردوویش ھەڵەبجەییەکانی بەدنیا ناساند لەڕێی باوەشە پڕ سۆزەکەی بەیەکێک لەکوڕەکانی. تازە ھەرکە باسی ھەڵەبجە کرا بێ سێ‌و دوو تەرمی راکشاوی ئەو بەر لەھەمووشت دەکەوێتە بەر زەین.


بەشداری سیاسی[دەستکاری]

لەبارەی بەشداریی سیاسی لەخەباتی کوردایەتیدا، دەوترێت عومەر ھیچ کاتێ پێشمەرگایەتیی نەکردووە، بەڵام ئەندامی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە تا ساڵی ١٩٧٤. حەکیمی مەلا ساڵح ھاودەم و ھاوڕێی عومەر وتی «دوایینجار بینیم ساڵی ١٩٨٢ بوو، ھەواڵی چالاکیە شانۆییەکانی لێپرسیم وتم من مەترسی گیرانم لەسەرە و دەمەوێ بچمە چیا تا ببمە پێشمەرگە، ئەو وتی سەد خۆزگەم بەخۆت کە دەچیتە چیا، خۆزیا منیش ببومایەتە پێشمەرگە، بەڵام چی بکەم لەماڵ‌و منداڵەکەم، عومەری خاوەر نیشتمانپەروەرێکی راستەقینە بوو سووتابوو بۆ کوردایەتی زۆر دەرسی فێرکردین لەبارەی بەرگریی‌ و نیشتمانپەروەریی». بورھان غەریب برازای عومەری خاوەر دەڵێ پێکەوە لەگەڵ مامیدا ئێشکگری ئۆردوگایەک بوون. ئەو دەڵێت «مامە عومەر پێشمەرگایەتیی نەکردووە، بەڵام ماوەیەک لەسەرپێڵی زەھا و پێکەوەبووین ئێشکگری ئۆردوگایەک بووین، بەدارێکەوە پاسەوانی دەکرد تفەنگی ھەڵنەدەگرت، مامە عومەرم کوردپەروەربوو زۆر خەونی بەئازادیی کوردەوە دەبینی».

بورھان تا دواین کاژێرەکانی ژیانی لەگەڵ مامی بووە، لەبارەی دواین قسەی لەگەڵ عومەری خاوەر وتی «لەسەرجادە وەستابووین پێکەوە، ڕادیۆیەکی بەدەستەوە بوو گوێی لەھەواڵ دەگرت، ھەر ئەو جلانەی لەبەردا بوو ئێستا لەوێنەکەیدا ھەیە ھەمیشە دەتوت ئوتووکراون جلەکانی پاکوتەمیز بوو، وتی بورھان ماڵی باوکت گشتیان چوون بۆ سلێمانی لەترسی تۆپباران، وتم ئەی تۆ چۆن نەچووی مامە؟ وتی: بەڕاستی مامەگیان ئەگەر مردین با گشتمان پێکەوە بمرین بۆیە ھەڵەبجەم جێنەھێشت. من [بورهان] بۆ پیاسەکردن رۆیشتم، ھەر ٢٠ دەقیقە چارەکێک دوای ئەوەی ھەڵەبجە بۆمبارانکرا».

سوومبوولی هەڵەبجە[دەستکاری]

بیست دەقیقە پێشی ئەوەی یەکەم ناپاڵم بکەوێتە خوارەوە بەسەر ھەڵەبجەدا، "عومەری خاوەر" گوێی بۆ ھەواڵ ھەڵخستبوو لەڕێی رادیۆیەکەوە، کەچی دوای نیوسەعات مردنی خۆی‌ و منداڵەکەی بوونە گرینگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ چی روویداوە لەشارەکەی.

« من نەڕۆیشتم… بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێکەوە بمرین »

—دوایین قسەی عومەری خاوەر لەگەڵ برازایەکی خۆی لەپێشنیوەڕۆی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە

تازە رێکەوت وابوو، لەنێو ھەزاران قوربانی ھەڵەبجە، وێنەی عومەری خاوەر و کۆرپەکەی بوونە سوومبوولی کۆمەڵکوژکردنی شارەکە، بەڵام لەساڵانی گەنجێتی‌ و کامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەکەدا ناوێکی بەرچاو بووە ئەکتەرێکی باشی شانۆ، ھەڵپەڕکێ زانێکی بەسەلیقەو خۆشڕوو، پیاوێکی کۆمەڵایەتی‌و گونجاو. کارزانێکی ئەو ئیشانەی کردوونی ھەموو ئەوانە بەسن بۆ ئەوەی لەشارێکی بچکۆلەی وەکو ئەوکاتی ھەڵەبجە ناسراوبێت. بۆ رۆژنامەوانانی شەڕ "سەعید سادقی‌" و "ھیدایەتی بەھبودیی" سیمای عومەری خاوەر و کۆرپەکەی باوەشی دیمەنی لەبیر نەچوونەوەن، ئەوان لەو یەکەمین رۆژنامەنووس‌ و فۆتۆگرافەرە ئێرانیانەن چوونە ناوشاری لەھەڵەبجە لەوەختی بۆمبارانکردنەکەیاندا، سادقی دەڵێ «کاتێ دەستمانکرد بەوێنەگرتن چووینە سەر عومەری خاوەر دەنگی نووسابوو نەیدەتوانی ھاوار بکات ئێمە نەماندەزانی داوای چی دەکرد بەڵام تێگەیشتین داوای یارمەتی‌ و ھاوکاریی بوو».[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 19ی Decemberی 2010. Retrieved 18ی Marchی 2011. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ لڤین پرێس: وەرگیراوە لە وتارێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە، نووسینی ڕۆژنامەنووس کاوە شێخ عەبدوڵڵا ٢٢ی ئازاری ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.