بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لە سەردەمی قاجار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لە سەردەمی قاجار
بەشێکە لەRusso-Persian Wars
ڕێکەوتی دەستپێکردن١ی کانوونی دووەمی ١٨٠٤
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن١ی کانوونی دووەمی ١٨٢٨
بەشداربووئیمپراتۆریەتیی ڕووسی، ئێرانی قاجاڕی

شەڕەکانی ئێران و ڕووسیا یان شەڕی ئێران و ڕووسیا ئەو ناوەیە کە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا لە سەردەمی فەتح عەلی شا قاجاردا بە دوو شەڕی گەورەی نێوان ئێران و ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا دراوە. ئەم شەڕانە بە شکستی ئێران لە ڕووسیا کۆتایی ھات و بەشێک لە ئێران پەیوەست بوون بە خاکی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا.

ھەشت نامەی دەستی یەکەمی کاربەدەستانی ئێران بۆ فەرەنسی و عوسمانییەکان ھەیە، کە گوزارشت و پشتڕاستکردنەوەی شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووسیایە.[١]

ھۆکارەکانی جەنگەکان

[دەستکاری]

پەیوەندیی نێوان ئێران و ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیا، لە سەرەتای سەردەمی قاجاڕ دوژمنکارانە و لە دۆخی تێکھەڵچوونی ھەمیشەییدا بوو. گرژیی نێوان ئێران و ڕووسیا لە سەردەمی ئاغا محەمەدخان و لە ئەنجامی ھێرشی سوپای ئێران بۆ سەر گورجستان کە لەگەڵ زیانی زۆری مەدەنی بوو، دەستی پێکرد و دوای ئەوەش لە کاتی فەرمانڕەواییی فەتح عەلی شا بەردەوام بوو. ئامانجی سەرەکیی ڕووسیا دەستگەیشتن بە ئاوە ئازادەکان بوو. بیانووی دەستدرێژیی ڕووسەکان بۆ سەر خاکی قەوقاز ئەوە بوو کە ھەندێک لە خەڵکی ناوچەکە داوای خۆبەڕێوەبەرییان دەکرد. لە لایەکی ترەوە خەڵکی ناوچەکانی قەوقازی ڕۆژھەڵات واتا گەنجە، شیروان، تاڵش، باکوو موسڵمان و لایەنگری ئێران بوون. گورجستانیش یەکێک بوو لە ھۆکارە بنەڕەتییەکانی ناکۆکیی نێوان ئێران و ڕووسیا. گورجستان ناوچەیەکی بەپیتە کە لە دامێنی کێوەکانی قەفقاز و لە کەناری ڕۆژھەڵاتی دەریای ڕەش ھەڵکەوتووە. لە یەکەم ڕۆژەکانی مێژووی ئێران ناوی گەلی گورجی لە بەڵگەنامە مێژووییە ئێرانییەکاندا ھاتووە. [٢]

نەبەرد لەسەر داگیرکردنی گورجستان

[دەستکاری]

لە کاتی چەسپاندنی حکوومەتی قاجاڕ، والیی گورجستان بە پشتووانەی ھاوئایینی لەگەڵ ڕووسەکان سەربەخۆییی ڕاگەیاند. ئاغا محەمەدخان دوای فەتحی تەواوی باشووری ئێران، لە ساڵی ١٧٩٤ بۆ ئێراکلی خان نامەیەکی نارد و ھەڵەکانی گورجییەکانی لە ھەشتا ساڵی ڕابردوودا بەبیر ھێنایەوە و ڕایگەیاند ئەگەر والیی گورجستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسەکان بپچڕێنێت و بە تەواوی گوێڕایەڵی ئێران نەبێت، لەشکرکێشی دەکاتە سەر ئەوێ. ئێراکلی خان وەڵامی نامەکەی نەدایەوە و خۆی بۆ ھێرش ئامادە کرد. ئاغا محەمەدخان لەشکرکێشیی کردە سەر گورجستان (١٧٩٥ی زایینی) و سەرەڕای بەرگریی گورجییەکان لەم نەبەردەدا سەرکەوت و ئێراکلی خان بۆ تبلیس ڕای کرد. ئاغا محەمەدخان بۆ دۆزینەوەی ئەو ھێرشی کردە سەر تبلیس. ئێراکلی خان لەگەڵ خێزان و خزمەکانی لە تبلیسەوە بۆ گورجستانی ڕۆژاوا ڕایان کرد. ئاغا محەمەدخان تبلیسی گرت و کارەساتی کرمانی لە تبلیس دووبارە کردەوە و فەرمانی کوشتنی خەڵک و تاڵانکردنی شاری دەرکرد. ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی ئایینیی گورجییان لە ڕووباری کورا خنکاند و پێنج ھەزار کەس لە گورجییەکانیان دیل کرد و شارەکەیان وێران کرد.

چوار ساڵ دوای مردنی ئاغا محەمەدخان (ساڵی ١٨٠٠ زایینی) گیۆرگی حاکمی گورجستان دووبارە بە فەرمی پارێزگاریی ڕووسەکانی قبووڵ کرد. ئەلێکساندەری برای گیۆرگی چونکە دژی لکاندنی گورجستان بە ڕووسیا بوو، پەنای بۆ دەرباری ئێران برد. قەیسەری ڕووسیا ئەمەی کردە بیانوو و فەرماندەی خۆی پاڤڵ سیسیانۆڤی ڕاسپارد بۆ گرتنی قەفقاز. سیسیانۆڤ ھێرشی کردە سەر تبلیس و ئەو شارەی گرت. لەو کاتەدا گیۆرگی خان مرد و تەھموورەس یەکێک لە کوڕەکانی پەنای بۆ دەرباری ئێران برد و شای ئێرانی بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان ھان دا. فەتح عەلی شا کە لە لکاندنی گورجستان بە ڕووسیا نیگەران بوو، پەنابەرێتیی شازادە گورجییەکانی بۆ دەرباری ئێران کردە بیانوو و فەرمانی ھێرشکردنە سەر گورجستانی دەرکرد.

گەنجە لە ساڵی ١٨٠٣ز لە لایەن سەرداری ڕووس پاڤڵ سیسیانۆڤ داگیر کرا. سەرەڕای بەرگریی پیاوانەی حاکمی ئێرانیی گەنجە (جەوادخانی قاجاڕ)، خیانەتی ئەرمەنییەکان و نائومێدبوونی حاکمانی قەرەباغ و ئیرەوان لە فەتح عەلی شا بووە ھۆی ئەوەی خاناتەکانی ئیرەوان بکەونە دەست ھێزەکانی ڕووسیا. بە گرتنی ئەم شارانە، ھێزەکانی ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیا تا سنوورەکانی ئەرەس پێشڕەوییان کرد. ھەر کە ئاگاداری داگیرکردنی گەنجە و خۆبەدەستەوەدانی ئیرەوان و قەرەباغ بوو، فەتح عەلی شا سوپایەکی بە فەرماندەیی کوڕەکەی عەباس میرزای جێنشین بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێ کرد.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Bonhams: Eight important documents relating to the Russo-Persian wars of 1804-13, and Franco-Persian relations, including two firmans of Fath 'Ali Shah Qajar Qajar Persia and Ottoman Turkey, 1808-09(8)». www.bonhams.com.
  2. https://www.irna.ir/amp/85109588/