محەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
شێخ محەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم (١٨٩٦–١٩٩٧) پیری تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستان و جیهان بووە.
ژیان
[دەستکاری]شێخ محەممەد عوسمان کوڕی شێخ محمد عەلائەدینی کوڕی شێخ عمر زیائەدین کوڕی شێخ عوسمان سیراجەدینی یەکەمە. ساڵی ١٨٩٦ لە گوندی سەفیاوای نزیک شاری جوانڕۆ لەدایکبووە. دایکی نورجیان خانم، کچی محمد سادق وەزیری سەوڵاوا، ناسراو بە ’نایب الحکومە بووە. لە منداڵیدا، باوکی، دەڕوات بۆ گوندی سەفیاوا کە ئەوسا موڵکی خانەقای بیارە بووە؛ چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. شێخ محەممەد عوسمان ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ براکەی، شێخ مەولانا خالید، دەستیان کردووە بە خوێندنی فیقھ و لە کۆڕو دائیرەی سۆفییاندا بەشداریان کردووە. شێخ محەممەد عوسمان ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی لە مەدرەسە و خانەقای بیارە و دووڕۆ خوێندووە. تەفسیری قورئانیش لە سەید حوسێن تاربوغی ساوجیلاغی فێربووە.
شێخ محەممەد عوسمان، دوای تەواوکردنی خوێندن و سلووککردن، بە دەستووری باوکی دەکرێت بە سەرپەرشتیاری ھەردوو خانەقای بیارە و دووڕۆ. لە بەر نەخۆشی و بەساڵاچوونی باوکی بەڕێوەبردنی خانەقاکان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو. شێخ عەلائەدینی باوکی ساڵی ١٩٥٤ کۆچی دوایی کردووە.
شێخ محەمەد عوسمان ساڵی ١٩٥٨ لەبەر ئاڵۆزیی باردۆخی سیاسیی ئەو کاتەی عێراق ناچار بیارە بەجێ دەھێڵێت و لە دووڕۆ جێگیر دەبێ. لەوێ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و باخی محمووئاوا و خانەقا و مەدرەسەی دووڕۆ و محمووئاوا دروست دەکات.
شێخ محەمەد عوسمان، دوای شۆڕشی ئیسلامی و سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە ئێران، ساڵی ١٩٧٩، جارێکی تر دەگەرێتەوە بیارە. دوای ساڵێک لە ھەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەچێتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبێ. ساڵی ١٩٩٠ دەچێتە ئوردن و لەوێ نزیکەی دوو ساڵ دەمێنێتەوە و پاشان دەڕوات بۆ تورکیا بۆ شاری ئەستەمبۆڵ. شێخ محەمەد عوسمان ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧ لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کرد و ھەر لە باخچەی خانەقاکەی خۆیدا لەوێ بەخاک سپێردا.
بەرھەمەکان
[دەستکاری]- چەپکە گوڵێ لە گوڵزاری عوسمانی (دیوانی شیعر بە کوردی-سۆرانی وھەورامی- و فارسی)
- سراج القلوب (بە عەربی نووسراوە و وەرگێڕراوەتە سەر زمانی تورکی و فارسی)
- تەفسیری سوورەی موبارەکەی تین بە عەرەبی
- وەسیەت نامە بۆ مورید ومەنسوبان
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ژیاننامەی محمد عثمان سیراجەدینی دووەم، سەرفرازان