بۆ ناوەڕۆک بازبدە

محەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

محەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم (١٨٩٦–١٩٩٧) پیری تەریقەتی نەقشبەندی و ڕابەری ھێزی چەکداری سوپای ڕزگاری[١] لەناوچەی ھەورامان بوو.

محەممەد عوسمان کوڕی محمد عەلائەدینی کوڕی عمر زیائەدین کوڕی عوسمان سیراجەدینی یەکەمە. ساڵی ١٨٩٦ لە گوندی سەفیاوای نزیک شاری جوانڕۆ لەدایکبووە. دایکی نورجیان خانم، کچی محمد سادق وەزیری سەوڵاوا، ناسراو بە ’نایب الحکومە بووە. لە منداڵیدا، باوکی، دەڕوات بۆ گوندی سەفیاوا کە ئەوسا موڵکی خانەقای بیارە بووە؛ چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە. شێخ محەممەد عوسمان ھەر لە منداڵییەوە لەگەڵ براکەی، شێخ مەولانا خالید، دەستیان کردووە بە خوێندنی فیقھ و لە کۆڕو دائیرەی سۆفییاندا بەشداریان کردووە. شێخ محەممەد عوسمان ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی لە مەدرەسە و خانەقای بیارە و دووڕۆ خوێندووە. تەفسیری قورئانیش لە سەید حوسێن تاربوغی ساوجیلاغی فێربووە.

محەممەد عوسمان، دوای تەواوکردنی خوێندن و سلووککردن، بە دەستووری باوکی دەکرێت بە سەرپەرشتیاری ھەردوو خانەقای بیارە و دووڕۆ. لە بەر نەخۆشی و بەساڵاچوونی باوکی بەڕێوەبردنی خانەقاکان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو. شێخ عەلائەدینی باوکی ساڵی ١٩٥٤ کۆچی دوایی کردووە.

محەممەد عوسمان ساڵی ١٩٥٨ لەبەر ئاڵۆزیی باردۆخی سیاسیی ئەو کاتەی عێراق ناچار بیارە بەجێ دەھێڵێت و لە دووڕۆ جێگیر دەبێ. لەوێ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و باخی محمووئاوا و خانەقا و مەدرەسەی دووڕۆ و محمووئاوا دروست دەکات.

محەممەد عوسمان، دوای شۆڕشی ئیسلامی و سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە ئێران، ساڵی ١٩٧٩، جارێکی تر دەگەرێتەوە بیارە. دوای ساڵێک لە ھەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەچێتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبێ. ساڵی ١٩٩٠ دەچێتە ئوردن و لەوێ نزیکەی دوو ساڵ دەمێنێتەوە و پاشان دەڕوات بۆ تورکیا بۆ شاری ئەستەمبۆڵ. شێخ محەممەد عوسمان ٣١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧ لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کرد و ھەر لە باخچەی خانەقاکەی خۆیدا لەوێ بەخاک سپێردا.

چالاکی سیاسی و چەکداری

[دەستکاری]

محەممەد عوسمان پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمی پەھلەوییەوە ھەبوو.[٢] دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ میلیشیای ھێزی سۆپای ڕزگاری بۆ دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی پێک ھێنا. گرووپی ڕزگاری ٢٠٠٠ چەکداریان ھەبوو و لە ھەورامان جێگیر بوون. دوای پێکدادانی سەربازی گرووپەکە لەگەڵ ھێزەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان شکستیان پێھێنرا. کەمێک دوای شۆڕشی ئیسلامیی، سەرەتا محەممەد عوسمان نەغسەبەندی گوازرایەوە بۆ گوندی بیارەی سەر سنووری عێراق و ئێران، دواتر لەژێر پارێزگاری حیزبی بەعس بۆ بەغدا گوازرایەوە.[٣]

بەرھەمەکان

[دەستکاری]
  1. چەپکە گوڵێ لە گوڵزاری عوسمانی (دیوانی شیعر بە کوردی-سۆرانی وھەورامی- و فارسی)
  2. سراج القلوب (بە عەربی نووسراوە و وەرگێڕراوەتە سەر زمانی تورکی و فارسی)
  3. تەفسیری سوورەی موبارەکەی تین بە عەرەبی
  4. وەسیەت نامە بۆ مورید ومەنسوبان

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «لە شێخ عیزەدین حوسەینی و موفتیزادەوە تا داعش، ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان». www.kurdistanc.com. ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان. لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  2. Alam، Asadollah. کتاب یادداشت های علم اثر اسد اله علم (بە فارسی) (چاپی Chāp-i 1). Tihrān: Māziyār. ژپنک ٩٧٨٩٦٤٥٦٤٣٣٥٣. لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  3. Fattāḥī، Mahnāz. Urdībihishtī dīgar: khāṭirāt-i farār-i ʻAbd al-Majīd Khazāʼī az zindān-i Sulaymāniyah-i ʻIrāq (بە فارسی) (چاپی Chāp-i avval). تاران. لاپەڕە ٣٨. ژپنک ٩٧٨-٩٦٤-٥٠٦-٩٨٧-٠.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]