سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆبێرتا مێتسۆلا لە ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا (بە ئینگلیزی: president of the European Parliament) سەرۆکایەتی دیبەیت و چالاکییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا دەکات. ھەروەھا نوێنەری ئەم پەرلەمانەیە لە یەکێتیی ئەورووپا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بۆ پەسەندکردنی زۆربەی یاساکانی یەکێتی ئەورووپا و بوودجەی یەکێتی ئەورووپا واژووی سەرۆکی پەرلەمان پێویستە. ماوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو ساڵ و نیو بۆ پێنج ساڵە، کە بەزۆری لە نێوان دوو پارتە سیاسییە گەورەکەدا دابەش دەکرێن. لە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانەوە لە ساڵی ١٩٥٢ تا ئێستا ٣٠ سەرۆکی پەرلەمان ھەبوون و ١٧یان لە دوای یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٧٩ەوە خزمەتیان کردووە. دوو لە سەرۆکەکانی پەرلەمان ژن بوون و زۆربەیان لە وڵاتانی کۆنەوە ھاتوون کە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپان.

ڕۆڵ لە پەرلەمان[دەستکاری]

سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دیبەیتەکان دەکات و سەرپەرشتی ھەموو چالاکییەکانی پەرلەمان و دامودەزگا پێکھێنەرەکانی دەکات (دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان)، ئەم کارە ھاوشێوەی سەرۆکی پەرلەمانە لە وڵاتێکدا. ١٤ جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێگەیەکی نزمترن لە سەرۆکی پەرلەمان و لە نەبوونی سەرۆکی پەرلەماندا دیبەیتەکان بەڕێوەدەبەن. ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی دیوانی پەرلەمان دەکات کە بەرپرسە لە کاروباری بوودجە و کارگێڕی و کۆنفرانسی سەرۆکایەتیش کە دەستەیەکی حوکمڕانە و لە سەرۆکی ھەر گرووپێکی سیاسی لە پەرلەمان پێکھاتووە.[١][٢]

پێگە لە سەندیکادا[دەستکاری]

سەرۆکی پەرلەمان نوێنەری ئەم پەرلەمانەیە لە ھەموو بابەتە یاسایییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە بەتایبەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. کاتێک ئەنجومەنی ئەورووپا کۆدەبێتەوە، سەرۆکی پەرلەمان ھەڵوێستی پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسانەی لە کارنامەی ئەنجومەنەکەدا دەخرێتەڕوو، ئاشکرا دەکات.

ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان بەشداری لە کۆنفرانسی نێوان حکوومەتەکان دەکات سەبارەت بە ڕێککەوتنە نوێیەکان.

واژووی سەرۆکی پەرلەمان پێویستە بۆ پەسەندکردنی بوودجەی یەکێتیی ئەورووپا و یاساکانی یەکێتییەکە، کە بەپێی ڕێکاری ھاوبەشی بڕیاردان پەسەند کراون. ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەکانی سازانە لەگەڵ ئەنجومەن لە هەموو بوارەکاندا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "The President of the European Parliament". Europa. Archived from the original on 8 June 2008. Retrieved 19 November 2007.
  2. ^ "Duties of the President". European Parliament. Retrieved 12 June 2007.