بۆ ناوەڕۆک بازبدە

سووتەمەنیی زیندەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پاسێک کە بە سووتەمەنیی گازی زیندەیی کار دەکات.

سووتەمەنیی زیندەیی؛ سووتەمەنییەکە لە ڕێی پڕۆسە هاوچەرخەکانەوە لە بارستەی زیندەییەوە بەرهەم دەهێنرێت، جیاوازە لەو سووتەمەنییەی بە هۆی پڕۆسە زۆر هێواشە جیۆلۆجییەکانەوە بەرهەم دێت؛ کە پێکهاتنی سووتەمەنییە بەبەردبووەکانی وەک زەیت دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی بارستەی زیندەیی تەکنیکیانە ڕاستەوخۆ دەتوانرێت وەک سووتەمەنی بەکار بهێنرێت (وەک پارچە دار)؛ بۆیە هەندێک کەس هەر دوو زاراوەی بارستەی زیندەیی و سووتەمەنیی زیندەیی وەک یەک شت بەکار دەهێنن، بەڵام خۆی زاراوەی بارستەی زیندەیی ئاماژەیە بەو ماددە زیندەییە خاوەی کە سووتەمەنیی لێوە دروست دەکرێت، یان هەندێک بەرهەمە ماددەی ڕەقی گەرمیانە یان کیمیاییانە دەستکاریکراوی وەک torrefied pellets و briquettes. زاراوەی سووتەمەنیی زیندەیی زۆربەی کات بەو سووتەمەنییە شل و گازییانە دەگوترێت کە بۆ گواستنەوە بەکار دێن، بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزە (EIA) ئەم ناونانە پەیڕەو دەکات، ئەگەر بارستەی زیندەیی لە بەرهەمهێنانی وزەی زیندەیی بەکار بهێنرێت؛ دەتوانێت خێرا گەشە بکاتەوە، بەگشتی سووتەمەنییەکە وەک جۆرێکی وزەی شیاوی نوێکردنەوە چاوی لێ دەکرێت.

وزەی زیندەیی دەتوانرێت لە ڕووەکەکانەوە بەرهەم بهێنرێت (وەک بەروبوومەکانی وزە)، یان لە پاشماوە کشتوکاڵی و بازرگانییەکان و پاشماوەی ماڵانەوە (ئەگەر پاشماوەکە بنەچەیەکی زیندەیی هەبێت)، ئەو سووتەمەنییە زیندەییانەی نوێ دەکرێنەوە؛ بەگشتی ئەوانە دەگرنەوە کە کاربۆن چەسپاندنی هاوچەرخیان تێدا ڕوو دەدات؛ کە چەشنی پڕۆسەی ڕۆشنەپێکهاتنی ڕووەک و قەوزە وردەکانە.

هەندێک تاوتوێی ئەوە دەکەن؛ سووتەمەنیی زیندەیی دەکرێت هیچ کاربۆنێک فڕێ نەداتە هەواوە، چونکە هەموو بەروبوومەکانی بارستەی زیندەیی تا ڕاددەیەک کاربۆن پەنگ دەدەنەوە، بنەڕەتییانە هەموو بەروبوومەکان دوانۆکسیدی کاربۆن لە سووڕی سەرزەمینییەوە دەگوازنەوە بۆ کۆگەی ژێرزەمینیی ناو ڕەگەکان و خاکی دەوروبەر.

هەر چۆنێک بێت؛ ڕای ئەوەی سووتەمەنیی زیندەیی کاربۆن فڕێ ناداتە هەواوە بەتاڵ کراوەتەوە، ئەمەش بە ڕایەکی وردتر کە دەڵێت؛ بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی دیاریکراوی سووتەمەنیی زیندەیی کاربۆن-بێلایەن بێت؛ دەبێت ئەو کاربۆنەی ڕژێمی ڕەگەکانی بەروبوومەکە پەنگی دەداتەوە قەرەبووی ئەو گاز دەردانانەی سەر زەوی بکاتەوە، هەموو ئەو گاز فڕێدانانەش دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاک بەکار دەهێنن.

هەندێک سووتەمەنیی زیندەیی کاربۆن بێلایەنن و هەندێک تەنانەت نێگەتیڤیشن، بەتایبەتی بەروبوومە تەمەندرێژەکان، بڕی ئەو گازەی لەژێر زەمین پەنگ دەدرێتەوە و بڕی ئەو گازانەی دەردەدرێنە بەرگەهەواوە؛ ئەوە دەستنیشان دەکەن ئاخۆ سووڕی ژیانی پڕۆژەیەکی سووتەمەنیی زیندەیی پۆزەتیڤە، بێلایەنە، یان نێگەتیڤە، سووڕێکی ژیانی کاربۆن نێگەتیڤ ڕوو دەدات ئەگەر ئەو بڕە کاربۆنەی لەژێر زەمین کەڵەکەی دەکات زیاتر بێت لەو گازانەی فڕێیان دەداتە بەرگەهەواوە، بە گوزارشتێکی تر؛ بۆ ئەوەی کاربۆن بێلایەنانە بێت؛ پاشەکەوتی کاربۆن دەبێت لە دەردانی بۆ بەرگەهەوا زیاتر بێت.

ئیثانۆڵی زیندەیی و دیزڵی زیندەیی دوو باوترین سووتەمەنیی زیندەیین، ئیثانۆڵی زیندەیی کحوولێکە بە ترشاندنی کاربۆهیدراتەکانی ناو بەروبوومە شەکری یان نیشاستەییەکان بەرهەم دێت، وەک گەنمەشامی و قامیشی شەکر. دیزڵی زیندەیی بەربڵاوترین سووتەمەنیی زیندەییە لە ئەوڕووپا، لە ڕێی پڕۆسەی transesterificationەوە لە زەیت و چەورییەکانەوە بەرهەم دێت.

ساڵی ٢٠١٨ بەرهەمیی جیهانیی سووتەمەنیی زیندەیی گەیشتۆتە ١٥٢ ملیار لیتر، ٧% لە ساڵی ٢٠١٧ زیاتر بووە، هەروەها سووتەمەنییە زیندەییەکان ٣%ی سووتەمەنی بۆ گواستنەوەی وشکانی دابین دەکەن لەسەر ئاستی جیهان، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٥٠؛ زیاتر لە چواریەکی سووتەمەنیی گواستنەوەکان لە ڕێی سووتەمەنییە زیندەکانەوە دابین بکرێت، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هەر چۆنێک بێت؛ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی سووتەمەنییە زیندەییەکان تا ئێستا بە گوێرەی خواستەکانی ئاژانسەکە نین.