بۆ ناوەڕۆک بازبدە

خاووخلیچکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سرەوتنەوە ڕەوانە کراوە)

لە فیزیکدا، خاووخلیچکی بریتییە لە بێمەیلیی تەنەکان بۆ گۆڕینی باری جووڵەیان. تەمەڵی و سستییەکی سروشتییە لە ھەموو تەنێکدا ھەیە کە ھەتا زۆری بۆ نەیێت و ھێزێک کاری لەسەر نەکا، ئەگەر وچانی گرتبێ، ھەروا لە وچاندا دەمێنێتەوە و، ئەگەریش بجووڵێ، ھەتاھەتایە بە ھەمان خێرایییەوە درێژە بە جووڵەی خۆی دەدا. ئەمە یەکێک لە بنەواشە بنەڕەتییەکانی فیزیکی کلاسیکە کە ئایزاک نیووتن لە یەکەم قانوونی خۆی دەرھەق بە جووڵە باسی دەکا. نیووتن لە دەسپێکی کتێبی پرەنسیپە ماتماتیکییەکانی فەلسەفەی سروشتی ئاوەھا خاووخلیچکی دەناسێنێ:

پێناسەی ژمارە سێ:

،vis insita یان ھێزی زاتیی ماددە، توانایییەکە بۆ خۆڕاگری، کە بە ھۆیەوە ھەموو تەنێک، ئەوەندەی کە ئەم توانایییەی تێدایە، ھەوڵ دەدا باری ھەنووکەی خۆی بپارێزێ، جا چ لە وچاندا بێت، چ لە ڕاستەھێڵێکدا بەرەوپێش بە چەشنی یەکشێوە لە جووڵەدا بێت.[١]

خاووخلیچکی سروشتی ماددەیە. دەبێتە ھۆی ئەوە کە تەنی لە ماددە دروستبوو بەبێ دژواری باری وچان یا جووڵەی خۆی نەگۆڕێ. ئەگەر تەن لە جێگای خۆیا بێجووڵە وەستابێ، تا ھێزێکی پێ نەگەیێت و زۆری بۆ نەیێت، دەست بە جووڵە ناکا. ئەگەریش بەبێ ئەوەی خێرایییەکەی کەم یا زیاد بکا ڕاستەوڕاست بڕوات، ھەتاھەتایە ڕاناوەستێ، مەگەر ئەوەی کە ھێزێک کاری لەسەر بکات و ڕاگیری بکات. ماددە وەک بڵێی تەمەڵە، پێی خۆش نییە باری جووڵەی بگۆڕێ.

پەراوێزەکان

[دەستکاری]
  1. ئەمە دەقی پێناسەکەیە بە زمانی ئینگلیزی:

    The vis insita, or innate force of matter, is a power of resisting, by which every body, as much as in it lies, endeavors to persevere in its present state, whether it be of rest, or of moving uniformly forward in a straight line.