بۆ ناوەڕۆک بازبدە

زاھیر عەبدوڵڵا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زاھیر عەبدوڵڵا خدر (١٩٥٨ لە ھەولێر، عێراق[١] - ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ھەولێر[٢]) ھونەرمەند، ئەکتەر و شانۆکاری کورد بوو.[٣] دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی بۆ شانۆگەری (ئەنجامی پووڵپەرستی) دەگەڕێتەوە.[٤] ھەروەھا بەشداری دەیان شانۆگەریی و درامای کردووە کە دیاترینییان درامای (ھەبوو نەبوو) بوو کە یەکێکە لە کارە جوانەکانی و زۆر کاردانەوەی گەورەی لە نێو خەڵکدا ھەبوو،[٥] ھاوکات کۆمەڵێک ھونەرمەند لە رێگای ئەم کارەوە چوونە نێو خەڵک، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو کە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆک بەشداری ئەم کارەی کردبوو.[٦] جگە لە نواندن، لە نوسینیشدا خاوەن قەڵەمێکی بە بڕشت بووە و چەندین بەرھەمی نووسراوی ھەیە.[٧] بە ھۆی چالاکی سیاسیی و پەیوەندیکردنی بە ڕێکخستنە نھێنییەکانەوە، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە و بەو ھۆیەوە دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنی لێ زەوت کراوە. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، وەک کەسایەتییەکی ھونەری لە میدیای کوردیدا خزمەتی کردووە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەناڵی گەلی کوردستان.[٨] وێڕای بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لە چەند کارێکی ھونەری، ئێزگە و تەلەڤزیۆندا بەشداری کردووە و لە ڕێگەی بەرنامەکانییەوە ڕەخنەی لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی گرتووە.[٨]

زاھیر عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە.[٩] قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەولێر خوێندووە و بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی ھەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٠ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ شیرین سابیر پێکدەھێنێت، و لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ یەکەمینجار دەستی ھاوسەرەکەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختی شانۆ و دواتر لە چەندین دراما و فلیمدا بەیەکەوە رۆڵ دەبینن، ھەروەھا لە ئەوان خاوەنی سێ کوڕ و دوو کچن.[٤]

ژیانی پیشەیی

[دەستکاری]

نواندن

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار بەشداری شانۆگەرییەک دەکات بە ناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی"، ھەروەھا بەشداری دەیان شانۆگەری و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.[٤] لە ساڵی ١٩٨٩ بەشداری لە فیلمی کەونە دەرکە دەکات،[١٠] و لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی کەوەکانی قەرەچووخ دەکات کە رۆڵی جەوھەر ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەکەی دەکات.[١٠] لە ساڵی ٢٠٢٤، لە درامای ئەدیابین بە ڕۆڵی سەرەکی دەرکەوت.[١١]

نووسین

[دەستکاری]

جگە لە کاری ھونەری، زاھیر عەبدوڵڵا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە دەستی بە نووسینی چیرۆک کردووە. دوو کتێبی چاپکراوی ھەیە، یەکێکیان کۆمەڵە چیرۆکە و ئەوی تریان بیرەوەرییەکانیەتی کە تیایدا باسی ژیانی خۆی دەکات.[٤]

کارە کارگێڕی و میدیاییەکان

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵی ھەولێر.[٨] لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ھەولێر، ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی کردووە.[٤]

زیندانیکردن

[دەستکاری]

زاھیر عەبدۆڵڵا لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک قوتابی ئامادەیی پیشەسازی دەبێت، سوود لە حەیرانێک وەردەگرێت و وەکو شانۆ نامەیەک دەینووسێتەوە و دەیکات بە شانۆگەریەک بە ناوی "محەمەد و سێوێ" و دواتر لە تەلەڤیزیۆنی کەرکووک شانۆگەرییەکە تۆمار دەکەن[٤] و لە ناوەڕاستی تۆمارکردنەکە ناوبراو بە ھۆی پەیوەندی بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، لە لایەن رژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت و ناتوانێت زیاتر درێژە بە رۆڵەکەی بدات لە شانۆگەرییەکەدا و دوای چوار مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد دەکرێت.[٦]

نەخۆشی و کۆچی دوایی

[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠٢٠، زاھیر تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بوو، دواتر چارەسەر کرا. پاشان لە ساڵی ٢٠٢٤، بەھۆی درووست بوونی گرێیەکەوە نەخۆشییەکەی سەری ھەڵدایەوە،[٢] لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا و نەشتەرگەریی بۆ کرا،[١٢] دواتر گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان.[١٣] ڕۆژی یەکشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بۆ جاری دووەم دۆخی تەندروستیی تێک دەچێت، ئەو کات پزیشکەکان بە ھاوژینەکەی ڕادەگەیەنن کە ھیچ چارەسەرییەک بۆ نەخۆشییەکەی نییە، بۆیە بە ناچاری نەخۆشخانە جێدەھێڵن و لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریدا دەبێت،[١٤] دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوەی، لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد،[٢] پاشان لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، تەرمەکەی لە گۆڕستانى کەسنەزان لە شارى ھەولێر بە خاک سپێردرا.[١٥][١٦][١٧]

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

فیلم، دراما و شانۆ

[دەستکاری]
  • ئەنجامی پووڵپەرستی (شانۆگەری، ١٩٧٢).[٤]
  • ھەبوو نەبوو (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، ١٩٨٠).[١٠]
  • کەونە دەرکە (فیلم، ١٩٨٩).[١٠]
  • زووم زووم (١٩٩٢).[١٠]
  • کەوەکانی قەرەچووغ (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، ١٩٩٣).[١٠]
  • بەرنامەی بەرنامە (بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی، ٢٠٠٧).[١٠]
  • ئادیابین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، ٢٠٢٤).[١١]
  • خەرەند (کۆمەڵە چیرۆک).[٧][٤]
  • تەیراوە ھەر بە پیاسە (کتێبی بیرەوەری، ٢٠١٩).[٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا بەخاک دەسپێردرێت». nrttv.com. لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  2. 1 2 3 «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». www.rudaw.net. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  3. «هونه‌رمه‌ند زاهیر عەبدوڵا كۆچی دواییكرد». xendan.org. لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  4. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 «تا ئێستا ئەم زانیارییانەت لەبارەی زاهیر عەبدوڵا بیستووە؟». basnews.com. لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  5. «هەولێر.. بەبۆنەی خانەنشینبوونی رێز لە هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا گیرا». aa.com.tr. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  6. 1 2 «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خانەنشین كرا». rachlaken.com. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  7. 1 2 «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». spey.net. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  8. 1 2 3 «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». gksat.tv. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  9. «هونەرمەند و شانۆکار زاهیر عەبدوڵڵا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد». haremnews.com. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  10. 1 2 3 4 5 6 7 «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دواییکرد». bmctv.krd. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  11. 1 2 «هونەرمەند زایەر عەبدوڵا کۆچى دوایی کرد». +964. ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  12. «پارێزگاری هەولێر، سەردانی هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان "زاهیر عەبدوڵڵا"ی کرد». hawlergov.org. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  13. «هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا" کۆچی دوایی کرد». kurdistan24.net. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  14. «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». ava.news. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  15. «وێنە.. مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمى هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا». zamenpress.com. لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  16. «بە ئامادەبوونى نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، تەرمى هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا" بەخاكسپێردرا». kurdistantv.net. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  17. «بە ئامادەبوونى نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، تەرمى هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا" بەخاكسپێردرا». zagrosn.com. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.