دەنیز بایکاڵ
دەنیز بایکاڵ سێیەم سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل لە تورکیا [ژێدەر پێویستە]بایکاڵ لە ٢٠ی تەمموزی ١٩٣٨ لە شاری ئانتاڵیا لەدایک بووە. کوڕی حسێن حیلمی بەگی کۆچبەری قەفقاز و فەریدە خانمی کۆچبەری میسرە (بە بنەچە گریتییە). لە ساڵی ١٩٥٢ لە قوتابخانەی ناوەندی ئەتاتورکی ئەنتاڵیا دەخوێنێت. لە ١٩٥٥ ئامادەیی تەواو دەکات و پاشانیش لە ساڵی ١٩٥٩ بەشی یاسای زانکۆی ئەنکەرە تەواو دەکات.
دەنیز بایکاڵ لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەشی زانستە سیاسییەکانی ھەمان زانکۆ وەردەگیرێت. لە ساڵی ١٩٦٣ بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی تورکیا تەواو بکات، کەڵک لە کۆرسی خوێندنی ڕۆکفێڵێر وەردەگرێ و دوو ساڵ لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و کالیفۆڕنیا درێژە بە خوێندن دەدات.لە ١١ی شوبات گیانی لە دەست داوە.
ژیانی سیاسی
[دەستکاری]بایکاڵ لە شەستەکاندا یەکێک دەبێت لەو گەنجانەی کە لە دژی دەسەڵاتی پارتی دیموکرات ھەڵدەسووڕێت. ئەو یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بووە لە دژی پارتی دیموکرات و سەرۆک وەزیران عەدنان مەندەرەس. بەھۆی ئەو ڕووداوەوە بایکاڵ دێتە نێو دنیای سیاسییەوە.
لە ھەڵبژاردنەکانی ١٩٧٣ پارتی CHP سەردەکەوێت و ١٨٥ کورسی بەدەست دەھێنێت. بایکاڵ یەکێک دەبێت لەو پەرلەمانتارانە و وەک پەرلەمانتاری ئانتاڵیا دەچێتە پەرلەمان. لە ساڵی ١٩٧٤ دەبێتە وەزیری دارایی کابینەی بولەنت ئەجەڤیت. وە لە ساڵی ١٩٧٨ ـیشدا لە کابینەی سێیەمی بولەنت ئەجڤیت دەبێتە وەزیری سەرچاوەکان و وزە. لە سەروبەندی کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ بۆ ماوەیەک دەستبەسەر دەکرێت. پاشان ٥ ساڵ کاری سیاسی لێ قەدەغە دەکرێت. لە ساڵی ١٩٨٧ دوا ئەوەی ماوەی قەدەغەکەی تەواو دەبێت دێتەوە ناو کاروباری سیاسی. لە ھەمان ساڵ لە پەرلەمان دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سۆسیالیستی گەل. لە ساڵی ١٩٩٠ واز لەم پارتە دەھێنێت. لوە١٩٩٢ دوا ئەوەی ڕێگە بە کردنەوەی پارتە قەدەغەکراوەکان دەدرێت، ئەو و ھاوڕێکانی سەلەنوێ پارتی کۆماری گەل دادەمەزرێنێتەوە. بەم جۆرە بایکاڵ وەک ئەتاتورک و عیسمەت ئینۆنۆ لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا دەبێتە سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (CHP).
پارتی کۆماریی گەل لە ھەڵبژاردنەکانی ١٩٩٥ لەگەڵ پارتی ڕێگای ڕاست سەردەکەون و حکومەتی کوالیسیۆن پێکەوەدەنێن. بایکاڵ دەبێتە جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری وەزیری دەرەوە. دوای ئەم خولە، CHP لە ھەڵبژاردنەکانی ١٨ی نیسانی ١٩٩٨دا شکست دەھێنێت. بایکاڵ بەھۆی ئەم شکستەوە دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی CHP ھەڵدەگرێت.
لە کۆنگرەی نائاسایی یازدەیەمی CHP کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٠ بەڕێوە چوو، بۆ جارێکی تر بایکاڵ بە سەرۆکی ئەم پارتە ھەڵبژێردرایەوە. لە ھەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ پارتی کۆماریی گەل بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکات و %١٩،٤ی دەنگەکان بەدەست دەھێنێت. بەپێی ئەو ڕێژەیە ١٧٧ کورسی پەرلەمان بەدەست دەھێنێت و دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارای پەرلەمان.
لە ساڵی ٢٠٠٣شدا دەنیز بایکاڵ جارێکی تر بە سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل ھەڵدەبژێردرێتەوە و ساڵی ٢٠٠٥یش ڕکابەرە سەرسەختەکەی، موستەفا ساریگول دەبەزێنێ و دووبارە ھەڵدەبژێردرێتەوە. لەمە بەدواوە بایکاڵ لە نێو CHPدا دەبێتە سەرکردەی بێ ڕکابەر.
CHP و پرسی کورد
[دەستکاری]ئەندامانی ج.ھ.پ (CHP) لە ساڵانی ھەشتاکاندا کە پارتەکەیان قەدەغەکرابوو بە کۆمەڵ چوونە نێو پارتی سۆسیالیستی خەڵک و لە نێو ئەو پارتەدا سیاسەتیان دەکرد. لەو کاتەدا سەبارەت بە پرسی کورد ڕاپۆرتێکیان دەرخست کە لە کاتی خۆیدا بە کردارێکی بە جەسارەت و بێوێنە لە قەڵەم درا. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە 'دەبێت شووناسی کورد قبووڵ بکرێت. شووناسی ھەر کەسێک شەرەفییەتی و جێی شانازییە. نابێت شووناسی کەس سووکایەتی پێ بکرێت یاخوود پەراوێز بخرێت'. ھەروەھا لەگەڵ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم شووناسی کوردی پێویستە ڕێگە بە خۆدەربڕینی ئەم شووناسە بدرێت. ھەر بۆیە بەھۆی ئەو ڕاپۆرتەوە ئەندامانی ئەم پارتە ڕووبەڕووی کێشە و گیر و گرفت دەبنەوە. ڕاگەیاندنەکان و سیاسەتی ئەوکات ئەم پارتەیان بە لایەنگری جوداخوازی وەسف کرد. ھەروەھا ناتۆرەی خیانەتیشیان دانە پاڵ. تەنانەت ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری و دەسەڵاتی دادیشەوە ڕووبەڕووی کێشە بوویەوە. لەبەر ئەم ھەڵوێستە بەشێک لە کوردەکان بایکاڵ بە دۆستی کورد دەزانن.
بەڵام ئێستا تەواو ھەڵوێستی ئەو پارتە گۆڕاوە و بە ھەموو شێوەیەک دژی چارەسەرکردنی پرسی کوردە. ھەڵوێستی ئەم سەردەمەی بایکاڵ مەیلەو شۆڤێنییە و بە یەکجارەکی لە پرنسیپەکانی سۆشیال دیموکرات دوورکەوتووەتەوە. دەربارەی دۆسییەی کرانەوەی دیموکراتی، ھەڵوێستێکی ڕاڕا، دووپاڵوو و دوو دیوی ھەیە. بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ دەسەڵاتی ھەرێمی نین و دژی ئەوەشن کە زمانی کوردی بخرێتە پەروەردەی ڕەسمییەوە، چونکە ئەمە بە ھێمای پارچەکردنی زمان، شووناس و خاکی تورکیا دەزانن.
سەرچاوە
[دەستکاری]- بایکاڵی دۆستی کورد و بایکاڵی نەیاری کورد، گۆڤاری لڤین ژمارە ١١٠ ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە دەنیز بایکاڵ تێدایە. |