دەروازە:کوردستان/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/١٤

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەحمەد کایا (٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ - ١٦ی تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠٠٠) گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە. پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە. کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات. ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد. کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتۆتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان. لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.
زیاتر...