دەروازە:مۆسیقا/وتاری ھەڵبژێردراو/١١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فرێدریک فرانسوا شۆپان (بە فەڕەنسی: Frédéric François Chopin; [ʃɔpɛ̃] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن); ئینگلیزی: /ˈʃoʊpæ̃/; پۆڵەندی: [ˈʂɔpɛn]؛ ١ی ئازاری ١٨١٠–١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩) ئاوازدانەرێک و پیانۆژەنێکی داھێنەریی پۆڵەندیی سەردەمی ڕۆمانتیک بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی مۆسیقای بۆ ئامێری پیانۆ دەنووسییەوە. بەھۆی مۆسیقاکەیەوە، شۆپان لە سەرانسەری جیھاندا ناوبانگی دەرکردووە و بە نوێنەری مۆسیقاژەنانی کاتی خۆی ناودەبرێت. شۆپان بە بلیمەتێکی مۆسیقی، کە تەکنیکەکەی بۆ نەوەکەی خۆی بێبەراورد بووە، ناوی دەرکردووە.

شۆپان لە باوکی، نێکۆلاس شۆپان، و دایکی، یۆستینا شۆپان، لە گوندی ژێلازۆڤا ڤۆلا لەدایک بووە و لە شاری وارساو گەورە بووە، کە دواتر لە ساڵی ١٨١٥ بووە بەشێک لە کۆنگرەی پۆڵەندا. ئەو مناڵێکی بلیمەت بووە و پەروەردە مۆسیقییەکەی و زۆرینەی کارە سەرەتایییەکانی لە وارساو تەواو کردووە پێش بەجێھێشتنی پۆڵەندا لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نیشتەجێ بوو. لە ماوەی کۆتا ١٨ ساڵی ژیانیدا، تەنیا ٣٠ نمایشی ڕاستەوخۆی پێشکەش کرد، چونکە حەزی بە کەشە ڕۆمانتیکەکانی ساڵۆنەکان دەکرد بەراورد بە کەشی شانۆ. شۆپان بە فرۆشتنی کارە مۆسیقییەکانی و پێدانی وانەی پیانۆ داھاتی دەست دەکەوت، کە خواستێکی زۆر لەسەر ھەردووکیان ھەبوو. شۆپان پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی لەگەڵ فرانز لیست دروست کردبوو و زۆرێک لە مۆسیقاژەنانی تری نەوەی خۆی، وەک ڕۆبێرت شومان، ئەویان خۆشدەویست.
خوێندنەوەی زیاتر...