تیپی مۆسیقای خانزاد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تیپی مۆسیقای خانزاد یان تیپی مۆسیقای خانزادی کچان تیپێکی مۆسیقا بوو لە باشووری کوردستان کە ھەموو ئەندامان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی ئافرەت بوون.

مێژوو[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٨٠ لە شاری ھەولێر ھونەرمەندی مۆسیقازانی کورد وریا ئەحمەد، دەستی کرد بە مەشق کردنی مۆسیقا لەگەڵ کچە ژەنیارانی کورد و توانیو لە لە ماوەی ٣ ھەتا ٤ ساڵ لەم کچە لاوانە تیپێکی بچووکی مۆسیقا دامەزرینێت. تیپی مۆسیقای خانزادی کچان، لە سەردەمی خۆی تاکە تیپی مۆسیقا لە کوردستان و ھەموو عێراق بوو کە سەرجەمی ژەنیارەکان و گۆرانیبێژانی ئافرەت بوون. ئەم تیپە لە فیستیڤاڵی ھونەری گۆرانی کە لە ئاستی عێڕاق بەڕێوەچوو بەشدار بوو و ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە سەرسوڕماون و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە دەستخۆشییەکی زۆریان ئاراستەی ئەندامانی تیپەکە کرد.[١]

تیپی مۆسیقای خانزاد لە ساڵی ١٩٨٢ بەشداری «فیستڤاڵی دووەمی ھونەری کوردی» لە ھەولێر کرد. لە ساڵی ١٩٨٣ کۆمەڵێک گۆرانیشی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووکی ئەوسا تۆمار کرد و بەم ھۆیە ناوبانگی دەر کردەوە. ھەروەھا لە بەرنامەی ھەرجارەی لە پارێزگایەک بە نێوی (سھرە ئەربیلییە) لە تەلەفزیۆنی عێراق بەشداریان کرد و چەندین گۆرانییان لەو بەرنامەیە (وەکوو: ھەی مینە عەمرم مینە، ھۆپ زندان و ھۆپ زندان، دەک نەمینێم ئەلەززە، ئایشۆکی دەلالی دبلا وابی ھەروابی، وەزتازەممە وەزتازەممە، خان ئەمیری، ...) لەگەڵ گۆرانیی پەشیمانی لە ھۆنراوەی گۆران بە ئاوازی وریا ئەحمەد و وتنی کۆرس پێشکەش کرد.[١]

داخرانی تیپەکە[دەستکاری]

لە سەردەمی دەھەی ھەشتاکانی زایینی شەڕ لە نێوان ئێران و عێراق ھەڵگیڕساو و دەوڵەتی دیکتاتۆری حیزبی بەعسی عێراق فشاری لە سەری وریا ئەحمەد ھیناو کە سروود و گۆرانی بۆ حیبەکە و دیکتاتۆرەکە بڵێن. بەدوی ئەم فشارانە وریا ئەحمەد واز لە تیپەکە ھینا. لە دوی ئەو، چەند ھونەرمەندێکی دیکە لە شوێنی ئەو چالاک بوون کە یەکێکیان شێرزاد عوزێری بوو، بەڵام ھێچێکیان بەرھەمێکی ئەوتوویان نەبوو و بەدوای ماوەیەک تیپەکە داخرا و لە چالاکی کەوتەوە.

ئەندامان[دەستکاری]

  • شەعائع تارق، ئامێری ئۆرگ
  • سۆزان فایق، کەمان
  • ڕێزان حەمید، کەمان
  • ڤیان قاسم، کلارنێت
  • نادیە ئامێری ئۆکۆردیۆن
  • سۆزان حەممید ئامێری ئیقاع
  • سەراب، ئامێری گیتار
  • وەردە، دەڤ
  • ناسکە عزەدین مەحیەدین، فلوت
  • ڤیان فائق، ئامێری گیتار، گۆرانیبێژ

لە ئەندامانی چالاکی تیپەکە دەتوانرێت بە ڤیان فائق و ناسکە عزەدین مەحیەدین ئاماژە بکرێت. ڤیان فائق کە ژەنیاری ئەمێری گیتار و ھەروەھا گۆرانیبێژ بوو لە زۆربەی چالاکیانی گرۆپەکە بوونی ھەبوو. ناسکە عزەدین مەحیەدین دەرچووی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی موسڵ بەشی موزیک بوو کە وەکوو ژەنیاری ئامێری فلوت بەشداری چالاکییەکانی تیپۆەکەی دەکرد، لە سەرەتای چالاکییەکانی تیپەکە لە ساڵی ١٩٨٠ ئەندامی تیپی مۆسیقای خانزادی کچان بوو.[١]

ناوی تیپەکە[دەستکاری]

تیپەکە بە «خانزاد» ناو نراوە. خانزاد یەکێک لە ئافرەتە ناسراوەکانی مێژووی کورد بووە کە بۆ ماوەیەک میری ناوچەی سۆران بووە. ھاوسەرەکەی خانزاد بە ناوی میر سلێمان بەگ لەلایەن دوژمنانی ژەھرخوارد کراوە و کوژراوەتەوە، و خانزاد لە ساڵی ١٥٩٧ لە شاری بەغدا کۆچی کردووە و لە میرنشینی سۆران دەسەڵاتی میرایەتیی گرتە دەست.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]