لاوتسزی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

چەمكی (تاو) لە لای دانای چینی (لاو تسو) واتایەكی فراوانی هەیە، كە لە كتێبەكەیدا بە ناوی (تاو تی چینگ)دا باسی ئەو چەمكە هاتووە. ئەو كتێبەش هەر لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینەوە، كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەبوو بە سەر گەڵاڵە بوونی عەقڵی چین، هەروەها بە سەر كولتووری رۆژهەڵاتی دوور (وڵاتانی رۆژهەڵاتی كیشوەری ئاسیا)وە بە گشتی، هەتا ئێستاش ئەو كتێبە بە لای بیرمەند و فەیلەسووفانی رۆژهەڵات و رۆژاواوە جێی بایەخە.

تاو، یەكەمین بنەمایە كە دەورەی هەموو شتێكی داوە، لە نێو هەموو شتێكیشدا هەیە، تاو ئەو ناوەندە چەسپاوەیە كە چەرخی گەردوون بە دەوری ئەودا دەسووڕێتەوە. ئەو چەسپاوەشە كە بە سایەی ئەوەوە جوولە و شتانی جوولاو بەدی دێن. نە سەرەتای هەیە و نە كۆتایی، چونكە ئەو لە چاوگی ئەزلەوە سەرچاوەی گرتووە. هەناوی بەتاڵە و رواڵەتی هەبوونی بێ ژمارە (یان "بە هەزاران هەزارە" بە گوتەی لاو تسو).

هەڵبەت ئەوەی چەمكی "تاو" لە چەمكی "خوداوەند" جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە تاو ماهیەتێكی بێ ئاگا و نابەرجەستەیە، ناكرێ لە خوداوەندێكی بەرجەستە و سەربەخۆ و ویستێكی كارادا، چڕ بكرێتەوە، كە لە دوورەوە كار لە جیهان بكات و بە مەبەستیش كۆنترۆڵی كرد بێت.

تاو، هەوێنی جیهانە، بەڵام دروستكەر و ئەفرێنەری نییە، بەو چەشنەی كە لە چەمكی باوی ئەفراندن گەیشتووین، بەڵكوو ئەو شتێكە چون (وەك) تێگەی نوێی ئێمەیە لە بارەی یاساكانی سروشتەوە، كە جیهانیان هێناوەتە بەرهەم، بە شێوەیەكی خۆڕسك و ئاسایی درێژە بە هەڵسووڕاندنیشی دەدەن.

لە كردار و بەجێ گەیاندندا، خۆڕسكایەتی جەوهەر و شێوازی تاوە، ئەم خۆڕسكایەتییەش خەسڵەتی هەموو كار و كردارێكە لە ئاستی گەردوون و پرۆسەكانی سروشتدا. بە گوتەی یەكێ لە شاعیرانی (پەندی زن)ی ژاپۆنی، كە ریشەكەی تاوییە:

رەوە قوڵینگ لە بانەوە ئاسمانی بەرین تەی دەكات

وێنەی قوڵینگی كێوی لە خوارەوە لە نێو ئاوی سارددا دەركەوت

قوڵینگ مەبەستی نەبوو وێنەكەی بخاتە نێو ئاوی دەریاچەكەوە

ئاوی دەریاچەكەش نەی ویستووە وێنەی قوڵینگ بگرێت.

بە رای (لاو تسو)، ئەم خۆڕسكییە سروشتییە لە كردار و رەفتاردا، بە سەر مرۆڤیشدا پیادە دەبێت، ئیدی مرۆڤیش بە گوێرەی یاساكانی خۆڕسكانەی سروست، بنەمای گشتی لە ناخی خۆیدا بەدی دەكات، چونكە مرۆڤ بەر لە هەر شتێك، گیاندارێكی سروشتییە، كولتوور بنیاتێكی دەسكردە بە سەر بنیاتە بنەڕەت و سروشتییەكەی مرۆڤەوە.

(جۆزێف نیدهام) بە دیارترین زانای رۆژاوا دادەندرێت سەبارەت بە توێژینەوە لە هزری دێرینی چین، دەڵێ: "لە چیندا تاویزم پتر لە كۆنفۆشیزم خزمەتی زانستی كردووە. لە كاتێكدا كۆنفۆشییەكان هەردەم لووتیان دەژننە نێو كتێبەوە، مكوڕن لە سەر پەیڕەو كردنی رێسا و گەڵاڵە نامەكان، تاوییەكان چاودێریی سروشتیان دەكرد. جا بۆیە ئەدەبیاتی تاویزم تەژییە لە تێبینی و كۆمێنتی رەمەكیانە (غەریزیانە) لە بارەی رووەك و ئاو و با و رەفتاری گیاندارانی زیندوو، كەچی ئەدەبیاتی كۆنفۆشیزم تەنیا پەیوەست بوو بە پرسگەلی سیاسی و جڤاكییەوە. ئەوەی زۆر بە لای سۆفییەكی تاوییەوە گرنگە، ئەزموونی راستەقینەی راستەوخۆیە، نەك باوەڕ هێنان بەو بنەمایانەی كە ئەوانی دی بڕیار لە بارەی راست و دروستییەكەیان دەدەن."

لاو تسو، بە رامانی لە گەردوون و سروشت و كۆمەڵگای مرۆیی، گەیشتە ئەو بەرەنجامەی، كە چوار چەمك هەن رفتاری تاك كۆنترۆڵ دەكەن: (نەكردن، ئەرك نەكێشان، نەرمی، دەست وەرنەدان لە رێڕەوی شتان). هەموو ئەم چەمكانەش بەندن بە سیمای سەرەكیی (تاو)ەوە، كە "خۆڕسكایەتی"یە. هەڵبەت كار كردن بەو بنەمایانە واتای ئەوە نییە هەڵوێستی نەرێنیمان بەرانبەر بە ژیان و جیهان هەبێت، بەڵكوو مەبەست ئەوەیە كە رێ بدەین تا ئەو پەڕی ئەندازە خۆڕسكایەتی دەستەبەر بێت، ئەمەش خەسڵەتی دیاردەكانی سروشتە.

ئەم چەمكانە لە ئاستی ژیانی رۆحیانەی تاك و ئاستی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیانەی ئەودا پیادە دەكرێن. لێرەدا هەوڵ دەدەین باسی پیادە كردنی ئەوان لە ئاستی دەسەڵات و سیاسەتدا باس بكەین، بە سەرنج دان لەوەی كە پەیڤی "دانا: حەكیم" كە (لاو تسو) لە بواری سیاسیدا بەكاری دەهێنێت، مەبەستی ئەو كەسی دەسەڵاتدارە، چونكە دەسەڵاتداری نموونەیی ئەو كەسەیە، كە خەسڵەتی كەسی دانا و كەسی سیاسیی پێكەوە تێدا كۆ دەبێتەوە.

مامۆستا (لاو تسو) لە بەشی (3)ی كتێبەكەیدا دەڵێ:

دەست لە رێڕەوی شتان وەرمەدە

سیستەم خۆبەخۆ دادەخرێت.

لە بەشی (48)یشدا هاتووە:

بە دەست تێوەرنەدان وڵات بەدەست دێنی

پەنا ببەیتە بەر دەست تێوەردان، تۆ شایستەی ئەوە نیت.

لە بەشی (37)یشدا هاتووە:

ئەگەر بتوانی لە ئارەزووەكانت رزگار بیت و ئۆقرە بگریت

ئەوا وڵات خۆبەخۆ بە ئاشتی دەژی.

لە بەشی (45)دا هاتووە:

ئارام و وەستاو، دەتوانی وڵات بەڕێوە ببەیت.

لە بەشی (57)یشدا هاتووە:

حوكمڕانیی وڵات بكە بە پەیڕەو كردنی ئارامی و راست كردنەوەی خۆت

بە بێ دەست تێوەردان وڵات بەدەست بهێنە.

لە بەشی (29)دا هاتووە:

ئەوەی دەیەوێ دەسەڵاتی خۆی بە سەر وڵاتێكدا بسەپێنێ و هەوڵ دەدات لە قاڵبی بدات

هەرگیز ئاسوودە نابێت

ئەوەی دەیەوێ لە قاڵبی بدات وێرانی دەكات

ئەوەی بە زبری دەستی بە سەردا دەگرێت، لەدەستی دەدات.

لە بەشی (66)دا هاتووە:

ئەگەر دانا دەسەڵات بگرێتە دەست

هیچ كەس هەست بە بوونی ناكات

ئەگەر لە پێشەوەی كاروانیش رۆیشت

رێ لە كەس ناگرێت.

واتە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی درێژ كراوەی سیستەمی سروشتە، ئەویش وەك هەر ژینگەیەكی تەواو زیندووی وایە، ناكرێ دەست بۆ هەندێك ببەیت و كار لە بەش و لایەنەكانی دیكەی نەكات. جا ئەگەر كەسێكی ئەم كۆمەڵگایە بە پێی سروشتی خۆڕسكانەی خۆی رەفتاری كرد، بە هەمان شێوەی كە گیاندارانی دیكە لە ژینگەی هاوسەنگی خۆیاندا رەفتار دەكەن، ئەوا كاروبار بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچێت.

ئەركی ئەم هۆشیارییەش بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانەوە، ئیدی پێویستە ئەوان وەك چۆن گەردوون هەڵدەسووڕێ، ئەوانیش كۆمەڵ هەڵسووڕێنن، واتە لە رێی "ناكردار" و "دەست وەرنەدان" لە رێڕەوی شتانەوە. هەڵبەت سەرەتا دەبێ دەسەڵاتدار خۆی راست بكاتەوە، بشگاتە ئاستێك لە ئارامیی ناخ كە وای لێ بكات بە سەر خۆیدا زاڵ بێت. لەم رووەوە (چوانگ تزو) قوتابیی مامۆستاكە (واتە قوتابیی لاو تسو) و راڤەكەری گوتەكانی دەڵێ: "كاتێك ئاو رادەوەستێت وەك ئاوێنەی لێ دێت. زۆر بە وردی سیمای ئەو دەموچاوەی لێی دەڕوانێ دەخاتە روو، نیشانەیەكیش لە بارەی پڕ بوونی حەوزەكەشەوە دەدات. ئیدی لە پای ئەوەیە كە دانا ئەو ئاوە دەكاتە نموونە.. كاتێك عەقڵی دانا رادەوەستێت، ئیدی دەبێتە ئاوێنەی جیهان و نەخشێكی گەردوون."

كاتێ مامۆستایەكی میوان بووم لە (زانكۆی توێژینەوەگەلی بیانی)دا، لە پەكین پایتەختی چین، سەردانی كۆشكی كۆنی ئیمراتۆریەتم كرد، سەرنجم دا لە سەرووی دیواری پشت تەختی ئیمپراتۆرییەوە رستەیەكم بەدی كرد كە بە زمانی چینی نووسرا بوو، لە بارەی واتاكەیەوە پرسیارم لە خانمە مامۆستای یاوەرم كرد، ئەویش گوتی: "كەسێ خاوەن دڵێكی ئۆقرە نەبێت، ناتوانێ حوكمڕانیی وڵاتێك بكات."

جا ئەگەر دەسەڵاتدار ئەركی خۆی بەم چەشنە بەجێ گەیاند، ئەنجامەكە وەك كارێكی خۆبەخۆ دێتە پێش چاو، بە بێ ئەوەی خەڵك پێ بزانن ئەوە دەستی دەسەڵاتداری تێدایە.

مامۆستا (لاو تسو)لە بەشی (71)دا دەڵێ:

ئەگەر ئەركی خۆی بەجێ گەیاند و كاری خۆی تەواو كرد

خەڵك دەڵێن: ئەمە خۆبەخۆ رووی داوە.

ئەم بیرۆكانە كە (لاو تسو) پێشكەش بە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی كرد تەنیا وەك مەرەكەبی سەر كاغەز نەمانەوە، بەڵكوو هەندێ دەسەڵاتدار سوودیان لێ وەرگرتن و پیادەیان كردن.

مێژوونووسێك لە بارەی وەزیری یەكەمی ئیمپراتۆر (كینگ هوی: 194-187 ب ز)، وەزیرەكەش ناوی (تسی ئان) بوو، دەگێڕێتەوە، پاش ئەوەی پۆستی وەزارەتی وەرگرت كۆمەڵێك دانای كۆ كردەوە، بۆ ئەوەی سەبارەت بە باشترین شێواز بۆ بەڕێوە بردنی وڵات رێنمایی بكەن، كەچی دەركەوت رێنمایی داناكان لەگەڵ یەكدا ناتەبا بوون، بۆیە وەزیرەكە نەیتوانی پشت بە هیچ كامیان ببەستێت. پاشان داوای (كیا یونگ)ی كرد كە دانایەكی تاوی بوو. ئەویش پێی گوت: "وڵات بە ئارامیی دەسەڵاتدار و پەیڕەو كردنی ئۆقرەیی بەڕێوە دەچێت، ئەوكات خەڵك راستەڕێ دەبن و خۆبەخۆ رێچكە دەگرن." هەواڵەكان لە بارەی ئەو سەردەمەوە دەڵێن، پاش ئەوەی جەنابی وەزیر رێنمایی دانای تاویی جێبەجێ كرد، ئارامی باڵی بە سەر وڵاتدا كێشا.

واش دیارە كۆنفۆشیۆس كە هاوزەمانی (لاو تسو) بوو، بە تەمەن لەو بچووكتر بوو، كەوتە بن كارگەریی بیر و بۆچوونی سیاسیانەی (لاو تسو)ەوە، دەگێڕنەوە كە جارێكیان كۆنفۆشیۆس بە قوتابییەكانی خۆی گوت: "ئایا (شون)ی ئیمپراتۆر ئەو دەسەڵاتدارە نەبوو كە دەستی لە كاروباری وڵاتەوە وەرنەدەدا، وێڕای ئەوە بە باشترین شێوەش حوكمڕانیی كرد؟ ئمپراتۆر (شون) چیی كرد؟ ئەو خۆی باش كرد و پێگەی دەسەڵاتداری شایستەی بەدەست هێنا. هەر ئەمەشی كرد."

لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەردەمی حوكمڕانیی ماڵباتی (هان)ی رۆژاواشدا، پاش ئەوەی شەڕی وڵاتان كۆتایی هات و كۆمەڵ چاوی لە ئاشتی و ئارامی بڕی، دەسەڵاتدارانی چین سوودیان لە بیر و بۆچوونی سیاسیانەی (لاو تسو) وەرگرت، ئەمەش یارمەتیدەر بوو كە ئاسایش و ئاشتی تا ماوەیەكی درێژ باڵ بە سەر وڵاتدا بكێشێت، وڵاتیش گەشە كردنێكی بێ هاوتای ئابووریی بە خۆوە دیت. ئەزموونی ماڵباتی (هان) پاشتر بوو بە نموونەیەك كە ماڵباتانی دیكەی حوكمڕانی پاش ئەوان سوودیان لێ بینی، بە رادەی جیاجیاش سوودیان لە هزری تاوی وەرگرت.

هەڵبەت كە دەڵێین دەسەڵاتدار دەست لە كاروباری خەڵك وەرنەدات، ئەمە بە لای (لاو تسو)ەوە واتای دەست هەڵگرتنی دەسەڵاتدار نییە لە ئەركی خۆی و هەر تەنیا سەرقاڵی كاروباری خۆی بێت، بەڵكوو ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە دەسەڵاتدار دەسەڵاتی خۆی پیشان نەدات، بۆ بەجێ گەیاندنی مەرامەكانیشی پەنا بۆ هێز نەبات، بەڵكوو بە جۆرێك هەڵسوكەوت بكات وەك ئەوەی هیچ نەكات. هەر بۆیە لە بەشی (17)دا دەڵێ:

باشترین دەسەڵاتدار چەشنی سێبەرە بە لای خەڵكەكەیەوە

پاش ئەویش ئەو دەسەڵاتدارەیە كە خۆشیان دەوێ و ستایشی دەكەن

ئنجا ئەوەی لێی دەترسن و لێ دەتۆقن

پاشان ئەوەی رقیان لێی دەبێتەوە و سووكایەتیی پێ دەكەن

ئەگەر سەرەتا متمانە بە خەڵك نەدەیت

ناتوانی متمانەیان بەدەست بهێنی.


ئاسۆ شێخ مسته‌فا