بوومەلەرزەی ساڵی ٢٠٢٣ی مەراکیش-سافی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بوومەلەرزەی ساڵی ٢٠٢٣ی مەراکیش-سافی
وڵاتمەغریب
دابەشکاریی کارگێڕیMarrakesh-Safi
جێAl Haouz Province
پۆتانی شوێن٣١°٦′٣٦″N ٨°٢٦′٢٤″W
کاتی ڕوودان٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
ڕێکەوتی دەستپێکردن٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
Modified Mercalli intensity scaleMercalli scale IX
Map

لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە کاتژمێر ٢٣:١١ بە کاتی ھاوینە (٢٢:١١ بە کاتی جیھانیی) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ لە ناوچەی مەراکش-سافی لە مەغریب ڕوویدا. ناوەندی بوومەلەرزەکە بە دووری ٧١.٨ کم (٤٤.٦ میل) لە باشووری ڕۆژاوای مەراکیش و لە قووڵایی ١٨.٥ کم (١١.٥ میل) لە نزیک کۆمەڵگەی ئێغیل لە چیای ئەتڵەس بووە، ھۆکارەکەی بەھۆی درزێکی لار و قووڵەوە بووە لەژێر زنجیرە چیاکاندا. ٢٩٠٠ دۆخی گیانلەدەستدان و ٥٥٠٠ بریندار تۆمارکراوە، کە زۆربەیان لە دەرەوەی شاری مەراکیشن. زیانەکان بەربڵاو بوون، بەتایبەتی بە باڵەخانە مێژووییەکان و شوێنە گرنگەکانی مەراکش. ھەروەھا بوومەلەرزەکە لە ئیسپانیا و پورتوگال و جەزائیر ھەستی پێکرا.

لە ساڵی ١٩٦٠ەوە بە بەھێزترین و کوشندەترین بوومەلەرزە لە مێژووی مەغریب دادەنرێت، ھەروەھا دووەم کوشندەترین بوومەلەرزەی ساڵی ٢٠٢٣یە لە دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا. ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی مەزەندەی کرد کە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس لە مەراکش و دەوروبەری بەھۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە. لە دوای بوومەلەرزەکە، زۆرێک لە وڵاتان ھاوکاری مرۆیییان پێشکەش کرد. ھەروەھا مەغریب سێ ڕۆژ ماتەمینی نیشتمانی ڕاگەیاند و ئاڵاکانی نزمکرانەوە.[١] [٢] [٣] [٤] [٥] [٦]

بارودۆخی تەکتۆنی[دەستکاری]

جووڵەی بوومەلەرزە لە باکووری مەغریب لە سنووری نێوان پلێتی ئەفریقا و پلێتی ئۆراسیادایە کە درزێکی گۆڕاوی نێوان دوورگەکانی ئازۆر و جەبەل تاریقە. ئەم ناوچەیە بەھۆی خلیسکانی لای ڕاست لە کۆتایی ڕۆژھەڵاتیدا یەکدیبڕ دەبێت، لەگەڵ گەشەکردنی درزی گەورەی پاڵنەردا لە ڕۆژھەڵاتی گەرووی جەبەل تاریق و لە دەریای بۆران پێکدادان دەبێت. زۆربەی بوومەلەرزەکان لە مەغریب پەیوەستن بە جووڵەی سنووری ئەو پلێتە، کە گەورەترین مەترسی بوومەلەرزە لە باکووری وڵاتەکەدا لە نزیک سنوورەکەیە. جێگای سەرنجە لە ساڵی ٢٠٠٤ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٣ پلە شاری حەسیمەی ھەژاند و بەھۆیەوە ٦٢٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٩٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون، لە ساڵی ١٩٨٠دا بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٧.٣ پلە جەزائیری دراوسێی ھەژاند و بەھۆیەوە ٢٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.[٧] [٨]

چیای ئەتڵەس پشتێنەیەکی شاخاوییە کە لە مەغریبەوە تا توونس درێژ دەبێتەوە و بە دووری ٢٠٠٠ کیلۆمەتر (١٢٠٠ میل). ئەم شاخانە بەھۆی پێکدادانەکانەوە دروست بوون کە لە سەردەمی سێنۆزۆیکدا دەستی پێکرد. زنجیرە چیاکان دەگاتە بەرزترین بەرزی لە ڕۆژاوا لە مەغریب، بوومەلەرزە لە مەغریب لە ناوچەی باکووری وڵات و دەریای بۆران چڕبووەتەوە، لە باشووری لادێکان چالاکیی بومەلەرزەیی بەشێوەیەکی پچڕپچڕە بەڵام لە ئەتڵەسی ناوەڕاست و گەورە و ئەتڵەسی بچووکدا بەربڵاوە. شایەنی باسە کە لێرەدا گەورەترین بوومەلەرزە کە لە چیای ئەتڵەس تۆمار کراوە ئەو بوومەلەرزەیە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٠ شاری ئاگادیری گرتەوە کە گوڕەکەی ٥.٩ بوو. بوومەلەرزەکان لە چیای ئەتڵەس میکانیزمی فۆکەسی خلیسکان یان پاڵنان یان تێکەڵەیەک لە ھەردووکی (خلیسکانی لار) نیشان دەدات.[٩] [١٠]

بوومەلەرزەکان[دەستکاری]

ئەم بوومەلەرزەیە بە بەھێزترین بوومەلەرزە دادەنرێت لە نێو ئەو بوومەلەرزانەی کە لە مێژووی نوێی مەغریبدا تۆمارکراون، و تەنیا بوومەلەرزەکەی مێکناس تێیپەڕاندووە لە ساڵی ١٧٥٥ کە گوڕەکەی لە نێوان ٦.٥ بۆ ٧.٠ پلە بووە. بەپێی ئامارەکانی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS)، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ١٨.٥ کیلۆمەتر (١١.٥ میل) ڕوویداوە، لەکاتێکدا پەیمانگای نیشتمانیی جیۆفیزیا کە دامەزراوەیەکی تایبەت بە بومەلەرزەزانییە لە مەغریب، قووڵایی فۆکەسی ٨ کیلۆمەتر (٥.٠ میل) و گوڕی ٧.٢ پلەی ڕاگەیاندووە. بەپێی ئاماری ناوەندی بومەلەرزەزانی دەریای ناوەڕاستی ئەورووپا، لە پورتوگال، ئیسپانیا، مۆریتانیا، جەزائیر و بەدرێژایی کەناراوەکانی گەرووی جەبەل تاریق ھەستی پێکراوە. گەواھیدەرەکان دەڵێن لەرزینەکە بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ چرکە بەردەوام بووە. لەکاتێکدا لەرزینێک بە گوڕی ٤.٩ پاش ١٩ خولەک لە لەرزینە سەرەکییەکە ڕوویدا.[١١]

بەپێی زانیارییەکانی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە میکانیزمێکی فۆکەسی ھەبووە کە ئاماژەیە بۆ درزی لار لەژێر ئەتڵەسی گەورەدا. پچڕانەکە لەسەر درزێکی لاری پێچەوانەیی زۆر تیژ ڕوویداوە کە بەر باکووری ڕۆژاوا کەوتووە یان درزێکی لاری پێچەوانەیی تەنک کە بەر ڕۆژھەڵات کەوتووە، ڕووبەری پچڕانی درزەکە بە ٣٠ کم (١٩ میل) بە ڕێژەی ٢٠ کم (١٢ میل) مەزەندە کراوە. زۆرێک لە درزەکانی خلیسکان و پاڵنانی نێوان ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژھەڵات-باشووری ڕۆژاوا لە ئەتڵەسی گەورەدا ڕوودەدەن. لە ساڵی ١٩٠٠ەوە بەلایەنی کەم مەغریب بوومەلەرزەک بە گوڕی ٦.٠ یان زیاتر لە دووری ٥٠٠ کم (٣١٠ میل) لە ناوەندی بوومەلەرزەوە ڕووی نەداوە.

لە ٩ی ئەیلوول (ڕۆژێک دوای بوومەلەرزەکە) ڕاپۆرتەکان دەریانخست کە وێستگەکانی چاودێری پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئەستێرەناسی و جیۆفیزیا لە میسر توانیان بوومەلەرزەکە بە دووری ھەزاران کیلۆمەتر دەستنیشان بکەن.[١٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "M 6.8 - 56 km W of Oukaïmedene, Morocco". United States Geological Survey. 8 September 2023. Retrieved 8 September 2023.
  2. ^ https://web.archive.org/web/20230909042059/https://www.npr.org/2023/09/08/1198598035/powerful-earthquake-strikes-morocco-killing-hundreds
  3. ^ https://web.archive.org/web/20230909042100/https://www.malagahoy.es/malaga/Terremoto-Malaga-epicentro-Marruecos-Andalucia_0_1828317161.html
  4. ^ https://web.archive.org/web/20230910103900/https://www.theguardian.com/world/2023/sep/10/morocco-earthquake-mourning-begins-as-rescue-continues-with-death-toll-over-2000
  5. ^ https://web.archive.org/web/20230910104003/https://www.aa.com.tr/en/africa/thousands-affected-by-powerful-quake-in-morocco-s-marrakech-who/2987651
  6. ^ https://web.archive.org/web/20230910042835/https://arabic.rt.com/middle_east/1493714-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%88%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%84%D9%83%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D9%8A-%D9%8A%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%AF%D8%A7%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B7%D9%86%D9%8A-%D9%84%D8%AB%D9%84%D8%A7%D8%AB%D8%A9-%D8%A3%D9%8A%D8%A7%D9%85-%D9%88%EF%BA%97%EF%BB%A7%EF%BB%9B%EF%AF%BE%D8%B3-%D8%A7%EF%BB%B7%EF%BB%8B%EF%BB%BC%D9%85/
  7. ^ https://web.archive.org/web/20201229163356/https://www.researchgate.net/publication/260941434
  8. ^ https://web.archive.org/web/20230909042101/https://www.cbsnews.com/news/morocco-earthquake-6-8-magnitude-marrakech-hundreds-killed/
  9. ^ Timoulali، Youssef؛ Nacer، Jabour؛ Youssef، Hahou؛ Mimoun، Chourak (2015). "Lithospheric structure in NW of Africa: Case of the Moroccan Atlas Mountains". Geodesy and Geodynamics. ج. 6 ع. 6: 397–408. Bibcode:2015G&G.....6..397T. DOI:10.1016/j.geog.2015.12.003.
  10. ^ Sébrier، Michel؛ Siame، Lionel Louis؛ Zouine، El Mostafa؛ Winter، Thierry؛ Morel، Jean-Luc؛ Missenard، Yves؛ Leturmy، Pascale (2006). "Active tectonics in the Moroccan High Atlas". Comptes Rendus Geoscience. ج. 338 ع. 1–2: 65–79. Bibcode:2006CRGeo.338...65S. DOI:10.1016/j.crte.2005.12.001. لە بنەڕەتەوە ئەرشیڤ کراوە لە 2023-09-09.
  11. ^ https://web.archive.org/web/20230327150736/http://www.isc.ac.uk/iscgem/index.php
  12. ^ https://english.ahram.org.eg/NewsContent/1/1234/508043/Egypt/Foreign-Affairs/Egypt-extends-condolences-to-Morocco-after-devasta.aspx