بابانۆئێل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

بابە نوێل، یاخود (پاپا نۆێڵ) کە (سانتا کلۆز) یشی پێ دەوترێت و ئەمەش کورت دەکرێتەوە بۆ (سانتا)، کەسێتییەکە لە کولتوری خۆرئاواییدا، کە پەیوەستە بە جەژنی سەری ساڵی زایینیەوە. کەسێتیەکەی، بەو شێوەیەی ئێستا بڵاوە لە جیھاندا، پیاوێکی بەتەمەنی ڕوخۆش و دەمبەپێکەنینە و پێکەنینێکی تایبەت بە خۆی ھەیە. ڕیشێکی گەورەی سپیی ھەیە کە دەم‌وچاوی داپۆشیوە. جەستەی قەڵەوە. جل‌وبەرگێکی زستانەی تایبەتیی ھەیە کە ڕەنگی سورە و سەرقۆڵ و چمکەکانی سپین. لە چیرۆکی منداڵاندا ئەم کەسێتیە شوێن و شێوازی ژیانیشی باس دەکرێت: (سانتا کلۆز) لە جەمسەری باکور (بەتایبەتی: گرینلاند!) و شوێنێکی سارد دەژی، لەگەڵ (خاتو کلۆز) ی ھاوسەری، و لەگەڵیاندا ھەندێک لە گرگن (قەزەم) ەکانیش دەژین کە دیاریەکانی شەوی سەری ساڵی بۆ ئامادە دەکەن، چەند ئاسکێکیش (٨ دانە! ئێستە بوەتە ٩!) گالیسکە سیحراویەکەی ڕادەکێشن کە زەنگۆڵەی پێوەیە، کە لەو گالیسکەیەدا دیاریەکان ھەڵ دەگیرێن،، ئاسکەکانیش توانای فڕینیان ھەیە! ئیتر پاپا نۆێڵ دەگەڕێت و دیاریەکان کە لە کیسەکەیدا ھەڵی گرتون دابەش دەکات بەسەر منداڵاندا لەو شەوەدا، بۆ ئەو مەبەستەش یان لە دوکەڵکێشەوە دەچێتە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە یان لە پەنجەرەوە و دەرچەکانی ترەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەنھێنی دیاریەکان بۆ منداڵان بەجێ بھێڵێت بەبێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن!

ئیتر ئەمە وێنەی کەسێتیی پاپا نۆێڵە، و بەشێکە لە خەیاڵدانی منداڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، و بەم شێوەیە لە کارە ھونەریەکاندا نمایش دەکرێت. بەم شێوەیە کەسێتیی خۆشەویستی (بابە نوێل) بەشێک و دیمەنێکە لە ئاھەنگەکانی سەری ساڵی زایینی، لە زۆربەی جیھان، بەتایبەتی لای منداڵان کە زۆر خۆشەویستە. بەشێک لە موسوڵمانان بەشداریکردن لەو ئاھەنگ و خۆشیانەدا بە ناڕەوا و قەدەغە دەزانن و کەسێتیی (پاپا نۆێڵ) یان بە دڵ نیە و پێیان وایە کە لەگەڵ باوەڕی ئیسلامی ناگونجێت و دەڵێن ناوەکەی مانایەکی نەگونجاوی لەگەڵ باوەڕی ئیسلامی ھەیە، و ھەروەھا دەڵێن کەسێتیی (پاپا نۆێڵ) کەسێتییەکی خەیاڵی و ئەفسانەییە، بەڵام ھەمو خەڵک دەزانێت کە ئەوە کەسێتیە کەسێتییەکی مەعنەویە بەڵام کەسێتییەکی جوانە و زیندو ڕادەگیرێت و کەسێتی و جل‌وبەرگە تایبەتیەکەی نمایش دەکرێت و لە ڕێگەیەوە دیاری دابەش دەکرێت بەسەر منداڵاندا.


بنەڕەتی مێژویی کەسێتیی پاپا نۆێڵ[دەستکاری]

لە بنەڕەتدا ئەم کەسێتیە ھەر ھەمان قیددیس (نیکۆلاس) Saint Nicholas ـە (ھاگیۆس نیکۆلاوس Άγιος Νικόλαος بە گریکی، سانکتوس نیکۆلاوس Sanctus Nicolaus بە لاتینی، عەرەبیش لەسەر زمانی سوریانەوە "مار نِقولا" ی پێ دەڵێن)، کە ئوسقوفی گریکزمانی شاری (میرا) Myra بوە لە ھەرێمی (لیکیا) Lycia لە باشوری ئەنادۆڵ (ی بیزانتی) کە دەکاتە ناوچەی (دێمرە) Demre لە تورکیای ئێستە، و لە سەدەکانی (٣-٤ ز.) دا ژیاوە: (٢٧٠ ز.) لەدایک بوە لە شاری (پاتارا) Patara لە ھەرێمی لیکیا، (٦) ی کانونی یەکەمی (٣٤٦ ز.) مردوە. یەکێکە لە قیددیسە مەسیحیە گەورە و بەناوبانگەکان.

بەپێی ھەندێک سەرچاوە و داب‌ونەریتی مەسیحی؛ قیددیس نیکۆلاس لە (کۆنگرەی یەکەمی نیکایا) دا ساڵی (٣٢٥ ز.) بەشدار بوە، و گوایە ڕوبەڕوی بیدعەکەی (ئاریوس) بوەتەوە و لە کۆنگرەکەدا زلـلەیەکیشی لە دەم‌وچاوی ئاریوس داوە! ھەرچەند لیستە ھەرە کۆنەکانی ناوی ئوسقوفە بەشداربوەکانی ئەو کۆنگرەیە ناوی ئەویان تێدا نیە.

ئەم کەسێتیە داب‌ونەریت و چیرۆکی زۆری لەسەر دروست بوە. لە زۆربەی کۆمەڵگا مەسیحیەکاندا و لە کلێسای کاثۆلیکی و کلێسا ئۆرثۆدۆکسەکاندا لە (٦ ی کانونی یەکەم) ی ھەمو ساڵێک ئاھەنگی بۆ دەگێڕدرێت (لە ھەندێک شوێنیش ١٩ ی کانونی یەکەم). لە کلێسا ئینجیلیەکانیشدا ڕێزی لێ دەگیرێت. لە وڵاتانی بەلکان و خۆرھەڵاتی ئورۆپا (ئەلبانیا، بولگاریا، کرواتیا، چێک، گورجستان، یۆنان، مەکەدۆنیا، مۆنتینێیەگرۆ، ڕۆمانیا، ڕوسیا، سێربیا، سلۆڤاکیا)، ھەروەھا لە ھەندێک ناوچەی خۆرئاوای ئورۆپا (بێلجیکا، فڕەنسا، ھۆڵاندا، پۆرتوگال)؛ قیددیس نیکۆلاس قیددیسی سەرپەرشت و پشتیوانە بۆ دەریاوانەکان و بازرگانەکان و تیرەندازەکان و ماسیگرەکان و منداڵان و قوتابیان و ھەروەھا ئەوانەی بەھەڵە تۆمەتبار کراون. ھەروەھا قیددیسی سەرپەرشت و پشتیوانی ئەم شار و ناوچانە بوە لە کۆمەڵگا مەسیحیەکاندا: ئابەردین Aberdeen لە سکۆتلاندا، ئەمستێردام Amsterdam لە ھۆڵاندا، باررانکییا Barranquilla لە کۆڵۆمبیا، بەیت جالا (بیت جالا) لە فەلەستین (کە لەم شارۆچکەیە وا باوە قیددیس نیکۆلاس چوار ساڵ ماوەتەوە کاتێک زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانی کردوە)، باری Bari و پاتێرنۆپۆلی Paternopoli و ساسّەری Sassari لە ئیتالیا، فریبور |فغیبوغ| Fribourg لە سویسّێرا، کۆزانی Kozani لە یۆنان، لیڤەرپوڵ Liverpool لە ئینگیلتێررا، و گوندی سیججیوی Siġġiewi لە ماڵتا، و ناوچەی لۆرێین |لۆغێن| Lorraine لە فڕەنسا.

بەپێی چیرۆکی ژیانی قیددیس نیکۆلاس؛ دایک و باوکی دەوڵەمەند و خواناس بون، بەڵام سەرەتا منداڵیان نەبوە کە ببێتە میراتبەری ماڵ‌وسامانەکەیان، ئیتر لە کۆتاییدا ئەم کوڕەیان دەبێت، ئەم کوڕەش ھەر لە منداڵیەوە نیشانەی خواناسی و پیاوچاکیی پێوە دیار بوە، بە شێوەیەک "ئەو ئیلھامەی لە گیانی پیرۆزەوە وەریدەگرت زۆرتر بو لەو فێربونەی لە مامۆستاوە وەریدەگرت"! ھەر لە منداڵیدا لە فێرکاریەکانی کلێسا شارەزا بو، ئیتر ھەر بە منداڵی بو بە شەمماس، ئینجا لە دێرێکدا بوە ڕەبەن، ھەتا ھەر لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بوە قەشە. ئیتر ئەو سامانەش کە لە باوک و دایکیەوە بۆی بەجێ مابو؛ لە کاری چاک و یارمەتیی خەڵکدا سەرفی دەکرد.

ئەم پیاوە مەسیحیە جوانە، بەپێی داب‌ونەریتی کۆمەڵگا مەسیحیەکان؛ عادەتی وا بوە شەوان یارمەتی و دیاریی بەسەر ماڵە ھەژار و نەدارەکاندا دابەش دەکرد، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت ئەوە ئیشی کێیە.

دیارترین چیرۆک کە دەیگێڕنەوە دەربارەی ئەم چاک و یارمەتیانەی قیددیس نیکۆلاس، ئەوەیە کە لە شاری (میرا) پیاوێکی دەوڵەمەند دەبێت، پاشان سامانەکەی لەدەست دەدات و ھەژاری زۆری بۆ دەھێنێت. سێ کچیشی وەختی شوکردنیانە بەڵام ئەو ئیتر نەیدەتوانی بەشویان بدات چونکە دەستکورت ببو و نەیدەتوانی جیازییان بۆ ڕێک بخات. ھەتا شەیتان نیازی خراپی ئەوەی خستە دڵیەوە کە کاری نزم بە کچەکانی بکات. خواوەندیش ئەمەی بۆ قیددیس نیکۆلاس دەرخست، ئیتر سەد دیناری زێڕی لە ماڵ‌وسامانەکەی باوکی ھەڵ گرت و خستیە کیسەیەکەوە و شەو بەبێ ئەوەی کەس بزانێت لە پەنجەرەوە خستیە ناو ماڵی کابراوە. کابرایش زۆر سەرسام بو کاتێک کیسە پارەی بینی و زۆر دڵخۆش بو، و بەو پارەیە کچی یەکەمی بە شو دا. ئینجا شەوێکی تر بە ھەمان شێوە کیسەیەکی تری پارەی فڕێ دایە ماڵەکەوە، بەم شێوەیە پیاوەکە توانیی کچی دوەمیشی بە شو بدات. بەڵام ئیتر پیاوەکە زۆر تامەزرۆی بینی ئەو چاکەکارە بو. بۆیە خۆی بۆ داگرت تا بزانێت کێیە. کاتێک دەنگی کەوتنی کیسەکەی بیست؛ ڕای کرد تا بزانێت کێیە، بینیی کە قیددیس نیکۆلاسە. ئیتر بەسەر پێیدا کەوت و زۆر سوپاسی کرد، ئەویش وتی: سوپاسی من مەکە، سوپاسی خوا بکە کە ئەو بیرۆکەیەی خستوەتە دڵمەوە.

بەم شێوەیە قیددیس نیکۆلاس لە ژیانی خۆیدا بەردەوام بو لەسەر یارمەتیدانی گەلەکەی خۆی و ئەوانەی پێویستییان بە یارمەتی ھەیە.

ئیتر لە کۆتاییشدا لە (٦ ی کانونی یەکەم) دا مردوە، کە ئەمەش نزیکە لە جەژنی لەدایکبونی مەسیحەوە (٢٥ ی کانونی یەکەم)، بۆیە ئیتر پەیوەست بوە بە جەژنی سەری ساڵەوە. بە ناوی ئەوەوە دیاریی سەری ساڵ و کریسمەس دەگۆڕدرایەوە. ئیتر لێرەوە بو بە "(باوک) و سەرپەرشتی ئاھەنگی لەدایکبونی مەسیح (کریسمەس)"، و دەنگ‌وباسی بە ھەمو ئورۆپادا بڵاو بوەوە، و بو بەو کەسێتیەی کە دیاریی کاتی ئاھەنگی لەدایکبونی مەسیح دەھێنێت و دابەش دەکات.

دیارە ئەم کەسە پیاوێکی ئایینیی باش و بەسۆز بوە لە خۆیدا، بۆیە بوەتە بنچینەیەکی کەسێتییەکی جوانی وەکو پاپا نۆێڵ لە ویژدانی خەڵکدا. بێ گومان کەسێتیی جوانی ئاوا لەسەر بنەمای ژیانی پیاوانی ئایینیی مەسیحیی تر کە توند و چاوچنۆک بن؛ دروست نابێت. کەسێتیی ئاوا جوان لەسەر بنەمای ژیانی کەسێک دروست دەبێت کە پاڵنەرە مرۆڤدۆستیەکەی بەھێز بێت یان بەھێزتر بێت لە پاڵنەرە ئایینیەکەی.

ئینجا دوای ئەوەی قیددیس نیکۆلاس بو بە (پاپا نۆێڵ) واتە باوکی کریسمەس و دیاریھێنی کاتی ئاھەنگی لەدایکبونی مەسیح؛ ئیتر چیرۆک و بیروباوەڕی زۆر لەسەر دیمەنەکانی کەسێتیەکە و شێوازی ژیانی دروست بو: لای ھەندێک بڕوا وابو کە پاپا نۆێڵ لە سوید دەژی، ھەندێکی تر بڕوایان وابو کە لە فینلاندا دەژی، بەتایبەتی کە لەوێ گوندێکیش ھەیە بە ناوی (گوندی پاپا نۆێڵ) و وەکو زێدی پاپا نوێڵ برەوی پێ دەدرێت. ھەروەھا گۆڕی قیددیس نیکۆلاس لە شاری میرا ("دێمرە" ی ئێستە)؛ ئەمیش ھەر زیارەتگایەکە و سەردان دەکرێت.

ئیتر لە کولتوری وڵاتانی ئورۆپادا، قیددیس نیکۆلاس، ھەم لە (٦ ی کانونی دوەم) دا جەژنی تایبەتیی خۆی ھەیە، ھەم تێکەڵ بە کریسمەس و جەژنی لەدایکبونی مەسیح بوە. لەو کۆمەڵگا مەسیحیانەشدا کە داب‌ونەریتی ئایینی ھێشتا بەھێزە؛ ھەر دو بۆنە و جەژنەکە بەجودایی ماون. بە ھەردو بارەکەشدا، بەپێی ئەو کولتورانە؛ قیددیس نیکۆلاس، یاخود پاپا نۆێڵ، لە نیوەی شەودا دەگاتە ماڵان، بە سواری گوێدرێژێک یاخود ئەسپێک کە باری کردوە بە شیرینی و دیاری بۆ منداڵان، و دیاریی بچوک بۆ منداڵان بەجێ دەھێڵێت لە پێڵاوەکانیان یاخود گۆرەویەکانیاندا یان لەژێر سەرینەکانیاندا یان لە سندوقێکدا کە لەبەر دەرگا جێی دەھێڵن، ئیتر دوایی دەزانن پاپا نۆێڵ ھاتوە و دیاریی بۆ ھێناون! ھەروەھا گوایە دەگەڕێت بەسەر قوتابخانە و دایەنگەکاندا و شیرینی و دیاری دەدات بە منداڵەکان! بەتایبەتی بەو منداڵانەی کە (عاقڵی) یان کردوە! ئیتر بوەتە سەرپەرشت و پارێزەری منداڵان و قوتابیان و کراوە بە پاڵنەرێکیش بۆ پەروەردە و گوێڕایەڵی چونکە منداڵان وا پەروەردە دەکرێن کە ئەو منداڵانەی عاقڵن و ھەڵس‌وکەوتی باش دەکەن؛ بەپێی ئەوە قیددیس نیکۆلاس دیارییان دەداتێ. ھەروەھا چیرۆکی ڕزگارکردنی چەند منداڵێک لە مەترسی لەلایەن ئەوەوە دەگێڕنەوە. ئەمە جگە لەوەی ئاھەنگ لە شەوی پێش ڕۆژی جەژنی قیددیس نیکۆلاسدا دەکرێت و چیرۆکەکانی قیددیس دەگێڕدرێنەوە و شەوێ پێڵاو و گۆرەویەکانیان لەلای دوکەڵکێش یان لەبەر دەرگا بەجێ دەھێڵن ھەتا قیددیس نیکۆلاس پڕیان بکات لە میوەی وشککراو و چەرەس و شیرینی و ھەروەھا دراوی کانزایی! ھەندێک گێزەر و کایش دەخرێتە پێلاوەکانەوە بۆ ئەوەی قیددیس نیکۆڵاس بیکاتە ئالیکی گوێدرێژەکەی یاخود ئەسپەکەی!

ھەروەھا عادەت وایە گۆرەوییەکی لۆکە لە سەروی ئاگردانەوە ھەڵدەواسرێت، ئینجا لە پەنجەرەوە دراوێکی کانزایی زەرد کە تەڕ کراوە فڕێ دەدرێتە ناو گۆرەویەکەوە، بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە. ئەمەش ھێمایە بۆ چیرۆکێک دەربارەی قیددیس نیکۆلاس یاخود پاپا نۆێڵ کە دەڵێت جارێکیان خەریک بوە چەند ژنێک بفرۆشرێن و بکرێنە کۆیلە، ئەویش دراوی زێڕی ئەو ڕۆژگارەی داوە بۆ کڕینەوە و ئازادکرنیان، ئەو ڕۆژەش باران بوە بۆیە دراوە زێڕەکان تەڕ بون، ئیتر ئەمە لاسایی دەکرێتەوە بەو شێوەیە.

ھەروەھا لە ئاھەنگەکاندا شیرینییەک دروست دەکرێت کە لە شێوەی گۆچانێکدایە کە ھێڵی سور و سپیی تێدایە (ئێستە ئەمە شیرینییەکی باوە لە جیھاندا)، ئەم جۆرە شیرینییەش ھێمایە بۆ گۆچانەکەی قیددیس نیکۆلاس کە لە گەشت و گەڕانەکانیدا ھەڵی گرتوە، و ھەر لە خۆیشیدا ھێمای (ئوسقوف) ـە، گۆچانەکەش وەکو گۆچانی تایبەتیی باوکەکان و سەرپەرشتیار (راعی) ی کلێساکان وایە.

ئەو بەرگە سورەش کە کەسێتیی قیددیس نیکۆلاس یاخود پاپا نۆێڵ ھەیەتی؛ ھەمان بەرگی ئوسقوف و قیددیسەکانی ئەو ڕۆژگارە بوە.

لە کۆندا کڵاوی پاپا نۆێڵ؛ ھەر ھەمان کڵاوی تایبەتیی ئوسقوفەکان بوە، کە بریتیە لە تاجێکی بەرز، عەرەب (البُرْطُل) ی پێ دەڵێن. ئەمەش لە کەسێتیی قیددیس نیکۆلاسەوە ھاتوە کە ئوسقوف بوە. بەڵام لە سەردەمی نوێدا دوای ئەوەی کەسێتیەکە تێکەڵ بە کولتوری باکورئورۆپایی کۆن کرایەوە؛ جل‌وبەرگەکەی بو بە جل‌وبەرگێکی زستانە، کڵاوە سورەکەش بو بە تەواوکەری ئەو جل‌وبەرگە زستانەییە سورە.

ئیتر لە سەردەمی نوێدا کەسێتیەکە زیاتر گەشەی کرد و وێنە و کەسێتییەکی چەسپاوی بۆ دروست بوە، وەکو ئەو وێنە و کەسێتیە تەقلیدیەی لە چیرۆکەکانی منداڵانیشدا دەیبینینەوە.

ئەمەیان پرۆفیسۆری (ئەدەبی خۆرھەڵاتی و گریکی) و شاعیری ئەمێریکایی (کلیمێنت کلارک مۆر) ـ Clement Clarke Moore ـ (١٧٧٩ ـ ١٨٦٣) دایھێناوە، ئەوەش لە قەصیدەیەکدا بە ناوی (سەردانێک لە قیددیس نیکۆلاسەوە) A Visit From St. Nicholas، کە دواتر بە ناوی (شەوی پێش جەژنی سەری ساڵ) The Night Before Christmas ناوی ڕۆشتوە، ئەمەش ساڵی ١٨٢٣، کە لەو قەصیدەیەدا وەسفی پاپا نۆێڵ دەکات.

ئینجا ساڵی ١٨٨١ یش نیگارکێشی کاریکاتێریستی ئەمێریکایی Thomas Nast (تۆماس ناست) (١٨٤٠ ـ ١٩٠٢) لە گۆڤاری ھەفتانەی (ھارپەر) Harper's Weekly لە نیویۆرک، یەکەم وێنەی (پاپا نوێڵ) ی کێشا کە بو بە وێنەی ستاندارد بۆ ئەو کەسێتیە: بە جەستە قەڵەوەکەی و ڕومەتە سورەکانی، و دەستە جلە زستانەییە سورەکەی کە چمکەکانی سپین، و ڕیشە سپیە گەورە و درێژەکەی کە دەم‌وچاوی دادەپۆشێت، و پێڵاوە چەرمینە بریکەدارەکانی، و پشتێنە چەرمینە ڕەشەکەی..

ئیتر بەم شێوەیە و بەم وێنەیە پاپا نۆێڵ بو بە کەسێتییەکی جیھانی کە لە ھەمو لایەکی جیھان منداڵان خۆشیان دەوێت.

ئینجا بە گواستنەوەی ئەم کەسێتیە بۆ کۆمەڵگاکانی تر و تێکەڵبونی بە کولتورەکانی تر؛ ھەندێک دیمەنی تری کەسێتیەکە گۆڕا: بۆ نمونە: بەپێی داب‌ونەریتێک، کە بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی (١٩ ز.)، پاپا نۆێڵ لە جەمسەری باکور دەژی، لەگەڵ ژمارەیەک گرگن (ئێلف) کە لە میثۆلۆجیای سکاندیناڤیاییدا باون، کە گوایە ئەم ئێلفانە دیاریەکان و گالیسکەکەی بۆ ڕێک دەخەن. لەگەڵ نۆ (لە بنەڕەتدا ھەشت) ئاسکی جۆری کاریبۆ (الرنة) کە دەفڕن و گالیسکەکە بە ئاسماندا دەفڕێنن، گالیسکەکەش لە ڕاستیدا ھەر خلیسکێنەیەکی سەر بەفرە. بەم شێوەیە ئەو گوێدرێژ یاخود ئەسپەی کە دیاریەکانی پێ دەگواستەوە؛ گۆڕا بەو گالیسکەیەی بەسەر بەفردا دەخزێت و نۆ دانە ئاسکی جۆری کاریبۆ ڕای دەکێشن. ئەم وێنەیەی پاپا نۆێڵ زیاتریش لە گۆرانییەکدا بە ناوی (سانتا کلۆز دێت بۆ شار) Santa Claus Is Coming to Town، ساڵی ١٩٣٤ بڵاو بوەوە و بو بە وێنەی باو و ستانداردی پاپا نۆێڵ.

ڕەگ‌وڕیشەی کۆنی کەسێتیی دیاریھێنی جەژنی لەدایکبون[دەستکاری]

لە ڕاستیدا کەسێتیی پیرە پیاوێکی ڕیش گەورە کە بە سواری ئەسپێکی فڕیوەوە ماوەی زۆر دەبڕێت و پەیوەستە بە جەژنی لەدایکبونەوە و دیاریی ئەو جەژنە دەھێنێت؛ لە کولتوری باکوری ئورۆپای پێش مەسیحیەتدا ھەبوە و دواتر کراوە بە داب‌ونەریتێکی مەسیحی. ئەوەش کەسێتیی خواوەند (ئۆدین) |ئۆدێن| Odin ـە.

ئۆدین (بە نۆروێگیی کۆن: ئۆذین |ئۆذینّ| Óðinn)، خواوەندی سەرەکیە لە میثۆلۆجیای نۆروێگیی کۆندا، ھەمان کەسێتییش بە ناوی وۆدێن |وۆد'نّ| Wōden، لە ئایینی ئەنگلۆسەکسۆنی و جێرمانیی پێش مەسیحیەتدا خواوەندی سەرەکی بوە، کە ناوەکەی لە ئینگلیزیی کۆندا بریتی بوە لە وۆدێن Ƿōden [پیتی Ƿ و شێوە بچوکەکەی ƿ؛ لە ئینگلیزیی کۆندا ھەبوە کە (وین) Wynn ی پێ وتراوە و بە (و) خوێنراوەتەوە]، لە ئاڵەمانیی کۆنی یەکەمیشدا وتراوە وۆدان Wôdan، لە سەکسۆنیی کۆنیشدا وۆدێن Uuôden [لە سەکسۆنیی کۆن و گەلێک زمانی جێرمانیی کۆنی تریشدا، پێشتر جوت پیتی uu لەبریی w بەکار ھاتوە و بە (و) خوێنراوەتەوە، واتە (و) ی بزوێن و نەبزوێنیش، کە دواتر لە uu ـ کە ھەندێک جار بە شێوەی vv یش نوسراوە ـ شێوەی w ھاتوەتە کایە]. کە ئەمانە و ئۆذینّ ـە نۆروێگیەکە، ھەمویان پەرەپێدراوی خواوەندێکی جێرمانیی سەرەتایین کە ناوەکەی دەبێت بە شێوەی وۆذاناز Wōðanaz یاخود وۆذیناز Wōðinaz بوبێت.

کەسێتیی ئۆدین لە شێوەی پیرە پیاوێکی ڕیش گەورەدایە کە چاوێکی کوێرە. جا کۆمەڵە دیمەنێکی ھاوبەش ھەن لەنێوان ئۆدین و سانتا کلۆز یان پاپا نۆێڵ کە نیشانەی ئەوەن کەسێتیەکە لە بنەڕەتدا لە کولتوری باکوری ئورۆپای کۆن (کولتوری جێرمانیی کۆن) ـەوە ھاتوە و مەسیحیێنراوە:

گەلە جێرمانیەکانی پێش مەسیحیەت جەژنێکی (لەدایکبون) یان ھەبوە لە ناوەڕاستی زستان (وەرگەڕانی زستان Winter Solstice) دا [وەکو جەژنی "یەڵدا" ی ئێرانی، کە (یەڵدا) یش ھەر بە واتای (لەدایکبون) ـە، چونکە لە یەلدا ܝܠܕܐ ی سوریانیەوە وەرگیراوە بە ھەمان واتای لەدایکبون و لە ماددەی "ول‌د" ܘ‌ܠ‌ܕ ەوە. ئەوەش چونکە شەوی یەڵدا کە درێژترین شەوی زستانە؛ بەپێی داب‌ونەریتی میثرایی کە ڕەگ‌وڕیشەی ئێرانی و ئاریایی کۆنی ھەیە؛ شەوی لەدایکبونی خواوەند میثرایە کە خواوەندی ڕوناکی و خۆر و ڕاستیە]، کە پێی وتراوە (یول) یان (یۆل)، ئێستەش لە ئینگلیزیدا دەوترێت یول Yule، لە دانمارکی و سویدییشدا دەوترێت یول jul، لە نۆروێگییشدا یول jul یان یۆل jol، کە ئەم وشانە ئێستە لە کولتوری ئورۆپاییدا بۆ شێوە مەسیحیەکەی جەژنەکە بەکار دێن. دوای بڵاوبونەوەی مەسیحیەت بە باکوری ئورۆپادا ئەم جەژنە لەگەڵ جەژنی لەدایکبونی مەسیح (کریسمەس) یەک خراوە و تێکەڵ کراون، ھەر بۆیە گەلێک لە ڕەگەزەکانی جەژنە کۆنەکە لە شێوە مەسیحیەکەدا ئامادە بونەتەوە. ئینجا خواوەند (ئۆدین) ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەبوە لەو جەژنە ئایینیە کۆنەدا و پێیەوە پەیوەست بوە:

لە ھەندێک دەق و داستانی ئایسلەنداییدا وا باسی ئۆدین دەکرێت کە بە سواری ئەسپێکی ھەشت قاچ دەڕوات بە ناوی سلەیپنێر Sleipnir کە دەتوانێت بازی گەورە بدات و ماوەی زۆر ببڕێت (بەپێی بیروباوەڕە کۆنەکە خواوەند ئۆدین بەم شێوەیە ڕۆحی مردوەکان لێ دەخوڕێت و دەیانبات بەرەو جیھانی مردوان)، ئەم دیمەنەش، واتە فڕینی ئۆدین بە سواری ئەسپە ھەشت قاچەکەی بە ئاسمانی نیوە شەوی زستاندا، زۆر لە دیمەنی ھەشت ئاسکەکەی پاپا نۆێڵ دەچێت کە دەفڕن و ڕەنگە سەرچاوەی ئەم داب‌ونەریتە بێت دەربارەی پاپا نۆێڵ.

ھەروەھا لە شیعری سکاڵدی Skaldic Poetry، کە کۆمەڵە داستانە شیعرێکی دەماودەم بون لە نۆروێگ و ئایسلەندا و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڤایکینگ و سەدەکانی (٩ ز. ـ ١٣ ز.)، خواوەند ئۆدین بە چەند وەسفێک باس کراوە کە پەیوەستبونی بە جەژنی لەدایکبون و پیرە پیاوی دیاریھێنی ئەو جەژنە ڕون دەکەنەوە، بۆ نمونە لەو شیعرانەدا بە سیذگرانی Síðgrani و سیذسکێگگر Síðskeggr و لانگبارذر Langbarðr وەسف دەکرێت، کە ئەمانەش ھەمویان بە واتای (ڕیش درێژ) ن، کە ئاماژەن بۆ ڕیشە گەورەکەی ئۆدین و، ڕیشە گەورەکەی پاپا نۆێڵ بیر دەخەنەوە.

ھەروەھا ھەر لەو شیعرانەدا ئۆدین بە یۆلنێر Jólnir ناوی دەبرێت، ئەمەش واتای (کەسێتیی جەژنی لەدایکبون) دەدات، کە وەکو ناوی ئەلتەرناتیڤ (بدیل) ی ئۆدینی لێ ھاتوە(١).

ئینجا ھەر بەپێی ھەندێک داب‌ونەریتی کۆنی تر؛ منداڵان پێڵاوەکانیان پڕ دەکەن بە بە گێزەر و کا و شەکر لەلای دوکەڵکێشی ماڵەکەوە دادەنێن بۆ ئەسپە فڕیوەکەی ئۆدین تا بیانخوات، ئینجا ئۆدینیش پاداشتیان دەداتەوە بە دانانی دیاری و شیرینی. کە ئەم داب‌ونەریتە دواتر پەیوەست بوە بە قیددیس نیکۆلاسەوە و بوەتە بەشێک لە داب‌ونەریتی پاپا نۆێڵ، و تا ئێستاش لە زۆر شوێنی ئورۆپا ئەو داب‌ونەریتی دانانی پێڵاوە ماتەوە، لە زۆر وڵاتی تریش بوە بە ھەڵواسینی گۆرەوی بە ئاگردانی ماڵاندا.

لێرەوە دیارە کە کەسێتیەکە لە بنەڕەتدا لە کولتوری باکورئورۆپایی کۆنەوە ھاتوە و لەگەڵ چیرۆکی چاکەکاریەکانی قیددیس نیکۆلاس و جەژنی لەدایکبونی مەسیحدا ڕێک خراوە. بەم شێوەیەش داب‌ونەریتە کۆنەکە لە ڕێگەی کەسێتییەکی مەسیحی و فۆڕمێکی مەسیحییەوە درێژەی ھەبوە و بەردەوام بوە.

ناوی (پاپا نۆێڵ) لە چیەوە ھاتوە و یانی چی؟[دەستکاری]

ھەندێک کەس لێرەولەوێ شتی بێبنەما لەسەر ئەم بابەتە دەنوسن و بڵاوی دەکەنەوە. دەڵێن: مادەم لە کتێبی (ئیشەعیا) دا کە یەکێکە لە کتێبەکانی (پەیمان کۆن) کتێبی پیرۆزی یەھودی و بەشی یەکەمی کتێبی پیرۆزی مەسیحی؛ دەستەواژەی (عیممانوئیل) ھاتوە و ئەمەش واتە (خوامان لەگەڵە)؛ کەواتە ناوی (بابانوێل) یانی (بابا نوئێل) و ئیتر ئەمەش ھەر دەستەواژەیەکی عیبریە! بەپێی ئەمە؛ (بابانو) بە عیبری یانی (باوک) یان (باوکمان)! و (ئێل) یش یانی (خوا)، کەواتە (بابانوئێل) یانی (خوا باوکمانە) یاخود (خوای باوکمان) یان (خوای باوک)! ئیتر گوایە کەسێتیی پاپا نۆێڵ لەوەوە ھاتوە کە (خواوەندی باوک) شەوی ساڵی زایینیی تازە دیاری دابەش دەکات بە بۆنەی یادی لەدایکبونی کوڕەکەی (خواوەندی کوڕ) ەوە!

ھەندێکی تریش لەو قەڵەمۆچکە ئیسلامیانە ڕاستەوخۆ دەڵێن: (بابا) بە عیبری (!) یانی (باوک)!! و (نوێل) یان (نوئێل) یش بە عیبری یانی (خوا)! کەواتە ھەموی یانی (خوای باوک)!

ئیتر گوایە کەسێتیی (پاپا نۆێڵ) ھەر ھەمان (خواوەندی باوک) (اڵاب) ـە کە مەسیحیەکان باوەڕیان پێیەتی کە باوکی مەسیحە کە خواوەندی کوڕە. کە ئەمەش بیروباوەڕێکی نامۆیە بە ئیسلام.

ھەندێکیان لەوەش نەزانانەتر لێکی دەدەنەوە و دەڵێن (بابانوئێل) ھەموی یانی (باوکی خوا)!

با بزانین ئەم لاف‌وگەزاف و قسەوقسەڵۆکە بایی چەندەیە و چۆن ئاوا تێکەڵیان کردوە:

ڕاستە لە کتێبی (ئیشەعیا) دا دەستەواژەی (عیممانو ئێل) ھاتوە کە دەڵێت: (لەبەر ئەوە؛ خوای گەورە بۆ خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ: بڕوانن، کچەکە [ئافرەتە گەنجەکە] سکی پڕ دەبێت و کوڕێکی دەبێت و ناوی دەنێت عیممانو ئێل) (ئیشەعیا: ٧: ١٤). (عیممانو ئێل) עִמָּנוּ אֵל یش دەستەواژەیەکی عیبریە: (عیممانو) עִמָּנוּ یانی (لەگەڵمانـ[ـە])، (ئێل) אֵל یش یانی (خوا) کە لە بنەڕەتدا ناوی خواوەندی ھەرە گەورە بوە لە ئایینی کەنعانیی کۆندا، و وشەکە بەگشتی بە (خوا) وتراوە و وشەی (إلە) یش ھەر لەمەوە ھاتوە. ئیتر بەسەر یەکەوە ماناکەی دەبێتە (خوامان لەگەڵە).

کەواتە ئەوەی بە واتای خوایە تەنھا وشەی (ئێل) (إل، إیل) ـە نەک (نوێل) یان (نوئێل)!

ئینجا وشەی (بابا) بەو شێوەیەی ئەوان دەڵێن؛ لە عیبریدا بونی نیە. ئەو وشە عیبریەی بە واتای (باوک) ـە؛ ھەر ھەمان وشەی (ئاڤ) אָב ـە [وەکو وشەی "أب" |ئەب| ی عەرەبی]. لە ئاڕامییشدا دەبێتە (ئاب) אָב و ھەروەھا (ئەببا) אַבָּא بۆ حاڵەتی ناساندن(٢).

لە سوریانییشدا وشەکە بریتیە لە (ئەب) ܐܰܒ و ـ بۆ حاڵەتی ناساندیش ـ (ئەببا) ܐܰܒ݂ܳܐ(٣).

وشەیەک بە شێوەی (بابا) لە عیبری و ئاڕامیدا ھەبێت؛ ھەر (بابا) בָּבָא ی ئاڕامیە بە واتای (دەرگا) یاخود (دەروازە). کە (بابا) בָּבָא ی ئاڕامی بریتیە لە ھەمان وشەی (باب) בָּב یاخود בָּאב ی ئارامی بە واتای دەرگا یاخود دەروازە (بَاب ی عەرەبی) لەگەڵ ئەلیفی کۆتایی کە ئامڕازی ناساندنە(٤).

لە عیبرییشدا وشەی (باڤاە) בָּבָה ھەیە و لە سوریانییشدا بابا ܒܳܒܳܐ و بابتا ܒܳܒܬܳܐ ھەیە، بە واتای (بیلبیلەی چاو)، بەرامبەری (بؤبؤ) ی عەرەبی(٥).

بە ھەمان شێوە لە عیبریدا دەستەواژەیەک نیە بە شێوەی (بابانو) و بە واتای (باوکمان) بێت. بە عیبری بە (باوکمان) دەوترێت (ئەبینو) یاخود (ئەڤینو) אָבִינוּ و بە ئارامی ـ سوریانییش بۆ ھەمان واتا دەوترێت (ئەبون) ܐܰܒܽܘܢ(٦). وەکو لە نوێژ/نزا مەسیحیەکەدا (نزای "باوکمان" Our Father) ھەیە کە بە سوریانی لە سەرەتاکەیدا دەوترێت (ئەبون د'بەشمایا) ܐܒܘܢ ܕܒܫܡܝܐ واتە ([ئەی] باوکمان کە لە ئاسمانە) ([یا] أبانا الذی فی السموات). بە ھەمان شێوە بە عەرەبییش دەوترێت (أبونا)، کە بۆ حاڵەتی بانگکردن بە (أبانا) دەوترێت، بۆیە بە عەرەبی بەو نزا مەسیحیە دەوترێت (اڵابانا) چونکە وەرگێڕانە عەرەبیەکەی بە (أبانا) دەست پێ دەکات.

ئینجا لە ڕاستیدا وشەی (پاپا) لە ناوی (پاپا نۆێڵ) سامی (عیبری...) نیە و ھەڵەیە بە (بابا) بخوێنرێتەوە، لە عەرەبی و فارسیدا بوەتە (بابا). وشەی (نۆێڵ) یش بە ھەمان شێوە پەیوەندیی بە ھیچ وشەیەکی سامی (عیبری...) ـەوە نیە و ھەڵەیشە بە (نوئێل) یان (نۆئێل) بخوێنرێتەوە، واتە ھیچ پەیوەندییەکی بە وشەی (ئێل) אל ی سامیەوە نیە. ئەوەش واتە ناوی (پاپا نۆێڵ) ناوێکی ئورۆپاییانەی ڕوتە، و ڕەگ‌وڕیشەکەی بەم جۆرەیە:

١. (پاپا): ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا گریکیە، بە شێوەی (پاپپاس) πάππας لە گریکیدا ھەیە، لەمەوە (پاپا) Papa و Pappa ی لاتینی ھاتوە، ئینجا لە لاتینیەوە چوەتە فڕانسیەوە، لەمیشەوە چوەتە ھۆڵاندایی و ھەنگاریایی و ئینگلیزیی نوێ و ھەندێک زمانی تریشەوە. وشەکە لەسەر زمانی منداڵەوە بە (باوک) وتراوە، وەکو وشەی (باوە) ی کوردی و Dad ی ئینگلیزی. دواتریش بە (باوک) بەگشتی و بە ھەر پیاوێکی بەتەمەن و بەدیمەن باوک وتراوە. ئیتر گوازراوەتەوە بۆ زمانەکانی تریش، بۆ نمونە لە کۆتاییەکانی سەدەی (١٧ ز.) دا لە فڕانسیەوە بە شێوەی Pap و Papa ھاتوەتە ئینگلیزییشەوە(٧). ئەمە جگە لەوەی وشەکە بە شێوەی (بابا) لە ھەندێک زمانی تریشدا ھەیە، وەکو فارسی و کوردی (لە فارسیەوە چوەتە تورکییش).

دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کە ئەم وشەیە جیاوازە لەو وشەی Papa یەی کە لە گەلێک زمانی ئورۆپاییدا ھەیە کە بە واتای باوکی کلێسا Pope یە، ئەمەیان لە ئینگلیزیی کۆنیشدا ھەبوە.

٢. (نۆێڵ): ئەم وشەیە کە لە ئینگلیزیدا بە Noël و Noel و ھەروەھا Nowell دەنوسرێت؛ لەبریی وشەی (کریسمەس) Christmas (واتە: لەدایکبونی مەسیح) بەکاردێت. وشەکە لە کۆتایی سەدەی (١٤ ز.) ـەوە ھاتوەتە ناو زمانی ئینگلیزی. لە ئینگلیزیی ناوەڕاستدا وشەکە بە Nowel نوسراوە، کە ئەوەش لە Noel ی فڕانسیی کۆنەوە ھاتوە بە واتای (جەژنی کریسمەس) واتە (جەژنی لەدایکبونی مەسیح) [ئێستەش کە وشەکە لە ئینگلیزیدا بە Noël دەنوسرێت؛ ئەمە ڕاستەوخۆ لە Noël ی فڕانسیی ھاوچەرخەوە وەرگیراوە کە ئەمیش لەNoel ی فڕانسیی کۆنەوە ھاتوە]، کە ئەم وشەیەش شێوەیەکی تری وشەی nael ی فڕانسیی کۆنە کە ئەمیان زیاتر باو بوە، ئەمانەش لە وشەی natalis ی لاتینیەوە ھاتون بە واتای (لەدایکبون)، کە وشەکە لە لاتینیی کلێسادا بە واتای (لەدایکبونی مەسیح) ـە، دەستەواژەکە بەتەواوی بە لاتینی دەبێتە dies natalis، واتە (ڕۆژی لەدایکبون) birthday. کە ئەم وشەی natalis ـە سەرچاوەی وشەی Noel ی فڕانسیی کۆن (و لێرەوە Nowel ی ئینگلیزیی ناوەڕاست) و natale ی ئیتالیایی و nadal ی پرۆڤێنسالیە بە واتای (لەدایکبون) و (لەدایکبونی مەسیح) و سەرچاوەی ئاوەڵناو (صفە) ی natal ی فڕانسی و ئینگلیزیە بە واتای (شتێک پەیوەندیی بە لەدایکبونەوە ھەیە). وشەی natalis ی لاتینییش لە وشەی natus ی لاتینیەوە ھاتوە بە واتای (لەدایکبون)، کە ئەمیش لە ڕیشەیەکی لاتینیەوە وەرگیراوە کە چاوگێکی ڕانەبردوە بە شێوەی nasci کە واتای (لەدایکبون) دەدات، ئەمیش لە وشەی gnatus و ڕیشەی gnasci ی لاتینیی کۆنەوە ھاتوە، بەم شێوەیە دەچێتەوە سەر ڕیشەی genus ی لاتینی(٨).

کەواتە (پاپا نۆێڵ) بەسەریەکەوە واتە (بابە کریسمەس) Daddy Christmas یاخود (باوکە کریسمەس) Father Christmas، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پیاوێکی بەتەمەن کە بە (بابە) بانگی لێ دەکرێت و ھێمایە بۆ جەژنی ([ڕۆژی] لەدایکبون [ی مەسیح]). واتە (کریسمەس) یاخود ([ڕۆژی] لەدایکبون [ی مەسیح]) لە شێوەی ئەو پیاوە بەتەمەنەدا دەنوێنرێت کە لەسەر زمانی منداڵانەوە بە (بابە) یاخود (پاپا) بانگی لێ دەکرێت، ھەر بۆیە دەوترێت کە (پاپا نۆێڵ) بە ئینگلیزی دەبێتە Daddy Christmas.

ئینجا ئەم ناوە، واتە (پاپا نۆێڵ)، بە زمانی فڕانسی و ئیسپانی و پۆرتوگالی وا دەوترێت: لە فڕەنسا بەو کەسێتیە دەوترێت (پێر نوێل) |پێغ نوێل| Père Noël بە ھەمان واتا، لەسەر زمانی منداڵیشەوە پێی دەوترێت (پاپا نوێل) Papa Noël. ئیتر ئەم ناوە فڕانسیەی گوازراوەتەوە بۆ گەلێک زمانی تر: لە ئیسپانیا و کۆڵۆمبیا ھەر (پاپا نوێل) Papa Noel ی پێ دەوترێت، لە (ئەرجەنتین) و (ئێکوادۆر) و (پێرو) یش (پاپا نوێل) Papá Noel، ھەرچەند لە (ئەرجەنتین) و (ئێکوادۆر) و (کۆڵۆمبیا) ناوێکی تریشی ھەیە دواتر باسی دێت. بە پۆرتوگالی لە (پۆرتوگال) و (برازیل)، (پەپپای نوێڵ) Papai Noel ی پێ دەوترێت. لە بەشە فڕانسیەکەی (کەنەدا) ش ھەر پێی دەوترێت (پێر نۆێل) |پێغ نوێل| Père Noël، لە (بێلجیکا) ش لای ئەوانەی بە فڕانسی دەدوێن ھەمان ناو بەکار دێت. لە (تورکیا) ش بە تورکی (نوێل بابا) Noel Baba ی پێ دەڵێن. ئیتر لە عەرەبییشدا دەوترێت (بابا نویل)، لە فارسییشدا (بابا نوئل) ـە. ھەروەکو لە (ئەفغانستان) و (ئێران) و یش ھەر (بابا نوێل) ی پێ دەوترێت، لە (کوردستان) یش پێی دەڵێن (بابە نوێل).

ئینجا بە گەلێک زمانی تر و لە زۆر شوێنی تر، ھەر شتێکی پێ دەوترێت کە وەکو (پاپا نۆێڵ) بە واتای (بابە کریسمەس) ـە. بە نمونە: بە لاتینی پێی دەوترێت (پاتێر ناتالیس) Pater Natalis. لە (ئیتالیا) پێی دەوترێت (بابۆ ناتالێ) Babbo Natale. بە ئیری لە (ئیرلاندا) پێی دەوترێت (دادی |دا'جی| نە نۆڵەگ) Daidí na Nollag. بە ھەمان واتا لە (لاتڤیا) ش دەوترێت Ziemassvētku vecītis. ئەمانە ھەمویان بە واتای (بابە کریسمەس) ـن و لەگەڵ (پاپا نۆێڵ) ھاوواتان.

لە وڵاتانی ئینگلیزی‌زمانیش، ئەمێریکا و بریتانیا و ئۆسترالیا، زۆر جار ھەر ڕاستەوخۆ Father Christmas ی پێ دەوترێت. ئەمەیان زیاتر لە بریتانیا باوە.

لە ھەندێک زمانی تر و لە ھەندێک وڵاتی تردا، بە شتێک ناو دەبرێت بە واتای (باپیرە کریسمەس). وەکو ئەوەی لە (بولگاریا) پێی دەوترێت (دیادۆ کۆلێدا) Дядо Коледа. لە (کرواتیا) پێی دەوترێت (دێد بۆژیچناک) Djed Božićnjak بە ھەمان واتا. ھەروەھا لە (لیتوانیا) ش دەوترێت (کالێدو سێنیلیس) Kalėdų Senelis. ھەروەھا ناوە ڕۆمانیاییەکەی (مۆش کرەچون) Moş Craciun لەم واتایە نزیک دەبێتەوە (چونکە Moş بە واتای پێشینە و باپیرەی گەورەیە).

لە ھەندێک شوێنی تر بە (پیاوە پیرەی کریسمەس) ناوی دەبرێت. ناوە (ئێستوانیا) ییەکەی (یەولوڤانا) Jõuluvana لەم بابەتەیە. ھەر لەم بابەتە لە (سکۆتلاندا) یش پێی دەوترێت (بۆدەخ نە نۆڵێگ) Bodach na Nollaig. لە (چیلێ) یش بە ئیسپانیایی پێی دەوترێت (ڤیێخۆ پاسکوێرۆ) (Viejo Pascuero) یاخود (ڤیێخیتۆ پاسکوێرۆ) Viejito Pascuero کە بە ھەمان واتایە.

لە گەلێک وڵاتی تر بە ناوی (قیددیس نیکۆڵاس) ـەوە ناوی دەبرێت، بۆیە لە وڵاتە ئینگلیزی‌زمانەکان، وەکو (ئەمێریکا) و (بریتانیا) و (ئۆسترالیا)، زۆر جار لەبریی ناوەکانی تری پێی دەوترێت (سەینت نیکۆڵاس) Saint Nicholas. ھەر ئەم ناوە لەو وڵاتە ئینگلیزی‌زمانانەدا بە شێوەی (سانتا کلۆز) Santa Claus یش دەوترێت (ئەمەیان لە Sinterklaasـە ھۆڵانداییەکەوە وەرگیراوە)، و کورتیش دەکرێتەوە بۆ (سانتا) Santa، و بەم شێوە کورتکراوەیە زۆر باوە. لە (ئەمێریکا) و (ئۆسترالیا) بە شێوەی (سەینت نیک) Saint Nick یش کورت دەکرێتەوە. لە (کەنەدا) ش (بەشە ئینگلیزی‌زمانەکەی) سانتا کلۆز Santa Claus ی پێ دەوترێت. لە (ماڵتا) ش بە ھەمان شێوە پێی دەوترێت (سان نیکڵاو) San Niklaw. لە (پۆڵاندا) ش بە ھەمان واتا پێی دەوترێت (شفیێتی میکۆڵای) Świety Mikołaj. لە (کۆستا ریکا) یش دەوترێت (سان نیکۆڵاس) San Nicolás یاخود (سانتا کلۆس) Santa Clos، لە (ڤێنێزوەیلا) یش (سان نیکۆلاس) San Nicolás ی پێ دەوترێت. لە (مەکسیک) یش پێی دەوترێت (سانتا کڵۆس) Santa Claus، ھەرچەند لەوێ ناوێکی تریشی ھەیە دواتر باسی دێت. لە (کرواتیا) ش ئەو مەسیحیانەی بڕوادارن (سڤێتی نیکۆڵا) Sveti Nikola ی پێ دەڵێن. ھەمو ئەمانە بە یەک واتان: قیددیس نیکۆڵاس.

لە ھەندێک شوێنیش ھەر بە (نیکۆلاس) ناوی دەبرێت. وەکو ئەوەی لە ئاڵەمانیا (نیکۆلاوس) Nikolaus یشی پێ دەوترێت. ھەروەھا لە (بولگاریا) میکولاس Mikulas یشی پێ دەوترێت، لە (ھەنگاریا) ش ھەر (میکولاس) Mikulás بە (قیددیس نیکۆلاس) دەوترێت، و ھەرچەند میکولاس شیرینی بۆ منداڵان دروست دەکات بەڵام لە ھەنگاریا ڕۆژەکەی (٦ ی کانونی یەکەم) ە و پەیوەندیی بە ڕۆژی کریسمەسەوە نیە.

سەیر ئەوەیە ئێستە لە وڵاتی یۆنان، لەبریی ناوی قیددیس نیکۆلاس، ناوی قیددیس باسیل (ھاگیۆس ڤاسیلیس Άγιος Βασίλης) دەبرێت کاتێک ئاماژە دەکرێت بۆ (بابە کریسمەس). کە ئەمیش ناودارە بە قیددیس (باسیل) ی گەورە Saint Basil the Great و بە باسیلی کەیساریە Basil of Caesarea، ئوسقوفی شاری (کەیساریە) Caesarea ("قەیصەری" ی ئێستە) بوە لە ھەرێمی کەپەدۆکیا لە ئاسیای بچوک (تورکیای ئێستە). تیۆلۆجیستێکی مەسیحیی سەدەی (٤ ز.) بوە و ساڵی (٣٣٠ ز.) لەدایک بوە و (١) ی کانونی دوەمی (٣٧٩ ز.) مردوە. جا لە وڵاتی یۆنان، ئەم قیددیسە بوەتە بابە کریسمەس و دیاریھێن.

بە ھەندێک زمانی تر و لە ھەندێک وڵاتی تر بە شتێک ناو دەبرێت کە واتای (پیاوی کریسمەس) دەدات. ناوە (ئاڵەمانیا) ییەکە (ڤایناختسمان) Weihnachtsmann لەم بابەتەیە. ھەروەھا لە دانمارک پێی دەوترێت (یولەمانـˀـن) Julemanden کە بە ھەمان واتایە، کە لەوێ بڕوا وایە لە (گرینلاند) دەژی. ھەر لەم بابەتە لە (ھۆڵاندا) پێی دەوترێت (کێستمان) Kerstman، بەڵام تەنھا لای ھەندێک لە ھۆڵانداییەکان لە ڕۆژی کریسمەسدا ئاھەنگی ھەیە، قیددیس نیکۆلاسیش، کە ئەوان (سنترکلاس) Sinterklaas ی پێ دەڵێن لە ڕۆژی (٥ ی کانونی یەکەم) دا ئاھەنگی ھەیە. لە بێلجیکا (لای ئەوانەی بە ھۆڵاندایی قسە دەکەن) بە ھەمان شێوە (کێستمان) Kerstman ی پێ دەوترێت.

لە ھەندێک وڵاتی تر بە (کوڕی کریسمەس) ناو دەبرێت. وەکو شێوە ئایسلەنداییەکەی: لە (ئایسلەندا) پێی دەوترێت Jólasveinar، کە بە واتای (کوڕی کریسمەس) Yule Lad ـە، کە ١٣ دانەن و ھەمویشیان ناوی خۆیان ھەیە!

لە ھەندێک شوێنی تر بە (باپیرە) ناوی دەبرێت بەڵام لەگەڵ ئاماژە بۆ سەھۆڵ، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەم کەسێتیە لە ناوچەیەکی سارد و سەھۆڵبەندان دەژی، شێوە و جل‌وبەرگەکەیشی ھەر ئاماژەیە بۆ ئەوە (شێوە سڵاڤیەکەی ئەم کەسێتیە زیاتر ڕەنگی سپی و دیمەنی بەفر لەدەوری زاڵە بەسەریدا). ئەمەش زیاتر ناوچە سڵاڤی‌زمانەکان دەگرێتەوە: ناوە ڕوسیەکەی (دێد مۆرۆز) Дед Мороз ئاماژەیە بۆ ئەم واتایە، کە لە (ڕوسیا) و (ئۆکرانیا) بەکار دێت. لە (کرواتیا) ش دەوترێت (دێد مراز) Djed Mraz بە ھەمان واتای (باپیرە سەھۆڵ). ھەر لەم بابەتە لە (سێربیا) پێی دەوترێت (دێدا مراز) Деда Мраз. بە ھەمان شێوە لە (مەکەدۆنیا) و (سلۆڤاکیا) دەوترێت (دێدۆ مراز) Dedo Mraz. ھەر لەم بابەتە لە ئوزبەکستان پێی دەوترێت (ئایۆز بابۆ) Ayoz Bobo واتە (باپیرە سەھۆڵ)، ھەروەھا (قۆر بابۆ) Qor Bobo یشی پێ دەوترێت واتە (باپیرە بەفر). ھەروەھا لە تورکمانستانیش پێی دەوترێت Aýaz baba.

لە ھەندێک وڵاتیش بە (بابە زستان) ناوی دەبرێت. ناوە (ئەلبانیا) ییەکەی Babadimër یاخود Babadimri بەم واتایەیە. ھەروەھا لە تاتارستان پێی دەوترێت (قیش بابای) Кыш Бабай کە بە ھەمان واتایە.

لە ھەندێک وڵاتی تر، بەتایبەتی وڵاتانی سکاندیناڤیا، پیاوە پیرەی کریسمەس پیاوێکی گرگن (قزم) ـە. لە کولتوری سویددا جۆرە گرگنێک ھەبوە پێیان وتوە (تۆمّتە) Tomte و بڕوا وا بوە کە ماڵ و منداڵی کشتیار دەپارێزێت، بۆیە ئەو گرگنەی کە کەسێتیی پیاوە پیرەی کریسمەسە لە سوید پێی دەوترێت (ژولتۆمّتە) Jultomte واتە گرگنی کریسمەس Yule Gnome. لە کولتوری نۆروێگی و دانمارکییشدا ئەو جۆرە گرگنە پێی وتراوە (نیسّە) Nisse، بۆیە کەسێتیی پیاوە پیرەی کریسمەس ـ کە گرگنێکە ـ لە نۆروێگ پێی دەوترێت (یولەنیسّە) Julenissen، کە بە ھەمان واتایە.

شێوەیەکی تری کەسێتیی دیاریھێنی کریسمەس، لە ھەندێک کولتوردا، لەبریی ئەوەی لە شێوەی پیرە پیاوێکدا بێت، لە شێوەی منداڵێکدایە، کە وەکو (مەسیحی منداڵ) بیری لێ دەکرێتەوە. لە شێوەی منداڵێکی پرچ زەرد و کاڵدایە، و ڕەگەزیشی دیاری نیە نێرە یان مێ، بەڵکو نیوە منداڵ و نیوە فریشتەیەکی بچوکە. ئەم کەسێتیە زیاتر لە ئۆستریا (النمسا) و (سویسّێرا) و (چێک) و (سلۆڤاکیا) و (ھەنگاریا) و باشوری (ئاڵەمانیا) باوە و لە کولتوری تریشدا ھەیە. بۆیە لە ئۆستریا (النمسا) و (سویسّێرا) و (لیختنشتاین) Liechtenstein و ھەرێمی (باشوری تیرۆل) Südtirol (ھەرێمێکە لە ئیتالیا) پێی دەوترێت (کریستکیند) Christkind (و ھەندێک جار: Christkindl، ھەندێک جاریش: Christkindchen)، ئەمەش واتە (مەسیحی منداڵ). لە کولتوری باشوری (ئاڵەمانیا) ش ھەمان کەسێتی ھەیە بە ھەمان ناوی (کریستکیند) Christkind وەکو کەسێتیی دیاریھێنی کریسمەس، جگەلەوەی کە سانت نیکۆلاسیش کە ئەوان Nikolaus ی پێ دەڵێن ئاھەنگی خۆی ھەیە لە (٦ ی کانونی یەکەم) دا. لە کولتوری (ھەنگاریا) ییشدا ئەوەی دیاریی کریسمەس دەھێنێت فریشتەکانن ھەروەھا یەشوعی منداڵ کە ئەوان (ییزوشکا) Jézuska (یەشوعۆکە!) یاخود (کیش ییزوش) Kis Jézus ی پێ دەڵێن. لە (چێک) یش بە ھەمان واتا پێی دەوترێت (یێژیشێک) Ježíšek، ئەمیش ھەر یانی (یەشوعۆکە) یان (یەشوعە چکۆلە). لەناو مەسیحیە کاثۆلیکەکانی (سلۆڤاکیا) ش دەوترێت (یێژیشکۆ) Ježiško بە ھەمان واتا. لە (ئیتالیا) ش ھەمان کەسێتی ھەیە بە ناوی (جێزو بەمبینۆ) Gesù bambino بە واتای (یەشوعی منداڵ)، لە ھەمان کاتیشدا لە (٦ ی کانونی یەکەم) دا قیددیس نیکۆلاس ئاھەنگی خۆی ھەیە. لە (ئەمێریکا) ش ھەمان کەسێتی ھەیە بە ناوی Kris Kringle (ھەندێک جار: Kriss Kringle). لە (کرواتیا) ش پێی دەڵێن (ماڵی ئیسوس) Mali Isus بە واتای (یەشوعی منداڵ). لە (ڤێنێزوەیلا) یش پێی دەوترێت (نینیۆ خێسوس) Niño Jesús بە ھەمان واتا. ئەم کەسێتیی (مەسیحی منداڵ) ـە، لە ھەندێک لە وڵاتانی ئەمێریکای لاتینی، (کۆڵۆمبیا) و (ئێکوادۆر)، و لە (مەکسیک) یش، بە (منداڵی خوا) (ئیل نینیۆ دیۆس) El Niño Dios ناو دەبرێت، واتە منداڵەکە بە (خوا) وەسف دەکرێت بەو پێیە کە یەشوعی مەسیحە.

کەسێتیی (بابا نۆێڵ) لای پیاوانی ئایینیی ئیسلامی[دەستکاری]

لە جیھانی ئیسلامیدا، لە ناوەندە ئیسلامیەکاندا و بەتایبەتی لای پیاوانی ئایینیی ئیسلامی، کەسێتیی (پاپا نۆێڵ) پەسەند نیە و بایەخدان بەو کەسێتیە و بەڵکو بەشداریکردن لە ئاھەنگی سەری ساڵدا بە ناڕەوا دادەنرێت. ئەوەش بەو پێیە کە جەژنەکە جەژنێکی ئیسلامی نیە، و دەڵێن لە ئیسلامدا تەنھا جەژنی ڕەمەزان و قوربان ھەیە، و ئیتر بەشداریکردن لە جەژنی نائیسلامیدا بە ناڕەوا دادەنرێت بەو پێیە کە ئەوانە جەژنی (بێباوەڕان) ـن!

بێ گومان جەژنی سەری ساڵی زایینی و کەسێتیی پاپا نۆێڵ زۆر نامۆیە بە کولتوری عەرەبی ـ ئیسلامی.. چونکە جەژنی سەری ساڵی زایینی و لەدایکبونی مەسیح و ڕەگ‌وڕیشە و پێشینەکانیشی دەکەونە زستان یاخود ناوەڕاستی زستان، یاخود مانگەکانی کانونی یەکەم و دوەم. ئەمەش شتێکە بەتەواوی نامۆیە بە کولتور و کالێندەری عەرەبی ـ ئیسلامی. ئینجا لە ئیسلامدا لەدایکبونی مەسیح وەکو بۆنەیەک نەناسراوە، چونکە ھەر لە بنەڕەتەوە ئیسلام کەسێتیی مەسیحی وەکو فریادڕەسێک کە میراتبەری فریادڕەسە سروشتیەکانی پێشوە نەناسیوە. دوای ئەوەش کەسێتیی پیاوێکی ئایینیی پیر کە منداڵانی خۆش بوێت و دیارییان بۆ بھێنێت؛ لە کولتوری عەرەبی ـ ئیسلامیدا ونە و لە ھیچ بۆنە و جەژنێکدا دەرنەکەوتوە.

ئەوەش ئاساییە کە ھەمو کولتورێک تایبەتمەندیی خۆی ھەبێت و کەسێتییەک و جەژنێک لە کولتورێکدا لە کولتورێکی تردا نەبێت، بەڵام کاتێک جەژنێک و کەسێتییەکی پەیوەست بەو جەژنەوە دەبنە داب‌ونەریتێکی جیھانی یان نیمچەجیھانی و لە چوارچێوە ئایینیەکە دەردەچن و دەبنە بابەتی نێوکولتوری؛ ئیتر ئاسایی نیە بە ناوی پارێزگاریکردن لە ئایین و کولتور و بە ئامڕازی ئایینی ھەوڵی قەدەغەکردنی بدرێت. بەتایبەتی کە پیاوانی ئایینیی ئیسلامی جاری وا ھەیە بە بیانو و بەھانەی پێکەنیناوی ھەوڵ دەدەن کەسێتیی پاپا نۆێڵ ناشیرین بکەن. بۆ نمونە: موفتییەکی تورک، بە ناوی (سولەیمان یەنیچەری) Süleyman Yeniçeri، کە موفتیی ناوچەی (کێشان) Keşan ـە لە پارێزگای (ئەدیرنە) لە باکوری خۆرئاوای تورکیا، وەکو ڕۆژنامەی (حوررییەت) Hürriyet لە کاتی خۆیدا بڵاوی کردەوە، ڕۆژی (٢٧/١١/٢٠١١) بەتوندی ڕەخنەی گرت لە کەسێتیی پاپا نۆێڵ. جگە لەوەی کە وتی ئەم کەسێتیە ئەفسانەییە و بایەخپێدانیشی لاساییکردنەوەی مەسیحیەکانە؛ وتی: ئەو کەسێتیە پاک و نیازپاکیش نیە، چونکە قورئان فەرمان بە موسوڵمان دەکات کە لە دەرگاوە بچنە ماڵان، بەڵام پاپا نۆێڵ لە دەرگاوە نایەتە ژورەوە بەڵکو لە دوکەڵکێشەکانەوە دەچێتە ژورەوە!! لەبەر ئەوە کەسێکی ناپاک و نیازخراپە!(٩)


پەراوێز[دەستکاری]

(١) ده‌‌رباره‌‌ی Jólnir وه‌‌کو ناوێکی ئه‌‌لته‌‌رناتیڤ (بدیل) بۆ ئۆدین؛ بڕوانه‌:

Crump, William D. , The Christmas Encyclopedia. McFarland & Co. Second Edition, 2006. P. 443.

(٢) ده‌‌رباره‌‌ی אָב و אַבָּא ی ئاڕامی، بڕوانه‌:

Jastrow, Marcus, A Dictionary of the Targumim, the Talmud Babli and Yerushalmi, and the Midrashic Literature. London: Luzac & Co. , New York: G. P. Putnam's Sons. 1903. V. 1, pp. 1, 2.

Levi, Rabb. J. , Chaldäisches Wörterbuch über die Targumim und einen grossen Theil des Rabbinischen Schriftthums. Dritte Unveränderte Ausgabe. Leipzig: Verlag von Gustav Engel. 1866. Band 1, p. 1.

(٣) ده‌‌رباره‌‌ی ܐܰܒ و ܐܰܒ݂ܳܐ ی سوریانی، بڕوانه‌:

Payne Smith, Jessie (Mrs. Margoliouth), A Compendious Syriac Dictionary, founded upon the Thesaurus Syriacus of R. Payne Smith. Oxford: The Clarendon Press. 1903. P. 1.

(٤) بڕوانه‌:

Jastrow, A Dictionary of the Targumim, the Talmud Babli and Yerushalmi, and the Midrashic Literature. V. 1, p. 136.

(٥) بڕوانه‌:

Brown, Francis, & Samuel Rolles Driver, Charles Augustus Briggs, A Hebrew and English lexicon of the Old Testament, with an appendix containing the biblical Aramaic. Based on the Hebrew lexicon of Wilhelm Gesenius as translated by Edward Robinson. Oxford: Clarendon Press. 1906. P. 93.

(٦) ده‌‌رباره‌‌ی ܐܰܒܺܘܢ ی سوریانی، بڕوانه‌:

Payne Smith, A Compendious Syriac Dictionary. P. 1.

(٧) ده‌‌رباره‌‌ی وشه‌‌ی Papa، بڕوانه‌:

Collins' etymological dictionary, containing roots and derivations and embracing the most recent words. London and Glasgow: Collins' Clear-Type Press. P. 250.

Weekley, Ernest, An Etymological Dictionary of Modern English. London: John Murray. I921. P. 1038.

Skeat, Rev. Walter W. , An Etymological Dictionary of the English Language. Oxford: The Clarendon Press. Fourth Edition, 1910. P. 427.

Brewer, E. Cobham, Etymological and Pronouncing Dictionary of Difficult Words. London and New York: Ward, Lock, & Co. P. 795.

(٧) ده‌‌رباره‌‌ی ڕیشه‌‌ی وشه‌‌کانی noël و noel و nowell و natalis، بڕوانه‌:

Williams, A. M. , And Frederick T. Smith (General Editors), The King's English dictionary. London: British Books Limited. P. 575.

Brachet, A. , An etymological dictionary of the French language. Translated by G.W. Kitchin. Third Edition, 1882. Oxford: The Clarendon Press. PP. 264, 267.

Collins' etymological dictionary, containing roots and derivations and embracing the most recent words. London and Glasgow: Collins' Clear-Type Press. P. 235.

Donkin, T. C. , An Etymological Dictionary of the Romance Languages. London and Edinburgh: Williams and Norgate. 1864. P. 317.

Weekley, Ernest, An Etymological Dictionary of Modern English. London: John Murray. I921. P. 976, 994.

Donald, James, Chambers's Etymological Dictionary of the English Language. London and Edinburgh: W. & R. Chambers. 1872. P. 336.

Skeat, Rev. Walter W. , An Etymological Dictionary of the English Language. Oxford: The Clarendon Press. Fourth Edition, 1910. P. 396.

Brewer, E. Cobham, Etymological and Pronouncing Dictionary of Difficult Words. London and New York: Ward, Lock, & Co. P. 704.

بۆ ھه‌‌ندێک ئه‌‌گه‌‌ری تر سه‌‌باره‌‌ت به‌ ڕیشه‌‌ی وشه‌‌ی Noël، بڕوانه‌:

Dawson, W. F. , Christmas: its origin and associations, together with its historical events and festive celebrations during nineteen centuries. London: Elliot Stock. 1902. P. 9.

(٩) بڕوانه‌ ڤیدیۆکه‌‌ی:

http://www.youtube.com/watch?v=uDyyc6YGvNY

سه‌‌رچاوه‌: سه‌‌روه‌‌ر پێنجوێنی، پاپا نۆێڵ.