ئەکتیڤ دایرێکتۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەکتیڤ دایرەکتۆری (بە ئینگلیزی: Active Directory) ڕاژەی پێڕیستی چێکراوی دەستی مایکرۆسۆفتە بۆ تۆڕەکانی پاوانی ویندۆز. زۆربەی سیستەمەکانی بەکارخەریی ناوسراو بە Windows Server، ئەکتیڤ دایرەکتۆری -شیان تیایە. بە کۆمپیوتەرگەلی ڕاژەکار وا لەسەریان ئەکتیڤ دایرەکتۆری ئەسووڕێ، ئەوترێ دۆمەین کۆنترۆڵەر.

ئەکتیڤ دایرەکتۆری وەکوو ناوەندێک بۆ کۆنترۆڵ و پاراستن کار بۆ بەڕێوەبەری تۆڕ ئەکا و بەرپرسیارە بۆ:

  • سەنگاندنی ڕەسەنایەتی و دانی دەسەڵاتی پێویست بە گشت بەکارھێنەرەکان و کۆمپیوتەرەکانی ناو تۆڕەکە،
  • ناچارکردنی ھەموو کۆمپیوتەرەکانی ناو تۆڕەکە بە ڕەچاوکردنی سیاسەتەکانی پاراستن و،
  • دامەزراندن و بەڕۆژکردنی نەرمەکاڵاکان لەسەر کۆمپیوتەرەکانی ناو تۆڕەکە.

بۆ نموونە، کاتێ بەکارھێنەرێک لۆگین ئەکا بە (ئەچێتە ناو) کۆمپیوتەرێک کە بەشێکە لە پاوانێکی ویندۆز، ئەوە ئەکتیڤ دایرەکتۆرییە کە ئەرێ لە تێپەڕوشەکەی ئەدا و دەستنیشانی ئەکا کە ئاخۆ بەکارھێنەرەکە بەکارھێنەرێکی ئاسایییە یا بەڕێوەبەری سیستەمەکەیە.

مێژوو[دەستکاری]

ئەکتیڤ دایرەکتۆری بۆ جاری یەکەم لەگەڵ Windows 2000 Server edition -دا بەرەڵا کرا، پاشان لە Windows Server 2003 -دا بۆ پەرەدان بە تواناکانی و بەرزکردنەوەی ئاستی لێھاتوویییەکانی لە بواری بەڕێوەبەرایەتیدا، پێداچوونەوەی بۆ ئەنجام درا. لە وەشانەکانی دواییشدا (واتە Windows Server 2003 R2 و Windows Server 2008 و Windows Server 2008 R2) ھەر جارە شتێکی لێ زیاد کراوە. لە دوایین وەشانیشدا ناوی domain controller گۆڕاوە و کراوە بە Active Directory Domain Services.

پێکھاتە[دەستکاری]

تەنەکان[دەستکاری]

پێکھاتەی ئەکتیڤ دایرەکتۆری زنجیرەیەکی ھەرەمییە لە زانیاری لەسەر تەنەکان. تەنەکان ئەکەونە ناو یەکێک لەم دوو پۆلەوە: کەرەستەکان (بۆ نموونە چاپگەر) و ڕاسپاردە ئەمنییەتییەکان (واتە ھەژمارەکانی بەکارھێنەران یا کۆمپیوتەرەکان). گشت ڕاسپادە ئەمنییەتییەکان ناسێنەرێکیان لەپاڵ دراوە کە پێی ئەوترێ ناسێنەری ئەمنییەتی (security identifier).

ھەر تەن نوێنەری بوونەوەرێکی تاقانە و تایبەتمەنییەکانی ئەو بوونەوەرەیە. ھەندێک تەن ئەتوانن داگری تەنی تر بن. یەک تەن تەنھا بەھۆی ناویەوە ئەناسرێتەوە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی لەپاڵدراویشی ھەیە کە بریتین لە ئەو خسڵەتانە و ئەو زانیارییانەی کە تەنەکە نوێنەرایەتییان ئەکا. تایبەتمەندییەکان لە لایەن شەما (schema) -یەکەوە پێناسە ئەکرێن کە ئەو شەمایە جۆری تەنەکانی ناو ئەکتیڤ دایرەکتۆریش دیاری ئەکا.

سایتەکان (Sites)[دەستکاری]

سایت تەنێکە لە ئەکتیڤ دایرەکتۆریدا کە نوێنەرایەتیی شوێنێکی جوگرافیایی بۆ میوانداریی تۆڕەکان ئەکا.

دارستانەکان، دارەکان و، پاوانەکان (Forests, Trees, and Domains)[دەستکاری]

ئەو چوارچێوەیەی کە ئەکتیڤ دایرەکتۆری تەنەکان لەسەری ھەڵئەگرێ لە چەند ئاستەوە ئەتوانرێ سەیر بکرێ. دارستان، دار و، پاوان دابەشکارییە لۆژیکییەکانی ناو تۆڕی ئەکتیڤ دایرەکتۆرین. لە کاتی جێگیرکردن و دامەزراندندا، تەنەکان گرۆ-گرۆ بەش ئەکرێن بەسەر پاوانەکاندا. ھەموو تەنەکانی ناو یەک پاوان لە یەک بنکەدراوەدا کۆگا ئەکرێن (کە ئەتوانرێ لە بەری بگیردرێتەوە). پاوانەکان بەھۆی پێکھاتەی ناوی DNS -یانەوە دەستنیشان ئەکرێن.

دار بەرھەڤۆکێکە لە یەک یا چەند پاوان. لە سەرەوەی پێکھاتەکەشدا دارستان ھەڵکەوتووە. دارستان بەرھەڤۆکێکە لەو دارانەی کە ھاوبەشن لە یەک کاتالۆگی سەرانسەری، یەک شەما، یەک پێکھاتەی لۆژیکی و، یەک شێوەداڕێژیدا. دارستان نیشاندەری ئەو کەوشەنە ئەمنییەتییەیە کە تێدا بەکارھێنەران، کۆمپیەتەرەکان، گرووپەکان و ئەوتر تەنەکان شیاوی دەستپێگەیشنن.

یەکە ڕێکخراوەیییەکان (Organizational Units)[دەستکاری]

ئەکرێ ھەموو ئەو تەنانەی لەناو یەک پاواندا ڕائەگیردرێن لە ژمارەیەک یەکەی ڕێکخراوەییی جیاوازدا پۆلێن بکرێن. یەکە ڕێکخراوەیییەکان بەڕێوەبردنی پاوان ئاسان ئەکەنەوە و پێکھاتەی ڕێکخراوەکەش لە ڕووی کارگێڕی یا جوگرافیایییەوە وەکخۆیسازی ئەکەنەوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]