ئەنوەر عەڕەب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ئەنوەر عەڕەب، لەدایکبووی ١٣٦٤ی ھەتاوی (١٩٨٥) لە بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی کوردە.

ئەنوەر عەڕەب لە شاعیرانی نوێ‌خواز دێتە ئەژمار و بە دوو زمانی کوردی و فارسی شێعر و وەرگێرانەکانی لە گۆڤار و بڵاڤۆگەکان‌دا بڵاو بوونەتەوە. ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی لە چاپ دا. پێشتر بۆ ماوەی خولێک بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بوو. ھاوکات چالاکێکی مەدەنی و داکۆکیکارێکی مافی کۆڵبەران و ئازادیی قەڵەم و ئەندێشەیە. ڕۆژی ١٢ پووشپەڕی ٩٧ھەتاوی (٢٠١٨/٧/٣) ھێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕژانە شوێنی کارەکەی و دەسبەسەریان کرد[١] و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  1. لە چاوەڕوانیی پیاوێکی کراس‌زەردی گوڵ‌گوڵی‌دا[٢]- کۆمەڵەچیرۆک - ٢٠١٤.

نموونەی شێعر[دەستکاری]

لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە
لەو شوێنەی وا ھەمیشە چاوەڕێم دەکردی
پیاوێک دەیھەوێ خۆی تووڕ داتە خوارێ
ھیچ کەس نازانێ،
پیاوێک لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە
بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
بۆ چی خۆی تووڕ دەداتە خوارێ؟
لە خوار پردەکە
ڕێک لە خوار پردەکە
لەو شوێنەی وا ھەمیشە چاوەڕێت دەکردم
چەند کەسیتر چاوەڕێن،
چەند پیاو و
چەند ژن،
تۆش وا لە دوورە بە ھەڵاتن دێی
تا ببینی
پیاوێک لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە
چۆن خۆی تووڕ دەداتە خوارێ
بە پەلەی،
چاوێکت لای کاتژمێرە و
چاوێکت لای
پیاوێکە تا خۆی تووڕ داتە خوارێ.
لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە
پیاوێک بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
داگەڕا خوارێ و
بە سانایی بە لامدا تێپەڕ بوو
“ناشێ لە بیر کەم ئەم رووداوە”
لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە
بە ھەر دووچاوی خۆم بینیم
پیاوێک بە پاڵتاوێکی درێژ و کڵاوێکی پەشمینەوە
داگەڕا خوارێ و
بە سانایی بە لامدا تێپەڕ بوو.
لە سەر پردەکە
ڕێک لە سەر پردەکە.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]