بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لە ٢٠٠٩
ئەندامی پەرلەمانی نەرویژ لە ئۆسلۆ
لە پۆستدا بووە
١٤ی ئەیلوولی ١٩٩٣ – ١٤ی ئەیلوولی ١٩٩٧
ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆ
لە پۆستدا بووە
١٠ی ئەیلوولی ١٩٩٩ – ١ی ئازاری ٢٠٢٤
لە پۆستدا بووە
١٠ی ئەیلوولی ١٩٨٣ – ١٠ی ئەیلوولی ١٩٩٣[١]
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون (1949-06-15) 15ی حوزەیرانی 1949[١]
لێڤەنجێر، نەرویژ[١]
مردن ١ی ئازاری ٢٠٢٤(٢٠٢٤-٠٣-٠١) (٧٤ ساڵ ژیاوە)
نەتەوە نەرویژی
پارتی سیاسی پارتی سوور
لایەنگیری سیاسی
تر
ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور
پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران
منداڵ(ەکان) یۆرۆن فۆلکڤۆرد (کچ)
نیشتەجێ ئۆسلۆ، نەرویژ[١]
پیشە سیاسەتوان
کار ئاریکاری کۆمەڵایەتی[١]

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد (بە نەرویژی: Erling Folkvord)، (١٥ی حوزەیرانی ١٩٤٩ - ١ی ئازاری ٢٠٢٤) سیاسەتوانێکی نەرویژی، ئەندامی پارتی سوور و نوێنەری پەرلەمانی نەرویژ بوو. فۆلکڤۆرد بەھۆی پشتیوانیکردنی لە تێکووشانەکانی گەلانی کورد و فەلەستینی ناسراوە و جگە لەوەی کە چەندین جار بۆ پاڵپشتی ھاتووەتەوە بۆ باکوور، باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، لە سەر مێژوو و کۆمەڵگای کوردستانیش توێژینەوە کردووە و چەندین کتێب سەبارەت بە کوردستان نووسیوە.

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد وەکوو سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕ یەکێک لە ڕێبەرەکانی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران و ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور بوون کە دواتر تێکەڵ کران و پارتی سووریان دامەزراندەوە. ئەو لەنێوان ساڵانی ١٩٩٣ ھەتا ١٩٩٧ ئەندامی پەرلەمانی نەرویژ بوو و یەکەمین سۆسیالیستی چەپگرێک بوو کە لە ساڵی ١٩٦١ لەدەرەوەی حیزبەکانی پارتی چەپی سۆسیالیست و پارتی کرێکار چوو بۆ پەرلەمان. دواتر لە ساڵی ١٩٩٧ پێگەی خۆی لەدەستدا و ھەتا مردنی کاندیدای پەرلەمان بوو. ھەروەھا لەنێوان ساڵانی ١٩٨٣ ھەتا ١٩٩٣ و دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ ئەندامی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆ بوو. فۆلکڤۆرد بوو بە یەکێک لە سیاسەتوانە چەپگرە ھەرەناسراوەکانی نەرویژ کە لەگەڵ پارتی کرێکار و پارتی چەپی سۆسیالیست لە پەیوەندیدا نەبوو.

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لە دەستپێکی چالاکیی سیاسیی خۆی ئەندامی ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور بوو. ئەو بەھۆی کارکردن لەسەر چەن دۆسیەیەکی گەندەڵیی ڕامیاری بە ناوی سەگی پاسەوان ناسرابوو. ڕوانگەکانی سیاسیی فۆلکڤۆرد لە کاتێک کە بوو بە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران بەڕەو کۆمۆنیزم و دژە سەرمایەداری گۆڕا. ئەو لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠ ھەتا ١٩٩٧ جێگری سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران بوو و لە ساڵی ٢٠٠١ شانبەشانی کریس ھارتمان بووە جێگری سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور.

چالاکی بۆ کوردستان

[دەستکاری]
ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لەلایەن کوردانی نیشتەجێی نەرویژەوە پێشوازیی لێکرا بۆ ماڵەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لەلایەن حکوومەتی تورکیا دەستبەسەر و دیپۆرتکرایەوە.

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد بەردەوام لە تێکووشانەکانی خەڵکی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی پشتگیری دەکرد. ئەو سێ کتێب سەبارەت بە کێشەی کورد نووسیوەتەوە و سەردانی باکوور، باشور و ڕۆژاوای کوردستان کردبوو.[٢] فۆلکڤۆرد لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کورد ھات بۆ شاری ئامەدی باکووری کوردستان، بەڵام لەلایەن حکوومەتی تورکیا ڕێگەی پێنەدرا و دەستبەسەر و لە تورکیا دیپۆرت کرا. کوردەکانی دانیشتووی نەرویژ بەدوای ھاتنەوەی بۆ نەرویژ بە گوڵ پێشوازیان لێ کردی.[٣]

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

ئێرلینگ فۆلکڤۆرد لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵی کۆچی دوایی کرد.[٣]

دیوانی ھاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل بۆ کۆچی دواییی ئێرلینگ فۆلکڤۆرد پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە وتی ئەو "ھەتا کۆتا ساتەکانی ژیانی لەپێناو ئازادی گەلانی کورد و فەلەستیندا تێکۆشا" ، بۆیە "ھەموو کات لە دڵی گەلی کورددا دەژی."[٢]

کتێبەکان

[دەستکاری]
  • ئەوە ھەر بە تەنیا ئێریک جێنسن نەبوو: دەربارەی سەرکردەکانی پۆلیس و نافەرھەنگی، ٢٠٢١.
  • ڕۆژاوا!: کوردەکان بۆ داھاتوویەک بەبێ ئەسەد، ئەردۆغان و داعش شەڕ دەکەن، ٢٠١٦.
  • دزییە گەورەکەی ئۆسلۆ، ٢٠١٥.
  • ئەنجومەنی شار دژی یاریدەدەری پەرستاری، ٢٠١٣.
  • سەرمایە گەندەڵەکەی ئێمە، ٢٠١١.
  • لە کیسە و تەلیسدا - چیرۆکی «ئێکبۆ لێگات»ەکان و چۆن خراپ بەکارھێنانی دامەزراوە خێرخوازیەکان دەتوانرێت بوەستێنرێت، ٢٠٠٨.
  • ئۆپەراسیۆنی وەرچەرخان، ٢٠٠٧.
  • ئاوی پیس! - کتێبێک دەربارەی سێگۆشەی ھێڵی ڕەنگ، کۆمەڵەی دەریاوانان و دەوڵەت، ٢٠٠٦.
  • بەری دزەکە بگرن! ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردن بۆ دەوڵەتی ئاسوودەژیانی، ٢٠٠٥.
  • ئۆسلۆ ٢٠٠٥: ئاسوودەژیانی بۆ ھەمووان – یان ھێشتا خاو و شین، ٢٠٠٤؛ لەگەڵ گروپی ئەنجومەنی شاری ئۆسلۆی «ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور».
  • کوردستان – دەربارەی ڕابردوو، خەڵک و داھاتووەکەی، ٢٠٠٢؛ لەگەڵ ڤێرۆنیکا مێلۆ
  • کوردستان لە سێبەری شەڕی کەنداو، ١٩٩٩؛ لەگەڵ ئیسپێن لۆکلاند-ستای و ئارنلجۆت ئاسک
  • سوور! لەسەر بەربەستەکان بۆ «پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران» (ئاکەپە) و «ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور» (ئاڕ ڤی)، ١٩٩٨.[٤]
  • ژیان لە پشتی دیوارەکان، ١٩٩٧، (وەرگێڕان).
  • جیھان لە دەوری پۆلی یەکەم – گەشتێک لە نوێکردنەوەی شارەکانی نەرویژ ١٩٧٦-١٩٩٣، ١٩٩٣؛ لەگەڵ ئێسپێن ماتیسن.
  • ڕاستییەکان دەربارەی جاکۆزی - گەندەڵی لە نەرویژ ١٩٩١، ١٩٩١؛ لەگەڵ ئێسپێن ماتیسن.
  • ڕاپۆرتێک لە ھێلانەی مشکەوە - گەندەڵی لە نەرویژ ١٩٩٠، ١٩٩٠.
  • فێڵە گەورەکەی خانەنشینی و چیرۆکەکانی تر - تاوانەکانی ڕۆژانە لە ھۆڵی شارەوانی ئۆسلۆ، ١٩٨٧.
  • ناوەندی کۆمەڵایەتی - چیرۆکێک دەربارەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، ١٩٨٤؛ لەگەڵ ھاراڵد ستابێل و فرۆد گجێرتسن.
  • بزووتنەوەی کرێکاری، ڕێکخراوەکانی خۆبەدوورگرتنی خۆبەخشانە، دەوڵەت و پرسی ماددە ھۆشبەرەکان، ١٩٧٤؛ لەگەڵ سڤین ھانسن، یۆرۆن فرانتزن و ڕۆڵف تریگێستاد.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا ب پ ت Lundgaard, Hilde (5 March 1999). «RV-politikeren Erling Folkvord gjør come-back i Oslo-politikken». Aftenposten (بە نۆروێژی). p. 40. {{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= (یارمەتی)
  2. ^ ئ ا ئاژانسی ھەواڵی فرات: کۆنگرەی گەل پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی ئێرلینگ فۆلکڤۆرد بڵاوکردەوە (بە ھەورامی)، نووسراو لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤؛ ئەرشیڤکراو لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤.
  3. ^ ئ ا ھەواڵنێریی ئن ئاڕ کۆ: ئێرلینگ فۆلکڤۆرد کۆچی دوایی کردەوە: ئەو سەگە پاسەوانەکە کە خەڵک قەدری دەزانی (بە نەرویژی)، نووسراو لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤؛ ئەرشیڤکراو لە ١ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤.
  4. ^ سوور! لەسەر بەربەستەکان بۆ «پارتی کۆمۆنیستی کرێکاران» (ئاکەپە) و «ھاوپەیمانیی ھەڵبژاردنیی سوور» (ئاڕ ڤی)، ١٩٩٨؛ سەران لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]