بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئینستیتیوتی چاندی کوردیی ڤیێنا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Kurdisches Kulturinstitut Wien
ئینستیتیوتی چاندی کوردیی ڤیێنا
ئینستیتیوتی چاندی کوردیی ڤیێنا
دامەزران٢٠١٧
شوێن
پۆتانەکان48°11′58″N 16°20′45″E / 48.1995763°N 16.3457779°E / 48.1995763; 16.3457779پۆتانەکان: 48°11′58″N 16°20′45″E / 48.1995763°N 16.3457779°E / 48.1995763; 16.3457779
نوێنەرسولەیمان مەحموود
وێبگەپێگەی فەرمی

ئینستیتیوتی چاندی کوردیی ڤیێنا (بە ئەڵمانی: Kurdisches Kulturinstitut Wien) ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی کولتووریی کوردییە کە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن بەشێک لە ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان و ئەکادیمیستەکانی کورد لە نەمسا بە ئامانجی پاراستنی چاند و زمانی کوردی دامەزراوە.[١] ئامانجە سەرەکییەکانی ئینستیتیوتی چاندی کوردی لە ڤیێنا ناساندنی کولتوور و ھونەر و زمانی کوردی بە خەڵکی نەمسا و دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھاووڵاتیانی نەمسا و کوردە.[٢]

چالاکییەکان

[دەستکاری]

گرنگترین چالاکییەکانی ئینستیتیوتی کوردی بریتین لە:

  • خولی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ کوردانی دانیشتووی نەمسا و خوێندکارانی کورد و بیانی زانکۆی ڤیێنا. کۆرسەکانی زمانی کوردیی ڕێکخراوەکە بە ھەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکین و لە سێ ئاستاندا پێشکەش دەکرێن، تا ئێستا لەسەر دەستی ئەم ڕێکخراوەیە بە سەدان کەس فێری زمانی کوردی بوون.
  • ئینستیتیوتی کوردی جگە لە خولی زمان، چالاکی فەرھەنگی و ھونەریش ساز دەکات، وەک: ناساندنی کتێبی نوێی کوردی و بەڕێوەبردنی گفتوگۆ لەسەریان.
  • ئینستیتیوتی کوردی میوانداریی نووسەران، شاعیران، ڕۆماننووسان و ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکات و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت کە لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە بەرھەمەکانیان لەگەڵ کوردانی دیاسپۆرا ھاوبەش بکەن.
  • ھەروەھا سینەمای کوردی لە کارەکانی ئینستیتیوتی کوردیدا جێگایەکی گرنگی ھەیە. ھەندێک فیلمی کوردی لەلایەن ئینستیتیوتی کوردییەوە نمایش دەکرێن؛ جگە لەوەش ئینستیتیوتی کوردی پاڵپشتی ئەو ئەکتەر و دەرھێنەرە گەنجە کوردانە دەکات کە دەیانەوێت بە فیلم و بەرھەمەکانیان سینەمای کوردی بەرەوپێش ببەن.
  • ساڵانە ئەنستیتۆی کوردی بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان گەلی کورد و یەکڕیزی نێوان خێزانە کوردەکان، بۆ کوردانی تاراوگە ئاھەنگ و کۆنسێرت ساز دەکات.
  • گرووپی توێژینەوەی ڤیێنا یەکێکە لە پرۆژەکانی ئینستیتیوتی کوردی؛ مەبەست لەم گرووپە پەرەپێدانی پەروەردەیە لە نێوان کچان و کوڕانی کورد لە نەمسا. ھەروەھا ئینستیتیوتی کوردی بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی نەمسا پاڵپشتی گەنجانی کورد دەکات.

خەڵاتی شەرەفنامە

[دەستکاری]

ئەم خەڵاتە ساڵانە دەدرێتە نووسەرێکی کورد کە خزمەتی زمان و فەرھەنگی کوردی کردووە. شایەنی باسە ئەم خەڵاتە لە خولی یەکەمی واتە ساڵی ٢٠١٨ بەخشراوەتە دکتۆر جەلیلی جەلیل، و لە خولی دووەمی واتە ساڵی ٢٠١٩ بەخشراوەتە نووسەر شاھین بەکر سۆرەکلی. ڕێکخراوەی چاندی کوردیی ڤیێنا ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی شەرەفنامە بۆ زمان و چاندی کوردی، بەخشیوەتە نووسەر و شاعیر کۆنێ ڕەش، بۆ خزمەتەکانی لە پێناو زمان و کلتووری کوردی. خەڵاتەکە لە ناوەندی کافێی قەڵا لە قامیشلۆ بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر، لەلایەن نووسەر و توێژەر دەھام عەبدولفەتاح بە ناوی ئینستیتیوتی چاندی کورد لە ڤیێنا پێشکەشی ناوبراو کراوە.[٣]

ساڵی ٢٠٢١ نووسەری کورد جان دۆست خەڵاتی شەرەفنامەی لە ئیدارەی ئینستیتیوتی فەرھەنگی کوردی لە ڤیێنا بۆ خزمەتەکانی لە بواری زمانی کوردی، بەدەست ھێناوە.[٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Kurdish Cultural Institute of Vienna - Kurdisches Kulturinstitut Wien، سەردان لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
  2. Li bajarê Viyenayê zarokên Kurd û biyanî fêrî Kurdî dibin، سەردان لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
  3. بطاقة شکر لإدارة المعھد الثقافی الکردی فی فیینا، سەردان لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
  4. جائزة شرفنامە للغة والثقافة الکوردیة لعام 2021 تذھب للکاتب الکوردی جان دوست[بەستەری مردوو]، سەردان لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤