کاردانەوەی کیمیایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کاردانەوەی کیمیایی یان کارلێکی کیمیایی (بە ئینگلیزی: Chemical reaction) بریتییە لە ڕەوتی گۆڕانی پێکھاتەکانی ماددە سەرەتایییەکان؛ لەم ڕەوتەدا چەن ماددەی کیمیایی دەگۆڕێن و دەبنە چەن ماددەیەکی کیمیایی تر.

جۆرەکانی گۆڕانی ماددە[دەستکاری]

گۆڕانکاری لە کاردانەوەکاندا، دوو جۆرە:

گۆڕانی فیزیکی[دەستکاری]

لە گۆڕانی فیزیکیدا، تەنیا دۆخی فیزیایی ماددە دەگۆڕێ، نە پێکھاتەکانی ماددە. کەوابوو گۆڕانی ھەموو دۆخەکانی ماددە، وەک: توانەوە، بەستن، بوونە ھەڵم، بوونە ئاو، تەسعید و ھەروەھا توانەوەی خوێکان و بازەکان لە ئاودا، دەچنە بازنەی گۆڕانکاری فیزیایییەوە.

گۆڕانی کیمیایی[دەستکاری]

لە گۆڕانی کیمیاییدا، پێوەندی ئەتۆمەکان پێکەوە و داچنەی ئێلێکترۆنییان دەگۆڕێت. ھەڵبەت لە ھیچ کاردانەوەیەکی کیمیاییدا، ئەتۆم بەدی نایێ و تیا ناچێت، تەنیا تووشی لێکدران، شی بوونەوە یا دووبارە داچنین دەبێ.
کاردانەوەی کیمیایی، واتە گۆڕانکاری کیمیایی، لەوانەیە وێڕای بەردانی وزە بە شێوەی گەرما، تیشک یان دەنگ بێ و، بەردانی گاز، نیشتنی تڵت یان گۆڕانی ڕەنگیشی بەدواوە بێ.

گۆڕانی فیزیکی و کیمیایی لەسەریەک[دەستکاری]

جاری وایە ھەردوو گۆڕانی فیزیکی و کیمیایی لە دیاردەیەکدا، یەک لەسەریەک ڕوو دەدەن. بۆ وێنە:
بە گەرمکردنی کڵۆیێ شەکر لە لوولەی ئەزمووندا، سەرەتا شەکرەکە دەتوێتەوە کە دیاردەیەکی فیزیکییە. پاشان ڕەنگەکەی بۆر دەبێ، کە نیشانەی دەست پێکردنی ڕەوتی بوون بە کاربۆنی شەکرە و ئەمە دیاردەیەکی کیمیایییە. دوایی ھێندێک ھەڵم بەرز دەبێتەوە کە نیشاندەری شی بوونەوەی شەکر و درێژەی دیاردەی کیمیایییە. پاشان، دڵۆپە ئاو دەکەوێتە سەر لوولەلەکە، ئەمە بوونە ئاوی ھەڵمەکەیە و دیاردەیەکی فیزیکییە. لە کۆتاییدا، لە نێو لوولەکە، ماکێکی ڕەشی بێ تام و نەتواوە لە ئاودا (پێچەوانەی شەکرە سەرەتایییەکە) بەجێ دەمێنێ کە خەڵووزە و بە گۆڕانی ڕەنگ، تام و جۆری توانەوەی، ئاماژە بە دیاردەیەکی کیمیایی دەکا.

وزەی کیمیایی[دەستکاری]

ھەر جۆرە پێوەندی نێوان ئەتۆمەکانی پێکھێنەری مولکوولەکانی تەنێک، جۆرێک لە وزەی کیمیایی تێدایە، کە بڕەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەتۆم و شێوەی چنینیان لە مولکوولدا.
لە کاردانەوەی کیمیاییدا، ئەم پێوەندانە دەگۆڕێ و لە ئەنجامدا وزەی کیمیایی بەرھەمەکان، لەگەڵ کاردەرەوەکاندا جیاواز دەبێ.

بۆ وێنە، کاردانەوەی گازی کلۆر لەگەڵ ھایدرۆجین ڕاچاو دەکەین. گازی کلۆر لە مولکوولی دوو ئەتۆمی Cl2 و گازی ھایدرۆجین لە مولکوولی دوو ئەتۆمی H2 پێک ھاتووە. بەرھەمی کاردانەوەکە،Hcl ھایدرۆجین کلۆرایدە، کە بە بەراورد لەگەڵ کاردەرەوەکان، پێوەندی تەواو جیاوازی ھەیە و بەم بۆنەشەوە وزەی کیمیاییشیان جیاوازە. ئێستا پرسیارێک: بە ڕەچاو کردنی جیاوازی وزەی کیمیایی بەرھەم و کاردەرەوەکان و یاسای بمێنی وزە، ئەم بڕە نادیارە لە وزەی کیمیایی چۆن دەردەکەوێت؟

کاردانەوەی گەرماگیر و کاردانەوەی گەرمادەر[دەستکاری]

بەپێی یاسای بمێنی وزە، لە ھیچ کاردانەوەیکدا کۆی وزە ناگۆڕێت. کەوابوو ئەم جیاوازییە، بە شێوەی گەرما خۆی دەردەخا. بۆیە لە کاردانەوەی وەک: کاردانەوەی سووتانی مێتان، کە بە پێکھاتنی ھایدرۆجین کلۆراید کۆتایی دێ، ئاستی وزەی بەرھەمەکان لە ماکە کاردەرەوەکان کەمترە و، گەرما بەر دەبێ و، بە کاردانەوەی گەرمادەر دەناسرێن. لە بەرامبەردا، لەو کاردانەوانەی کە تێیدا ئاستی وزەی کیمیایی بەرھەم زۆرتر لە کاردەرەوە سەرەتایییەکانە، کاردانەوەی گەرماگیر دەبێژن. بۆ سەرگرتنی کاردانەوەی گەرماگیر، دەبێ بڕێ گەرما بە پێکھاتەکانی کاردەرەوە بدرێت، وەک: شیکاری ئالومنیۆم کلۆرایدی بەستوو، کە بە گەرمکردن، دەبێتە دوو گازی ئاموونیاک و ھایدرۆجین کلۆراید.

لە ئەندازیاری وزەی کیمیاییدا، ھەڵسەنگاندنی ئاستی وزەی بەرھەم و پەسا گرنگی تایبەتی ھەیە. لە زانستی کیمیادا بە گۆڕانی ئاستی گەرما، ئانتاڵپی دەڵێن و بە ΔH نیشانی دەدەن. لە کاردانەوەیەکی گەرمادەر:

H1: ئاستی وزەی پەسا (ماکە کاردەرەوەکان)

H2: ئاستی وزەی بەرھەم

H2 <H1 H2-H1<0

بەم شێوە گۆڕانی ئانتاڵپی ΔH لە کاردانەوەیەکی گەرمادەر، ھەمیشە (-)یە.

لە کاردانەوی گەرماگیر:

H2>H1→H2-H1>0→ΔH>0

گۆڕانی ئانتاڵپی، لە کاردانەوەی گەرماگیر، (+)ە.

جۆرەکانی کارلێکی کیمیایی[دەستکاری]

ھەزاران کارلێکی کیمیایی ناسراو، لە سیستمە ژیانییەکان و کردە پیشەسازییەکان و تاقیگە کیمیایییەکاندا ڕوودەدەن و بەزۆریی پێویستە ئەو بەرھەمانە پێشبینیی بکرێن کە لەو کارلێکانەدا پەیدا دەبن، بیرکەوتنەوەی ھاوکێشەکانی بەو ژمارە زۆرە کارلێکە، کارلێکی سەخت و شەکەتکەرە، بۆیە باشتر و ھەڵکەوتوو تر وایە، ئەو کارلێکانە بەپێی چۆنییەتی ڕوودانیان بپۆڵێنرێن، ئەوجا زانیارییە گشتییەکان دەربارەی جۆرەکانی ئەو کارلێکانە لەپێشبینیی بەرھەمەکانیدا بەکاربھێنرێت. کارلێکە کیمیایییەکان دەکرێن بە پێنج جۆری بنچینەیییەوە کە ئەمانەن:[١]

کاردانەوەی پێکھاتن[دەستکاری]

لە کاردانەوەی پێکھاتن (بەئینگلیزی: Composite reaction)یاخود کاردانەوەی یەکگرتن (بەئینگلیزی: Synthesis reaction)، دوو ماددە یان زۆرتر یەک دەگرن بۆ پێکھێنانی ئاوێتەیەکی نوێ، ئەم جۆرە کاردانەوە بەم ھاوکێشە گشتییەی خوارەوە دەردەبڕدرێت:
X + A → AX
X و A دەشێت توخم یان ئاوێتە بن و AX ئاوێتەیە. ئەم نموونانەی خوارەوە چەند جۆرێک لە کاردانەوەی پێکھاتن ڕوون دەکەنەوە.

کاردانەوەکانی توخم لەگەڵ ئۆکسجین و گۆگرد[دەستکاری]

نموونەی کارلێکە سادەکانی یەکگرتنی ھەر توخمێک لەگەڵ ئۆکسجیم بۆ پێکھێنانی ئۆکسیدی ئەو توخمە، نزیکەی ھەموو کانزاکان، لەگەڵ ئۆکسجین یەک دەگرن و ئۆکسید پەیدا دەکەن، کە شریتێکی باریکی مەگنیسیۆم دەسووتێنرێت، بەگڕێکی سپیی بریسکەدار دەسووتێ و کە بە تەواویی شریتەکە دەسووتێ، خۆڵەمێشێکی ورد و سپی لێ دەمێنێتەوە کە ئۆکسیدی مەگنیسیۆم و ئەم کارلێکە کیمییایییە بەم ھاوکێشەیە دەردەبڕدرێت:
٢Mg(s) + O٢(g) → ٢MgO

توخمەکانی تری کۆمەڵەی ٢ ی خشتەی خولی، بەھەمان ڕێگە کارلێک دەکەن و ئۆکسیدەکانییان پێک دێنن، کە شێوگی گشتییان MO یە، ھێمای M کانزاکە پیشان دەدات. کانزاکانی کۆمەڵەی ١، ئۆکسید پێک دێنن، کە شێوگی گشتییان M٢O یە، وەک Li٢O, Na٢O, K٢O ھەروەھا توخمەکانی کۆمەڵەی ١ و ٢ لەگەڵ گۆگرد بەھەمان شێوە کارلێک دەکەن و گۆگردید پێک دێنن وەک M٢s، ئەمانەی خوارەوە نموونەی ئەو جۆرە کارلێکانەی یەکگرتنن:
١٦Na(s) + S٨(s) → ٨Na٢S

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • پەڕتووکی کیمیای پۆلی یازدەھەمی زانستیی (لاپەڕە ٤٧) - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
  1. ^ پەڕتووکی خوێندکاری پۆلی دەیەمی زانستیی، لاپەڕە ٦٠