فریدریش ھێگڵ
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
گیۆرگ ڤیلھێلم فریدریش ھێگڵ (Georg Wilhelm Friedrich Hegel) (١٧٧٠-١٨٣١) فەیلەسووفی ئەڵمانی بوو. ئەو لەگەڵ ئیمانوێل کانت و یۆھان گۆتلیب فیشتە و فریدریش ڤیلھێلم یۆزێف شێلینگ بە دامەزرێنەرانی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەژمێردرێن. کاریگەریی ئەندێشەکانی ئەمپەڕ تا ئەوپەڕی فەلسەفەی ھاوچەرخی تەنیوەتەوە، لە مێتافیزیک و مەعریفەتناسی و ئۆنتۆلۆجییەوە، تا دەگاتە فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی مێژوو و فەلسەفەی ھونەر و فەلسەفەی دین و مێژووی فەلسەفە.
هێگڵ ساڵی ١٧٧٠ لە دایک بوو، لە قۆناغی پەڕینەوە لە ڕۆشنگەرییەوە بۆ بزاڤی ڕۆمانتیک، لە شاری شتوتگارت، کە ئەو کاتە سەر بە ئیمپراتۆرێتیی پیرۆزی ڕۆم بوو. لە ماوەی ژیانیدا، شۆڕشی فەڕەنسا و شەڕەکانی ناپلیۆن ڕوویان دا و کاریگەریی زۆریان لەسەر دانا. ناوبانگی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نووسراوەکانی، لەوانە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح و زانستی لۆژیک و ئینسایکلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەکان، ھەروەھا، دەرزوتنەوەکانی لە زانستگای بەرلین و، بۆچوونە ئاکامباوەڕانەکەی دەرھەق بە مێژوو.
ھێگل و کۆنەوارەتی Conservatism
[دەستکاری]بواری تیۆریی سیاسی، یەکێکە لەو بوارانەی ھێگل تێیدا یەکجار کاریگەر بووە و ھەموو کۆنەوارەتییەکی درەنگ، کەموزۆر، پەیوەستی ھێگلە. بەڵام کاریگەری ھێگل لەوەش زیاترە. مێژوونۆڕیی مەتێریالیستانەی مارکسیانە، یەکێک لە مەرجەکانی لە فەلسەفەی ھێگلدایە. فەلسەفەی ھێگل، تەنانەت بۆ ڕاستڕەوی پەڕگیریش، تینی ھەبوو. ھێگل لەم بوارەدا چەمکی وەک نەتەوە، نەرێت، یەکگرتنی زیندەڵ و ھەروەھا فراژووتن تێھەڵکێشی سیستەمێکی فەلسەفیی گشتلا دەکات.
دەوڵەت و مێژوو
[دەستکاری]ھێگل دەڵێ ھەموو فراژووتنێک، فراژووتنێکی گیانەکییە: گیانی پاک یان گیانی ڕەھا بنجی ھەموو بابەتێکە.
بە دیدی ھێگل جیاوازیی چینایەتی پێویستە بۆ پێشڕەوتی بەڵام لە دەوڵەتی چەسپاودا دەکرێ چینەکان بە ھاوئاھەنگی ھەڵبکەن. ھێگل بڕوای وایە دەوڵەت فراژووتنێکی مێژووکرد دەکات بەرەو ئازادی و ھاوئاھەنگییەکی فرەوانتر. بەڵام ئەم فراژووتنە بەردەوام نییە و ھەموو دەوڵەتسازییەکیش ناگرێتەوە. تەنیا چەند دەوڵەتێک - و تەنیا چەند ڕێبەرێکی دەوڵەت - فەرمانی گیانیان پێیە قۆناخی نوێ لە فراژووتنی دەوڵەت و لەویشەوە ھی مرۆڤایەتی دەست پێ بکەن.
لە «فەلسەفەی ماف» دا ھێگل دەڵێ: «بیرۆکەی دەوڵەت ھیچ پەیوەندییەکی نییە لەگەڵ بنجی مێژووکردی دەوڵەتی، پەیوەستی بنجی یەکەیەکەی دەوڵەتان نییە - واتە: مەبەست لە بنجی دەوڵەت ئەوەیە ئایە بنجی دەوڵەتەکە لە کوێوە سەری ھەڵداوە، لە ھەلومەرجێکی پاتریارکیەوە یان لە ترس و باوەڕەوە یان لە ئەنجومەنەوە... ھتد. بیرۆکەی دەوڵەت پەیوەند نییە بەوەی ئایە دەوڵەت لە سەرەتاوە لە ئاگادا وەک مافێکی خوداکرد، مافێکی پۆزەتیڤ، یان وەک پەیمانێک، یان وەک بەرھەمێکی نەرێتزادە سەری ھەڵداوە».
دەوڵەت و جڤاتی بۆرژوا
[دەستکاری]ھێگل تەواو ھۆگری بنەماکانی ئابووریی سیاسیی کلاسیکە و ئەو بنەمایانە، لە تێڕوانینی ھێگلدا دەربارەی جڤاتی بۆرژوا، ڕەنگی داوەتەوە. لەسەر ڕێچکەی ئادەم سمیت، ئەمیش ئاماژە بۆ گرینگیی دابەشینی کار و فراژووتنی تەکنیکی دەکات.
ئەم فراژووتنەی تەکنیک و ئابووری لە چێوەی جڤاتی بۆرژوادا دێتە کایەوە. بەڵام ناکۆکی لەو جڤاتەدا لە نێو ناچێت. لەوێدا خەڵک وەک تاکەکەس خۆ دەنوێنن، تاکەکەسانیش سەرگەرمی ڕکابەرییەکی ناوەکیی بێوچانن.
بەم جۆرە ھێگل سێ بنەمای فیکری گرینگی کۆنەوارەتی دەردەبڕێ:
1) سیاسەت دەبێ سەردەست نەک ژێردەستی پەیوەستی ئابووری و جڤاکی بێت.
2) تەنیا بە دەوڵەتی خاوەن سازمانی چەسپیو و تەنیا بە یارمەتی دەوڵەت دەکرێ خەباتی نێوان چینەکانی کۆمەڵ و خەباتی نێوان ئەندامانی یەک چین بکرێنە پێشبڕکێیەکی ھۆشەکی و ھاوئاھەنگی وەھا کە خزمەتی تەژەند و ڕاھێزانی میللەت بکات.
3) دەوڵەت تەنیا بەوە دەبێتە دەوڵەتێکی باش و ھاوئاھەنگ، کە «بەرەی گشتی«ی ھەبێت، واتە گروپێک وەڵاتیان کە بەرژەوەندی دەوڵەت نەک بەرژەوەندی خۆیان ڕەچاو بگرن.
ئازادی و یەکسانی
[دەستکاری]لە باسی ئازادیدا، ھێگل «ئازادیی نایەتی» (نێگەتیڤ) و «ئازادیی ئایەتی» (پۆزەتیڤ) لەیەک جودا دەکاتەوە. ئازادیی نایەتی، ئازادبوونە لە خواستی خەڵکی دیکە، لە مامەڵەتی دەستووربەدەر. ئازادیی ئایەتی، وەک باوە، ئازادیی تاکە ئەو کارە بکات ئارەزووی لێیەتی.
ھێگل دەڵێ مرۆڤ لە دەوڵەتدا ئازادیی خۆی دەدۆزێتەوە. لە جڤاتێکدا مرۆڤ ئازادیی بزووتنی بێسنووری ھەبێ و بتوانێت بە بێ زەبری قانوون بجووڵێتەوە، ئازادیی ئەم دەبێتە ملکەچیی تەواو و نائازادی بۆ ئەوەی دیکە. لە جڤاتی تاکگەرادا، نە موڵکایەتی دەستەبەر دەبێ و نە کەس دەرفەتی دەبێت پەرە بە بەھرەکانی خۆی بدات. بەڵام لە دەوڵەتی فراژوودا، ھەموو کەسێک لە گشتدا تێکبەستە و بە ئەندازەی بەھرەکانی خۆی نۆرەی ھەیە، مافێکی ھەیەتی و ئەرکێکی لەسەریەتی وەھان دەرفەتی فراژووتنی کەسایەتی و ئاسوودەگی برەخسێنن چ بۆ خۆی، چ بۆ ئادەمیزادانی دیکە. ھێگل دەڵێ:
«دەوڵەت داکەوتێکی کۆنکرێتی ئازادییە، بەڵام ئازادیی کۆنکرێت لەوەدایە تاکایەتیی کەسەکی و خواستە تایبەتییەکانی تاکەکەس فراژووتنی تەواویان ھەبێ و مافیان بسەلمێنرێت... بەوەش ئەوەی تاکگەرایە دەبێتە گشتی... و گشتاندن دوا ئامانجە».
رۆح لە فەلسەفەی ھیگڵ
[دەستکاری]بابەتی سەرەکی فەلسەفەی ھەگڵ لەسەر بنەمای رۆح یان گیان تۆکمە کراوە. گیان ھەر ئەو گیانە گشتییە مەبەستی کە بونێکە لەسەر بنەمای سروست و خودا پتەو کراوەو جەوھەروو توخمی خولقێنەری ھەموو شتێکە. خوای ھیگڵ لاو ئەو خودایەک بووە کە جوەتە ژێر کاریگەری عەقڵی فەیلە سووفیەوە. ھەگڵ عەقڵ و گیان بە ڕەسەنی دەزانی و باوەڕی بەڕەسەنایەتی جیھانی مادی نەبوو.
بەرھەمەکان
[دەستکاری]
سەرچاوە
[دەستکاری]
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە فریدریش ھێگڵ تێدایە. |
- نووسەرانی ئاڵمانیی سەدەی ١٩یەم
- فەیلەسووفانی ئەخلاق
- ڕۆمانتیزم
- فەیلەسووفانی سەدەی ١٩یەم
- فەیلەسووفانی ئاڵمانی
- مردووانی ١٨٣١
- لەدایکبووانی ١٧٧٠
- فەیلەسووفانی سەدەی ١٨یەم
- فریدریش ھێگڵ
- دەرچووانی زانکۆی ھایدلبێرگ
- فەیلەسووفانی کلتوور
- فەیلەسووفانی پەروەردە
- فەیلەسووفانی زمان
- فەیلەسووفانی یاسا
- فەیلەسووفانی زانست
- فەیلەسووفە سیاسەتمەدارەکان
- فەیلەسووفە کۆمەڵایەتییەکان
- فەلسەفەی ڕۆژاوا
- نووسەرە ناخەیاڵییەکانی ئەڵمانیا
- تیۆرییەکانی مێژوو
- مێژووناسانی ئاڵمانی
- فەیلەسووفەکانی بواری زانستی کۆمەڵایەتی
- نووسەران دەربارەی ئایین و زانست
- نووسەران دەربارەی دین و زانست