بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەزیز نەسین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە عەزیز نێسینەوە ڕەوانە کراوە)
عەزیز نەسین

لەدایکبوون١٩١٥
مەرگ١٩٩٥ (۷۹–٨۰ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگجەڵتەی دڵ
نیشتەجێیتورکیا
نەتەوەتورک
ناوەکانی ترعەزیز نەسین
پیشەنووسەر


عەزیز نەسین (بە تورکی: Aziz Nesin) ناوی ڕاستی محەمەد نەسرەت نێسینە، لەدایکبووی تورکیایە ساڵی ١٩١٥ لە دوورگەیەکی نزیک ئیستەنبوڵ، بە ئەسڵ تورکە، ناوی عەزیز نەسینی بەکارھێنا وەک ناوێکی خوازراو وەک جۆرێک لە خۆپاراستن لە ڕاوەدوونانی ئاسایشی سیاسی تورکیا لەگەڵ ئەمەشدا چەندین جار دەستبەسەرکرا، و بەم شێوەیە بەناوی عەزیز نەسین ناسرا، دادەنرێت بە یەکێک لە باشترین نووسەرەکانی جیھان ویەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبی تورکی بەتایبەتی لەبواری تەنز وکۆمیدیای رەش نووسیندا، خاوەنی زۆرترین بەرھەمە لە ئەدەبی تورکیدا لە نووسینی ھەمەجۆری وەک گاڵتەجاڕی و رۆمان وچیرۆک و شانۆنامە و شیعردا بەرھەمێکی زۆری ھەیە، و لە مەیدانی ڕۆشنبیری کوردیشدا جێگەیەکی تایبەتی ھەیە و زۆربەی زۆری بەرھەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. عەزیز نەسین لە ساڵی ۱۹٨۷ی زایینی لە گۆڤاری بەرەو ساڵی ۲۰۰۰ ، ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد لە تورکیا زمان، فەرهەنگ و کولتوری تایبەت بە خۆی هەیە و نەتەوەیەکی جیاوازە لە تورک و پێویستە لە چوارچێوەی یەکێتیی تورکیا کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. نووسراوەکانی عەزیز نەسین بووە هۆی ئەوە لەلایان تورکیاوە دەستبەسەر بکرێت و هەموو بڵاو کراوەکانی گۆڤارەکەیش لەلایان حکومەتەوە کۆ بکرێنەوە.

لەگەڵ ئەو ھەموو ناوبانگە فراوانەی ھەیبووە وەک داھێنەرێکی جیھانی بەڵام وڵاتەکەی تەنھا کەمێک لە مافەکانی پێداوە، کۆچی دوایی کردووە لە تەمموزی ١٩٩٥.

ژیاننامەی عەزیز نەسین

[دەستکاری]

محەمەد نەسڕەت نەسین لەدایکبووە لە خێزانێکی ھەژاردا لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩١٥، لە دوورگەیەکی نزیک ئیستەنبوڵ کە دەکەوێتە دەریای مەڕمەڕەوە. ساڵی ١٩٣٥ ئامادەیی سەربازی تەواو کرد، و لە ھەمان ساڵدا چووە کۆلێژی جەنگی و تەواویکرد لە ساڵی ١٩٣٧، و لە ساڵی ١٩٣٩دا کۆلێژی سەربازی تەکنیکی تەواوکرد بە پلەی ئەفسەر لە سوپادا، ھەر لەو ماوەیەدا بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکان خوێندویەتی.

پەیوەندی لەگەڵ دایکییدا

[دەستکاری]

پەیوەندی عەزیز نەسین لەکەڵ دایکییدا شێوازێکی درامی دەیگرێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری بەجێھێشتووە لە زەینییدا ھەر لە مناڵییەوە و پەیڕەوە فکرییەکەی بە دێڕی غەمگین بەست، کە شێوەیەکی گاڵتە ئامێزی ڕەشنوینی وەرگرت لەسەر ئەو دواکەوتن و دووڕووییەی لەو کاتانەدا لە کۆمەڵگەی تورکیدا ھەبوون.

نووسینەکانی عەزیز نەسین لەسەر دایکی بڕێکی زۆر لە ڕێزلێنان و خۆشەویستیان لەخۆ گرتووە کە دەگاتە پلەیەکی بەرزی پیرۆز ڕاگرتن کە ڕووندەبێتەوە لەوەی خەرمانەیەکی فریشتەیی جوان ئەدات بە دایکی، کە ئەم خەرمانە فریشتەییە پاڵنەرێکی بەھێزە بۆی لە بەرھەڵستکاریکردنی ستەم و نەزانی و دواکەوتندا.

سەرەتای عەزیز نەسین

[دەستکاری]

عەزیز نەسین دەربارەی سەرەتاکانی خۆی دەڵێت: سەربازێک بووم لە کارس کورتە چیرۆک و شیعرم دەنووسی، و لەبەر ئەوەی پێیان باش نەبوو سەرباز بنوسێت، لەو کاتانەوە ناوی عەزیز نەسینم بەکارھێنا وەک ناوێکی خوازراو، و کورتە چیرۆکەکانم بڵاو ئەکردەوە لە گۆڤاری (نەتەوە)ی ڕاستڕەو کە لەو کاتانەدا لە ئانکارا دەردەچوو، پاشان ئەم چیرۆکانە بڵاوکرانەوە لەلایەن سەنتەری (پیاوێکی نوێ)، بەڵام شیعرەکانم لە ساڵی ١٩٣٧ بڵاوکردەوە بە ناوی وەدیعە نەسین لە گۆڤاری (ڕۆژی حەوتەم)، و بە ھۆی بەندکردنمەوە ساڵی ١٩٤٤ دەرچووم لە سوپا، و ڕۆیشتم بۆ ئیستەنبوڵ و لە گۆڤاری یەدیگوین دەستم کرد بە ئیش کە سەرەتای ئیشی ڕۆژنامەوانیم بوو.

عەزیز نەسین لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەدا کاری کردووە لەوانە ( ئەرخەون و گزنگ ...) ھەروەھا گۆڤارێکی تایبەت بە خۆی دەرکردووە بە ناوی (شەممە) بەڵام لە ھەشت ھەفتە زیاتر بەردەوام نەبوو، لە کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا بە ھاوکاری ئەدیبی تورکی سەباحەددین عەلی توانی ڕۆژنامە بەناوبانگەکەی دەربکات کە ناوی (مارکۆ پاشا) بوو کە ڕێژەی فرۆشتنی گەیشتە ٦٠،٠٠٠ دانە لە ڕۆژێکدا، و لە ساڵی ١٩٤٦ بەندکرا بە ھۆی ووتارەکانی لە ڕۆژنامەی ناوبراودا، و ساڵی ١٩٤٧ لە بەردەم دادگای سەربازی عورفیدا حوکمدرا بە بەندکردن بۆ ماوەی دە مانگ ونەفی کردن بۆ بۆرسە بۆ ماوەی سێ مانگ ونیو، ئەمەش بەھۆی ڕخنە گرتنی لە سەرۆکی ئەمریکا ھێنری ترومان لە یەکێک لە ووتارەکانیدا.

بە ھۆی ھەڵوێستەکانیەوە ڕۆژنامەی مارکۆ پاشا داخرا، جارێکی تر دەریکردەوە بەناوی (مەعلوم پاشا) و بەم شێوەیە ھەموو جارێک عەزیز نەسین گۆڤارەکەی دەردەکردەوە بە گۆڕینی ناوەکەی دوای ئەوەی کە ھەموو جارێک بەند دەکرا و ڕۆژنامەکەی دەوستێنرا، بەم شێوەیە لە مارکۆ پاشاوە بۆ مەعلوم پاشا و بۆ مەرحوم پاشا و عەلی بابا و پاشاکەمان و مارکۆ پاشای ئازاد و دواجار ڕۆژنامەی مەدەد.

ساڵی ١٩٥٠ بۆ ماوەی شانزە مانگ حوکمدرا بە ھۆی وەرگێڕانی چەند بەشێکی کتێبی مارکس، لە ١٩٥١دا دەرچوو لە بەندیخانە بەڵام ئیشی دەستنەکەوت لە ڕۆژنامەدا، ھەوڵیدا دوکانی فرۆشتنی کتێب بکاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ساڵانی ١٩٥٢ تا ١٩٥٤ وەک وێنەگر ئیشیکرد. ١٩٥٥ بەندکرا بێ ئەوەی ھۆکاری بەندکردنەکەی بزانێت و چەند مانگێک لە بەندییدا بوو. ساڵی ١٩٥٦ خەڵاتی گەڵای ئاڵتونیی وەرگرت لە ئیتاڵیا، ھەر لە ھەمان ساڵدا بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەدیبی تورکی کەمال تاھیر سەنتەری بڵاوکردنەوەیان دامەزراند بە ناوی (خانەی ھزر) بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣دا سووتا لەگەڵ ھەزاران کتێب کە لە ناویدا بوو.

ساڵی ١٩٥٧ جارێکی تر خەڵاتی گەڵای ئاڵتونیی وەرگرت لە ئیتاڵیا، لە ١٩٦٦دا بەشداریکرد لە کۆنگرەی یەکێتی نوسەرانی ئاسیا و ئەفرقیا لە قاھیرەی پایتەختی میسر، لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٧دا ھەڵبژێردرا بە جێگری یەکێتی ئەدیبە تورکییەکان، پاشان ھەڵبژێردرا بە سەرۆکی سەندیکای نوسەرە تورکییەکان دوای دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە، لە ١٩٦٧دا بەشداریکرد لە کۆنگرەی یەکێتی نوسەرانی سۆڤێت لە مۆسکۆ.

عەزیز نەسین وەقفێکی دامەزراند وداھاتی ئیشە ئەدەبیەکانی بۆ تەرخانکرد، و ئەرکی ئەم دامەزراوەیەش سەرپەرشتی مناڵانی بێ باوک بوو ھەتا دوایین قۆناغی خوێندن تەواو دەکەن، و دەستەبەرکردنی ئیش و پیشەیەک بۆ ئەوانەی خوێندنیان بۆ تەواو ناکرێ، و ئەم وەقفە یەکەم کۆمەڵی مناڵانی بێ باوکی وەرگرت لە ساڵی ١٩٧٧دا.

عەزیز نەسین بەشداریکرد لە کۆنگرەی یەکێتی نوسەرانی ئاسیا و ئەفریقیا لە لە لواندای پایتەختی ئەنگۆلا لە ساڵی ١٩٧٧دا، و بەشداریکرد لە ھەمان کۆنگرەدا لە ساڵی ١٩٨٢ لە ھانوی پایتەختی ڤێتنام.

خەڵاتەکان

[دەستکاری]

ئەو خەڵاتانەی عەزیز وەریگرتوون، ئەمانەی خوارەوەن:

  • - خەڵاتی گەڵای ئاڵتونی لە ئیتاڵیا ساڵانی ١٩٥٦ و ١٩٥٧
  • - خەڵاتی سمۆرەی ئاڵتونی لە بولگاریا ساڵی ١٩٦٦
  • - خەڵاتی یەکەم لەسەر نووسینی سێ شانۆنامە لە تورکیا لە ساڵی ١٩٦٨
  • - خەڵاتی کۆڕی زمانی تورکی ساڵی ١٩٦٩
  • - خەڵاتی تیمساحی یەکەم لە یەکێتی سۆڤێت ساڵی ١٩٦٩
  • - خەڵاتی لۆتسی یەکەم لەلایەن یەکێتی نووسەرانی ئاسیا و ئەفریقاوە ساڵی ١٩٧٥.

کارەکانی

[دەستکاری]

عەزیز نەسین خاوەنی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ڕۆمان و کورتە چیرۆک و نوسینی ئەدەبییە، و زۆربەی بەرھەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، زۆربەی کورتە چیرۆکەکانی کۆکراونەتەوە و بە شێوەی بەرگی گەورە لە چاپدراون و ھاوکات چەندین رۆمان و چیرۆکی درێژ و کورتە چیرۆکی وەرگێڕدراوە لەوانە:

  • کوردانی تورکیاو تورکانی بولگاریا
  • گێلە پیاو
  • حیزبی کەرامەت و حیزبی سەلامەت
  • کەری تۆپیو
  • ئەو بەرخەی بوو بە گورگ
  • تا لێم نەدەن نابم بە پیاو
  • ئەو ھەتیوەی نابێت بە پیاو
  • گیانەوەران بەکەم مەگرن
  • مەرگی مووچەخۆرێک
  • ھەرچیت بینی بیکڕە
  • بێناسنامەکان
  • مەرگی موچەخۆرێک
  • قۆڵبڕ (ئیبراھیم زەبۆک)
  • کلک بڕاوەکان

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

دواجار عەزیز نەسین دوای پێشکەشکردنی چەندین بەرھەمی جۆراوجۆر لە کورتەچیرۆک و ڕۆمان و یاداشت و داستان و شانۆنامە و کۆمەڵە شیعر و وەرگرتنی چەندین پاداشتی ناوخۆیی و جیھانی لە تەمموزی ١٩٩٥ کۆچی دواییکرد لە ئیزمیر بە جەڵتەی دڵ.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • ئەو ھەتیوەی نابێت بە پیاو، نوسینی عەزیز نەسین، وەرگێڕانی عەبدولستار جەباری.
  • ویکی عەرەبی