شەوە ڕۆشنەکان (کورتەچیرۆک)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەرتووکی «شەوە ڕۆشنەکان» لە نووسینی نووسەر فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی (١٨٦٥)

شەوە ڕۆشنەکان ( بە ڕووسی: Белые ночи) کورتە چیرۆکێکە لە نووسینی نووسەری ڕووسی فیۆدۆر دۆستۆیەڤسکی. چیرۆکەکە یەکێکە لە بەرھەمە سەرەتاییەکانی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤٨دا بڵاوکراوەتەوە. چیرۆکەکە وەک زۆرێک لە پەرتووکەکانی دۆستۆیەڤسکی لە ڕووانگەی گێڕەرەوەی بێ ناوەوە دەگێڕدرێتەوە، لە چیرۆکەکەدا گێڕەرەوە لە سانت پترسبۆرگ دەژی و بەدەست تەنیاییەوە دەناڵێنێت. ئەم چیرۆکە بە یەکێک لە باشترین کورتە چیرۆکەکانی دادەنرێت و لە سینەماکانی ڕووسیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەمریکا، ھیندستان و ئێران نمایشکرا. [١]

تەوەری سەرەکی چیرۆکەکە پەیوەندی نێوان گێڕەرەوە - کارەکتەری سەرەکیی کە ناوەکەی نادیارە - و لەگەڵ ھاوڕێیەکی کچ کە تازە یەکترییان ناسیوە بەناوی «ناستێنکا». گێڕەرەوە شەیدای ناستینکا دەبێت، بەڵام دان بە خۆشەویستی خۆیدا نانێت بۆی، لەکاتێکدا ناستینکا بە قووڵی شەیدای پیاوێکی دیکەیە کە ڕەتیدەکاتەوە وەڵامی نامەکانی بداتەوە. ھەردووکیان لە ھەستکردن بە بێھیوایی بۆ ئەم ھاوڕێیەتییە دۆستانە ھەڵدێن، وەک چۆن گێڕەرەوە لە تەنیایی خۆی ھەڵدێت و ناستێنکا لە پەیوەندییە گەرم و گوڕەکەی لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا ھەڵدێت. ناستێنکا داوا لە گێڕەرەوەکە دەکات کە یارمەتی بدات لە نووسینی نامە بۆ خۆشەویستەکەی، ئەویش نازانێت کە زۆر خۆشی دەوێت، بەڵکو پێی دەڵێت: «خۆشمدەوێیت، چونکە تۆ شەیدای من نەبوویت». گێڕەرەوە بەھۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی کە بۆی ئەوی ھەیە ھەستکردن بە نامۆبوون دەکات لە ھاوڕێیەتییەکەیدا، چونکە ناچارە وا خۆی نیشان بدات کە خۆشی ناوێت. کاتێک خۆشەویستەکەی کچەکە وەڵامی نامەکانی ناداتەوە، ناستنکا ھەست بە بێھیوایی دەکات، بەتایبەتی کە خۆشەویستەکەی لە ھەمان شاردا دەژی، بۆیە ڕوو لە ھاوڕێکەی دەکات کە ڕەنگە دڵنەوایی بکات، ئەمەش وا لە گێڕەرەوە دەکات کە بە ئاشکرا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرببڕێت. ناستێنکا سەرەتا ھەست بە سەرلێشێواوی دەکات، کە گێڕەرەوە چاوەڕێی نەدەکرد، پاشان ھەست دەکات دوای ئەم ڕووداوە ناتوانێت درێژە بە ھاوڕێیەتییەکەی بدات لەگەڵیدا، بۆیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە جارێکی دیکە نەیبینێتەوە، بەڵام ئەو داوای لێدەکات بمێنێتەوە. ھەردووکیان دەچنە دەرەوە بۆ سەر شەقام، ئەویش پێی دەڵێت کە ڕەنگە ڕۆژێک پەیوەندییەکەی نێوانیان بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی ڕۆمانسی، ئەویش بە ڕوونی ھاوڕێیەتی ئەو لە ژیانیدا دەوێت، بۆیە گێڕەرەوە ھەست بە دڵنیایی دەکات کە توانیویەتی لانیکەم ھاوڕێیەتییەکەی بپارێزێت. لە کاتی ڕۆیشتن بە شەقامەکەدا بەر پیاوێک دەکەون، کابرا ڕوو لە ناستێنکا دەکات و بانگی دەکات، دەردەکەوێت کە ئەو خۆشەویستەکەیەتی، ئەویش بە خۆشییەوە باز دەداتە باوەشی، و دەگەڕێتەوە بۆ لای گێڕەرەوە تا ماچێکی خێرای پێ ببەخشێت بەڵام کۆتا ماوەی شەو لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا بەسەر دەبات و گێڕەرەوە بە ھەستێکی بریندارەوە بە تەنیا جێدەھێڵێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]