سەلاح پایانیانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەلاح پایانیانی

لەدایکبوون٢٠ی خاکەلێوە (٩ی نیسان) ی ١٩٧٨
نەتەوەکورد
پیشەتوێژەر و فەرھەنگنووس


سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگنووسی کوردە. ٢٠ی خاکەلێوە (٩ی نیسان) ی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری مەھاباد لە دایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە (بە فارسی: سرای ھیمن) لە مەھاباد. پایانیانی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە و کۆشێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان یەک لەو پڕۆژە بەنرخانەیە کە لە سایەی کاری مەیدانی و کۆکردنەوەی داتا لە ماوەی ئەو بیست وپێنج ساڵەدا سەری گرتووە و ئێستاش نەپساوەتەوە و وەک زنجیرە پیت بە پیت دوابەدوای یەک چاپ دەکرێ.

مامۆستا ئەحمەد بەحری (نووسەر و زمانەوان و خاوەنی گۆڤاری مەھاباد) ئاوا باسی کاک سەلاح دەکات: ئەو ئازیزە ئاشقە ھەر بە زمانەوە زیندووە، بەڵام زیندوویەکی سەربزێو و یاغی؛ لەگەڵ وچان و حەسانەوە نەحەجماو. وشە کە دەخزێنە لەپی دەستی، سەرمەست دەبێ؛ بە لای ئەوەوە ژیانی ئاسایی دەمێکە فەرامۆش کراوە!! وەک دەروێشێکی ماڵ بەکۆڵی جارانی موکریانم دێتە بەر چاو کە خرمەی پلپلەی دەفەکەی چەندە لە گوێیان خۆش بوو ئەودەمەی لە بەر ماڵی گونداندا دەنگی دەدایەوە![١]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

بەرھەمەکان بەپێی ساڵی چاپی یەکەم:

  1. کانی مرادان (کۆمەڵێک بەند و باوی فۆلکلۆری کوردەواریی)، ٢٠٠٢
  2. فەرھەنگی زارەکی موکریان - بەرگی یەکەم (پیتی ئـ)، ٢٠٠٧
  3. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دووھەم (پیتی ب)، ٢٠١٠
  4. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی سێھەم (پیتی پ)، ٢٠١١
  5. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی چوارەم (پیتی ت)، ٢٠١٢
  6. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی منداڵان - بەرگی یەکەم، ٢٠١٣
  7. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی منداڵان - بەرگی دووھەم، ٢٠١٣
  8. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی پێنجەم (پیتی ج - چ)، ٢٠١٤
  9. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی ژنان، ٢٠١٤
  10. فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان (بە ھاوکاریی لەیلا نوورانی)، ٢٠١٤
  11. حنجرۀ ترجمە (بە کوردی: قوڕگی وەرگێڕان؛ گردوکۆی کۆمەڵێک وتار و بابەتی فارسییە لەسەر وەرگێڕی کورد محەممەد قازی)، ٢٠١٥
  12. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی شەشەم (پیتی ح، خ)، ٢٠١٦
  13. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەشی خورد و خۆراک، ٢٠١٨
  14. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی حەوتەم (پیتی د)، ٩٦٦ لاپەڕە، ٢٠١٩
  15. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی ھەشتەم (پیتی ڕ، ز، ژ)، ٨٦١ لاپەڕە، ٢٠١٩
  16. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی نۆهەم (پیتی س)، ٧٩٥ لاپەڕە، ٢٠٢٠
  17. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دەیەم (پیتی ش، ع، غ، ف)، ٩٥٦ لاپەڕە، ٢٠٢٠
  18. دەنکە هەنار(کۆمەڵێک چیرۆکی فولکلۆریی منداڵان)، ٢٠٢١
  19. تیتل و بیبل(چوار چیرۆکی فولکلۆریی منداڵان)، ٢٠٢١
  20. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یازدەهەم (پیتی ق)، ٨٨٢ لاپەڕە، ٢٠٢١
  21. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دوازدەهەم (پیتی ک)، ١٣٣٤ لاپەڕە، ٢٠٢١

بیر و ڕای بیرمەندان سەبارەت بە فەرھەنگی زارەکیی موکریان[دەستکاری]

  • پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور (زانستگای تۆرانتۆی کانادا): فەرھەنگی زارەکیی موکریان بەرھەمێکی بەکەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێھاتوویی و چازانیی خۆی ھەم لە زمانی کوردی و ھەم لە ھونەری فەرھەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە.[٢]
  • مامۆستا ئەحمەد قازی (نووسەر و وەرگێڕی کورد): کاک سەلاح کە پەیوەندییەکی بەھێزی دەگەڵ جەمبوورەی چین و توێژە مامناوەندی و ھەژارەکان و دنیای وەرزێر و ئاژەڵدار و ڕەنجبەراندا ھەیە و خوێندنەوەیەکی بەربڵاویشی لەسەر ئەدەب و فەرھەنگ و بابەتی فۆلکلۆریکی کوردی ڕەچاو کردووە، توانیویەتی دە لێکدانەوە و ماناکردنەوە و شاھیدھێنانەوە بۆ چەسپاندنی لێک-دانەوەکانیدا سەرکەوتوو بێ.[٣]
  • دکتۆر مایکل چایلد (کتێبخانەی کۆنگرێسی واشینگتۆن فەرھەنگنووس): فەرھەنگی زارەکیی موکریان لە فەرھەنگە کوردییەکانی تر جیاوازە. ئەم فەرھەنگە ھەم لە بواری فەرھەنگدانان و ھەم لەسەر کەلەپوور و بنزاراوەیەکی گرینگی سۆرانی زانیاریی زێدەمان پێدەدا، ئەویش بنزاراوەی موکریانی کوردستانی ئێرانە. ئەو فەرھەنگە نەک ھەر زمانەوان، بەڵکوو مێژووناس و وێژەوان و مرۆڤناسیش خێری لێ دەبینن.[٤]
  • دکتور جەعفەر شێخولیسلامی(پرۆفسۆری ھاوکار، بەشی زمانناسی و خوێندنەوەکانی زمان، زانستگەی کارلتن): زمان تەنیا ساکارترین ئامرازی پێوەندی گرتن نییە؛ زمان ئاڵۆزترین سیستەمی پێوەندی گرتنە، کە دەورێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سازکردنی ھەویەتی تاک و دەستەدا، لە چێ کردن و تێکدانی نێوانەکاندا، لە لکاندنی بەرەکانی ڕابردوو و ئەمڕۆ و داھاتوودا، و لە خوێندنەوە و فامکردنی دنیادا. زمان نە تەنیا یەکەم دەزگە و ئەنستیتوویە کە ئەزموونی دەکەین بەڵکوو ئەوەیە کە ھەموو دەزگەکانی تری ئینسانیی پێ ئەزموون دەکەین. فەرھەنگی زارەکیی موکریان گرینگایەتی زمان لە زۆربەی، یان ھەموو، ئەم بوارانەدا زەق دەکاتەوە. بەمجۆرە، لێکۆڵەران داتایەکی زۆروزەوەند و خەزێنەنموونەیەکیان لە بەر دەستە، بۆ ئەوە کە ئەم لایەنانە و ئەرکانەی زمان لە ژینگەی موکریان‌دا بخوێننەوە و شی بکەنەوە.[٥]
  • دکتۆر ڕەھبەر مەحموودزادە (لێکۆڵەر و ڕەخنەگر): فەرھەنگی زارەکیی موکریان لە ڕاستیدا دایرەتولمەعارفێکی فەرھەنگی نەریتیی کوردییە. ئەم فەرھەنگە سەر بە سوننەتێکی فەرھەنگنووسیی کوردییە کە دەکرێ بە نەریتی فەرھەنگنووسیی زارەکی ناودێر بکرێن و ئەگەر لە حەقیش لا نەدەین شان و قەڵافەتی ھێندە بەرزە کە فەرھەنگەکانی دیکە دەشارێتەوە.[٦]
  • دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرھەنگنووس و تۆژەری باڵای فەرھەنگستانی زمان و وێژەی فارسی): کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی، ئۆسکار مان و ویلھێلم ئایلێرس ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتووەتەوە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسییدا بردووەتە ڕیزی نەمران.
  • دکتۆر ھاشم ئەحمەدزادە(لێکۆڵەرەوە و مامۆستای زانکۆ): جانسۆن لە پێشەکیی فەرھەنگەکەی‌دا باس لە سەردەمانی پڕزەحمەتی نووسینی ئەم کارە گەورەیەی دەکات. ئەو پێیوایە شانازیی سەرەکیی ھەر گەلێک لە نووسەرەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو سەدە و نیو لە فەرھەنگەکەی جانسۆن، ھەموو ھاووڵاتێکی بریتانی و ھەموو ھۆگرێکی زمانی ئینگلیسی، بە ڕێزێکی زۆرەوە باسی فەرھەنگی جانسۆن و داھێنەرەکەی دەکەن. بڵاوبوونەوەی نۆ بەرگی فەرھەنگی زارەکیی موکریان (حەوت بەرگی ئەلفوبێیی و دوو بەرگی سەربەخۆ) ھەر لە ئێستاوە ناوبانگی داھێنراو و داھێنەرەکەی لای ھۆگرانی زمانی کوردی کردووەتە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگر. داھاتوو، بێ ھیچ گومانێک، بە سنگ‌فراوانی و پێزانینێکی زیاترەوە دەڕوانێتە ئەم فەرھەنگە و ئەم پیاوە فەرھەنگ‌سازە.[٧]
  • یوونس ڕەزایی (شاعیر و نووسەر): ئەم فەرھەنگە پاش تەواوبوونی دەبێتە ئینسایکڵۆپیدیایەکی بەنرخ لە فەرھەنگی گشتەکیی نەتەوەی کورد و سەرچاوەیەک بۆ ئاوڕدانەوە لە زمانی زارەکیی گەلەکەمان. بۆ توێژینەوەی کولتووریی و کۆمەڵناسییەکان لەمەڕ بیروباوەڕی ڕەشۆکیی، داب و ڕەسمی کۆمەڵایەتی و تێفکرینی کولتووریش سەرچاوەیەکی زەنگینە.[٨]
  • دکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان (زمانناس و ڕەخنەگر): بێتوو سەرجەم بەرگەکانی ئەم ئاسەوارە بڵاو بێتەوە ئیتر زمھاڕی تەمەنێکی دوور و درێژی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دادەخرێ و لە قاتوقڕیی بەرھەمی چڕوپڕ و بەپێزی زمانەوانی کەلتووری کە داگری زۆربەی ھەرە زۆری ڕەھەندەکان و دەڤەرەکانی زمانی ئاخاوتنی جەمبوورەی جەماوەر لەو ناوچەیە بێ، ڕزگار دەبێ.[٩]

ڕێز گرتن لە سەلاح پایانیانی[دەستکاری]

ڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ بە ئامادەبوونی دەستەیەک لە نووسەران، شاعیران، دڵسۆزانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە شارەکانی مەھاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆکان و سەردەشت کۆڕێک ڕێزگرتن لە شاری پیرانشار بۆ توێژەر و فەرھەنگ‌نووس سەلاح پایانیانی و خاتوو لەیلا نوورانی کە کارێکی ھاوبەشیان بەناوی «فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان» کردووە، بەڕێوەچوو.[١٠]

ڕۆژی پێنج شەممۆ ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ لە شاری بۆکان، بە ئامادە بوونی سەدان کەس لە نووسەران و ھونەرمەندان و ھۆگرانی ئەدەبیاتی کوردی کۆڕێکی ھەڵسەنگاندن و ناساندن، بۆ کتێبی «فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان» کاری ھاوبەشی دوو نووسەری بە توانای موکریان مامۆستا «سەلاح پایانیانی» و خاتوو «لەیلا نوورانی» بەڕێوە چوو.[١١]

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ٤ی ٢٠١٨ (٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧) ئاکادیمیای زمانی کوردی لە ھەولێر، پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ڕێزی لە چارەگە سەدەیەک ھەوڵ و ماندووبوونی فەرھەنگنووس، سەلاح پایانیانی، دانەری فەرھەنگی زارەکیی موکریان گرت.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "مردنم بۆیە پێ ناخۆشە دەرفەتی خزمەت بە نیشتمانم لێ دەستێنێ". پایگاە خبری تحلیل ھاژە. ئەحمەد بەحری. ٩٦/٣/١٦. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)
  2. ^ پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور - فەرھەنگی زارەکیی لە خولی تێکنۆلۆژیی زماندا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یەکەم – لاپەڕەی ٧٧–٢٠٠٧
  3. ^ ئەحمەد قازی - وەک سەرەتا – فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یەکەم – لاپەڕەی ١١–٢٠٠٧
  4. ^ مایکل چایلد - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی شەشەم – لاپەڕەی ١٢ – ٢٠١٦
  5. ^ فەرھەنگی زارەکیی موکریان، بەشی خورد و خۆراک، پشت بەرگ. بڵاوکەرەوەی سەرای ھێمن، مەھاباد: ٢٠١٨
  6. ^ ڕەھبەر مەحموودزادە - نەریتێکی نوێ لە فەرھەنگنووسیی کوردیدا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی سێھەم – لاپەڕەی ١١–٢٠١١
  7. ^ فەرھەنگی زارەکیی موکریان، پێشەکیی بەرگی 7
  8. ^ یوونس ڕەزایی - ئاوڕێک لە فەرھەنگی زارەکیی موکریان و ڕوانینێک بۆ ڕەخنە و پڕۆسەی فەرھەنگنووسی لە کوردستاندا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی پێنجەم ٢٠١٤
  9. ^ ئەحمەد ئەحمەدیان - فەرھەنگی زارەکیی موکریان ئینسایکڵۆپیدیایەکی ناوچەیی تاقانە لەسەر بناغەی زمانوێنەی ئاپۆرەی خەڵک و چینی ڕەشۆکی - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی چوارەم – لاپەڕەی ٧–٢٠١٢
  10. ^ ڕێزگرتن لە شاری پیرانشار (٩٦/١/٢٦). "پایگاە خبری تحلیلی ھاژە". {{cite news}}: Check date values in: |date= (help)
  11. ^ "کۆڕێک بۆ کتێبی "فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان" لە بۆکان". ھاژە. ٩٦/١٢/٢٧. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)