سووڕی مانگانە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سووڕی مانگانە‏‏‏

سووڕی مانگانە، ( بە ئینگلیسی Menstruation) بریتییە لە ڕژانی مانگانەی خوێن لە ڕەگەزی مێینەی تاقمێک لە گوانداران ، کە لە سەرەتای پێگەیشتنەوە دەست پێدەکا و تا ئاوەسویی بەردەوام دەبێت. ئەم وتارە دەپەرژێتە سەرسووڕی مانگانە لە ژناندا.

لە کوردیدا بە خوێن لێچوونی سووڕی مانگانە ، پۆن دەڵێن.

لە دۆخی ئاساییدا پۆن لە ژنانی دووگیان و شیردەر روو نادات و سووڕی مانگانە ڕادەوەستێ، پۆن لە ژنانی قسردا لە سەرەتای پێگەیشتنەوە دەست پێ دەکا و تا ئاوەسو بوون( زک وێستان) بەردەوام دەبێ.

پۆن لە ھەر سووڕێکی مانگانەدا ٥-٣ ڕۆژ دەخایێنێ، ئەم ماوەیە بۆ ٨-٢ ڕۆژ دەگۆڕێت. ھەر سووڕێکی مانگانە ٢٨ ڕۆژ دەخایێنێ و ئەم ژمارە لە ٣٥-٢١ ڕۆژ لە گۆڕاندایە. ڕێژەی خوێن ڕژان لە ھەرجارە پۆنێکدا نزیک ٣٥میلی لیترە.

وشە ھاوتاکان[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا بۆ وشەی سووڕی مانگانە ئەم وشانە تۆمار کراون : بێ نوێژی ، بێ نمایی ، مەھیک ،کنج ، مانگانە ، پیسار ، پیار ، سەرخوێن ، جنک شووردن ، عوزر ، خوێنی مانگانە

ئێمە لێرەدا وشەی «سووڕی مانگانە» و «پۆن» مان ھەڵبژاردووە، کە بۆ زۆربەی خوێنەران ئاشناترە.

پێکھاتەی پۆن[دەستکاری]

پۆن لە بڕێک خوێن، لینجاوی ملەی مناڵدان و واژین و هه‌روه‌ها شانەی ناوپۆشی مناڵدان پێکھاتووە.ڕەنگی پۆن قاوەیی ئاماڵ سوورە.

زۆرێک لە ژنان لە سووڕی مانگانەدا ڕووبەڕووی جەڵتەیەک خوێن دەبنەوە کە بەرھەمی ھەڵڕژانی شانەکانی ناوپۆشی مناڵدانە کە تێکەڵ بە خوێن بووە و گرساوە. جەڵتەی پۆن زۆرتر لەو کەسانەدا بەدی دەکرێت کە خوێنی زۆرتر لە ڕادەی ئاساییان لێ دەڕژێت. ئەم دیاردەیە زۆرجار بە ھەڵە وەک لەبارچوونی پێشوەختی ئاوڵەمە دەناسرێت. ئەنزیمی پلاسمین ناھێڵێ خوێن لە مناڵداندا بگرسێت.

ڕێژەی دەرچوونی ئاسن بە ھۆی پۆن لە ژناندا زۆر کەمە، لێکۆڵینەوەکان نیشان ئەدەن کە کەمخوێنی لە ژناندا زۆرتر بە ھۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ھەرسە کە بە ھەڵە دەدرێتە پاڵ سووڕی مانگانە.

یەکەمین پۆن لە ژناندا بۆ تەمەنی ١٣ ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەم دەسپێکە لە تەمەنی ١٨-٨ ساڵیشدا ئاساییە.

دۆخی فیزیکی[دەستکاری]

لەماوەی سووڕی مانگانەدا، بە ھۆی گۆڕانی سروشتی ئاستی ھۆرمۆنه‌کانی زایەندی، ژنان تووشی دۆخێکی تایبەتی فیزیکی دێن کە وێڕای گیرانی ماسوولکەکانی مناڵدان (کرامپی مانگانە) سەر ھەڵ دەدا. لەوانەیە ژنان تووشی گۆڕانی چالاکی سێکسی، ماندوویی، گیرانی ئاو، بەژان کەوتنی مەمکەکان و ھێڵنج ببن. بەم گۆڕانکارییانە، کۆنیشانی پۆن دەڵێن. ھەڵبەتە ئەم نیشانانە لە زۆربەی ژناندا زۆر بە کەمی و ھێواشی دەردەکەوێت و بە ئاسانی تێپەڕی دەبێ. ڕێژیمی خۆراکی تەندروست، کەم خواردنی خوێ و ئەلکول و کافەیین، جووڵە و وەرزشی ڕۆژانە لە ڕاگرتنی ئازارەکانی سووڕی مانگانەدا زۆر کاریگەرە.

ژانەکانی سووڕی مانگانە[دەستکاری]

زۆربەی ژنان لە ماوەی سووڕی مانگانەدا تووشی کرامپەکانی سک دەبن، ئەمە بە ھۆی کرژ بوونەوەی ماسوولکەکانی مناڵدان و دەوری مناڵدانە بۆ وەدەرنانی تراوەکای پۆن؛ ئەم کرامپانە بە سووڕی ژاناوی سەرەتایی دەناسرێن، سووڕی ژاناوی زۆرتر لە دوو ساڵی یەکەمدا بەدی دەکرێت، لەوانەیە تا ئاوەسوییش درێژە بستێنێ، بەڵام لە زۆربەی ژناندا پاش تەمەنی ٢٠ساڵ، شوێنەوارێکی ئەوتۆی لێ نامێنێ.

ھێشتا ھۆی گیرۆدە بوونی بڕێک لە ژنان بە سووڕی ژاناوی و خەلسانی زۆربەیان لەم دەردە نەزانراوە؛ ژانێکی چڵەک بۆ سمت و پشت ڕان، ھێڵنج و زکچوون و قەبزی و ... لە دیارترین نیشانەکانی ئەم ئازارەن.

دەرمانی دژەھەوی ناسترۆئیدی وەک ئیبۆپرۆفێن و ناپرۆکسێن لە شکاندنی ئازارەکانی سووڕی ژاناوی بەسوودە.

دۆخی دەروونی[دەستکاری]

ھەندێک لە ژنان لە سەردەمی سووڕی مانگانەدا، تووشی شێوانی باری دەروونی دەبن؛ ئەم شێوانە لە هه‌ڵزرنگانی دەروونییەوە تا ماندوویی و گریان لە گۆڕاندایە.

سووڕی نائاسایی[دەستکاری]

سووڕی مانگانەی ئاسایی لە ژنێکدا ٢٨ ڕۆژ دەخایێنێ، کە ماوەی ٧-٣ ڕۆژی، بە ڕێژەیەکی کەم( ٢٨٠-٢٠میلی لیتر) خوێنی لێده‌چێت. سووڕی نائاسایی کاتێکە کە ئەم ڕەوتە بە ھەر ھۆیەک تێک بچێت:

  • پۆلی مینۆریا: سووڕی مانگانە کەمتر لە ٢١ ڕۆژە.
  • ئولیگۆ مینۆریا: سووڕی مانگانە زۆرتر لە ٣٥ ڕۆژە.
  • ھایپێر مینۆریا: ڕۆژەکانی پۆن زۆرتر لە ٧ ڕۆژە.
  • مێترۆراژی: پۆن ڕێکوپێک نییە.
  • مێنۆڕاژی: بارستی خوێن پتر لە ٨٠میلی لیترە.

ھۆی ئەم کێشانەش جۆراوجۆرە: چڵک، ئای یو دی ، کیستی ھێلکەدان ، بەدبژیوی ، گوشاری دەروونی ، شێرپەنجە ، شێوانی ھۆرموونەکان ، سکپڕی ، دەرمانی کیمیاوی و...

ماکە مژەرەکانی خوێن[دەستکاری]

تەنزیف (پۆنمژ)، تامپۆن، کووپی پۆن و...

چەرخەی سووڕی مانگانە[دەستکاری]

خوێنی مانگانە‏‏‏ (سوور)، ئاوسی (ئاوی)، قسری (سەوز)
چەرخەی سووڕی مانگانە‏‏‏

چەرخەی سووڕی مانگانە بە مەبەستی پاراستنی زاوزێ لە ژناندا و لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆئەندامی کوێرە ڕژێن کار دەکا.ئەم چەرخە لە سێ فاز پێکھاتووە:

  1. فازی فوولیکوولێر
  2. فازی ھێلکۆکە دانان
  3. فازی لووتیاڵ

گەرچی لە بڕێ سەرچاوەدا ئەم دابەش کردنەش ھاتووە:

  1. فازی پۆن
  2. فازی فرەوبوون
  3. فازی دەڵان

ھەر چەرخەیەکی سووڕی مانگانە لە یەکەم ڕۆژی خوێن لێچوونەوە دەست پێ دەکات. ھەلی ئاوس بوون تەنیا لە فازی ناوەڕاستدا دەڕەخسێ، واتە لە ڕۆژی ٨ تا١٩ ی سووڕی مانگانە.

، زۆرێک لە دایک و باوکان بە گوێرەی چەرخەی سووڕی مانگانە و بە شێوەیەکی ئاسایی بەرنامە بۆ مناڵداربوون یا پێشگری دەڕێژن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

[١]

فرهنگ فارسی کردی دانشگاه کردستان