سلێمان ئەحمەد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سلێمان ئەحمەد

لەدایکبوون
نیشتەجێیباشووری کوردستان
نەتەوەکورد
پیشەڕۆژنامەنووس

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستانە کە لە بەشی عەرەبیی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆژنیوز چالاکی دەکات. ئەو ھەروەھا لە باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریادا ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد (یەرەئا)یە.[١] ئەو لە ٢٥ی تشرینی دووھەمی ٢٠٢٣ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئاسایشی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ژیان[دەستکاری]

سلێمان ئەحمەد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بنەماڵەیەکی کورد لە ناوچەی جندرێس لە عەفرین لە دایک بووە. بەدوای ھێرشی حکوومەتی تورکیا و داگیرکردنی عەفرین بنەماڵەی ئاوارە بوون و لە شاری حەلەب نیشتەجێ بوون.[٢] ئەو لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە باشووری کوردستاندا دەژێت و لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ڕۆژنیوز کار دەکات. سلێمان ئەحمەد لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکی و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی چووبوو بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ڕۆژی لە ٢٥ی تشرینی دووھەمی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستبەسەر کرا.[٣] [٤]

تۆمەتەکان[دەستکاری]

ئاسایشی دھۆک لە بەیاننامەیەکدا ئیدیعای کردووە کە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەڤانییەوە نەبووە و ئەو «کاری نھێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە» کردووە و بەو ھۆیەوە دەستبەسەر کراوە.[٢] ڕۆنیوز ئەو تۆمەتانەی ڕەد و دەستبەسەرکردنی وەکوو ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن ئیدانە کردووە.[٤]

کاردانەوەی دەستگیرکردن[دەستکاری]

  • دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆژنیوز لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەد، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە لەتێدا بەیاننامەکەی ئاسایشی دھۆکی بە تۆمەت و چەواشەکاری زانی و ئیدیعاکانی ئەو دەزگایەی ڕەت و ئیدانەی کردەوە و ھۆشداری دا کە ڕەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان بیھەوێت ھاوشێوەی کەیسی زیندانییانی بادینان، دۆسیەی دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەدیش بە لاڕێدا ببات و سزای زیندانی لەسەردا دابسەپێنێت. ڕۆژنیوز وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی کردەوەی دەستبەسەر کردنی ئەو ڕۆژنامەوانە، خوازیاری پاراستنی تەندرۆستیی سلێمان ئەحمەد و ئازادکردنی لە زووترینی کات بوو.[١]

[٥]

  • عەلی مەیاحی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە کردەوەی دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەی وەکوو ڕفاندن لەلایەن پەدەکەوە ناو برد و بە پێشێلکردنی مادەی ٢٨ی دەستووری عێراقی زانی، کە تایبەتە بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان.[٦]
  • لەتیف فاتیح فەرەج لە یادداشتێکدا ئاماژە بەوەی کرد کە لە ھێچ یاسایەکی باشووری کوردستان ئەندامبوون لە پەکەکە یان ھەر حیزبێکی دیکە قەدەغە نەکراوە و ئەو پرسیارەی خستە بەر باس کە «ئایە ئاسایشی دھۆک دەکارن میتێک بگرن و بە ئاشکراش بڵێن لە بەر ئەوەی میت بوو گرتمان؟»[٧]
  • کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە ڕاپۆرتێک سەربارەت بە دۆسیەی دەستبەسەرکردنی سلێمان ئەحمەددا ڕایگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارە بە ئەو ڕۆژنامەنووسە، بە ھەریەکە لە عەلی عەونی بەرپرسی لقی یەکی پەدەکە کە دەسەڵاتی دھۆکی لە دەستدایە، و زێرەڤان بەرۆشکی بەڕێوەبەری ئاسایشی دھۆک پەیوەندییان کردووە، بەڵام ھیچیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەداوەتەوە؛ ھەر بە تانیا ئاشتی مەجید، وتەبێژی ئاسایش لە دھۆک و ھەولێر وەڵامی داوە کە ئەوەیش ھەمان وتەی بڵاوکراوەکەی فەیسبووکی بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندووە. ئەو کۆمیتەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەخت لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان دەستبەجێ شوێنی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکەن و بێ مەرج ئازادی بکەن و ھەروەھا بە ھەراسانکردنی ڕۆنامەنووسان کۆتایی بھێنن.[٩]
  • لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ٤١ەمین ڕۆژی دەستبەسەرکرانی سلێمان ئەحمەد، ٢١٥ کەسایەتی و ڕێکخراوە بە دەربڕینی بەیاننامەیەک کەمپەینێکیان بۆ ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد ڕێکخستەوە.[١٠]
  • لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا بە دەربڕینی بەیاننامەیەک ئیدانەی دەستگیرکردنى سلێمان ئەحمەدی کرد و وتی ھاوڵاتییەکەمان بێ ھیچ ھۆکارێک دەسبەسەر کراوە و ئەم ڕەفتارە بە ھیچ شێوەیەک ئەخلاقی و یاسایی نییە و قبووڵی ناکەین و داوا لە کاربەدەستانی پارتی دیموکرات دەکەین کە بنەماڵەی سلێمان ئەحمەدی بەدوای نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ لە شوێنی ئەو ئاگادار بکەنەوە و زووتر ئازادی بکەنەوە.[١١]

ئەمەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ڕۆژنیوز: بەیاننامەی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەبارەی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدەوە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  2. ^ ئ ا ڕووداو: ئاسایشی دھۆک: دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەڤانییەوە نییە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  3. ^ ڕۆژنیوز: چالاکوانێک: ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد پێشێلکردنی مادەی ٢٨ی دەستووری عێراقە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  4. ^ ئ ا ڕۆژنیوز: ڕۆژنیوز تۆمەتەکانی ئاسایشی پەدەکە لەبارەی سلێمان ئەحمەدەوە ڕەت دەکاتەوە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  5. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: رۆژنیوز: دەبێت بە زووترین کات سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  6. ^ ڕۆژنیوز: چالاکوانێک: ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد پێشێلکردنی مادەی ٢٨ـی دەستووری عێراقە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  7. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: ئەی ئەگەر سلێمان میت بوایە چی؟ (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  8. ^ ئاژانسی سەنتەری میترۆ: چارەنوسی ھەواڵسازی رۆژنیوز ئاشکرا بکەن (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  9. ^ ڕۆژنیوز: CPJ: پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج سلێمان ئەحمەد ئازاد بکرێت (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.
  10. ^ ڕۆژنیوز: ٢١٥ کەسایەتیی و دەزگا و ڕێکخراو داوای ئازادیی سلێمان ئەحمەد دەکەن (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  11. ^ ڕۆژنیوز: خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر داوای ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد لە پەدەکە دەکات (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.