حکوومەتی کاتیی عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حکوومەتی کاتیی عێراق
دامەزران٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٤
وڵاتعێراق
گۆڕدراوە لەلایەنحکوومەتی ئینتیقالی عێراق
جێگەی دەگرێتەوەھاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی لە عێراق
کۆتاییھاتن٣ی ئایاری ٢٠٠٥

حکوومەتی کاتیی عێراق یان حکوومەتی ئەیاد عەلاوی، سێیەم دەسەڵاتە بەپێی ڕیزبەندی کاتیی کە لە عێراقدا پێکھێنرا، دوای لەشکرکێشی ھیزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سەر عێراق، کە بووە ھۆی ڕووخانی حوکمڕانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق سەددام حوسێن و حیزبە دەسەڵاتدارەکەی، حیزبی بەعس.[١][٢][٣]

حکوومەتی کاتیی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی یەکگرتووی ھاوپەیمانی و ئەنجومەنی حوکمڕانی لە عێراق پێکھێنرا، ھەروەھا بۆ بەڕێوەبردنی کارووباری عێراق بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو لە ٣ی ئایاری ٢٠٠٥ حکوومەتی ئینتیقالی عێراق جێگەی دەگرێتەوە. حکوومەتەکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمکاری عەرەبی و ھەندێک وڵاتی ترەوە دانیپێدانرا، وەک نوێنەری یاسایی عێراق، بەڵام ئەمریکا دەسەڵاتی فراوانی خۆی لە عێراقدا پاراست و بڕیاردەر بوو لە ماوەی حکوومەتی کاتیدا.

حکوومەتی کاتیی عێراق سەرۆک کۆمار و دوو جێگر و سەرۆک وەزیران و جێگرێک، ھەروەھا ٣١ وەزیر و شەش وەزیری ژن و پێنج وەزیری دەوڵەتی لەخۆگرتبوو. ئەیاد عەلاوی لە ڕێگەی دەنگدانی ناوخۆی ئەندامانی ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراقەوە بۆ سەرۆک وەزیران ھەڵبژێردرا، باوەڕی باو ئەوە بوو کە ھەڵبژاردنەکە بە پێی ڕاسپاردەی ئەخزەر ئیبراھیمی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، بەڵام دواتر ئیبراھیمی بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند کە لەلایەن پۆڵ بریمەرەوە فشاری لەسەر بووە بۆ ئەوەی پێشنیاری دانانی ئەیاد عەلاوی بکات بۆ ئەو پۆستە. لەکاتێکدا ئەخزەر ئیبراھیمی دوای دوو ھەفتە دەستی لە ئەرکەکەی کێشایەوە دوای ئەوەی بە «سەختی و بێزارییەکی گەورە» وەسفی کرد.

لەنێو ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئەیاد عەلاوی لە ماوەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیدا گرتییەبەر، گەڕاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بوو، کە لەژێر دەسەڵاتی یەکگرتووی ھاوپەیمانیدا ھەڵوەشێنرابووەوە، ھەروەھا جێبەجێکردنی یاسای فریاگوزاری و قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەندێک ناوچەی عێراق لەکاتی ڕووداوەکانی فەلووجە. و داواکردن لە ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی عێراق کە نووسینگەکانی چۆڵبکات، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی دادوەرێکی دەستنیشانکراوی ئەمریکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی حیزبەکە دەرکرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]